دەربازبووانی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی جینۆسایدی ئەنفال
ئەرشیف مێژووی زارەکی

دەربازبووانی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی جینۆسایدی ئەنفال

دەربازبووانی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی جینۆسایدی ئەنفال

پێشەکی

لە مێژووی جینۆسایدەکانی سەدەی بیستەمدا، شایەتیی دەربازبووان یەکێکە لە گرنگترین سەرچاوەکانی پاراستنی ڕاستی، دژایەتیی نکۆڵی، و دروستکردنی مێژووی مرۆیی لەسەر تاوانە گەورەکان. لە هۆلۆکاستدا، دەنگی دەربازبووانی کەمپەکانی مردن بوو بە بەشێکی بنەڕەتی لە تێگەیشتنی جیهان لە سیاسەتی لەناوبردنی نازییەکان. لە کەمبودیا، بۆسنیا و ڕوانداشدا، گێڕانەوەی ئەوانەی لە کۆمەڵکوژی، گۆڕە بەکۆمەڵەکان و شەڕی لەناوبردندا مانەوە، بوو بە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ دادگا، توێژینەوە، یادەوەریی گشتی و پەروەردەی نەوەکانی داهاتوو. لەم چوارچێوەیەدا، مێژووی زارەکی تەنها گێڕانەوەی بیرەوەری نییە؛ بەڵکو بەڵگەیەکی مرۆیی، مێژوویی و دادوەرییە لەسەر ئەوەی دەسەڵاتەکانی جینۆسایدکار هەوڵیان داوە بیشارنەوە.

لە مێژووی جینۆسایدی ئەنفالدا، گۆڕە بەکۆمەڵەکان یەکێکن لە قورسترین بەڵگەکانی تاوانی ڕێکخراوی رژێمی بەعس دژی گەلی کورد. ئەم گۆڕانە تەنها شوێنی ناشتنی جەستەی قوربانیان نین، بەڵکو بەڵگەی تاوانی بەهێزن؛ تاوانێک کە لە چوارچێوەی سیاسەتی لەناوبردن، ونکردن، دابڕاندن، گواستنەوەی زۆرەملێ، سڕینەوەی گوندەکان و شکاندنی پەیوەندیی خێزان و کۆمەڵگەی کوردیدا جێبەجێ کرا. بەڵام ئەو خاکەی دەوڵەت ویستی ببێتە شوێنی شاردنەوەی تاوان، بەهۆی شایەتیی دەربازبووانەوە بوو بە سەرچاوەی ئاشکراکردنی ڕاستی.

لە ناو ئەم تاوانەدا، ژمارەیەکی زۆر کەم لە قوربانیان، بە شێوەیەکی نائاسایی و لە نێوان مردن و ژیاندا، توانیان لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان دەرباز بن. ئەو ١٣ کەسەی دەربازبوو، تەنها ڕزگاربووی ژیانی تاکەکەسی نین؛ بەڵکو شایەتحاڵانی زیندووی قۆناغێکی ئەوپەڕی دڕندانەن. ئەوان بە چاوی خۆیان قۆناغەکانی گرتن، کۆکردنەوە، پۆلێنکردن، جیاکردنەوە، گواستنەوە، گولەبارانکردن و فڕێدانی قوربانیان بۆ ناو چاڵەکان بینیوە. لەبەر ئەوە، بەسەرهاتیان تەنها چیرۆکی دەربازبوون نییە؛ بەڵکو شایەتییەکی بنەڕەتییە لەسەر میکانیزمی جێبەجێکردنی جینۆساید.

گرنگیی ئەم شایەتییانە لەوەدایە کە ئەوان پردێک دروست دەکەن لە نێوان قوربانیانی بێدەنگ، گۆڕە بەکۆمەڵەکان و مێژووی نووسراو. گۆڕە بەکۆمەڵەکان بەڵگەی مادین، بەڵام شایەتیی دەربازبووان ئەو بەڵگانە دەخاتە ناو چوارچێوەی ڕووداو، کات، شوێن، کردار، فەرمان، ئەنجام و کاریگەریی مرۆیی. ئەوان بە زمانی ژیان گێڕایانەوە ئەوەی خاک بە خامۆشی لە خۆیدا هەڵیگرتبوو. ناوی هاوچارەنووسەکانیان هێنا، شوێنی گۆڕەکان و ڕێگاکانی گواستنەوەیان دیاری کرد، شێوازی مامەڵەکردنی هێزەکانی رژێمی بەعسیان ڕوون کردەوە، و بەو شایەتییانە بەشێک لە ڕاستییە شاراوەکانی جینۆسایدی ئەنفال هاتە ڕووناکی.

بەسەرهاتی ئەم ١٣ دەربازبووە لە جغرافیای جیاوازی تاوانەکاندا ڕووی داوە؛ هەندێکیان لە بیابانەکانی ڕومادی، هەندێکیان لە سەماوە، حەزر، مووسڵ، دهۆک و گوندی کوریمێ لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان دەرباز بوون. هەندێکیان دواتر توانیان خۆیان بگەیەننە شوێنی پارێزراوتر، هەندێکیان بۆ دەرەوەی وڵات گواسترانەوە، هەندێکیان لە دادگاکان شایەتییان دا، و بەشێکیشیان دووبارە بێسەروشوێن کرانەوە یان چارەنووسیان بە تەواوی دیار نییە. ئەمە نیشان دەدات کە دەربازبوون لە گۆڕە بەکۆمەڵ کۆتایی ئازار نەبوو؛ بەڵکو سەرەتای قۆناغێکی تر بوو لە ترس، شاراوەیی، دابڕان، هەڵگرتنی یادەوەریی قورس و کاریگەرییە درێژخایەنەکانی جینۆساید.

لە ڕووی مێژووی زارەکییەوە، ئەم بەسەرهاتانە دەبێت وەک بەشێک لە مێژووی جیهانیی شایەتیی دەربازبووانی جینۆساید بخوێنرێنەوە. وەک چۆن شایەتیی دەربازبووانی هۆلۆکاست، کەمبودیا، بۆسنیا و ڕواندا بوون بە سەرچاوەیەکی بنەڕەتی بۆ ناسینی شێوازی تاوان، ناساندنی قوربانیان، بەڵگەسازیی دادوەری و پێشگیری لە نکۆڵی، شایەتیی دەربازبووانی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی ئەنفالیش هەمان گرنگییان هەیە بۆ مێژووی کورد و بۆ مێژووی جیهانیی جینۆساید. ئەم شایەتییانە دەکرێت بەڵگەنامە، ڕاپۆرتی پزیشکی دادوەری، هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان، بڕیارە دادگاییەکان و توێژینەوەی زانستی تەواو بکەن.

ئەم کارە هەوڵێکە بۆ کۆکردنەوە، ڕێکخستن و پاراستنی بەسەرهاتی ئەو ١٣ کەسەی کە لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی جینۆسایدی ئەنفال دەرباز بوون. مەبەست تەنها تۆمارکردنی ژیانی تاکەکان نییە، بەڵکو پاراستنی شایەتیی زیندووە لەسەر جینۆساید، گەڕاندنەوەی دەنگ بۆ ئەوانەی بێدەنگ کران، و دامەزراندنی بەستەرێکە لە نێوان یادەوەری، بەڵگە، دادپەروەری، مێژووی زارەکی و مێژووی نەتەوەیەکی جینۆسایدکراو.

ناوی دەربازبووانی گۆڕی بە کۆمەڵ

ژ ناوی دەربازبوو ساڵی لەدایکبوون شوێنی پێشوو شوێنی ئێستا شوێنی گۆڕەکە / گۆڕە بەکۆمەڵەکە
١ فەرج محەمەد عەزیز ١٩٥٠ قادرکەرم ئەمریکا بیابانەکانی ڕومادی
٢ عەزیز وەهاب محەمەد ـ عوزیر ١٩٦٣ قادرکەرم ئەمریکا بیابانەکانی ڕومادی
٣ واحید حەمەسەعید عەبدول ١٩٦٥ قادرکەرم ئەمریکا بیابانەکانی ڕومادی
٤ رەمەزان عەلی سلیمان ١٩٦٦ قادرکەرم ئەمریکا بیابانەکانی ڕومادی
٥ محەمەد عەلی ئەحمەد ـ حەمە عەلی عەلیان ١٩٥٦ تەیلەکۆ لە شەری ناوخۆ کوژرا بیابانەکانی حەزر
٦ ئەنوەر محەمەد ڕەزا ـ ئەنوەر تەیار ١٩٥٤ چەمچەماڵ چارەنووسی دیار نیە بیابانەکانی ڕومادی
٧ تەیمور عەبدولڵە ١٩٧٦ تەیلەکۆ ئەمریکا بیابانەکانی سماوە
٨ ئەبابەکر عەلی سەعید ١٩٥٤ کوریمێ ـ دهۆک دهۆک کوریمێ ـ دهۆک
٩ عەبدولقادر خەلیل ١٩٦٢ کوریمێ ـ دهۆک دهۆک کوریمێ ـ دهۆک
١٠ عەبدولکەریم نایف حەسن ١٩٦٧ کوریمێ ـ دهۆک دهۆک ـ گرێیاس کوریمێ ـ دهۆک
١١ سدقی عەبدولقادر فەتاح ١٩٧٣ چەلکی ـ دهۆک سوێد کوریمێ ـ دهۆک
١٢ هاشم محەمەد ڕەشید ١٩٦٣ کوریمێ ـ دهۆک دهۆک کوریمێ ـ دهۆک
١٣ فەتاح عەبدولقادر فەتاح ١٩٧٠ چەلکی ـ دهۆک ئەنفالکرایەوە کوریمێ ـ دهۆک

 

١. فەرج محەمەد عەزیز(مستەفا)

فەرج محەمەد عەزیز، ناسراو بە مستەفا لە کتێبەکەی میدڵ ئێست ووچ،  حاجی فەرجی تۆپخانە، لە ساڵی ١٩٥٠ لە گوندی تۆپخانە، سەر بە ناحیەی قادرکەرم، لەدایکبووە. لە ساڵی ١٩٨٨دا، لە تەمەنی ٣٨ ساڵی، بەری شالاوی جینۆسایدی ئەنفال کەوت، تا ناو گۆری بەکۆمەڵ بەر رێژنەی گولەدران بەڵام  لە گۆڕە بەکۆمەڵەکەدا زیندوو مایەوە تا دواتر ببێتە شایەتحاڵی ئەو تاوانەیە کە بە چاوی خۆی بینیبووی.

. فەرج لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ عارف قوربانیدا دەڵێت لە دوای ئەوەی سواری کۆستەرەکان کراین ئێمەیان برد بۆ لیواکە چەمچەماڵ خەڵكێكی زۆری لێبوو.. پڕی ژن و مناڵ بوو.. تەرەكتەرێكی زۆری لێبوو شەرواڵی ژن كرابۆ چەنچی عەرەبانەی تەرەكتەرەكەوە، كە ئەو دیمەنەم بینی وەك ئەوە وابوو گولەیەك بەسەر دڵمەوە بنێن.. ئیتر هەمومان نائومێد بوین، وتم تازە تەواو چاومان بەدونیای رۆشن ناكەوێتەوە.. چونكە بەدیمەنی ئەو هەموو ژن ومناڵە كە لەناو لیواكەی چەمچەماڵدا خڕكرابوونە یەكتریدا.. ئیتر دڵنیابووم لەوەی كە ئەو هەموو قسەیەی دەكرا كە گوایە دەستی لە ژن و مناڵ نەپاراستووە و هەموو خەڵكەكەی گرتوە لەوێ‌ كە چاوم بەو ژن ومناڵە كەوت ژن ومناڵەكانی خۆم بیركەوتەوە ترسی ئەوەم لێ‌ نیشت كە ئێستا ئەوانیش گیراون.

لە کاتی ئەنفالدا، فەرج و هاوچارەنووسەکانی دوای ناونووسکردن وەرگرتنی زانیارییەکانیان، لەلایەن سەرباز و جەلادانی رژێمی بەعسەوە  پێیئان ووتن هەمووتان رەمی دەکرێن، دواتر بەرەوە سەربازگەی تۆپزاوا بردران، فرج دەڵێ تۆپزاواش دەگوت رۆژی حەشرە ئەو هەموو خەڵکەیان لە لادێکان هێناو بوو، هەر لە منداڵی ناو لانکە تا پیر و پەککەوتە ، دیسان ناونووسین بوو، ژنو پیاو و گەنج و پیریان لە یەک جیا کردەبووە، لەیەك شوێن ناویان نانووسی.. لە دە لاوە ریز دەكراین بۆ بەردەم ناونووسەكان، دوایی ٥٠٠ بۆ ٦٠٠ کەس بۆ ناو قاعەیەک دەبردراین، لەیەک هەرچەند وجبە دەهات چەند وجبەیەکی تر باردەکران کەس نەیدەزانی بۆ کوێ دەیانبن، لە دوای دووژ لە تۆپزاوا

خرایانە ناو ئۆتۆمبێلی داخراوی بێ پەنجەرە کە رەنگیان سەوز بوو و بۆ بیابانەکان گواسترانەوە. ئەو باس دەکات کە لە ناو ئۆتۆمبێلەکاندا تینوێتی، ترس و ئازار ئەوەندە زۆر بوو کە مرۆڤ دەکەوتە دۆخێکی نائاسایی.

کاتێک سەیارەکان راگیران وەك رۆژی حەشر وابوو لەچەند لایەكەوە هەر دەنگی تەقە و زرمە  دەهات و لە هەموو لایەكەوە گوێت لە دەنگی دەستڕێژی گولە بوو.. سەیارەكانی تریش كە لەگەڵ قافڵەكەی ئێمەدا پێكەوە بوین هەریەكە لەلایەكە وەستێنرابوو لە دیار چاڵەكان و دەستەی گولە بارانكردن خەریكی رەمی كردنیان بوون..

دوو كەس دووكەس پێكەوە دائەگیراین پشکنین دەکراین هەرچیەکمان پێ با لێیان وەردەگرتین و دەست و چاومان پێكەوە ئەبەسترا بە پێشتێن و جامەدانی سەرمان بەسەر چۆکدا لە لێواری چاڵەکان  روو لە زەوی پێكەوە گولە باران ئەكراین و پێكەوە فرێ‌ ئەدراینە ناو گۆڕە بە كۆمەڵەكانەوە.

فەرج داوای لە ئامۆزاکەی ساڵح کرد کە پێش دوو گەنجی دیکە ببرێنە سەر چاڵەکە، چونکە نەیدەویست مردنی ئەو دوو گەنجە بە چاوی خۆی ببینێت. دواتر ئەوان بردرانە لێواری چاڵەکە و دەستڕێژی گولەیان لێکرا. ئەوە ناخۆشترین دیمنە بووە کە هەرگیز لە بیری ناچیتەوە کە ئەو دوو مێردمنداڵە بەو دۆخە پڕ لە ترس و دڵەراوکێدا تێپەریون.

فەرج دەڵێت پاش ئەوەی فەرمانی کوشتن درا. دوایین شتێک کە گوتی، شایەتی دان بوو بە خوای گەورە. لەگەڵ دەنگی دەسترێژی گولەکان، هەستی کرد خۆی و ساڵحی ئامۆزای کەوتنە ناو چاڵەکە. فەرج  سەرەتا پێی وابوو خۆیشی کوژراوە، بەڵام دواتر هەستی کرد هێشتا هەناسەی ماوە. گولە بەری نەکەوتبوو؛ ئەوەی بە جلوبەرگییەوە بوو، خوێن و پارچەی جەستەی ساڵحی ئامۆزای بوو. لەو ساتەدا فەرج زانی ساڵح مردووە.

لە ناو چاڵەکەدا فەرج لە نێوان تەرمەکاندا مایەوە. دەستی و چاوی بەستراو بوو، جەستەی لە خوێن و خۆڵدا بوو، بەڵام دەیزانی ئەگەر جوڵە بکات، دەکرێت جارێکی تر گولەباران بکرێت. دوای ماوەیەک، کاتێک کەمێک بەهۆش هاتەوە، هەستی کرد بەسەر جەستەی خەڵکی دیکەدا کەوتووە. گوێی لە دەنگی گولە، هاوار و ناڵە بوو. هەندێک لە برینداران هێشتا هەناسەیان مابوو و لە ئازاردا دەناڵینن.

فەرج  هستی کرد دونیا بێدەنگ  تاریک بووە، هێواش هێواش بە زەحمەت دەستی کردەوە و چاوپۆشەکەی لەسەر چاوی لابرد. بەڵام هەرچەندە چاوپۆشەکەی لابردبوو، بۆ ماوەیەک نەیوێرا چاوی بکاتەوە. کاتێک چاوی کردەوە، هەموو دەوروبەری لاشە بوو. لە ناو تەرمەکاندا لاشەی ئەو دوو کوڕە گەنجەی بینی کە پێشتر نەیدەویست مردنیان ببینێت.

دواتر لە ناکاو دوو سەرباز هاتنە ناو چاڵەکە و لە نێوان تەرمەکاندا دەگەڕان. هەرکەسێک جوڵەیەکی لێ دیار بوایە، دەیاندا بەر گولە. فەرج لەو ساتەدا هەناسەی لە خۆی بڕی، جوڵەی لە خۆی وەستاند و لە ناخەوە دەپاڕایەوە کە نەبینرێت. ئەو سەربازان بەسەر لاشەکاندا تێپەڕین و دوورکەوتنەوە. فەرج دوای ماوەیەک، کاتێک تاریکی بەتەواوی  دابەزی و شوێنەکە کەمتر بەرچاو بوو، هەوڵی دا لە ناو تەرمەکاندا دەربچێت.

بە جەستەیەکی پڕ لە خوێن، بە پێی پەتی و بە دڵێکی پڕ لە ترس، لە چاڵەکە دەرچوو. لە دەوروبەریدا چەندین چاڵی دیکەی پڕ لە لاشە و چاڵی ئامادەکراوی دیکەی بینی. بێ ئەوەی ئاوڕ بداتەوە، بە تاریکی ڕاکرد. دوای ماوەیەکی درێژ، لە شوێنی کوشتن دوورکەوتەوە، بەڵام نەیدەزانی لە کوێیە و بەرەو کوێ دەچێت.

شەوەکە بە ڕێگاکردن، ترس و تینوێتی تێپەڕاند. جلوبەرگی پڕ لە خوێن بوو، پێڵاوی لەپێدا نەبوو، جەستەی هیلاک و دڵی پڕ لە هەراس بوو. چەند سەگ بە بۆنی خوێن بە دوایدا هاتن. فەرج لە ترسی ئەوەی سەگەکان پەلاماری بدەن، خۆی وەک ئاژەڵێکی چوارپێ نیشان دا، دەنگی کرد و ڕووی لە سەگەکان کرد، تا ئەوان لێی دوور بکەونەوە. ئەو شەو تا ڕۆژ بۆوە، بەردەوام ڕێگای دەبڕی و هەر شوێنێک ڕووناکی یان ئاوەدانیی لێ دیار بوایە، لە ترس ڕێگاکەی دەگۆڕی.

کاتێک ڕۆژ بووەوە، فەرج جۆگەیەکی ئاو بینی. چوو ئاوی خواردەوە، دەست و پێ و دەم و چاوی شۆرد، هەندێک لە جلوبەرگە خوێناوییەکانی پاک کردەوە و خۆی خستە بەر خۆر، تا خوێنەکە لە جەستەی لا بێتەوە. لەو کاتەدا پیاوێکی تەمەنخۆری بینی کە بەرەو لای دەهات. سەرەتا زۆر ترسا، چونکە نەیدەزانی ئەو پیاوە کێیە و لەو دەشتە چۆڵەدا بۆچی پەیدا بووە. بەڵام کاتێک پیاوەکە نزیک بووەوە و قسەی لەگەڵ کرد، فەرج زانی ئەو پیاوە کوردە و شوانە.

فەرج دەڵێ ئەو شوانە کوردی ئێرانی بوو و لە نزیک ڕومادی، لە ئۆردوگای ئاڵتاشی ڕومادی دەژیا.  فەرج بۆ پاراستنی خۆی چیرۆکێکی دروست کرد؛ پێی گوت شۆفێری سەیارەی حکومەتە و سەیارەکەی وەرگەڕاوە، هاوڕێکانی مردوون و ڕێگای لێ تێکچووە. شوانەکە بەزەیی پێدا هاتەوە، دڵی دایەوە و ڕێگای بۆ نیشان دا کە چۆن بچێتە ناو ئۆردوگاکە و لەوێوە ڕێگای ڕومادی و بەغدا بگرێتە بەر.

فەرج بەو ناونیشانەی شوانەکە پێی دابوو گەیشتە ئۆردوگاکە. لەوێ ژنێک نانی پێدا و چایی بۆ کرد. دواتر مێردەکەی هاتەوە. فەرج هەمان چیرۆکی بۆ ئەویش گێڕایەوە و داوای هاوکاری کرد تا بگاتە شوێنێک کە بتوانێت بگەڕێتەوە بۆ کوردستان. ئەو پیاوە پێی گوت ناتوانێت بە سەیارە بیبات، چونکە ئەوانیش وەک زیندانی لە ئۆردوگادا دەژین و تەنها بە کارت رۆژانە یەکجار دەتوانن بەکاری بێنن. بەڵام جوتێک نەعلەی پێدا و ڕێگایەکی بۆ نیشان دا تا بە پێ بگاتە ڕێگای سەرەکی و لەوێ چاوەڕێی سەیارەی ڕومادی بکات.

فەرج لە ڕێگای سەرەکی چاوەڕێی سەیارە بوو. کاتێک سەیارەیەکی ١٨ نەفەری لە دوورەوە هات، دەستی بۆ ڕاگرت. بەڵام کاتێک سەیارەکە وەستا، ترسێکی قورس لە ناخیدا هەژا. دیمەنی ئەو پاسەی پێشتر بۆ شوێنی کوشتن بردبوویان، هاتەوە بەرچاوی. دەستی برد بۆ دەرگاکە، بەڵام دەستی گێڕایەوە. لەو ساتەدا کەسێک لە ناو سەیارەکەوە دەرگاکەی کردەوە. فەرج سەرکەوتە ناو سەیارەکە.

لە ناو سەیارەکەدا یەکێک بانگی کرد: «فەرج، وەرە ئێرە فەرج سەرەتا نەیناسی، بەڵام دواتر زانی ئەو کەسە عوزێرە؛ خەڵکی ناوچەی لەیلان، کە ئەویش وەک فەرج گیرابوو و لە گولەبارانکردنەکە دەرباز بووبوو. عوزێر لێی پرسی: «چی دەکەی لێرە؟» فەرج وەڵامی دا: «وەک تۆ.» ئەو وەڵامە بەس بوو بۆ ئەوەی عوزێر هەموو شتێک تێبگات. لە ناو سەیارەکەدا زیاتر لەو بابەتە قسەیان نەکرد، چونکە نەیانویست خەڵک لە دۆخیان تێبگەن.

ئەوان بەو سەیارەیە بەرەو ڕومادی چوون. گرنگ بۆیان ئەوە بوو کە لە شوێنی کوشتن دوور بکەونەوە، بگەنە ئاوەدانی و پاشان ڕێگای گەڕانەوە بۆ کوردستان بدۆزنەوە. بەسەرهاتی فەرج محەمەد عەزیز و هاوچارەنووسەکانی، بەشێکی گرنگە لە مێژووی زارەکی جینۆسایدی ئەنفال و شایەدییەکی زیندووە لەسەر تاوانی گۆڕە بەکۆمەڵەکانن لە جینۆسایدی ئەنفال.

فەرج محەمەد عەزیز یەکێک بوو لەو ١٣ کەسەی کە لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی ئەنفال رزگاریان بوو. دواتر، لە ساڵی ١٩٩٨دا، فەرج وەک شایدحاڵ بۆ ئەمریکا گواسترایەوە. لە کاتی دادگاییکردنی بەرپرسانی رژێمی بەعسی ڕووخاو، ئەو وەک شایەتحاڵی گۆڕە بەکۆمەڵەکان، شایەدی بۆ مێژوو دا.

 

عوزیر٢. عزیز وەهاب محەمەد سلێمان (عوزێر)

عزیزوەهاب محەمەد سلێمان، ناسراو بە عوزێر خەڵکی گوندی تەمرجێلی، سەر بە ناحیەی لەیلانی پارێزگای کەرکووک بوو. لە کاتی ئەنفالدا تەمەنی ٢٥ ساڵ بوو و وەک سەربازێکی هەڵاتوو ژیانی دەگوزەراند.

لە ١٠ی نیسانی ١٩٨٨دا، لە گوندی خدر ڕێحان، سەر بە ناوچەی قادرکەرم، گیرسایەوە. دواتر لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە ئەنفالکراوان، بەدەست جاشەکانی قاسم ئاغا کەوتن و بۆ قۆناغەکانی گرتن، پۆلێنکردن و گواستنەوە ڕەوانە کران.

عوزێر لەگەڵ واحید، ڕەمەزان، ئەنوەر تەیار و سەلام قشقەیی و ژمارەیەکی دیکەی ئەنفالکراوان، لە کاروانێکدا بوون کە دواتر بەرەو شوێنی کۆمەڵکوژی بردران. لە ١٤ی نیساندا، گەیەندرانە تۆپزاوا و لەوێدا لەگەڵ هەزاران ئەنفالکراوی تر ڕاگیران. دواتر، لە ١٦ی نیسان، بە پاس سوار کران و بە ڕێگایەکی درێژ و پڕ لە ترس، بەرەو بیابانەکانی ڕومادی بردران.

لە ڕێگا و ناو پاسەکەدا، عوزێر و هاوچارەنووسەکانی لە دۆخێکی پڕ لە ترس و نادیاریدا بوون. هیچ کەس نەیدەزانی بۆ کوێ دەبرێن و چارەنووسیان چی دەبێت. کاتێک پاسەکان گەیشتنە ناوچەی بیابانی و لە جادەی قیر دەرچوون، ئەو ترسە زیاتر بوو، چونکە هەمووان هەستیان دەکرد کە دەبرێن بۆ شوێنێکی مەترسیدار.

لە شوێنی کۆمەڵکوژییەکەدا، عوزێر دەڵێت: دوای ئەوەی گەیشتینە شوێنی گوللەبارانکردنەکە، تەواو دڵنیابووین کە هەموومان گولەباران دەکرێین. لە درزی دەرگای سەیارەکەوە چاومان لێبوو کە ئەوانەی ناو سەیارەکانی تریان دابەزاندووە و گولەبارانکراون.

لە ناو سەیارەکەی خۆماندا تەگبیرمان کردبوو؛ کاتێک دێن و دەرگای سەیارەکەی ئێمە دەکەنەوە و دەیانەوێت دابمانگرن بۆ گولەبارانکردن، ئێمە پەلاماری سەربازەکان بدەین. هەرچەندە برسێتی و تینوێتی هێزی لەبەر بڕیبووین، بەڵام تەگبیرمان وابوو کە بە دوو سێ کەس پەلاماری ئەو سەربازە بدەین، چەکەکەی لێ وەربگرین و بەرگری لە خۆمان بکەین.

عوزێر دەیگوت: یەکەمجار کوڕێکمان لەگەڵ بوو، ناوی سەلام بوو. کاتێک سەربازەکە بۆ یەکەمجار دەرگاکەی کردەوە، سەلام شەقێکی بۆ داوەشاندووە، بەڵام سەربازی دووەم لە ناو دەرگاکەدا سەلامی کوشتووە و دەرگاکەیان داخستووەتەوە.

جارێکی تر دەرگاکەیان کردووەتەوە و سەربازەکە هاتووەتە ژوورەوە، بۆ ناو سەیارەکە، تا یەکێک پەڵکێش بکات بۆ گولەبارانکردن. لەو کاتەدا کە چاوی گەنجێکی کوردی بەستبووەوە، ئەمان پەلاماریان داوە و بە هەر شێوەیەک بووە چەکەکەیان لێ سەندووە. بەڵام سەربازەکە توانیویەتی مەخزەنی تفەنگەکەی دەربکات و فڕێی بداتە دەشتەوە.

ئیتر هەر لە دەرەوەی سەیارەکەوە، لە هەموو لایەکەوە، سەیارەکەیان داوەتە بەر دەستڕێژی گولە. ئەو جەلادەی خۆشیان، کە هێشتا لە ناو سەیارەکە بووە، کوژراوە. یەکسەر کۆمەڵێک لە هاوەڵەکانی عوزێر هەر لەسەر ئەو کورسییانەی لەسەری دانیشتبوون کوژراون، و ئەوانەی تر لە ترسا خۆیان خستووەتە ژێر کورسییەکانەوە.

عوزێر دەیگوت: ئەوەندە گولەیان خستووەتە ناو سەیارەکەوە، وەک بێژنگ کون کون بووە. خوێن بە ناو سەیارەکەدا خوڕەی دەکرد، چونکە ئەو هەموو گەنجەیان کوشتبوو.

وەک عوزێر دەیگوت، کاتێک دنیا تاریک بووە و تەقەکردنەکە کۆتایی هاتووە، سەربازەکان دڵنیا بوون لەوەی کە هەموو ئەوانەی ناو سەیارەکەیان کوشتووە. کاتێک عوزێریش دڵنیا بووە لەوەی سەربازەکان لە سەیارەکە دوورکەوتوونەتەوە، لە سەیارەکە دابەزیوە، خۆی دزیوەتەوە و بە ناو تاریکییەکەدا ڕایکردووە.

سەرەتا کەوتووەتە چاڵێکی پڕ لە لاشەوە. دەیگوت: کەوتمە سەر لاشەیەکدا کە هێشتا گیانی تێدا مابوو و خوێن لە دەم و لوتیەوە دەردەچوو. دەربازبوونی، عوزێر لە دۆخێکی زۆر ترسناکدا بوو. برینی لە جەستەدا هەبوو، ماندوو و تینوو و پڕ لە دڵەڕاوکێ بوو، بەڵام هەوڵی دا خۆی لەو ناوچەیە دوور بخاتەوە. لە ڕێگادا، بەهۆی ترس لە دووبارە گیرانەوە، ناچار بوو زۆر بە وریایی بجووڵێتەوە و خۆی بشارێتەوە.

عوزێر ڕێگای گرتووە تا دەمەو بەیان گەیشتووەتە هەمان ئەو ئۆردوگایەی کە فەرجیش بۆی چووبوو. چەند ماڵێکی کردووە، تا جێیان کردووەتەوە و نانیان پێداوە. دوای ئەوەی بەسەرهاتەکەی بۆ ماڵەکە گێڕاوەتەوە، لە ترسا نەیانویستووە داڵدەی بدەن، بەڵام ڕێگایان بۆ کێشاوە کە سواری ئەو سەیارەیە بێت بەرەو ڕومادی، تا لەوێوە بگاتە بەغدا و پاشان بەرەو کوردستان.

لە دوای ئەوە، عوزێر توانی بگەڕێتەوە و بەسەرهاتی خۆی بگێڕێتەوە. بەسەرهاتی ئەو، لەگەڵ بەسەرهاتی فەرج، واحید، ڕەمەزان و ئەنوەر، بەشێکە لە چیرۆکی گەورەی دەربازبووانی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی جینۆسایدی ئەنفال.

 

٣. واحید حەمەسەعید عەبدول

واحید حەمەسەعید عەبدول، لەدایکبووی ١ / ٧ / ١٩٦٥، خەڵکی گوندی کانی قادر، سەر بە ناحیەی قادرکەرم بوو. لە کاتی جینۆسایدی ئەنفالدا، لە ساڵی ١٩٨٨، بەدەست جاشەکانی قاسم ئاغا گیرایەوە و لەگەڵ ژمارەیەک لە خەڵکی ناوچەکەدا ڕەوانەی قۆناغەکانی گرتن و گواستنەوە کرا.

واحید لەگەڵ عوزێر، ڕەمەزان و ئەنوەر تەیار لە کاروانێکدا بوو کە لە قادەرکەرم و چەمچەماڵەوە بەرەو شوێنی نادیار بردران. لە ١٤ی نیساندا گەیەندرانە تۆپزاوا، و لەوێدا لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە ئەنفالکراواندا ڕاگیراون. دواتر لە ١٦ی نیساندا بە پاسێکی داخراو لە تۆپزاواوە سوار کراون و بۆ ماوەیەکی درێژ بە ڕێگا بردراون، بێ ئەوەی بزانن بۆ کوێ دەبرێن.

لە ڕێگادا ترس و نادیاری بەسەر هەموویاندا زاڵ بوو. هیچ کەسێک نەیدەزانی ئەو کاروانە بۆ زیندانێکی تر دەچێت یان بەرەو مردن دەبرێت. پاش ماوەیەک، کاتێک پاسەکان لە ڕێگای قیرەوە چوونە سەر ڕێگایەکی خۆڵی و هەڵبەزودابەز، هەمووان زیاتر تێگەیشتن کە مەترسییەکی گەورە لە پێشە.

کاتێک گەیشتنە شوێنی کۆمەڵکوژییەکە، سەربازان و جەلادان بەندکراوانیان دابەزاند. دواتر دەستیان کرد بە گولەبارانکردنی ئەنفالکراوان. واحیدیش لەو تاوانەدا لە ناو ئەو کەسانە بوو لە هەمان شوێنی کۆمەڵکوژیی ڕومادیدا، لە قەراخ  گۆری بەکۆمەڵی عوزێر، ڕەمەزان و ئەنوەر تەیاردا گولەبارانکران، بەڵام بەخت یاوەری بوو کە بە برینداری ڕزگاری بوو، واحید  لە دوای خۆدەربازکردن لە ناو گۆری بەکۆمەڵ و ئەو تەرمانەی بەسەریدا کەوتبوون شەوێک تا بەیانی ڕێگەی بڕیوە تا گەیشتە ئاوەدانیەک کە خۆی نەئەزانی کوێیە،  بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە ماڵی پیاوێکی عەرەب ماوەتەوە، برینەکەیان بۆ تەداوی کردبوو، دوا جار خۆی گەیاندەوە دووزخورماتوو و خۆی شاردەوە تا لێبوردنە گشتییەکەی ئەیلولی ساڵی ١٩٨٨. ساڵی ١٩٩٢ لە ڕێگەی هیومان ڕایس ووچ ئەچێتەوە بۆ ئەمریکا. ئێستا لە وڵاتی فڕەنسا دەژی و بەخێرێی ژیان لە نەخۆشخانە کاری تەقەت پڕکێنی شۆفێری دەکات

واحید دواتر توانای ئەوەی هەبوو کە بەسەرهاتی خۆی بگێڕێتەوە. گێڕانەوەکەی لەگەڵ شایەدییەکانی عوزێر، ڕەمەزان، ئەنوەر و فەرجدا، بەشێک بوو لە وێنەی گەورەی ئەو تاوانە کە لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە بیابانی رومادی، لە جینۆسایدی ئەنفالدا ڕوویدا.

 

٤. ڕەمەزان عەلی سلێمان

ڕەمەزان عەلی سلێمان، لەدایکبووی ساڵی ١٩٦٦ خەڵکی (جافان)ی ناوچەی قەرەحەسەن بوو. لە سەروەختی ئەنفال وەکو سەربازێکی هەڵاتوو لە گوندی (خدررەیحان) گیرسابووەوە، لە هەردەکان خۆی شاردبووەوە، دوای دوو ڕۆژ خۆی دابووە دەست جاشەکانی قاسم ئاغاوە.

لە قادرکەرەمەوە براون بۆ لیوای چەمچەماڵ، لەوێ لەگەڵ عوزێر یەکیانگرتووە، ڕۆژی ١٤/٤ پێکەوە بردوویان بۆ تۆپزاوا. رەمەزان، لەگەڵ عوزێرو واحید و ئەنورتەیار لە تۆپزاوا پێکەوە ڕاپێچی ناوپاسێک کران.  لەو کاروانەدا بوون کە بە ٣٥ سەیارەی عەسکەری لە جۆری پاسی سەوزو سپی داخراو لە سەربازگەی تۆپزاوای کەرکوک  بەرەو بیابانی رۆمادی بردران.  بۆ ماوەیەکی درێژ بە ڕێگادا بران، بێ ئەوەی بزانن چارەنووسیان چییە. لەو ڕێگایەدا ترس، بێئاوی، برسێتی و نادیاری لە چارەنووسیان، سێبەری مردنی بەسەر هەموویاندا کێشابوو. هەرچەندە بە پێی ووتەی شایدحاڵە دەربازبوەکان، پێش خوێندنەوەی ناوەکانیان  و سوارکردنیان لە  پاسەکان پێیان وتراوە رەمی دەکرێن.

شوێنی کۆمەڵکوژی لە ناوچەیەکی سەر بە پارێزگای ڕومادی بووە، نزیک کامپی ئەڵتاش، کە ئاوارەی کوردی ئێرانی تێدابوو. رەمەزان بڕی ٦٠٠ دیناری پێبووە، بەڵام تەنها ١٥ دینار لە گیرفانی کراسەکەیدا بەجێماوەو ئەوەی تری لە کاتی پشکنین لەگەڵ دەفتەری خزمەتی سەربازیەکەی لێدەستێنن.

رەمەزان دەڵێ کاتێک گەیشتنە شوێنی کۆمەڵکوژییەکە، بەندکراوان  دوو بە دوو لە پاسەکان دابەزێندران و لەسەر لێواری چاڵەکان ڕاگیران دەست و چاویان دەبستن. دواتر دەستیان بە گولەبارانکردنی خەڵکەکە دەکرد. ڕەمەزانیش لەو کۆمەڵکوژییەدا کەوتە ناو چاڵە هەڵکندراوەکە، بەڵام ئەویش یەکێک بوو لەو کەسانەی بە ڕێکەوت  لە ناو ئەو هەموو کوژراونەدا زیندوو مایەوە. دوای ئەوەی دەنگی تەقەکان کەم بووەوە و شوێنەکە ئارامتر بوو، ڕەمەزان هەوڵی دا لە نێو چاڵەکە و لە نێوان تەرمەکاندا خۆی دەربکات. ئەو بە جەستەیەکی ترساو و ماندوو، لە شوێنی کۆمەڵکوژییەکە دوورکەوتەوە و بە بیاباندا ڕۆیشت، بێ ئەوەی بە تەواوی بزانێت بۆ کوێ دەڕوات. ئەو شەوە تا ڕۆژ دەبێتەوە بەبێ وستان ڕێگا دەبڕێت، بۆ بەیانی دەگاتە ئاوەدانێک کە خۆی نازانێت کوێیە، بەڵام وەختێک دەپرسێت ئێرە کوێیە، عەرەبێک وەک گالتەی بکات پێی دەڵێت: (بەغداد جدیدیە)، ئیتر هەوڵدەدات ناوو نیشانی چۆنیەتی رۆیشتن بۆ بەغدای لێوەرگرێت، دواتر سواری تەکسییەک دەبێت بۆ بەغدا. لەوێ هەرچەندە خزمی زۆر بووە  بەڵام ماڵی کەسیان پێ نازانێت.

پێدەچێت رەمەزانیش چووبێتە هەمان ئەو ئۆردوگای  کوردە ئێرانییەکان کە فەرەج و عوزێری پێدا تێپەڕین، هەرچۆنێک بوو خۆی گەیاندبووە کەرکووک، ئیتر دواتریش خۆی گەیاندبووە بۆڵای چەند خزمێکی خۆی لەسەرچەمی تاووسپی و تا لێبووردنی گشتییەکە لەوێ خۆی شاردبووە.

رەمەزانیش  لە رێگای رێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ بردرا بۆ ئەمریکا و  ئێستا لە سەر ڤیرجینیای وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەژی.

ڕەمەزان دواتر، وەک یەکێک لە دەربازبووانی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی ئەنفال، بەسەرهاتی خۆی گێڕاوەتەوە. ئەو باس لەو ترس و دڵەڕاوکێیە دەکات کە دوای ڕزگاربوونیش لە ناخیدا مابوو؛ چونکە هەر ساتێک دەترسا جارێکی تر بکەوێتەوە دەست هێزەکانی رژێم.

 

٥. محەمەد عەلی ئەحمەد ـ حەمە عەلی عەلیان

حەمە عەلی، ناسراوە بەحەمە عەلی عالیان، لە کتێبەکەی میدڵ ئێست ۆوچدا ئەوسا لەبەر سەلامەتی ژیانی ئەو دەربازبووە ناوی (محەمەد)ی بۆ داناوە ولەدایکبووی ساڵی ١٩٥٦، دانیشتووی گوندی عەلیانی تێلکۆ بوو. لە شالاوی جینۆسایدی ئەنفالی ساڵی ١٩٨٨دا، وەک زۆرێک لە خەڵکی کوردستان، لەلایەن هێزەکانی رژیمی بەعسەوە گیرا و لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە ئەنفالکراواندا گواسترایەوە.

حەمە عەلی ئەوکات هاوسەری دوو ژن و باوکی ٧ منداڵ بوو. دوای گرتنیان، لە تۆپزاوا لێک جیا کراون و هەرگیز ئەوانی نەدیتەوە.  چونکە هەر لە عەلیاوا بە تراکتورەکەی خۆیان بردراوان بۆ قۆرەتوو بارەگای فرقەی ٢١ دوای سێ رۆژ بە زیلی سەربازی بردراون بۆ تۆپزاوا لەوێ لێک جیاکراون و دوای  دوو رۆژ حەمە عەلی لەگەڵ ئەنفالکراوانی دیکەدا، بە قۆناغەکانی گواستنەوە و پۆلێنکردندا تێپەڕێندرا و دواتر بەرەو بیابانەکانی مووسڵ  لە ناوچەی حەزەر بران. ئەو و هاوچارەنووسەکانیان بە پاس گواسترانەوە بۆ شوێنێک کە چاڵەکانی مردنیان لەوێدا بۆ ئامادە کرابوون.

کاتێک گەیشتنە شوێنی کۆمەڵکوژییەکە، بەندکراوان لە پاسەکان دابەزێندران. دواتر دەستیان بە گولەبارانکردنی ئەنفالکراوان کرد و تەرمەکان فڕێدرانە ناو چاڵەکان. حەمە عەلیش لەو کۆمەڵکوژییەدا کەوتە ناو چاڵەکە، بەڵام بەختی یار بوو و زیندوو مایەوە.

دوای ئەوەی دەنگی تەقەکان و هاتوچۆی جەلادان کەم بووەوە، حەمە عەلی لە نێو تەرمەکاندا هەوڵی دا خۆی ڕزگار بکات. بە جەستەیەکی ماندوو، ترساو و بریندار، توانی خۆی لە نێو چاڵەکە دەربکات و لەو شوێنە دوور بکەوێتەوە.

دوای دەربازبوونی، بە بیاباندا ڕۆیشت، بێ ئەوەی بە تەواوی بزانێت  بۆ کوێ دەڕوات. ترس، برسێتی، تینوێتی و دڵەڕاوکێی گرتبوویەوە، چونکە هەر ساتێک دەترسا دووبارە بکەوێتەوە دەست هێزەکانی رژێم. بەڵام لەگەڵ ئەو هەموو مەترسییەدا، توانی لەو شوێنە دوور بێتەوە و ژیانی خۆی بپارێزێت.

بەسەرهاتی حەمە عەلی، بەسەرهاتی دەربازبوویەکە لە گۆڕە بەکۆمەڵ؛ کە لە نێو چاڵی مردندا مایەوە، بەڵام زیندوو بووەوە تا چیرۆکی ئەو کارەساتە بگێڕێتەوە. بەڵام بەداخەوە لە شەری ناوخۆ گیانی لەدەستدا.

 

٦. ئەنوەر محەمەد ڕەزا ـ ئەنوەر تەیار

ئەنوەر محەمەد ڕەزا، ناسراو بە ئەنوەر تەیار، لە ساڵی ١٩٥٤ لە گوندی چەم سورخاوی، سەر بە ناحیەی قادرکەرم، لەدایکبووە. بەهۆی ئەوەی شۆفێرێکی تیژڕەو بوو، لە ناو خەڵکدا بە ناوی ئەنوەر تەیار ناسرا.

لە پەلاماری جینۆسایدی ئەنفالی گەرمیاندا، لە دەوروبەری ١١ و ١٢ی نیسانی ١٩٨٨، ئەنوەر خۆی داوەتە دەست جاشەکانی قاسم ئاغا. دواتر ڕادەستی ئیستخباراتی قادرکەرم کرا و لە قۆناغەکانی گرتن، گواستنەوە و پۆلێنکردندا تێپەڕێندرا. لە ١٤ی نیسان گەیەندراوەتە تۆپزاوا و لە هەمان هۆڵدا زیندانی کراوە کە عوزێر، واحید، ڕەمەزان و سەلام قەشقەی تێدا بوون.

لە ١٦ی نیسان، لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەنفالکراوان، بە پاسێکی سەرداخراو لە تۆپزاواوە سوار کراون. ماوەی نزیکەی ١٠ کاتژمێر بەسەر جادەی قیر و نزیکەی یەک کاتژمێر بەسەر ڕێگایەکی خۆڵی و هەڵبەزودابەزدا ڕۆیشتوون، بێ ئەوەی بزانن بۆ کوێ دەبرێن.

ئەنوەر تەیار لە ناو پاسەکەدا ڕۆڵێکی بەرچاو بینی. چونکە پێشتر شۆفێر بوو و ڕێگاوبانەکان دەناسی، بەندییەکان داوایان لێکرد لە دەلاقەی بچووکەوە تەماشای دەرەوە بکات و بزانێت بە کوێدا دەبرێن. سەرەتا پێی وابوو ڕوویان لە مووسڵە، کە ناوی ئەو شارە لە نێو بەندییەکاندا بە شوێنی ئیعدامکردنی کوردان ناسرابوو. دواتر کاتێک ڕێگاکە بەرەو باشوور چوو، ئەنوەر وتی: «مژدە، ڕزگارمان بوو»؛ بەڵام ئەو مژدەیە کورت بوو، چونکە بەندییەکان لە ڕاستیدا بۆ شوێنی کۆمەڵکوژی دەبردران.

لە کاتی گولەبارانکردنەکەدا، ئەنوەر تەیار لەگەڵ چەند کەسێکی تر پەلاماریان داوەتە سەر ئەفسەرەکە و لەو بەرەنگاربوونەوەدا ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو. بەپێی گێڕانەوەی دەربازبووانی تر، ئەگەر ئەنوەر نەبوایە، ڕەنگە هیچ کام لەوان لەو کۆمەڵکوژییە دەرباز نەبووبن. لە گوللەبارانکردنەکەدا دوو فیشەک بە دەست و قاچی ئەنوەر کەوت، بەڵام بە هەر شێوەیەک بوو، خۆی لە شوێنی کۆمەڵکوژییەکە دەرباز کرد.

دوای ڕزگاربوون، گەیشتووەتە ناوچەیەکی عەرەب‌نشین نزیک کەمپی ئاڵتاش، کە ئاوارە کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لێ نیشتەجێ بوون. ماوەی سێ ڕۆژ لە خانوویەکی چۆڵدا خۆی شاردووەتەوە. بۆ پاراستنی خۆی، چیرۆکێکی ساختەی بۆ خۆی دروست کردووە: گوایە شۆفێری سەیارەیەکی بار هەڵگر بووە، چیمەنتۆی بار کردووە، لە ڕێگا تووشی ڕووداو بووە و بەهۆی ئەو ڕووداوە ناسنامەی لەدەستداوە.

دواتر ئەنوەر بە ڕێکەوت سێ کوردی بینیوە و چیرۆکی خۆی بۆیان گێڕاوەتەوە. یەکێک لەوان بە ساردی پێی گوتووە: «دەزانی ئێمە کێین؟ ئێمە هەرسێکمان ئەمن و ئیستخباراتین.» ئەنوەر وەڵامی داوەتەوە: «هەرچییەک بن، ئێوە کوردن پاشان بە ئازارەوە وتوویەتی: «کورد نەما

ئەنوەر گەیشتووەتە ڕومادی و لەوێوە بە شەمەندەفەر چووەتە بەغدا. لە بەغدا ماوەی نزیکەی مانگێک لە ماڵی پورێکی بە ناوی صفیە ئەحمەد مەحمود و مێردەکەی جەمال محی‌الدین عەلی ماوەتەوە. لەوێدا برینەکانی تەداوی کراون و دواتر بە ترس و دڵەڕاوکێوە گەڕاوەتەوە بۆ چەمچەماڵ.

بەڵام ئەو گەڕانەوەیەش کۆتایی ئازاری ئەنوەر نەبوو. بەهۆی ئەو ترس و کارەساتەی بینیبووی، نەیتوانی لە چەمچەماڵ بمێنێتەوە. بەردەوام دەیگوت: «کورد نەما، ئەوەشی ماوە هەر نامێنێ دواتر جارێکی تر خۆی گەیاندەوە ناو گوندەکانی گەرمیان و لە ناوچەی چەمی ئاوەسپی خۆی شاردەوە. کوڕەکەی، چۆمان، بە بیانوی هێنانی دار و پوش، جار بەجار سەردانی دەکرد، نان و دەرمانی بۆ دەبرد و هاوکاریی دەکرد لە چارەسەرکردنی برینەکانی.

ئەنوەر تەیار پیاوێکی بەهیمەت بوو و بە هاوکاری کوڕەکەی توانی ماوەیەک خۆی چارەسەر بکات؛ بەڵام بەداخەوە، چیرۆکی مانەوەی  بە زیندووی لێرەوە بەرەو تاریکی دەچێت. دواتر جارێکی تر بێسەروشوێن کرا و تا ئێستا چارەنووسی بە ڕوونی دیار نییە.

 

٧. تەیمور عەبدولڵا

تەیمور عەبدولڵا، لەدایکبووی ساڵی ١٩٧٦، خەڵکی گوندی کولەجۆی حاجی حەمەجانی، سەر بە ناحیەی تێلەکۆ بوو. لە کاتی شالاوی جینۆسایدی ئەنفالدا تەمەنی تەنها ١٢ ساڵان بوو.

تەیمور تاکە منداڵی شایەتحاڵە لە ناو دەربازبووانی گۆری بەکۆمەڵ کە خۆی فۆرمی کۆمەڵکوژیی خەڵک و منداڵانی بە چاوی خۆی بینیوە. ئەو لە خێزانێکی گەورە بوو؛ خاوەنی دایک، باوک و ژمارەیەک خوشک و برا بوو. لە پەلاماری ئەنفالدا، ئەوانیش وەک هەزاران خێزانی دیکەی کورد، لەلایەن هێزەکانی رژێمی بەعسەوە گیراون و لەگەڵ کاروانی ئەنفالکراواندا گواستراونەتەوە.

تەیمور لەگەڵ خێزانەکەی و خەڵکی دیکە،  یەکەم جار بۆ قۆرەتوو و دواتر بۆ سەربازگەی تۆپزاوا و لە کۆتایشبە ئۆتۆمبێل گواسترایەوە بۆ بیابانەکانی سەماوە. ئەو کاتە منداڵێکی بچووک بوو و هیچ تێنەدەگەیشت کە بۆ کوێیان دەبەن. تەنها ترس، هاوار و نیگەرانیی خەڵک دەیبینی.

لە شوێنی کۆمەڵکوژییەکەدا، ژنان و منداڵان لە پیاوان جیاکرانەوە. تەیمور چونکە منداڵ بوو، لەگەڵ ژنان و منداڵان مایەوە و لەگەڵ دایک و سێ خوشکی. بەڵام ئەوەی بینی، بۆ هەموو تەمەنی لە یادەوەرییدا مایەوە. ئەو دەڵێت کە هیچ شتێک لەو ڕۆژە لەبیری ناچێتەوە، بەتایبەتی ترسی منداڵان و دایکانیان.

پاش گولەباران کردنیان، تەیمور کە گولە بە شانی چەپیدا کەوتبوو، دەستی بۆ سەربازێک درێژ کردووە، بەڵام دووبارە گولەیەک بە لای ڕاستیدا وەناوە. تەیمور بە برینداری توانی لە گۆڕی بەکۆمەڵ دەرباز بێت. بە وتەی خۆی، لە دوای ڕۆیشتنی سەربازەکان خۆی خزاندووەتە ناو چاڵێکی تر و لە چەندین چاڵی هەڵکەندراوی بەتاڵ تێپەڕیوە. تەیمور بە میدڵ ئێست ووچ راگەیاندووە کە نزیکەی ٢٠ کۆمەڵە خۆڵی تێپەڕاندووە بە برینداری و بەو شەوە تاریکە.

تەیمور لەلایەن خێزانێکی عەرەبی ڕەشماڵ‌نشینەوە، کە بە برینداری و بە جلوبەرگی کوردی دەیبینن، پێیان سەیر دەبێت و بۆ ماوەی ٣ ڕۆژ داڵدەی دەدرێت. دواتر لە ترسی خەڵک دەیبەن بۆ شاری سەماوە و ماوەی ٢ ساڵ  خانەوادەی اڵ ئیعشم الصفاح بەخێوی دەکەن،  ئەسعەد لە چاوپێکەتنێک لەگەڵ هۆمەر محەمەد سەرنوسەری گۆڤاری ئەنفالستاندا دەڵێت: لە ساڵی ١٩٩٠، ئەو خێزانە عەرەبە لە ڕێگای کوڕێکیان کە ناوی فازیل بووە لە کوردستان سەرباز بووە لە رێگای ئەسعەد کە کە خەڵکی شارەزوور بووە و متمانای پێ هەبوو و لە لای ئەو باسی تەیموری کردوە، کەسوکاری تەیمور ــ کە مامێکی بووە و دەربازبووی ئەنفالە ــ دەدۆزنەوە.

دەربازبوونی تەیمور بە واتای کۆتایی ئازار نەبوو؛ چونکە هەموو ئەو دیمەن و یادەوەرییانەی لە منداڵیدا بینیبووی، لە ناخیدا مایەوە. لە دوای  راپەرینی ساڵی ١٩٩١ چیرۆکی تەیمور بڵاو بوویەوە و خەڵک لە رێگای ئەو چیرۆکە تاوانە و بەسەرهاتی تەیمور زانیان چی بە سەر کورد هاتووە و تاوانی جینۆسایدی ئەنفال چەندە دڕندە و تۆقێنەر بووە.

تەیمور عەبدولڵا دواتر بوو بە یەکێک لە شایەتحاڵانی گرنگی گۆڕە بەکۆمەڵەکان. ئەو لە کاتی دادگایی کردنی بەرپرسانی رژێمی بەعسدا، بەسەرهاتی خۆی و ئەوەی بە چاوی خۆی بینیبووی، وەک شایەدی خستە ڕوو.

 

 

٨. ئەبابەکر عەلی سەعید

ئەبابەکر عەلی سەعید، لەدایکبووی ساڵی ١٩٥٤، خەڵکی گوندی کوریمێ، سەر بە ناوچەی مانگێشی پارێزگای دهۆک بوو. لە ساڵی ١٩٨٨دا دانیشتووی گوندی کوریمێ بوو.

لە پەلامارەکانی شالاوی جینۆسایدی ئەنفال لە بادیناندا، خەڵکی گوندی کوریمێ، وەک زۆرێک لە گوندەکانی دیکەی بادینان، کەوتنە دەست هێزەکانی رژیمی بەعس. لە ڕۆژی ٢٨ / ٨ / ١٩٨٨دا، ئەبابەکر عەلی سەعیدیش لەگەڵ خەڵکی گوندەکەدا گیرا.

هەمان ڕۆژ، پاش ئەوەی ژنان و پیاوان جیاکرانەوە، پیاوەکانی گوندەکە لە نزیک گوندەکە جیاکرانەوە. ژمارەی ئەوانەی بۆ شوێنی کۆمەڵکوژی بردران دەگەیشتە ٣٣ کەس. ئەبابەکر یەکێک بوو لەو پیاوانەی لەو کاروانەدا بوو.

بە فەرمانی دوو ئەفسەر و بە دەستی سەربازانی سوپای عێراق، ئەو پیاوانە لە گۆڕە بەکۆمەڵەکەدا گوللەباران کران. ئەبابەکر لەو کۆمەڵکوژییەدا بریندار بوو، بەڵام زیندوو مایەوە و توانای دەربازبوونی هەبوو.

پاش دەربازبوونی، بە ترس و ماندووبوونی زۆر خۆی لە شوێنی کۆمەڵکوژییەکە دوورخستەوە. دوای ماوەیەک، توانرا بە شێوەیەکی نهێنی هاوکاریی بکرێت و ژیانی بپارێزرێت.

ئەبابەکر بەشداری دادگای بالای تاوانەکانی عێراقی کردو شایەتی لەسەر تاوانەکە بدات، لە ساڵی ٢٠١٢ بەشداری فیلمی ١٠٠١ یەک سێوی کرد.

بەداخەوە ڕۆژی ٢٠/٩/٢٠٢٠ بەهۆی نەخۆشییەوە گیانی لەدەستدا.

 

٩. عەبدولقەهار خەلیل

عەبدولقەهار خەلیل، لەدایکبووی ساڵی ١٩٦٢، خەڵکی گوندی کوریمێ، سەر بە ناوچەی مانگێشی پارێزگای دهۆک بوو. لە ساڵی ١٩٨٨دا دانیشتووی گوندی کوریمێ بوو و پێشمەرگەی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە.

لە پەلامارەکانی شالاوی جینۆسایدی ئەنفال لە بادیناندا، بە تایبەتی لە ڕۆژی ٢٨ / ٨ / ١٩٨٨دا، عەبدولقەهار لەگەڵ خەڵکی گوندەکەدا کەوتە دەست سوپای عێراق. هەمان ڕۆژ، دوای ئەوەی ژنان و پیاوانی گوندەکە جیاکرانەوە، عەبدولقەهار و مام خەڵیلی باوکی لەگەڵ ژمارەیەک پیاوی دیکە، کە ژمارەیان دەگاتە ٣٣ کەس، لە گوندەکە جیاکرانەوە.

ئەوان بۆ شوێنێک نزیک گوندەکە بردران و بە فەرمانی دوو ئەفسەر، لەلایەن سەربازانی سوپای عێراقەوە گولەباران کران. لەو کۆمەڵکوژییەدا عەبدولقەهار بە برینداری زیندوو مایەوە و توانای دەربازبوونی هەبوو، بەڵام مام خەڵیل، باوکی عەبدولقەهار، لەو کۆمەڵکوژییەدا شەهید بوو.

پاش دەربازبوونی، عەبدولقەهار ماوەیەک بە ترس و دڵەڕاوکێوە ژیا. لە ساڵی ١٩٩٢دا، لەلایەن تیمێکی پزیشکی دادوەری بە سەرپەرشتی ستێفن ترامپلدا، تەرمی قوربانیانی ئەو گۆڕە بەکۆمەڵە بە شێوەی زانستی هەڵدرایەوە  و راپۆرتەکەی وەک بەڵگە لە دادگای باڵای تاوانەکان سودی لێوەرگیرا.

عەبدولقەهار خاوەنی خێزان بوو و هەر لە شارەکەی خۆی نیشتەجێ بوو. ئەو لە ساڵی ٢٠٠٦دا، وەک شایەتحاڵێکی گۆڕە بەکۆمەڵی گوندی کوریمێ، لە دادگای باڵای تاوانەکانی رژیمی عێراق، لە بەرانبەر سەدام حوسێن و هاوکارانی، شایەدی خۆی دا. بەداخەوە لە بەرواری ٢٨/٨/٢٠٢٤ هەر لە ساڵیادی دەربازبوونی لە گۆری بەکۆمەڵ کۆچی دوایی کرد.

 

١٠. عەبدولکەریم نایف حەسەن

عەبدولکەریم نایف حەسەن، لەدایکبووی ساڵی ١٩٦٧، خەڵکی گوندی کوریمێ، سەر بە ناوچەی مانگێشی پارێزگای دهۆک بوو. ئەو دەرچووی قۆناغی دووەمی ناوەندی بوو.

لە ساڵی ١٩٨٨دا، دانیشتووی گوندی کوریمێ بوو. پێشمەرگەی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو، تا ئەو کاتەی پەلامارەکانی ئەنفال لە بادینان دەستی پێکرد.

لە ڕۆژی ٢٨ / ٨ / ١٩٨٨دا، لە کاتی پەلاماری ئەنفال لە گوندی کوریمێ، عەبدولکەریمیش لەگەڵ خەڵکی گوندەکە کەوتە دەست هێزەکانی رژیمی بەعس. هەمان ڕۆژ، دوای جیاکردنەوەی ژنان و پیاوان، عەبدولکەریم لەگەڵ پیاوەکانی دیکەی گوندەکە، کە ژمارەیان ٣٣ کەس بوو، لە شوێنێک نزیک گوندەکە جیاکرانەوە.

بە فەرمانی دوو ئەفسەر و لەلایەن سەربازانی سوپای عێراقەوە، ئەو پیاوانە گوللەباران کران. لەو کۆمەڵکوژییەدا عەبدولکەریم بە برینداری زیندوو مایەوە و توانی لە گۆڕە بەکۆمەڵەکە دەرباز بێت.

پاش دەربازبوونی، عەبدولکەریم ماوەیەک بە ترس و دڵەڕاوکێوە ژیا. دواتر خاوەنی خێزان بوو و ئێستا نیشتەجێی شاری دهۆکە. لە ساڵی ٢٠٠٦دا، وەک شایەتحاڵی گۆڕە بەکۆمەڵی گوندی کوریمێ، لە دادگای باڵای تاوانەکانی رژیمی عێراق، لە بەرانبەر سەدام حوسێن و هاوکارانی، شایەدی خۆی دا.

 

١١. سدقی عەبدولقادر فەتاح

سدقی عەبدولقادر فەتاح، لەدایکبووی ساڵی ١٩٧٣، خەڵکی گوندی چەلکی، سەر بە ناحیەی مانگێشی پارێزگای دهۆک بوو. گوندی چەلکی دراوسێی گوندی کوریمێ بوو، و سدیق دەرچووی قۆناغی دووەمی ناوەندی بوو.

لە ساڵی ١٩٨٨دا، سدیق دانیشتووی گوندی چەلکی، نزیک گوندی کوریمێ بوو. ئەو سەروەختە پێشمەرگەی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە و تا مانگی ئابی ساڵی ١٩٨٨ لەو ڕیزەدا ماوەتەوە.

لە پەلامارەکانی ئەنفالی هەشتی بادیناندا، لە ڕۆژی ٢٨ / ٨ / ١٩٨٨، سدقی لە گوندی کوریمێ لەگەڵ فەتاحی برا و تەواوی خەڵکی گوندەکەدا خۆیان داوەتە دەست سوپای عێراق.

هەمان ڕۆژ، لە هەمان گوند، پاش ئەوەی ژن و پیاوانیان لە یەکتر جیاکردووەتەوە، پیاوەکانیشیان لە نزیکی گوندەکە، نزیکەی ٢٠٠ مەتر خوار گوندی کوریمێ، جیاکردووەتەوە. ژمارەی پیاوەکان ٣٣ کەس بوو.

ئەو ٣٣ کەسە، بە فەرمانی دوو ئەفسەر بە ناوەکانی عەباس و محەمەد، لەلایەن ١٠ سەربازی سوپاوە گولەباران کران. لەو کۆمەڵکوژییەدا، سدیق تەنها گولەیەکی بەرکەوتبوو؛ ئەویش پێگەیەکی پێکاوە. پاشان لە ناو تەرمەکاندا هەستاوەتەوە، دوورکەوتووەتەوە و تووشی عەبدولکەریم، عەبدولقەهار و هاشم بووە. پاشان لە چیا خۆیان شاردووەتەوە.

هەر لەو کاتەدا، عەبدولقەهار هاوکاریی کردووە؛ بەبێ بەنج، بە چەقۆیەک شوێنی برینەکەی بۆ بڕیوەتەوە. ئەم کارە لەو دۆخەدا، بەبێ دەرمان و بەبێ هیچ ئامرازێکی پزیشکی، یەکێک بوو لەو هەوڵانەی کە بۆ مانەوەی ژیان و رزگاربوون لەو کارەساتە کران.

لە کاتی لیبوردنی گشتی، ڕۆژی ٩ی ئەیلوول، سدقی خۆی داوەتە دەستەوە و بەو لیبوردنە ڕزگاری بوو.

براکەی، فەتاح عەبدولقادر فەتاح، لە هەمان کۆمەڵکوژییە دەربازبووە، بەڵام فەتاح هەرگیز جارێکی تر نەبینراوە و جارێکیتر ئەنفالکرایەوە. هەتا ئێستاش بێسەروشوێنە.

 

١٢. هاشم محەمەد ڕەشید

هاشم محەمەد ڕەشید، لەدایکبووی ساڵی ١٩٦٣، لە شاری زاخۆ لەدایکبووە. تەمەنی پێنج ساڵ بووە کە خێزانەکەیان هاتوونەتەوە بۆ شاری سلێمانی، و دواتر لە گەڕەکی سەرکاریزی شاری سلێمانی ژیاوە.

لەبەر ئەوەی ماڵی خاڵی لە گوندی کوریمێی ناوچەی بادینان نیشتەجێ بوون، هاشم لە سەرەتاکانی جەنگی عێراق ـ ئێراندا، وەک سەربازێکی هەڵاتوو، چووەتە ماڵی خاڵی لە گوندی کوریمێ. دواتر پێشمەرگەی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە و تا پەلامارەکانی هەشتی ناوچەی بادینان لەو ناوچەیە مایەوە.

لە ڕۆژی ٢٨ / ٨ / ١٩٨٨دا، لە گوندی کوریمێ، هاشم لەگەڵ تەواوی خەڵکی ئەو گوندەدا خۆیان داوەتە دەست سپای عێراق. هەمان ڕۆژ، پاش ئەوەی ژن و پیاوان لە یەکتر جیاکرانەوە، پیاوەکانیشیان لە نزیک گوندەکە، بە دووری نزیکەی ٢٠٠ مەتر، جیاکردەوە. ژمارەی پیاوەکان ٣٣ کەس بوو.

ئەو ٣٣ کەسە، بە فەرمانی دوو ئەفسەر و لەلایەن ١٠ سەربازی سپای عێراقەوە گولەباران کران. هاشم دەڵێت هەرچەندە بە گولەی یەکەمەکانی سەربازەکان هیچ گولەیەکی بەری نەکەوتبوو، بەڵام پاشان سەربازێک بە فەرمانی ئەفسەرەکە هاتە سەر تەرمەکان و بۆ دڵنیابوون لە مردنیان، گولەی ڕەحمەتیان پێوەنا. لەو کاتەدا، بەختی هاشم یار بوو؛ چونکە سەری کەوتبووە نێوان هەردوو قاچی سەربازەکە و کاتێک تەقەی لێکرد، بەدەست و قاچی کەوتبوو. بەم شێوەیە، هاشم بە برینداری لەو گۆڕە بەکۆمەڵە دەرباز بوو.

پاش دەربازبوونی، هاشم ماوەی ٨ ڕۆژ خۆی شارداوەتەوە. دواتر، لە لیبوردنی گشتیی هەمان ساڵدا،  برینداریی خۆی دایەدەستەوە. هەرچەندە بردبوویان بۆ قەڵای نزارکە، بەڵام دواتر ڕەوانەی ئۆردوگایان کردبوو، تا ئازاری ساڵی ١٩٩١ لە ئۆردوگای جیزنیکان دەستبەسەر بووە.

هاشم محەمەد ڕەشید بە برینداری لە گۆڕە بەکۆمەڵی کوریمێ دەرباز بوو و دواتر وەک یەکێک لە شایەتحاڵانی ئەو کۆمەڵکوژییە ماوەتەوە. ئێستا هاشم باوکی سێ منداڵە،  نیشتەجێی شاری سلێمانییە.

 

١٣. فەتاح عەبدولقادر فەتاح

فەتاح عەبدولقادر فەتاح، خەڵکی ناوچەی چەلکی ـ دهۆک بوو و لەگەڵ براکەی سدقی عەبدولقادر فەتاح لە چوارچێوەی پەلامارەکانی جینۆسایدی ئەنفال لە بادیناندا کەوتە ناو ڕووداوەکانی گرتن و گواستنەوە و کۆمەڵکوژی.

لە پەلاماری گوندی کوریمێ و دەوروبەریدا، ژمارەیەک لە پیاوانی ناوچەکە کۆکرانەوە و بۆ شوێنی کۆمەڵکوژی بردران. فەتاحیش، وەک یەکێک لەو پیاوانە، لەو کاروانەدا بوو.

لەو کۆمەڵکوژییەدا، فەتاحیش لەگەڵ ئەوانی دیکە بەر دەستڕێژی گولە کەوت، بەڵام بە ڕێکەوت و بەختی ژیان، توانای دەربازبوونی هەبوو. بەڵام بەسەرهاتی فەتاح، وەک بەسەرهاتی زۆرێک لە دەربازبووان، پڕ بوو لە ترس، شاراوەیی و نادیاری.

لە زانیارییە بەردەستەکاندا، فەتاح وەک یەکێک لەو کەسانە ناودەبرێت کە لەو کۆمەڵکوژییە دەرباز بوو و تەنها یەکجا بینراوە، بەڵام دواتر جارێکی تر ئەنفال دەکرێتەوە و تا ئێستا چارەنووسی بە نادیاری ماوەتەوە.

بەسەرهاتی فەتاح عەبدولقادر فەتاح بەشێکە لە چیرۆکی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی گوندی کوریمێ، و بە ناوی ئەو، وەک یەکێک لە دەربازبووان، یادەوەریی ئەو کارەساتە لە مێژووی جینۆسایدی ئەنفالدا ماوەتەوە.

 

کۆتایی

بەسەرهاتی ئەم ١٣ دەربازبووە، تەنها گێڕانەوەی ڕزگاربوونی تاکەکەسی نییە؛ بەڵکو بەشێکی گرنگە لە مێژووی زارەکی جینۆسایدی ئەنفال و سەرچاوەیەکی زیندووە بۆ تێگەیشتن لە چۆنیەتی جێبەجێکردنی تاوان. ئەم بەسەرهاتانە ڕوون دەکەنەوە کە گۆڕە بەکۆمەڵەکان تەنها شوێنی ناشتنی قوربانیان نەبوون، بەڵکو بەشێک بوون لە سیستەمێکی ڕێکخراوی گرتن، پۆلێنکردن، گواستنەوە، کوشتن، ونکردن و شاردنەوەی بەڵگەکان. ئەوان، بە جەستەی بریندار و یادەوەرییەکی پڕ لە ترس و ئازار، بوون بە شایەتحاڵی زیندووی ئەو ڕاستییەی کە رژیمی بەعس هەوڵی دا لە ژێر خاک و لە ناو بێدەنگیدا بشارێتەوە.

لە ڕووی مێژووی زارەکییەوە، شایەتیی ئەم دەربازبووانە تەنها بۆ تۆمارکردنی ڕابردوو نییە؛ بەڵکو بەشێکە لە بەڵگەسازیی مێژوویی، دادوەری و مرۆیی. ئەم شایەتییانە دەتوانن ئەو بۆشاییانە پڕ بکەنەوە کە بەڵگەنامەی نووسراو، ڕاپۆرتی فەرمی یان هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان بە تەنها ناتوانن تەواوی بکەن. دەربازبووان بە دەنگی خۆیان کات، شوێن، ڕێگا، شێوازی گواستنەوە، جیاکردنەوە، گولەبارانکردن و هەوڵی ونکردنی قوربانیان دەخەنە ناو مێژوو؛ بەمەش شایەتییەکانیان دەبنە پردێک لە نێوان بەڵگەی مادی، یادەوەریی مرۆیی و دادپەروەری.

هەموو ناوێک، هەموو بەسەرهاتێک، و هەموو دەربازبوونێک لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان، بەڵگەیەکە لەسەر ئەوەی تاوانی جینۆساید، هەرچەندە بە خاک، ترس، بێدەنگی و نکۆڵی داپۆشرێت، بە دەنگی شایەتحاڵان و بە هێزی یادەوەری دەگەڕێتەوە ناو مێژوو. لە کۆی ئەم ١٣ دەربازبووە، ٥ کەسیان تا ئێستا لە ژیاندا نەماون؛ بەڵام شایەتی، ناو، یادەوەری و بەسەرهاتیان وەک بەشێکی گرنگ لە مێژووی زارەکی و بەڵگەیی جینۆسایدی ئەنفال دەمێنێتەوە.

لەبەر ئەوە، پاراستن، ڕێکخستن و تۆمارکردنی ئەم شایەتییانە پێویستییەکی نەتەوەیی، مرۆیی و زانستییە. ئەوان تەنها یادگاریی قوربانیان نین؛ بەڵکو سەرچاوەیەکن بۆ توێژینەوە، دادپەروەری، پەروەردە، دژایەتیی نکۆڵی، و پاراستنی مێژووی نەتەوەیەکی جینۆسایدکراو. ئەم ١٣ دەنگە، لە ناو گۆڕەکانی مردندا مابوونەوە، بەڵام بە مانەوە و گێڕانەوەیان، ئەو خامۆشییەیان شکاند کە رژێم ویستی بەسەر قوربانیان و مێژوودا بسەپێنێت.

Leave feedback about this

  • Rating

PROS

+
Add Field

CONS

+
Add Field
Choose Image
Choose Video