عەدالەت عومەر،

لەدایکبووی ساڵی 1970 لە باشووری کوردستان، ڕاوێژکار و نووسەر و لێکۆڵەرم لە بواری جینۆساید. نزیکەی ٢٧ ساڵە بە شێوەیەکی پراکتیکی و تیۆری لەم بوارەدا کار دەکەم و سەرنجی سەرەکیم بەڵگەنامەکردنی مێژووی زارەکی و بەڵگەنامە نووسراو و بینراوەکانی پەیوەست بە تاوانەکانی دەوڵەتی عێراقە لە ماوەی ١٠٠ ساڵی ڕابردوودا، بە تایبەت لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا، لەوانە جینۆساید و تاوانەکانی جەنگ و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی.

بەشێک لە هەوڵەکانم تایبەتە بە داکۆکیکردن لە مافی کەسوکاری قوربانیان. هەروەها بابەت و لێکۆڵینەوەم لەسەر تاوانەکانی جینۆساید بڵاوکردۆتەوە و لێکۆڵینەوەی مەیدانی بەرفراوانم لەسەر بارودۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووری و دەروونی بنەماڵەی قوربانییەکان بەتایبەتی ژنان ئەنجامداوە.

من و خێزانەکەم لە منداڵیدا وەک هەزاران خێزانی دیکەی کورد قوربانی تاوانەکانی ڕژێمی بەعس بووین. ئەزموونێکی تاڵ کە بە قووڵی کاریگەری لەسەر ژیان و ڕێبازی پیشەییم هەبوو و پاڵنەری بوو بۆ خەباتکردن بۆ هۆشیاری و دادپەروەری.

نووسەری پێنج کتێبم لەسەر جینۆساید:

ئەنفال و ژنانی کورد
لە زمانی بەڵگەنامەکانەوە
بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر بە جینۆسایدی کورد
جینۆسایدی بارزانیەکان
جینۆسایدی ئەنفال و کاریگەرییەکانی لەسەر بنەماڵەی قوربانییەکان

جگە لە نووسین، بەشداریم لە کۆنفرانسە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان لەسەر بابەتی جینۆساید کردووە و رێزلێنانم وەرگرتووە بۆ لێکۆڵینەوە و گفتوگۆکانم. هەروەها لە ئێستادا پاکێجێکی تەواوم لە پرۆژەی ئەرشیفی نەتەوەیی جینۆسایدی کوردستان ئامادە کردووە بۆ بڵاوکردنەوە.

لە گرنگترین پڕۆژەکانمدا پڕۆژەی ئەرشیفی نەتەوەیی جینۆسایدی کوردستانە کە هۆکاری دامەزراندنی ماڵپەڕی فرە زمانی www.kgna.krd ە و بە ئامانجی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و بەرەنگاربوونەوەی لەبیرچونەوەی ئەو تاوانانە و هەوڵدان بۆ دادپەروەری دەستیپێکردووە

دادپەروەری

دەربارەی ئێمە و دیدگای داهاتوو

ئێمه هەوڵی چەسپاندنی دادپەروەری دەدەین.
هەوڵی پاراستنی ئەرشیفی نەتەوەیی جینۆسایدی گەلی کوردستان دەدەین.

ئەرشیفی نەتەوەیی جینۆسایدی کوردستان (KGNA) تایبەتە بە پاراستنی یادەوەری گەلی کورد و ئەزموونە مێژووییەکانی. ئەرکی ئێمە بەڵگەنامەکردن و هۆشیارکردنەوەی خەڵکە سەبارەت بەو تاوانانەی کە بەرامبەر بە دانیشتوانی کورد ئەنجام دەدرێن، لەوانەش تاوانی جەنگ، تاوانی دژە مرۆڤایەتی و جینۆساید.

دیدگای ئێمە بۆ داهاتوو دامەزراندنی ئەرشیفێکی گشتگیر وەک سەرچاوەیەکی بەنرخ بۆ لێکۆڵینەوە و پەروەردە و پێشخستنی دادپەروەری کاردەکات. هەوڵ دەدەین ئەو دڕندەیی و نادادپەروەرییانەی ڕووبەڕووی گەلی کورد بوونەتەوە، دانیان پێدا بنرێت و لێی تێبگەن و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی بکەین.

بە کۆکردنەوە و پاراستن و ڕێکخستنی تۆمار و بەڵگەنامە و شایەتحاڵییە ئەرشیفییەکان، ئامانجمان ئەوەیە کە سەکۆیەک بۆ ڕاستی و دادپەروەری مێژوویی دابین بکەین. ئەرشیفەکەمان دەبێتە بەڵگەیەک لەسەر خۆڕاگری و بەهێزی گەلی کورد، هەروەها بیرخستنەوەی گرنگی بەرزڕاگرتنی مافەکانی مرۆڤ و ڕێگریکردن لە دڕندەییەکانی داهاتوو.

لە ڕێگەی لێکۆڵینەوەی پیشەیی و هاوکاری لەگەڵ دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگەی جیهانیدا، هەوڵدەدەین جیهانێک دروست بکەین کە هەرگیز تەحەمول نەکرێی جینۆساید و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ. هەوڵەکانی داهاتوومان بریتین لە فراوانکردنی مەودای ئەرشیفەکەمان، باشترکردنی دەستڕاگەیشتن بە زانیاری، و پێشخستنی گفتوگۆ و ئاشتەوایی.

ئێمە پێمان وایە دەتوانین بەشداری بکەین لە جیهانێکی گشتگیرتر و بەزەییدارتر بە بیرهێنانەوەی ڕابردوو و تێگەیشتن لە ئاڵۆزییەکانی و کارکردن بۆ داهاتوویەکی دادپەروەرانە. پاراستنی یادەوەری مێژوویی و لێکۆڵینەوە لە ڕاستییەکان بۆ چاکبوونەوە و ئاشتەوایی و ڕێگریکردن لە دڕندەییەکانی داهاتوو.

ئێمە لەگەڵ دۆستانی هاوبیرمان و شارەزایان لە کۆمەڵگای کوردی و کۆمەڵگاکانیتر لە هەموو جیهان هەوڵ دەدەین بۆ بنیاتنانی ئایندەیەکی گەشاوەتر لەسەر بنەمای دادپەروەری و کەرامەت و ڕێزگرتن لە هەموو تاک و پێکهاتەکان.

ئەوەی لێرەدا کاری لەسەر دەکەین ئەزموونی بەدەست هاتووی 27 ساڵی کار و چالاکی و لێکۆلینەوەکانمە لەبواری جینۆساید بە شێوەی لێکۆلینەوەی( پراکتیکی و تیۆری و مەجازی) و سەردانی مەیدانی بۆ وڵاتانی خاوەن ئەزموون لەم بارەوە بۆ نمونە، مۆنۆمێنت و موزەخانەی هۆلۆکۆست و کتێبخانەی کۆنگرەی ولایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا، موزەخانە و سەنتەری ئەرشیفی هۆلۆکۆست لە بینایەئ وەنسی کۆنفرانس لە ئەڵمانیای فێدراڵ، مۆنۆمێنتی یادەوەری و سەنتەری نێودەوڵەتی بێسەروشوێنکراوان و ئەنستیتوی دیراساتی جینۆساید لە بۆسنا هرزوگوین.


هەروەها سەردانی مەیدانی زۆربەی ناوچەی جینۆسایدکراو و ئەنفالکراو و کیمیابارانکراوەکانی کوردستان و کۆکردنەوەی بەڵگەنامەی نوسراو و بینراو و بیستراو سەردەمی رژێمی بەعسی رووخاو و بە ئەرشیف کردنیان بەشێوەی الکترونی وهەروەها کۆکردنەوەی مێژووی زارەکی کەسوکاریان بەشێکە لە هەوڵەکانمان, هەروەها بەشداری کردنم لە دەیان کۆنفرانس و کۆنگرەی نێودەوڵەتی جینۆساید بەمەبەستی ئەرشیف کردن و دروست کردنی داتابەیسێكی ناوەندی كەسانی بێسەروشوێنكراو لە داهاتوو بەم مەبەستانەی خوارەوە:

* فراوانكردنی پانتای تێگەیشتن لە بواری دۆسێی جینۆساید و كەسانی بێسەروشوێنكراو لە عێراق بەگشتی و لە هەرێمی كوردستان بەتایبەتی.

* تێگەیشتن لە ئەركی یاسایی نێودەوڵەتی لەسەر عێڕاق و پابەندکردنی بە قەرەبووکردنەوەی مادی و مەعنەوی و پاراستن و هەڵدانەوەی گۆرەبەكۆمەڵەکان.

* دەستنیشانكردنی پێداویستیەكان بۆ پاراستنی داتا و كۆكردنەوەی دۆكیومێنت.

* بەردەست كردنی زانیاری تاكەكەسی بێسەروشوێنکراوان.

* هاوتاكردنی گشت پۆلەكانی كەسانی بێسەروشوێنكراو لە تاوانەکانی جینۆساید و جەنگ و دژەمرۆڤایەتی.

* ئەرشیف کردن ناسنامەی گەلانە و رۆڵی بیرەوەری مێژووی وڵاتانە و یەکێکە لە مەرجەکانی دادپەروەری راگوزەری هەر بۆیەش پاراستنی ئەو دێکۆمێنت و بەڵگەنامانە بیرەوەری هەتاهەتایی و جیهانی دەستەبەر دەکات و دیوە شاراوەکانی ئاشکرا دەکات.

* بۆ نووسینەوەی مێژوو و لێکۆلینەوە وشیکردنەوە و بەدەرخستنی رووداو مێژووییەکان لە نەوەیەک بۆ نەوەیەکیتر.

* پردێکی پەیوەندی رابردوو بە ئێستا و داهاتوو تاکو دوچاری لەبیر چوون و هەڵەی مێژوویی نەبێن.

* یەکێک لە پێداویستیەکانە بۆ قەرەبووكردنەوەی زیان لێكەوتوان.

* بۆ بریاردانی دادپەروەرانە و بێ لایەن هیچ شتێک هێندەی بەڵگەنامەکان سودی نیە و نابێت.

عەدالەت عومەر 
نوسەر و لێکۆلەر