جینۆسایدی ئەنفالی چوارەم (٣–٩ی ئایاری ١٩٨٨)
دۆڵی زێی بچووک: کیمیاباران، پاکتاوی رەگەزی و ئەنفالکردن
پێشەکی
ئەنفالی چوارەم یەکێکە لە قۆناغە هەرە درندەکان و سیستەماتیکەکانی جینۆسایدی ئەنفال، کە لە ٣ تا ٩ی ئایاری ١٩٨٨ لە دۆڵی زێی بچووک ئەنجامدرا. ئەم شاڵاوە نەک تەنها بەردەوامی سیاسەتی پاکتاوکاری نەتەوەیی بوو، بەڵکو بە شێوەیەکی ڕوون نیشاندەری بەکارهێنانی هەموو ئامرازەکانی جینۆساید بوو.
دەستپێک و جوگرافیای شاڵاوی ئەنفالی چوارەم
شاڵاوی ئەنفالی چوارەم، دوای تەواوبوونی شاڵاوی ئەنفالی سێیەم—کە زۆرترین ژمارەی قوربانی و بێسەروشوێنبوونی لێکەوتەوە—دەستی پێکرد و بەردەوامی سیاسەتی سیستەماتیکی پاکتاوکاری نەتەوەییی ڕژێمی بەعس بوو. ئەم قۆناغە لە ناوچەی دۆڵی زێی بچووک جێبەجێ کرا؛ ناوچەیەکی گرنگی جوگرافی و ستراتیجی کە هێڵی سنووری نێوان پارێزگاکانی کەرکووک و هەولێر پێک دەهێنێت. ئەم دۆڵە ناوچەیەکی بەرفراوانی گرتبووەوە کە شارۆچکەکانی ڕێدار، ئاغجەلەر، تەق تەق و چەند گوندێکی گەورەی وەک عەسکەر و گۆپتەپە دەگرتەوە، کە دەکاتە دەشتی کۆیە وتەق تەق و شێخ بزێنی.
کیمیاباران، دەستپێکی عەمەلیاتی ئەنفالی چوار
لە رۆژی 3ی ئایار كە رۆژێكی بەهاری جوانو دلگیربوو، گوندی گۆپتەپە، كەوتەبەر هێرشی ئاسمانی فرۆكەكانی رژێمی بەعس و کیمیاباران کرا، پێش گۆپتەپە، گوندی عەسكەر كەوتە بەر شاڵاوی پۆلێك فرۆكەی مێك بۆمبابارانكرا. لەم هێرشەی فرۆكەكاندا هەشت تەقینەوە ڕوویداو دووكەڵی سپی چوە بەرزایی ئاسمانەوە، بۆنێكی خۆشی نەعناعی لێهات، لەم كاتەدا ئەو بایەی كەلە باشوری رۆژهەلاتەوە هەڵی كردبوو، بەرەو گوندی (حەیدەربەگ) ڕایماڵی کە (9)كەس دەستبەجێ گیانیان لە دەستدا، کیمیاباران بەس خەڵکی مەدەنی نەگرتەوە بڵکو لە بارەگای پێشمەرگەشیدا و بە دەیان پێشمەرگە شەهید و بریندار بوون کە بۆ ماوەی شەش رۆژ شەری رووبەرووبوونەوەی و بەرگری سەختی لەگەڵ سوپا کرد.
هاوکات لەگەڵ عەسکەر گوندەکانی ، چەمی ڕێزان، شونکە، ماهیلە، چنار، سەدی، شێخان، گڵەشیر، حاجی شیرەبەرە، کوچبڵاخ، زرزی و کڵێسە کیمیابارانکران، بەتایبەتی گوندی عەسکەر بە هەشت بۆمبی کیمیایی بۆردوومان کرا. کە (7) كەس گیانی لە دەستدا، پەنجا خێزانیش کە ژمارەیان نزیکەی (130) كەس دەبوون رۆژی دواتر ئەنفالكران، هەڵاتووەكانیان لەسەر جادەی سەرەكی ئاغجەلەر دەستگیركران و بۆ سەربازگەی (قەڵای سەربازی سوسێ) راگوێزران، لەوێشەوە بۆ سەربازگەی تۆپزاوە.
گۆپتەپە لە كاتژمێر (5:45) دەقیقەی ئێوارەی هەمان رۆژ لەلایەن شەش فرۆكەی عێراقیەوە كەوتەبەر هێرشی كیمیایی، ئەوانەی ئەو بۆردومانەیان دیتووە وێنەی بۆردومانەكە بەوە شێوەیە وێنا دەکەن، كە دوای تەقانەوەی بۆمبەكان دەنگەكانیان ئەوها زل نەبووەو بۆنی سیریش هاتووە، هێزەكانی پێشمەرگە ئامۆژگاری خەڵكەكەیان كردبوو كەلەكاتی كیمیاباراندا ڕوەو ڕوبارەكە هەڵێنو دەم وچاوی خۆیان بەپەرۆ تەڕبكەن كە ئەوەش بووە هۆی دەرباز بوونی كۆمەڵێك خەڵك لەو تاوانەدا. بەڵام لەگەڵ ئەوەش لە کیمیابارانی گۆپتەپە، (109) كەس بە كیمیابارانەكە گیانیان لە دەستدا و (264) كەسیش برینداربوون، کە ڕۆژی دواتر لە ٤ی ئایار بەهۆی سەختی برینەکەیان توانای خۆ رزگاركردنیان نەمابوو، دەستبەسەر و ئەنفالكران.
هەروەها لەبەر ئەوەی بۆمبێك كەوتبووە ناو رووبارەكە. ببوە هۆی ئەوەی كەچەند تەرمێک لە روبارەكە بدۆزرێتەوە ئەوە وێرای پڕبوونی زێیەكە لەماسی مرداربوو.
دوای کیمیاباران و وێرانکردنی گوندەکان، بە شێوەیەکی ناگهان ئاوی زێ بە خێرایی زیاد بوو، کە بەڵگەیەکی ترە لە بەکارهێنانی فرتوفێڵی ڕژێم بۆ سنووردارکردنی هەڵاتنی خەڵک. لە هەمان کاتدا، ڕژێم دەرگاکانی بەنداوی دوکانی داخست بۆ ئەوەی ڕێگە لە هەر هەوڵێک بگرێت بۆ پەڕینەوە لە ڕووبار و ڕزگاربوون.
دوای هێرشی زەمینی سوپا و کاولکردنی گوندەکان، ئەو تەرمانەی کە بەهۆی کیمیابارانەکەوە مابوونەوە و خەڵکەکە بەهۆی ڕاکردن نەیانتوانیبوو بیانشارنەوە، بە شۆفەڵ لە گۆڕی بەکۆمەڵدا نێژران. بەپێی خەمڵاندنی گشتی، ژمارەی قوربانیانی چەکی کیمیایی و ئەنفال لە رۆژانی ٣ و ٤ ی ئایار لە ئەم ناوچانەدا بە نزیکەی ٥٦٠ کەس دەگات.
بەڵگەنامەی سەربازی و ڕێکخستنی عەمەلیاتی ئەنفالی چوارەم
لە یەکێک لە بەڵگەنامەکانی ڕژێمی بەعس، بە تایبەتی لە برۆسکەیەکدا کە لە ڕۆژی 7/5/1988 لەلایەن فەیلەقی یەکەمەوە بۆ سەرۆکایەتی ئەركانی سوپا نێردراوە، زانیارییەکی ورد سەبارەت بە ڕێکخستن و جێبەجێکردنی عەمەلیاتی ئەنفالی چوارەم تۆمار کراوە.
لە دەقی ئەو بەڵگەنامەیەدا هاتووە:
“لە ئەنفالی چوارەمدا، بە سەرکردایەتی لیوا ڕوکن سۆلتان هاشم سەرۆکی فەیلەقی یەک، و فەرماندەیی هێزەکانی نەسر بە فەرماندەیی عەمید ڕوکن خالد ئەحمەد ئیبراهیم، هەروەها فەرماندەیی هێزەکانی 4 و 6 بە فەرماندەیی عەمید ڕوکن علی ئەحمەد محەمەد صالح و عەمید ڕوکن سعد شمس الدین، و فەرماندەی هێزەکانی جحفلی بەرگری نیشتمانی 1، هەروەها فەرماندەیی هێزەکانی پاراستنی نەوت بە فەرماندەیی عەمید ڕوکن بارق عبداللە الحاج حنطە، هەروەها ئامریە کەرتەکانی فەیلەقی یەکەم بە فەرماندەیی عەمید ڕوکن عەلا محەمەد تەها و هێزەکانی فریاکەوتنی ئەمنی سلێمانی، هەستان بە جێبەجێکردنی عەمەلیاتی ئەنفالی چوارەم.
ئەم عەمەلیاتە لە ٢١ قۆڵەوە، بە هاوکاری جاش و موستەشاران، جێبەجێ کرا، و لەم چوارچێوەیەدا هەموو ئەو کەسانەی کە بە خیانەتکار ناسراون لە ناوچانەی خوارەوەدا لەناوبردران:
سەرقوشان، گۆپتەپە، عەسکەر، چەمی ڕێزان، کڵێسە، بوگد، داڵاوا کوردان، بوگامیش، شێخبزێنی، قەڵاسێوکە، خەلخاڵان، گۆمەشینی زێی بچووک، گوندی ئیلنجاغ، فەقی میرزا، دۆلاو، گرمە، ساتوقەڵا، سێ گردان، تپەکڕ، شیوەچان، شەوگیر.
جگە لە کوشتن خەڵک، ژمارەیەکی زۆر خەڵکی ناوچەکە لە ئافرەت و منداڵ دەستبەسەر کران. هەروەها ماڵ و مۆڵکیان، لە خشل و زێر و پارە، و بەشێکی زۆر لە چەک و تەقەمەنی و خۆراک و کەرەستەی پزیشکی، دەستی بەسەر داگیرا.”

سەرپەرشتی باڵای سیاسی–سەربازی و دۆخی مەیدانی
بەپێی بەڵگەنامەکان، ئەو شاڵاوە وەک قۆناغەکانی پێشووی ئەنفال، بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی فەریق یەکەمی ڕوکن عەدنان خەیروڵلا، وەزیری بەرگری، و عەلی حەسەن مەجید، بەرپرسی بیرۆی باکوری حیزبی بەعس، جێبەجێ کرا. هەروەها فەریق ڕوکن نزار عەبدولکریم خەزرجی، یارمەتیدەری سەرۆکی ئەركانی سوپا بۆ کاروباری ئۆپراسیونەکان، و فەریق حوسێن ڕەشید محەمەد تکریتی لە ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی عەمەلیاتەکەدا بەشدارییان هەبوو.
هەڵاتن، خۆ حەشاردان و تاوانە درندانەکان
دوای وێرانکردنی گوندەکان، بەشێک لە خەڵک ڕوویان کردە:
- ئەشکەوتەکان
- دەشت و لێوارەکان
بە مەبەستی خۆ حەشاردان و ڕزگاربوون. بەڵام هێزەکانی ڕژێم بەدوایاندا چوون و ژمارەیەک تاوانی درندانەیان دژیان ئەنجامدا.
لەوانەش:
سوتاندنی دوو پیرەمێردی تەمەن 70 ساڵە لە گوندی موخەڕەس (نزیك 10 میل لە ڕۆژهەڵاتی تەقتەق)، دوای کوشتنیان لە ئەشکەوتی (بزن)ی شاخی گۆڕ ڕەحمان.
پیشڕەوی هێزەکان و کۆنتڕۆڵکردنی ناوچە
لە ئەنفالی چوارەمدا، دوازدە یەکەی سوپای عێراق لە چەندین لایەکەوە و بە شێوەیەکی هاوکات هێرشیان بۆ سەر ناوچەکان دەکرد. بۆ ئەوەی کەس نەتوانی دەربازی بێت دوای ئەوەی ڕژێم هەردوو گوندی گۆپتەپە و عەسکەری وێران کرد، هێزەکان بە شێوەیەکی ستراتیجی لە چەند ئاراستهوە پێشڕەویان کرد:
- بەشێکیان لە کۆیەوە بەرەو گوندەکانی لێواری باکوری زێی بچووک ڕۆیشتن
- بەشێکی تر لە باشورەوە، لە سوسێ و چەمچەماڵەوە پێشڕەویان کرد
- دوو هێزی تر لە تەقتەقەوە دەرچوون:
- یەکێکیان بۆ باکوور بەرەو کۆیە
- ئەوی تریش لە زێ پەڕیەوە بەرەو ناوچەی شێخبزێنی
بەرگریی ناوچەکان و وێرانکارییەکان
بەپێی ڕاپۆرتەکانی فەرماندەی فەیلەقی یەکەم، لە چیای تەکەلتوو بەرگرییەکی توند لە لایەن پێشمەرگە لە بەرامبەر سوپا کراوە.
لە هەندێک شوێنیشدا، بەرەنگارییەکانی خەڵک ڕوویداوە، بە تایبەتی لە:
- سوسێ
- چەمی ڕێزان
- گوندەکانی: سوورقاوشان، عەودالان، کەلەبەش
کە دواتر هەموویان وێران کران، و گوندی تەلانیش بە تەواوی سوتێنرا.
کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی ناوچە و بێسەروشوێنکردن
دۆڵی چەمی ڕێزان لە ئێوارەی ٤ی ئایاردا بە تەواوی کۆنتڕۆڵ کرا، و لە ٦ی مانگدا هەموو ناوچەکە لەلایەن سوپاوە دەستی بەسەر داگیرا. لەم قۆناغەدا، زۆربەی خەڵکی ناوچەکە شونبزر و (ئەنفالکران).
دوو ڕۆژ دواتر، واتە لە ٨ی ئایار، سوپا کۆتایی بە شاڵاوی چوارەم هێنا، و بە درێژایی زێی بچووک لە هەردوو لادا ناوچەکان بە تەواوی کاول و وێران کران.
قوربانیان و ئەو ناوچانەی هێرشیان کرایە سەر
لە لای باکور، خەڵک کەمتر ڕێگای دەربازبوونیان بۆ ڕەخساو، و بە شێوەیەکی زۆر خراپ بەر شاڵاوەکە کەوتن. بەپێی تۆمارەکان، نزیکەی 1680 کەس لە گوندەکانی:
- کڵێسە، بۆگد، کانی نەبی، قزڵوو، کانی هەنجیر، گۆمەشین
بێسەروشوێن کراون. هەروەها سەدانی تر لە گوندەکانی:
- گڵناغاج، گرخەبەر، جەلەمۆرد، قەسرۆک، قامیشە
هەمان چارەنووسیان هەبووە.
لە (11) گوندی بناری خاڵخاڵان (1626) هاوڵاتی ئەنفالكران.
بەڵگەنامەی ژمارە (8280) – ڕاپۆرتی فەرماندەیی
بەپێی ڕاپۆرتی دەسنووسی ژمارە (8280)، کە لە ڕۆژی 6ی ئایاری 1988 لەلایەن فەرماندەی فەیلەقی یەکەمەوە بۆ عەمەلیاتی سوپا نێردراوە، باس لە ئەوە کراوە کە:
ئەوانەی لە نزیک تەقتەق خۆیان بە دەستەوە داوە:
- 60 پیاو
- 129 ئافرەت
- 396 منداڵ
بوون، بە جگە لە 37 تێکدەر.
لە هەمان ڕاپۆرتدا هاتووە کە:
- هەرچی شتی بەنرخ هەبوو، لە خەڵکەکەیان وەردەگرت
- ماڵ و سامان بە تاڵان دەبرد
- خانووەکان دەسوتێندرێن
لە یەکێک لە گوندەکاندا، جاشێک لەسەر دزی و تاڵان ناڕەزایی دەربڕی، بەڵام ئەفسەرێکی سوپا بە توڕەیی ووتی:
“ئەم خەڵکانە بۆ کوشتن دەبردرێن، ناتوانن پارە و ئاڵتونەکان لەگەڵ خۆیان ببەن، چونکە یاسای دەوڵەت دەڵێت دەبێ ئەمانە لەناوببردرێن.”
سەرەڕای ئەوە جاشەكە چەككراو و موستەشارەكەش پێی گوتووە:
“ئەمە یاسای دەوڵەتی ئێمەیە و تۆ ناتوانیت هیچ شتێک بکەیت.”
ئەم دەقە بە ڕوونی نیشان دەدات کە تاوانەکان بە فەرمانی دەوڵەتی و لە چوارچێوەی سیاسەتی فەرمی جێبەجێ دەکران.
بەردەوامی تاوانەکان و وێرانکاریی ناوچەی ناوشوان
دوای ئەوە، سوپا بە درندانەترین شێوە گوندەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی تەقتەقی وێران کرد و ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکەکەی سەرنگوم کرد. پاشان هێرشەکان بەرەو دێهاتەکانی ناوشوان کە (76) حەفتاو شەش گوندە بوو، پێشتر لە مانگی (10)ی ساڵی 1987دا چەندینیان پێشتر ڕووخێنرابوون.
خەڵکی ئەو گوندانە پێشتر بۆ کۆمەڵگە زۆرەملێکان، وەک دارەتوو و بنەسڵاوەی نزیک شاری هەولێر، ڕاگوێزرابوون. زۆربەی گوندەکانی ناوچەی شوان نەبوونە “ناوچە رزگارکراوەکان”، ئەوەش بەهۆی تایبەتمەندیی جوگرافی زەویەکانیان بوو کە تا ڕادەیەک لە ئاستی نزم دابوو. بەمەش ناوچەکە بەردەوام دەگۆڕا لە ژێر دەسەڵاتی هێزەکاندا—جارێک پێشمەرگە و جارێکی تر هێزەکانی ڕژێم.
هەروەها ناوچەکە ببوو بە شوێنی پەنابردنی سەدان کەس کە لە سەربازی هەڵاتبوون. گوندی دەڵۆی ناوشوان، کە نزیکەی 80 ماڵی تێدا بوو، نزیکەی 50–60 سەربازی هەڵاتووی لێ بوو. ئەم گوندە پێشتر دووجار تێکدرابوو و دواتر دووبارە دروست کرابووەوە:
- جاری یەکەم: ساڵی 1963
- جاری دووەم: ساڵی 1976
هێرش بۆ گوندی دەڵۆ و دەربازبوونی هەندێک خەڵک
لە ڕۆژی 5ی ئایار، شاڵاوەکانی ئەنفال گەیشتنە گوندی دەڵۆ، کە پێشتر بە شێوەیەکی چڕ بە موشەک، تۆپ و هێلیکۆپتەر بۆمباباران کرابوو. دواتر هێزی تایبەتی 77 و هێزە زەمینییەکان پێشڕەویان کرد.
لە ئەنجامی ئەم هێرشەدا:
- هەندێک کەس لە ناو ماڵەکاندا کوژران
- 28 کەس دەستگیر و بێسەروشوێن کران
لە ناوشوان، بەشێکی خەڵک خۆشبەختانە ڕزگاریان بوو، وەک لە گوندەکانی پەڵکانە و ئیلنجاغ، کە ژمارەیەک سەربازی هەڵاتووی تێدابوو. ئەم خەڵکە ماوەی دوو مانگ لە ناوچەکە خۆیان شاردەوە، تا کاتی لێبوردنەکەی 6ی ئەیلوولی 1988.
ڕاپۆرتە سەربازییەکان و قەبارەی وێرانکاری
بەپێی ڕاپۆرت و بەڵگەنامە سەربازییەکان:
- (138) سەد و سی و هەشت گوند
- “سوتێنراون، ڕووخێنراون و پاکتاو کراون”
سەرەڕای ئەم وێرانکارییە:
- هەزاران ژن، منداڵ، پیر و گەنج شونبزر و (ئەنفالکران)
بەپێی خەمڵاندن:
- زیاتر لە 2500 کەس لە دەشتی کۆیە
- نزیکەی 3000 کەس لە ناوچەکانی شێخبزێنی، قەڵاسێوکە و ناوشوان
بێسەروشوێن کران.
سیاسەتی کۆکردنەوە و مەڵبەندەکان
لە ئەنفالی چوارەمدا، وەک قۆناغەکانی پێشوو، سیاسەتی کۆکردنەوەی خەڵک پەیڕەو کرا. چەندین شوێن وەک مەڵبەند بەکار هێنران بۆ:
- کۆکردنەوەی دەستگیرکراوان
- جیاکردنەوەی ژن و پیاو
- ڕاگوێزانیان بۆ شوێنی نادیار
پتر لە سێ مەڵبەند ئامادە کرا بوو.
گیراوەکانی گۆمەشین و گوندەکانی تر:
- ماوەی 3 ڕۆژ لە هەرمۆتەی لای کۆیە هێشترانەوە
خەڵکی دەربازبووی کیمیابارانی گۆپتەپە و عەسکەریش:
- لە تەکیەی چەمچەماڵ یەکەم قۆناغی ڕاوەستانیان بوو
هەروەها تەقتەق بوو بە مەڵبەندێکی گرنگ:
- نزیکەی 10 هەزار کەس لە گیراوانی باکوری زێی بچووک لێوە گواسترانەوە
گواستنەوە بۆ قەڵاکان و شوێنە نادیارەکان
بەپێی شایەتی عەیان:
- گیراوان بۆ ئامریەی کۆیە (قەڵایەکی سەربازی) نێردران
- لەوێ خەڵکی زیاتر لە 12 گوند لە هەردوو لای زێ بەندکران
پاشان:
- ژن و پیاو جیاکرانەوە
- ڕۆژی دواتر بۆ شوێنی نادیار گواسترانەوە
شوێنێکی تر کە خەڵکی زۆری تێدا کۆکرابوونەوە:
- شوێنی بەخێوکردنی ئاژەڵ بوو
- لەوێ هیچ لێکۆڵینەوەیەک نەکرا
- بەهۆی کەمی سەرباز، ژن و پیاو لەیەک جیا نەکرانەوە
چارەنووسی گیراوان: تۆپزاوا و دۆزەخی بیابان
لە شاڵاوی ئەنفالی چوارەمدا:
- ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک بۆ سەربازگەی تۆپزاوای کەرکوک نێردران
- تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە
هەندێکیان:
- بەرەو بیابانەکان و زیندە بەجاڵکردن
- یان بۆ یەکەی کوشتنی مرۆڤ (مجازرە البشریة)
نێردران، کە ئەو یەکەیە بۆ تاقیکردنەوەی چەکی بایۆلۆجی و کیمیاوی دامەزرابوو.
لە ئەنفالی چوارەم لە یەکێک لە بەڵگەنامەکاندا هاتووە:
بەپێی نوسراوێکی و تایبەت بە ژمارە ١٠٩٩٧ لە ٢٨/٥/١٩٨٨ بەرێوەبەرایەتی هەواڵگری گشتی سەربازی، بە ژمارە لە رێكەوتی (28/5/1988)، بارق عەبدوڵڵا حاجی حنتە هەستاوە بەو کردەوانە:
کۆماری عێراق
وەزارەتی بەرگری
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئیستخباراتە سەربازییەکان
نهێنی بۆ زانیاری و کارکردن
بۆ / بەڕێز جێگری فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان – وەزیری بەرگریی بەڕێز
بابەت / زانیاری
١. ئەم زانیارییانەی خوارەوەمان بەردەست کەوتووە، کە لەلایەن عەمید ڕوکن بارق عەبدوللا، فەرماندەی هێزەکانی پاراستنی نەوت، ئەنجامدراون:
أ. لە ڕۆژی ١٢ی ئایاری ١٩٨٨دا، سێ تێکدەر لە فڕۆکەوە و لە بەرزاییەکی زۆرەوە بەرەو خوارەوە فڕێدراون، لەسەر بارەگای ئامریەی قاطعی کۆیسنجەق و لەبەردەم زۆربەی جەنگاوەرانی فەوجەکانی بەرگری نیشتمانی.
ب. لە ڕۆژی ١١ی ئایاری ١٩٨٨دا، پیاوێک و ژنێک بە پەت بە یەکەوە بەستراون و لە سندووقی سەیارەکەدا دانراون، پاشان سەربازانی پاراستن لەبەردەم خەڵکی ناوچەکە لێیان داون.
ج. هێزێک بە فەرمانی ئەو، ماڵەکانی موستەشارانی فەوجەکانی بەرگری نیشتمانی ـ کە ناوەکانیان لە خوارەوە هاتووە ـ پشکنیوە و دەستی بەسەر بڕێک پارە و خشڵی زێڕدا گرتووە:
یەکەم: قاسم فارس – موستەشاری فەوجی ٨٥ی بەرگری نیشتمانی.
دووەم: میرزا ئیسماعیل – موستەشاری فەوجی ٢٠٧ی بەرگری نیشتمانی.
سێیەم: مام یحیی – موستەشاری فەوجی ٨٦ی بەرگری نیشتمانی.

گوندی جەلەمۆرد یەکێک لە گوندە قوربانییەکانی ئەنفالی چوارەم بوو. لەم گوندەدا 485 کەس ئەنفال و بێسەروشوێن کران. زۆربەیان لە کەمپە سەربازییەکانی ناوچەکە، سەربازگەی تۆپزاوا و قەڵای نوگرەسەلمان، لە ژێر ئەشکەنجە و ئازاری قورس بوونە قوربانی و زیندە بە چاڵ کران.
بە گشتی، ژمارەی ئەنفالکراوانی جەلەمۆرد و گوندەکانی دەوروبەری 1625 کەسە، کە ناوەکانیان لە مۆنۆمێنتی بابە ڕووشە لەسەر فلێکس نووسراوە و هەڵواسراوە.
ئەشکەوتی بابە ڕووشە و تەسلیمکردنی زۆرەملێ
دوای بۆردومانکردنی گوندەکانی عەسکەر و گۆپتەپە، خەڵکی گوندی جەلەمۆرد و گوندەکانی دەوروبەری پەنایان برد بۆ ئەشکەوتی بابە ڕووشە لە چیای خاڵخەڵان، کە دەکەوێتە باشووری ڕۆژئاوای گوندەکەیان. زۆربەی ئەوانەی لەو ئەشکەوتەدا پەناگیر بوون، ژن و منداڵ بوون.
دوای ئەوەی شوێنەکەیان لەلایەن خیانەتکاران و جاشەکان ئاشکرا کرا، هەڕەشە لە خەڵکی ناوچەکە کرا کە خۆیان تەسلیم بکەن تاکو، بە وتەی هێزەکانی ڕژێم، “سەلامەت بن”. بە پێچەوانەوە، هەڕەشەیان لێکرا کە ئەگەر خۆیان ڕادەست نەکەن، بە چەکی کیمیایی بۆردوومان دەکرێن. خەڵک بە ناچاری خۆیان بە دەستەوەدا، دواتر ئەنفال کران و تا ئەمڕۆش چارەنووسیان نادیارە.
قەبارەی شاڵاو و سنوری یەکە ئیداریی کەرکوک
ئەم شاڵاوە بەرفراوانە سنووری یەکە ئیدارییەکانی کەرکووک، شوان، ئاغجەلەر، پردێ، تەقتەق، چەمچەماڵ، تەکیە، خەڵەکان، دوکان، دێگەڵە، ڕێدار، سورداش و کۆیەی گرتەوە.
لە ئەنجامدا، زیاتر لە 150 گوند وێران کران، خەڵکەکەیان دەستبەسەر و ئەنفال کران، ماڵ و موڵکیان و ئاژەڵەکانیان بە تاڵان برا، و ڕەز و باخەکانیان بێڕەحمانە سوتێنران.
تەنها لە ناوچەی ئاغجەلەر لە (67) گوندی پێكدەهات، كە (2813) خانووی تێدا بوو، بە ناحیەكەوە روخێنرا، (7201) هاوڵاتی ئەنفالكران،
زەرەرە مرۆیی و مادییەکان
لەم شاڵاوە بەرفراوانەدا، وێڕای زەرەری گیانی کە بەسەدان کەس تێیدا بێسەروشوێن کران، زەرەر و زیانێکی مادیی زۆریش بە خەڵکی ناوچەکە گەیشت. ماڵ و موڵکی خەڵک بە شێوەیەکی سیستەماتیک تاڵان کرا و عەقڵیەتی شۆڤێنی ڕژێم ئەو تاڵان و وێرانکارییەی بە حەڵاڵ و ڕەوا دەزانی.
بەگشتی لە قۆناغی چواری ئەنفالدا، بەپێی بەڵگەنامەکان و بەدواداچوونی مەیدانی كۆی گشتی (364) گوند و (343) مزگەوت و (280) قوتابخانە و دەیان تەكیە و زیكرگا و (15) بنكەی تەندروستی و بە دەیان پڕۆژەی ئاو و هەزاران خانوو بەرە روخێنران.
لە ئەنفالی چوار بە كۆی گشتی (28550) كەس ئەنفالکران.
پرۆسەی راگواستنی زۆرە ملی
پرۆسەی راگواستنی زۆرە ملی خەڵکی ناوچەکە دەگەرێتەوە بۆ ١٩٦٣ و ١٩٨٧، بەڵام دوبنارە لە شاڵاوی ئەنفالی چوارەم بە لانی كەم (١١٢) هەزار كەسی دانیشتووانی ناوچەكە راگواستران بۆ ئۆردوگاكانی دەوروبەری هەولێر بە تایبەت دارەتوو و بنەسڵاوە و كەورگۆسك و جەدیدە لە هەولێر و چەمچەماڵ و پیرەمەگرون لە سلێمانی.. هەر بۆیە قۆناغەكانی (3 و 4)ـی ئەنفال دەتوانین بە بەشێك لە پرۆسەی تەعریب دابنرێت
هەڵسانگاندن لەسەر شاڵاوی ئەنفالی چوارەم
ئەم لێکدانەوە زانستییە لەسەر بنەمای بەڵگەنامەکانی ڕژیمی بەعس و خوێندنەوەی توێژینەوەکان لە بوارەکانی جینۆساید و یاسای نێودەوڵەتی ئامادە کراوە.
1. جینۆساید وەک سیاسەتی دەوڵەتی
بە پێی بەڵگەنامە سەربازی و دەقی فەرمانییەکان، شاڵاوی ئەنفالی چوارەم تەنیا عەمەلیاتێکی سەربازی نەبوو، بەڵکو بە شێوەیەکی ڕوون سیاسەتێکی دەوڵەتی پلاندانراو بوو کە ئامانجی لەناوبردنی کۆمەڵگای کوردی بوو. بەکارهێنانی چەکی کیمیایی، بڕیارە فەرمییەکان بۆ “پاکتاوکردن”، و ڕێکخستنی هێزەکان لە چەند قۆڵەوە، هەموویان بەڵگەی ئەوەیە کە ئەم کردارە لە چوارچێوەی پێناسەی جینۆساید (Genocide) دێتەوە.
2. سیستەماتیکی تاوان و ڕێکخستنی هێزەکان
پەخشکردنی هێرشەکان لە چەند ئاراستەی جیاواز (کۆیە، تەقتەق، سوسێ، چەمچەماڵ) نیشانەیەکی ڕوونی پلاندانانی سەربازیی پێشوو و ئامانجی گەمارۆدان و ڕێگەگرتن لە هەڵاتنی خەڵکە. ئەمە لە زانستی سەربازی و توێژینەوەی جینۆسایددا بە شێوازی “encirclement and annihilation strategy” ناسراوە.
3. بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و تاوانی نێودەوڵەتی
بەکارهێنانی گازە کیمیاییەکان (نیشانەکانی وەک بۆنی نەعناعی و سیر) پێچەوانەی ڕاستەوخۆی:
- پڕۆتۆکۆلی جنیڤ 1925
- یاسای نێودەوڵەتی مرۆڤایەتی
ئەوەی جیاوازە لەم قۆناغەدا ئەوەیە کە چەکی کیمیایی تەنها لە مەیدانی شەڕدا نەبوو، بەڵکو دژی خەڵکی مەدەنی بەکار هێنرا—کە ئەمە بە شێوازی یاسایی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و جینۆسایدە.
4. فرتوفێڵی ژینگەیی (Environmental Manipulation)
بەکارھێنانی بەنداوی دوکان و زیادکردنی ئاوی زێ بۆ ڕێگەگرتن لە هەڵاتن، نموونەیەکی ڕوونی بەکارهێنانی ژینگە و سروشت وەک ئامرازێکی شەڕە. ئەم جۆرە کردارە لە توێژینەوە نوێیەکاندا بە ناوی:
Environmental Warfare / Ecological Violence
ناسراوە.
5. سیاسەتی بێسەروشوێنکردن (Enforced Disappearance)
دەستگیرکردنی خەڵک، جیاکردنەوەی ژن و پیاو، و ڕاگوێزانیان بۆ شوێنی نادیار، بە شێوەیەکی سیستەماتیک جێبەجێ کراوە. ئەمە بە پێی یاسای نێودەوڵەتی:
تاوانی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ (Enforced Disappearance)
دادەنرێت، کە تا ئێستا لە دۆسیەکانی جینۆسایددا بە یەکێک لە هەرە تاوانە قورسەکان دادەنرێت.
6. تاڵانکردن و تێکدانی بنەمای ژیان
تاڵانکردنی ماڵ و موڵک، ئاژەڵ، خۆراک و کەرەستەکان، تەنها تاوانێکی سەرەکی نەبوو، بەڵکو بەشێک بوو لە سیاسەتی:
تێکدانی بنەمای ئابووری و کلتوری کۆمەڵگا
کە لە تیۆرییەکانی جینۆسایددا بە ناوی
“Destruction of the means of life”
ناسراوە.
7. کوشتن و توندوتیژیی بێ بەزەیی
کردارەکان وەک:
- فڕێدانی خەڵک لە کۆپتەرەوە
- زیندە بەچاڵکردن
- سوتاندنی پیرەمێردان
نموونەیەکی ڕوونی **توندوتیژییەی ئەفراطی (Extreme Violence)**ە کە ئامانجی ترساندن، شکاندنی ورە و لەناوبردنی هەست بە بوونەوەی کۆمەڵگا بوو.
8. هەڵسەنگاندنی کەیسی جەلەمۆرد
کەیسی جەلەمۆرد و بابە ڕووشە نموونەیەکی کلاسیکی:
Forced surrender under threat of annihilation
ە کە خەڵک بە هەڕەشەی کیمیاباران ناچار بە تەسلیم کران. ئەمە بە پێی یاسای نێودەوڵەتی:
تاوانی جەنگی + تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی
دادەنرێت.
9. بەشداری جاش و ڕۆڵی ناوخۆیی
تۆمارکردنی ناوی فەوجە سوکەکان و جاشەکان، بەڵگەیەکی گرنگە بۆ:
- نیشاندانی ڕۆڵی collaboration (هاوکاری تاوان)
- و تێگەیشتن لە شێوازی جێبەجێکردنی جینۆساید لە ناوخۆ
ئەم بابەتە لە توێژینەوەکانی جینۆسایددا بە شێوازی:
Local complicity in mass violence
ناسراوە.
10. مەڵبەندەکان و سیستەمی گواستنەوە
بەکارهێنانی شوێنەکان وەک:
- تەقتەق
- سوسێ
- کۆیە
- تۆپزاوا
- نوگرەسەلمان
نیشانەیەکی ڕوونی **سیستەمی کۆکردنەوە و گواستنەوە (Camp System)**ە، کە بەراورد دەکرێت بە سیستەمەکانی:
- نازییەکان
- کامبۆدیا
- بۆسنیا
11. پەیوەندی نێوان شەڕ و جینۆساید
بەرزبوونەوەی ورەی سوپای عێراق دوای سەرکەوتنی فاو، نیشان دەدات کە:
جینۆساید زۆرجار بە پەیوەندی بە سەرکەوتنە سەربازییەکان توندتر دەبێت
کە لە تیۆرییە سیاسییەکاندا بە ناوی:
Opportunity structure of mass violence
ناسراوە.
12. کۆتایی زانستی
لە کۆتاییدا، شاڵاوی ئەنفالی چوارەم پێکهاتبوو لە:
- کوشتنی بە مەبەست
- بێسەروشوێنکردن
- تێکدانی ژیان
- بەکارهێنانی چەکی کیمیایی
- و سیستەمی گواستنەوە
کە هەموویان پێکهاتەی تەواوی:
جینۆسایدی پلاندانراو و سیستەماتیک
پێک دەهێنن.
پاشکۆ
ناوی جاش، موستەشار و فەوجە سوکەکان
ناوی جاش، موستەشار و فەوجە سوکەکان لە بەڵگەنامە و ڕۆژنامەکانی ئەو ڕۆژگارەدا تۆمار کراوە. زۆربەیان خۆیان چیرۆکی “سەرکەوتنەکانیان” گێڕاوەتەوە، یان نیشانەی “ئازایەتی”یان وەرگرتووە، وەک پاداشتێک بۆ ئەو خیانەتەی کە دژی گەل و نەتەوەکەی خۆیان ئەنجامیان دا.
ئەمەی خوارەوە لیستی ناوی فەوجە سوکەکانی بەشداربووی شاڵاوی ئەنفالی چوارەم:
فەوجە سوکەکان
- قەدری ئەحمەد محەمەد زێباری – فەوج (1)
- ئیبراهیم عەلی حاجی مەلۆ مزوری – فەوج (20)
- عاسف ئەحمەد ئاغای زێباری – فەوج (23)
- تارق فایق ولد کاکەیی زەنقەری – فەوج (37)
- مامەند حەمەد مەولود گەردی – فەوج (51)
- کامیل هادی شی خنوری بەرزنجی (سۆڵەیی) – فەوج (55)
- فواد کریم محەمەد کابایز هەمە وەندی – فەوج (72)
- رەشید ئەحمەد ئەمین عەزیز شێروانی – فەوج (78)
- جەلال رەزا ئەسعەد چەرمەگایی – فەوج (79)
- محەمەد عومەر ئەمین جەمیل باساکی – فەوج (81)
- فارس تاهیر مستەفا ئاغا کۆیی – فەوج (85)
- عوسمان عمر مام یەحیا کۆیی – فەوج (86)
- سەلیم مەمەند رەسوڵ ئاغای میراودەلی – فەوج (98)
- تاهیر عەلی عبدالرحمن جەباری – فەوج (99)
- محەمەد تاهیر یونس محەمەد زیناوە شکاک – فەوج (107)
- ئاکۆ عەباس بایز مامەند ئاغای سەرکەپکان – فەوج (132)
- عومەر ئەحمەد عەلی جاف (عومەرە بچکۆل) – فەوج (171)
- تەحسین شاوەیس سەعید ڕۆژبەیانی – فەوج (172)
- حسێن محـد عسمان پشدەری – فەوج (175)
- لەتیف محەمەد ئەمین قادر جاف زڕگوێزی – فەوج (195)
- محەمەد هەمزە محەمەد ژاژڵەیی – فەوج (204)
- میرزا ئیسماعیل شریف رەزا (میرزا کۆیی) – فەوج (207)
- رەزا تەها محیەدین بەرزنجی (سەی مانگا) – فەوج (211)
- عدنان عبداللە نجم جاف (عدنان دیسکۆ) – فەوج (212)
- قاسم کریم ئەحمەد مەحمود شینکی – فەوج (237)
- سابیر ئەحمەد ئەمین – فەوج (248)
- محەمەد عبدالکریم قادر بەرزنجی – فەوج (257)
- ئەحمەد سۆفی ئیسماعیل ساڵح – فەوج (356)
- سابیر رەقیب سورچی – فەوج (2)
- محەمەد قادر عەزیز ئاغای سورچی – فەوج (19)
- شیخ معتسم عبدالکریم بەرزنجی – فەوج (64)
- سەعید مەحمود باریکەیی – فەوج (73)
- برهان محەمەد مستەفا شوانی – فەوج (92)
- عمر حمە عەلی رۆستەم چەرمەگایی – فەوج (104)
- عزیز حمەد مەولود (مەلا عوزێر) – فەوج (130)
- شیخ جلال شیخ نەجمەدین شیخ کەریم ساڵەیی – فەوج (135)
- شیخ محمود سەی گوڵ کارێزەیی – فەوج (137)
- هۆمەر ئەحمەد ئاغای پشدەری – فەوج (140)
- زاهیر تاهیر تۆفیق کۆیی – فەوج (150)
- سلاحەدین خدر رەسوڵ نەقشبەندی – فەوج (241)
- عدنان عبداللە جەباری (سەید عەدنان جەباری) – فەوج (321)
- مەدحەت توفیق مەنسور داودی – فەوج (47)
- روناک ئیبراهیم مەدحەت داودی (شیخ روناک) – فەوج (138)
- تحسین محەمەد ڕەشید زەنگەنە – فەوج (179)
- حەسیب محەمەد نەجم – ژمارەی فەوج نەزانراوە
- محەمەد حمە ڕەحیم – ژمارەی فەوج نەزانراوە
مەفرەزە تایبەتییەکانی ئیستخبارات
- یوسف فەتحوللە گۆرانی (قەرهەنجیری) – مەفرەزەی تایبەتی (77)
- جیهاد موسا قەرهەنجیری
- خەیروللا کەریم مەولود (خەیرواللە دوزی)
- عبداللە کاکە مین ساڵح (عەبە کەرکوکی)
- حاجی عەلی نەبیاوە
- محەمەد حسێن نوری
- محەمەد کاوانی
سەرچاوەکان
- بەڵگەنامەکانی ڕژیمی بەعس
- گۆڤار و ڕۆژنامەکانی سەردەمی بەعس
سەرچاوە نێودەوڵەتی و توێژینەوەی زانستی:
- Human Rights Watch، Genocide in Iraq: The Anfal Campaign Against the Kurds
- United Nations، بەڵگە و ڕاپۆرتەکانی پەیوەندیدار بە جینۆساید و چەکی کیمیایی
- International Center for Transitional Justice، توێژینەوەکان سەبارەت بە عدالەتی گواستنەوەیی لە عێراق
- Iraqi High Tribunal، بڕیارەکان و پەیوەندیدارەکان بە دۆسیەی ئەنفال
- International Committee of the Red Cross، بەڵگەنامە و ڕاپۆرتەکانی پەیوەندیدار بە یاسای مرۆڤایەتی


Leave feedback about this