عاصی مستەفا ئەحمەد؛ بەڵگەی ئەنفالکردنی خێزانەکەی لە جینۆسایدی ئەنفالدا
عاصی مستەفا ئەحمەد، لەدایکبووی ساڵی ١٩٥٢، جوتیارێکی هەژاری گوندی زینانە، سەر بە ناحیەی سەنگاو و قەزای چەمچەماڵ بوو. ئەو، وەک زۆرێک لە خەڵکی گوندنشینی کوردستان، ژیانی بە کشتوکاڵ و ئاژەڵداری دەگوزەراند. پێشتر ئەرکی سەربازیی خۆی تەواو کردبوو و دوای گەڕانەوە بۆ گوندەکەی، لەگەڵ خێزانەکەی بە ژیانێکی سادە و هەژارانە خەریکی کار و بژێوی ڕۆژانە بوو.
کاتێک جەنگی عێراق و ئێران هەڵگیرسا، عاصی دیسانەوە وەک سەربازێکی یەدەگ بانگ کرایەوە و لە ساڵی ١٩٨٢دا ڕەوانەی ڕیزی سوپای عێراق کرا. لە شکستێکی سوپای عێراق لە بەرەی شوش، لە ڕۆژی ٢٧ی شوباتی ١٩٨٢دا، عاصی بەدیل گیرا و بۆ ماوەی نزیکەی نۆ ساڵ لە ئێراندا بە دیلی مایەوە.
پاش ئەو ماوە درێژەی دیلکردن، لە پرۆسەیەکی گۆڕینەوەی دیلاندا ئازاد کرا و گەڕایەوە بۆ کوردستان. بەڵام گەڕانەوەی عاصی نەبووە گەڕانەوەیەکی ئاسایی بۆ ماڵ و خێزان؛ چونکە کاتێک دێتەوە و دەیەوێت بڕواتەوە بۆ ماڵەکەی خۆی، بەسەر هەواری خەڵکدا دەگەڕێت و زوو دەزانێت کە ژن و منداڵەکانی لە کاتی شالاوی جینۆسایدی ئەنفالدا لەلایەن دەسەڵاتی بەعسەوە گیرابوون و چارەنووسیان نادیارە.
سەرەتا، وەک سەربازێکی عێراقی و دیلێکی جەنگی گەڕاوە، بۆ سۆراغی ژن و منداڵەکانی دەچێتە لای دامودەزگا ئەمنییەکانی بەعس لە چەمچەماڵ. بەڵام زوو بۆی دەردەکەوێت کە پیاوانی بەعس، وەک ڕەوشتی هەمیشەییان، بە دەستەدەستی، درۆ و فێڵکاری وەڵامی دەدەنەوە و هیچ زانیارییەکی ڕاست و ئاشکرای پێ نادرێت.
لە دواهەمین هەوڵیدا، عاصی بە سکاڵایەکی پاڕانەوەئامێزەوە ڕووی کردە بەغدا و خۆی گەیاندە دیوانی سەرۆکایەتی کۆمار. ئەو هیوای هەبوو کە بە ناسنامەی سەربازێکی پێشووی سوپای عێراق و دیلێکی جەنگی گەڕاوە، بتوانێت هەواڵی چارەنووسی ژن و منداڵەکانی بدۆزێتەوە. بەڵام تەنانەت ئەو ناسنامەیەش نەیتوانی دڵی دەسەڵاتی بەعس نەرم بکات.
ئەم ناوانە تەنها ژمارەیەکی ناو لیستی قوربانیان نین؛ بەڵکو ناسنامەی خێزانێکی تەواون کە لە چوارچێوەی سیاسەتی جینۆسایدی ئەنفالدا لە ژیانی ئاسایی دابڕان و چارەنووسیان تا ئێستا لە یادەوەریی مێژوویی و دۆسیەی دادپەروەریدا ماوەتەوە.
سکاڵای عاصی مستەفا ئەحمەد بۆ سەرۆکایەتی کۆمار
بە ناوی خوای بەخشندەو میهرەبان سەرۆک و سەرکردەی سەروەر، بەڕێز سەدام حوسێن، خوا بیپارێزێ، سەرۆککۆماری عێراق و سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی بەڕێز. هەڤاڵی تێکۆشەر سڵاوت لێ دەکەم و وەک هاووڵاتیەکی دڵسۆز خۆمەت پێ دەناسێنم، بە ناوی دادپەروەری، بەعسەوە لێت دەپاڕێمەوە گوێ لە کێشەکەم بگرە، چونکە شەو و ڕۆژ خەوی لێزراندوم. لەبەر ئەوەی هیچ هیوایەکم نەماوە، لە ئێوە بەولاوە کەسێکی ترم نیە پەنای بۆ ببەم، وا ئەم کێشەیەم هێنایە بەردەمتان بە هیوای ئەوەی بایەخێکی پێ بدەن هاوکاریم بکەن. من، عاصی مستەفا ئەحمەد، کە لە خوارەوە ئیمزام کردووە، لە ٢٤ی ئابی ١٩٩٠دا وەک دیلێکی جەنگ گەڕامەوە. سەربازێکی نیشتمانم، لەدایکبووی ١٩٥٥م. دانیشتووی گوندی زینانە، سەر بە ناحیەی سەنگاو و قەزای چەمچەماڵم. لە شەڕی قادسیەی سەدامی شکۆداردا، لە بەرەی شوش بەشداریم کرد و لە ٢٧ی شوباتی ١٩٨٢دا بە دیل گیرام، تا ئەو ڕۆژەی دیلانی جەنگ گۆڕدرانەوە. دیلییەتی و دابڕان لە خێزانم بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام بوو. پاش گەڕانەوە بۆ نیشتمان و خاکی نیشتمان، دایکی خۆشەویستم ماچ کرد و لەبەر دەم وێنەی سەرکردەی سەرکەوتوماندا، سەرۆک سەدام حۆسین کرنوشم برد، لە دڵی خۆشم هەستم بە پەروشیەکی بێ پایان دەکرد، بگەرێمەوە ناو خێزانەکەم و ئەوانیش بە بینینم دڵخۆش دەبوون، منیش خۆشحاڵ دەبووم بە دیداریان و هەموومان نوقمی خۆشیەک دەبووین ئەوسەری نەبێتەوە و لە باسکردن نەیەت بە هەر حاڵ گەڕامەوە ناو ماڵێکی چۆڵ و هۆڵ. ژنەکەم و منداڵەکانم لەوێ نەبوون، ئای لەم کارەساتە دڵتەزینە. ئای چ زوخاوێک بوو پێیان ووتم، خێزان و منداڵەکانم کەوتونەتە دەست هێزەکانی ئەنفال لە کاتی پرۆسەی ئەنفالدا، کە لە ناوچەی باکوور بە فەرماندەی هەڤاڵ عەلی حەسەن ئەلمەجید ئەنجامدرا، وە من هیچ شتێک لە بارەی چارەنووسیان نازانم کە ناوکانیان ئەوانەیە:ناوی ئەوانەی داوای چارەنووسیان دەکەم
تکایە یارمەتیم بدەن بۆ دۆزینەوەی ژن و منداڵ و کەسانی خێزانەکەم:
١. عەزیمە عەلی ئەحمەد، لەدایکبووی ١٩٥٥، خێزانم.
٢. چرۆ عاصی مستەفا، لەدایکبووی ١٩٧٩، کچم.
٣. فەرەیدوون عاصی مستەفا، لەدایکبووی ١٩٨١، کوڕم.
٤. ڕووخۆش عاصی مستەفا، لەدایکبووی ١٩٨٢، کوڕم.
بەم شێوەیە، بەسەرئەم هەموو ئازارەدا، هیوادارم لەگەڵم بەزەییتان بێت و پێم بڵێن چارەنووسیان چییە. خوا سەرکردەی خۆشەویستمان بپارێزێت.
سوپاس و ڕێزان
نێرەر:
دیلێکی جەنگ و سەربازی نیشتمان
عاصی مستەفا ئەحمەد
بێ ماڵ و ماوە، دانیشتووی پارێزگای سلێمانی
قەزای چەمچەماڵ، ناحیەی سەنگاو، گوندی زینانە
گەڕەکی پێنجس، نزیك مزگەوتی محی ئیبراهیم
٤ی تشرینی یەکەم / ١٩٩٠

وەڵامی فەرمیی دیوانی سەرۆکایەتی کۆمار
پاش ٢٥ ڕۆژ لە پێشکەشکردنی داواکارییەکەی، و دوای چاوەڕوانییەکی پڕ لە ئومێد، ترس و دودڵی، عاصی مستەفا ئەحمەد وەڵامێکی زۆر کورت، وشک و بێهەست لە دیوانی سەرۆکایەتی کۆمار وەرگرت. ئەو وەڵامە بە ئیمزای سەعدون علوان مصلح نێردراوە و لە نووسراوی ژمارە ش.ع / ب / ٤ / ١٦٥٦٥ / ١٦دا تۆمار کراوە.
ئەم وەڵامە، لە ڕووی مێژوویی و یاساییەوە، گرنگییەکی تایبەتی هەیە؛ چونکە دەسەڵاتی بەعس، لە نووسراوێکی فەرمیی دیوانی سەرۆکایەتی کۆماردا، دان بەوەدا دەنێت کە ژن و منداڵانی عاصی لە کاتی پرۆسەکانی ئەنفالدا ونبوون.
دەقی وەڵامی سەرۆکایەتی کۆمار بە کوردی
کۆماری عێراق
دیوانی سەرۆکایەتی
ژمارە: ش.ع / ب / ٤ / ١٦٥٦٥ / ١٦
ڕێکەوت: ١٠ / ڕەبیعی دووەم / ١٤١١ کۆچی
بەرانبەر: ٢٩ / ١٠ / ١٩٩٠ زایینی
بۆ / بەڕێز قازی مستەفا ئەحمەد
پارێزگای سلێمانی / قەزای چەمچەماڵ
گەڕەک / پێنجس / مزگەوتی محی ئیبراهیم
بابەت / داواکارییەکەت لە ٤ / ١٠ / ١٩٩٠دا
ئاگادارت دەکەینەوە کە ژنەکەت و منداڵەکانت لە کاتی پرۆسەکانی ئەنفالدا، کە لە ساڵی ١٩٨٨دا لە ناوچەی باکووردا ئەنجام دراون، ونبوون.
لەگەڵ ڕێزدا.
سەعدون علوان مصلح
لە جیاتی / بەڕێوەبەری دیوانی سەرۆکایەتی




Leave feedback about this