بریاری دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق لەسەر جینۆسایدی ئەنفال
بریاری دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق لەسەر ئەنفال ٩٦٣ لاپەرەیە کە لە ئەنجامی ٤٣ بۆکس فایل (اضبارة) کە بە هەزاران لاپەرە لە بەڵگەنامە و ووتەی سکاڵاکاران و شاید حاڵ و کاسێت دەنگی و ڤیدیۆ و بە دەیان راپۆرت لە نمونەی پشکنینی DNA روفاتی گۆری بە کۆمەڵی ناوچەی حەزرو سەماوە لە خۆ دەگرێت. بریارەکە لە پێشەکی بە باسی بنەمای دادگای نۆرمبرگ لە ساڵی ١٩٥٠ وە دەست پێدەکات دەچیتە ناوەرۆکی پێکهێنانی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق کە لە بەر زۆری لە چەند بەشێک بڵاوی دەکەینەوە.
دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی 2003، دۆسیەی ئەنفال لەگەڵ دەستپێکردنی کارەکانی دادگای باڵای تاوانەکانی عیراق لە رۆژی ٢١ی ئابی ٢٠٠٦ یەکەم دانیشتنی دادگای باڵای تاوانەکانی عێڕاق لەسەر کەیسی ئەنفال دەستیپێکرد و لە ٢٠٠٧/٦/٢٤ دوای ٦١ دانیشتن بریاری دادگا بۆ کەیسی ئەنفال بە تاوانی جینۆساید و دژە مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ بوو کە دان بە قورسایی ئەو تاوانانەدا ناوە کە لەکاتی هەڵمەتەکانی ئەنفالدا ئەنجامدراون. دادگا کۆتایی هات. بەڵام تا ئێستا دادپەروەری نەهاتوتە کایە و کەسوکاری قوربانیان قەرەبووی مادی و مەعنەوی نەکراون .
لەدادگای ئەنفال سەدام حۆسین تەنها لە ٣٣ دانیشتن بەشداری کرد و لەسەر کەیسی دوجیل لەسیدارەدرا کە دەبوایە ئامادەبوایە و ووتەکانی لەسەر کەیسی ئەنفال وەرگیرابا. کە هەڵەیەکی زۆر گەورە بوو لەرووی یاسایی و دادوەری و مێژوویی و ئەخلاقی بەرامبەر بە کەیسەکانی کورد.
جینۆسایدی ئەنفال لە لایەن دەوڵەتی عێراق لە سەردەمی رژێمی بەعس لە مانگی شۆباتی ١٩٨٨ تاکو ٦ ئەیلولی ١٩٨٨ لە سەرتاسەری کوردستان بێ جیاوازی ئایین و رەگەزو تەمەن دژی نەتەوەی کورد ئەنجامدرا. شاڵاوەکانی ئەنفال سەختترین وێرانکاری و تاڵان و ١٨٢٠٠٠ کەس ئەنفالکراوی لێکەوتەوە.
بە کورتی جینۆسایدی ئەنفال:
• ئەنفال جینۆسایدی نەتەوەیەک بۆ سرینەوەی شوناس و پاکتاوی رەگەزی بوو.
• ئەنفال تێکدان و شێواندنی کلتور و زمان و ئەدەب و فەرهەنگ بوو.
• ئەنفال بۆ هەڵتەکاندنی ژێرخان و سەرخانی ئابووری و کشتوکاڵی و ئاژەڵداری و وشک کردنی کانیاوەکان و سوتاندنی رز و باخ و خاپوور کردنی خانووبەرە بوو .
• ئەنفال پەیرەو کردنی سیاسەتی خاک سوتاندن بوو.
• ئەنفال جیاکردنەوەی نێر ومئ و پیر وگەنج و دایک و منداڵ و هەڵوەشاندنەوە و لێکترازانی خیزان و سوکایەتی بە رەوشت کەرامەتی مرۆڤەکان بوو.
• ئەنفال تەنها کوشتن و بێ رۆح کردنی مرۆڤەکان نەبوو بەڵکو پێشلکارییەکی زەق لە دژی مرۆڤایەتی بوو بە بەر چاوی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و لە بێدەنگی ئەوان هەزاران مرۆڤی سێڤیل بە هەزاران هیوا و ئاوات کوژران.
ئەنفال ئۆردوگا وکۆمەڵگای زۆرەملیی و کەمپ و قەڵای سەربازی و زیندان بوو وەکو قەڵای حەوش کوورو، سەربازگەی تۆپزاوا و دوبز و قەڵای نوگرە سەلمان و قەڵای نزارکئ و زیندانی سەلامیە و چەمچەماڵ و… کە بەدەست رژێمی بەعسی رووخاو بەپێی پیلان و بەرنامەیەکی سیاسی و ستراتیژی و سەربازی و کارگێری تۆکمە بە ۸ قۆناغ لە ساڵی ۱۹۸۸ لە سەرتاسەری کوردستان بە بێ گوێدان بە ئایین و رەگەز و تەمەن ئەنجامدراو لە ئەنجامدا بووە هۆی:
• بێسەروشوێن بوونی۱۸۲٠٠٠ مرۆڤی بێتاوان کە چارەنووسیان لە ناوگۆرەبەكۆمەڵەکان بە دیار کەوت.
• خاپوورکردنی٤٥٠٠ گوند.
• لە ناو بردن و رفاندنی٥٠٠٠٠ سەر ئاژەل و رەشەوڵاخ.
• وێران کردنی ٢٢ مەڵبەندی کارگێری.
• کیمیاباران کردن ۲۸٥ جار لە سەرتاسەری کوردستان.
• راگۆاستن و دەرکردنی بە زۆرملیی هەزاران کەس لەسەر بنەمای سیاسەتی بەعەرەبکردن.
• ئەنفال ترۆپەکی هەموو تاوانەکانە کە لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەم بەسەر گەلی کوردستان جێبەجئ کرا.
• دەیان تاوانی تر کە بە سەدان لێکۆلینەوە و کتێبی لەسەر نووسراوەتەوە؛ کە کاریگەرییەکانی تا ۱٠٠ ساڵی تر بەسەر کۆمەڵگا دەمینێتەوە.
• ئەنفال یانی گۆری بەکۆمەڵی بێسەروشوێنکراوان لە کۆی ۳٠۱ گۆری بە کۆمەڵی دۆزراوە لە عێراق کە بە پێی راپۆرتە نێودەوڵەتیەکان نزیک بە ٥٠٠ هەزار بێسەروشوێن لە خۆ دەگرن. کە ۸٠٪ تایبەتە بە کورد کە تا ئێستا لە ماوەی ٢٠ ساڵ تەنها لە ١٢ موقع گۆری بە کۆمەڵی کوردەکان سەریان هەڵدراونەتەوە و تا ئێستا تەنها روفاتی ٣٧٣٧ گەڕێنراونەتەوە بۆ کوردستان .
لە ئەنفال هەموو جۆرەکانی جینۆساید دژی گەلەکەمان پەیرۆ کرا؛ جینۆسایدی فیزیکی و بایۆلۆجی و ئابووری و کلتوری.
• لە ئەنفال بە هەزاران جاش و سەدان موستشاری تاوانکاری بێباک کە کەواسوری بەر لەشکەر بوون بۆ لە ناو بردنی خەڵکی سێڤلی کورد هاوکاری دەوڵەتی عێراق لەسەردەمی رژێمی بەعس بوون و کە لە لیستێکی ٤٢٣ کەسی ٢٦٧ کەسیان کوردن و لە لایەن دادگای باڵای تاوانەکان داواکراون.
Leave feedback about this