جینۆسایدی کیمیابارانی هەڵەبجە 1988
یەکێک لە ڕەشترین تاوانەکانی مێژووی دەوڵەتی عێراق لە سەردەمی ڕژێمی بەعس و یەکێک لە کاریگەرترین چەکەکانی کە بۆ خنکاندن و لەناوبردنی کورد بەکاری هێنا، چەکی کیمیاوی بوو، کە لە ساڵی ١٩٢٥ بەپێی ڕێککەوتننامەی جنێڤ قەدەغە کرا بوو. دەوڵەتی عێراق گەورترین، پێشێلکاری بڕیارەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بووە و گوێی بە هیچ بنەمایەکی نێودەوڵەتی نەداوە. ئەم ڕژێمە بە درێژایی مێژووی حوکمی سڵی لە ئەنجامدانی تاوانی جینۆساید و تاوانەکانی جەنگ و دژی مرۆڤایەتی نەکردووەتەوە. لە مەسەلەی کیمیابارانیشدا بە هەمان شێوە گوێی بە هیچ پرەنسیپ و بنەمایەکی نێودەوڵەتی نەداوە. ئەم ڕژێمە سڵی لە ئەنجامدانی تاوانی جینۆساید و تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی نەکردووەتەوە. لە مەسەلەی کیمیابارانیشدا بە هەمان شێوە گوێی بە هیچ پرەنسیپ و بنەمایەکی نێودەوڵەتی نەداوە. تەنانەت دەسەڵاتداران و گەورە بەرپرسانی ئەم ڕژێمە لە گفتوگۆ و لێدوانەکانیشیاندا نکوڵیان لە کوآتن و زیندەبەچاڵکردن و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی نەکردووەتەوە، بەڵکو هەرەشەی بەکارهێنانی چەکی گەورەتر و کاولکارترشیان کردووە. ئەمەش پیشاندەری ئەوەیە کە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بەشێک بوو لە سیاسەتی دەوڵەت بۆ تۆقاندن و لەناوبردنی دانیشتوانی سیڤیل.
پەرەپێدانی بەرنامەی چەکی کیمیایی لە عێراق
دەوڵەتی عێراق لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو دەستی بە پەرەپێدانی بەرنامەی چەکی کیمیایی کرد. لە ساڵی ١٩٨٢ گەیشتە قۆناغی بەرهەمهێنانی جۆرە جیاوازەکانی ماددە کیمیاییەکان، لەوانە:
گازی خەردەل (Mustard Gas)
گازی تابۆن (Tabun)
گازی سارین (Sarin)
گازی ڤی ئێکس (VX)
ئەم ماددانە لە ماوەی ساڵانی ١٩٨٤–١٩٨٨ لە دژی گەلی کوردستان و هەروەها لە شەڕی عێراق و ئێران بەکار هێنران. بەکارهێنانی ئەم چەکانە لە ناوچەکانی کوردستان بەرزترین ئاستی تاوانەکانی جینۆسایدی ڕژێمی بەعس دەرخست.
مێژووی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە جیهان
بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە جیهاندا بۆ یەکەمجار بە شێوەیەکی بەربڵاو لە ساڵی ١٩١٥دا لەلایەن ئەڵمانیاوە لە ناوچەی ئیپر لە بلجیکا بەکار هێنرا، کاتێک گازی کلۆر لە دژی سوپای فەڕەنسا و بەریتانیادا بەکار هێنرا.
ئەم رووداوە لە چوارچێوەی شەڕی دووەمی ئیپر (٢٢ نیسان – ١٥ ئایار ١٩١٥) ڕوویدا و یەکەم بەکارهێنانی بەربڵاوی گازی ژەهراوی لەلایەن سوپای ئەڵمانیاوە بوو، کە نزیکەی ١٠٠ هەزار قوربانیی لێکەوتەوە.
پرۆتۆکۆلی ژنێڤ و قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی
چەکی کیمیایی سەرەڕای قەدەغەکردنی لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە پێی پرۆتۆکۆلی ژنێڤی ساڵی ١٩٢٥، نەیتوانیوە بە تەواوی ڕێگر بێت لە بەکارهێنانی ئەم چەکانە لە جیهاندا.
پرۆتۆکۆلی ژنێڤ (Geneva Protocol) یاسایەکی نێودەوڵەتییە بۆ قەدەغەکردنی بەکارهێنانی ماددە ژەهراوی و گازە خنکێنەرەکان لە شەڕدا و هەروەها قەدەغەکردنی شەڕی بایۆلۆجی و بەکتریالۆجی.
ئەم ڕێککەوتننامەیە لە ١٧ی حوزەیرانی ١٩٢٥ پەسەند کرا و لە ٨ی شوباتی ١٩٢٨ جێبەجێ کرا.
حکومەتی عێراق لە ساڵی ١٩٣١ بوو بە ئەندامی پرۆتۆکۆلی ژنێڤی ساڵی ١٩٢٥، بەڵام لە ڕاستیدا خۆی دەستپێشخەری بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بوو و ئەم پرۆتۆکۆلەی پێشێل کرد.
کیمیابارانی هەڵەبجە
لە دوا مانگەکانی شەڕی نێوان عێراق و ئێران، ڕێک لە ١٦/٣/١٩٨٨ شاری هەڵەبجە کەوتە بەر درندانەترین شاڵاوی قڕکردنی بەکۆمەڵی ئەم سەردەمە. لە چاو قووچانێکدا و لەبەردەم چاوی هەموو دنیا، ڕژێمی عێراق بە جۆرەها چەکی کیمیایی لە نموونەی خەردەل، سیانید، سارین، تابۆن و VX ئەم شارەی بۆمباران کرد و بە شێوەیەکی کارەساتبار وێرانی کرد.
کیمیابارانی هەڵەبجە کوژرانی نزیکەی ٥٠٠٠ هاوڵاتی مەدەنی و زیاتر لە ١٠٠٠٠ بریندار و ئاوارەبوونی خەڵکی لێکەوتەوە. ئەم کارەساتە ئاسەواری نێگەتیڤی زۆری لە دوای خۆی جێهێشت کە تاکو ئەمڕۆش بە زەقی ماونەتەوە، بە تایبەتی لە بواری تەندروستی، ژینگە و ژیانی کۆمەڵایەتی خەڵکی ناوچەکە.
طارق عەزیز، وەزیری دەرەوەی ڕژێمی بەعس، لە کاتی سەردانی شاندێکی کۆنگریسی ئەمریکی بۆ بەغدا لە بەهاری ١٩٩٠، کاتێک پرسیاری لێکرا کە ئایا عێراق چەکی کیمیایی دژی کوردەکان بەکار هێناوە، بە ڕاشکاوی ووتی:
«بەڵێ، ئێمە چەکی کیمیاییمان دژی ئەو نەفام و دواکەوتووانە بەکار هێناوە، خۆ ئەگەر چەکی ئەتۆمیشمان هەبوایە ئەوا بێگومان دژیان بەکارمان دەهێنا».
چەکی کیمیایی لە بەڵگەنامەکانی دەوڵەتی عێراق
دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣، زۆر بەڵگەنامە و دۆکیومێنتی نهێنی دەرکەوتن کە باس لە سیاسەتی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە دژی گەلی کوردستان دەکەن.
لە ناو ئەم بەڵگەنامانەدا بەڵگەی زۆر هەیە کە پیشاندەدەن کیمیابارانی ناوچەکانی کوردستان بە شێوەیەکی سیستەماتیک و بە بڕیارە فەرمییەکانی دەوڵەتی عێراق ئەنجام دراوە.
بەکار هێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن ڕژێمی بەعسی عێراق، بە پێی بەڵگەنامەکان، دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتایی دەستپێکردنی شەڕی نێوان عێراق و ئێران.
بەڵگەنامەکان بە ئاشکرا باس لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان لە کاتی عەمەلیاتی ئەنفال و لێدانی هەڵەبجە دەکەن و ژمارەی قوربانیانیش دیاری دەکەن. بۆ نموونە، لە بەڵگەنامەی ژمارە ٣٤٠٥ بە ڕێکەوتی ٢٢/٣/١٩٨٨ لە دەزگای ئیستخباراتی ڕۆژهەڵات بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئیستخباراتی عەسکەری نێردراوە. تێیدا باس لە زانیاریی دەکرێت کە لەلایەن جاسوسێکی باوەڕپێکراو پێیان گەیشتووە. لە بەشێکی ئەو بەڵگەنامەیەدا هاتووە:
«٤٠٠٠ کەس لە خەڵکی مەدەنی لە هەڵەبجەدا کوژراون، ئەمە جگە لە هەزاران کەس کە بریندار بوون و بریندارەکان گەیندرابوون بۆ ئێران».
ڕۆڵی وڵاتانی جیهان لە پێدانی چەکی کیمیایی بە عێراق
دوای جەنگی دووەمی کەنداوی فارس، لێکۆڵینەوەیەک لەلایەن پسپۆڕان و توێژەرانی عێراقەوە ئەنجام درا و ڕاپۆرتێک لەسەر بەرنامەکانی چەکی کیمیایی عێراق پێشکەش بە نەتەوە یەکگرتووەکان کرا.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە ٢٠٧ کۆمپانیای نێودەوڵەتی لە وڵاتانی جیاجیا وەک ئەمریکا، ڕووسیا، ئەرجەنتین، ئەڵمانیا، ئیسپانیا، ئیتاڵیا، بەریتانیا، بەرازیل، بەلجیکا، فەرەنسا، ژاپۆن، هیندستان، هۆڵەندا، مۆناکۆ، میسر، پۆڵەندا، سوید، سویسرا و یۆنان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە پڕچەککردنی عێراق بەشدارییان هەبووە. ئەم زانیارییانە لە کتێبێکدا بە ناونیشانی «ڕەخنە و لێکۆڵینەوە لە جەنگی ئێران و عێراق» هاتوون.
هەروەها ڕۆلف ئیکیۆس، سەرۆکی پێشووی پشکنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، ڕایگەیاندووە کە لە ساڵی ١٩٩٣ ئەنجومەنی ئاسایش داوای لە پشکنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی کردووە ناسنامەی ئەو کۆمپانیا نێودەوڵەتیانە ئاشکرا نەکەن کە لە بەرنامەکانی چەکی کیمیایی عێراق بەشدارییان هەبووە.
بە پێی ئەو زانیارییانە، نزیکەی **٩٠٪**ی ئەو کۆمپانیایانە ئەوروپی و ئەمریکی بوون و **١٠٪**ی دیکەیان لە وڵاتانی تر بوون.
یەکێک لە گرنگترین بەڵگەکان بۆ پشتڕاستکردنەوەی هاوکاری کۆمپانیاکانی ڕۆژئاوا لەگەڵ بەرنامەی چەکی کیمیایی عێراق، دادگاییکردنی فرانس ڤان ئەنراتە لە دادگاکانی هۆڵەندا لە ساڵی ٢٠٠٥ – ٢٠٠٤. ئەو بەهۆی فرۆشتنی چەند هەزار تۆن ماددەی خاو بۆ بەرهەمهێنانی گازی خەردەل و گازی دەماری بۆ عێراق لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، بە هاوبەشیکردن لە تاوانەکانی جەنگ و جینۆساید تاوانبار کرا.
هەروەها زانیارییە بەردەستەکان ئاماژە دەکەن کە ڕژێمی بەعس زیاتر لە ٦٠٠٠ بۆمبی کیمیایی لە نزیکەی ٢٨٥ جار بەکار هێناوە. پاشماوەی زۆرێک لەو بۆمبانەی لە هەڵەبجە دۆزراونەتەوە، نیشان دەدەن کە لەلایەن یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو دروستکراون.
هەروەها بە پێی زانیارییەکان:
٨٥ کۆمپانیای ئەڵمانی
١٩ کۆمپانیای فەرەنسی
١٨ کۆمپانیای بەریتانی
١٨ کۆمپانیای ئەمریکی
لە پێدانی ماددە و تەکنەلۆژیا بۆ بەرنامەی چەکی کیمیایی عێراق بەشدارییان هەبووە.
بە ئاماژەدان بەم ڕاپۆرتانە، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بە دەرکردنی بڕیارنامەی ٦١٢ بە ڕێکەوتی ٩ی ئایاری ١٩٨٨ و بڕیارنامەی ٦٢٠ بە ڕێکەوتی ٢٦ی ئابی ١٩٨٨ نیگەرانی قووڵی خۆی دەربڕی سەبارەت بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن عێراق و بە توندی ئەم کردارەی ئیدانە کرد.
دەنگدانەوەی کیمیابارانی هەڵەبجە لە ئاستی میدیای جیهان
لێرەدا باس لە دەنگدانەوەی کیمیابارانی هەڵەبجە لە ئاستی میدیای جیهان دەکرێت، جگە لە عێراق و ئێران کە لەو کاتەدا یەکتریان تۆمەتبار دەکردن. میدیای نێودەوڵەتی بە شێوەیەکی فراوان راپۆرتیان لەسەر ئەم کارەساتە کرد.
یەکەم راپۆرت لەسەر ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی گاردیەنی چاپی بەریتانیا بڵاوکرایەوە کە لە ٢٢/٣/١٩٨٨ بڵاوکرایەوە.
نیکۆلاس بیستن نووسەری ئەم راپۆرتە دەڵێت:
«قوربانیانی هەڵەبجە وەک پیکەرەکانی دۆزراوی شوێنەوارەکانی ژێر خاک وان کە لە پەمپەئی (باشووری ئیتالیا) دۆزراونەتەوە. ئەوان لە چرکەساتێکدا وا بە خێرایی کوژراون کە سەروسیما و دیمەنیان مرۆڤ تووشی شۆک دەکات».
هەروەها دەڵێت:
«دەم و چاوی کۆرپەلەیەکی خڕوخەپان کە دەمی وا لێک بەش بووەتەوە و هاوارێکی خنکاوی تێدا بەدی دەکرێت لە ژێر قۆڵی باوکی دیارە. لەبەردەم ئەو ماڵەی هەرگیز پێی نەگیشتوون کەوتووە. عفریتی شومی مەرگ لە کاتی بەڕێوەبردنی کاروباری ئاسایی ڕۆژانەی خەڵک لە کتوپڕ ڕووی تێکردوون».
لە راپۆرتێکی تر لە ڕۆژنامەی گۆنش چاپی تورکیا هاتووە:
«لەبەر زۆری جنازەکان لە شاری هەڵەبجە کە دوو ڕۆژ پێش کەوتە دەست هێزەکانی ئیران، ناتوانی بە ڕێگادا بڕۆی».
هەروەها دەڵێت:
«٥٠٠٠ عێراقی بەهۆی کیمیابارانکردن بە گازی خەردەل لەلایەن حکومەتی خۆیان گیانیان لەدەستداوە و ٥٠٠٠ کەسی تریش بریندارن».
ڕۆژنامەی دێلی تێلگراف چاپی لەندەن لە ٢٣/٣/١٩٨٨ دەنووسێت:
«دیمەنێکی ترسناک ڕاچڵەکێنەر بوو؛ سەدان جنازەی مرۆڤ بە چاوی کراوە لە کوچە و کۆڵانەکانی هەڵەبجە کەوتوون. زیاتر لە سەدان کەس لە نەخۆشخانەکانی ئیران بە دەردێکی کوشندە دەنالێنن. ئەو شارەی کە ڕۆژگارێک دانیشتوانی ٧٠٠٠٠ کەس بوو، ئەمڕۆ بە شارێکی چۆڵ و بێژیان دەچێت».
ڕۆژنامەی هێرالد تریبون لە ٢٤/٣/١٩٨٨ نووسی:
«ڕژیمی عێراق دەبێت لەلایەن گەلانی جیهان پەراوێز بکرێت؛ سەدام حوسێن هیتلرە».
هەروەها BBC لە ٢٦/٣/١٩٨٨ لە راپۆرتێکدا وتی:
«دکتۆرێکی بەلجیکی و دکتۆرێکی هۆڵەندی لە دامەزراوی تەندروستی نێودەوڵەتی (پزیشکانی بێ سنوور) و پسپۆرێک لە ماددە کیمیایی ڕایانگەیاند کە لە هەڵەبجە و دەوروپشتی چەکی کیمیایی لە دژی خەڵکی سیڤیل بەکار هاتووە».
هەواڵنێری فەرەنسیش لە ١/٤/١٩٨٨ بلاویکردەوە:
«هەڵەبجە کە شارێکی کوردستانی عێراقە، لە ڕۆژانی ١٩ و ٢٠/٣/١٩٨٨ لەلایەن عێراقەوە کیمیاباران کرا و لە بێدەنگیەکی سارد و سڕ چووەتە ناو خەوێکی قوڵەوە».
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکیش لە ٥/٤/١٩٨٨ نووسی:
«ئەم کردارە بە هەر بیانوویەک و هەر مانایەک بێت، تاوانێکی جەنگە».
بە گشتی ٢٥ ڕۆژنامەنووس و کامێرامان وێنەکانی کیمیابارانی هەڵەبجەیان تۆمار کرد، کە لە وڵاتانی جیاجیاوە هاتبوون و دوو کەسیان کورد بوون.
ڕۆڵی ڕیچارد بیستن لە گەیاندنی کارەساتەکە بە جیهان
یەکێک لەو ڕۆژنامەنووسانەی کە ڕۆڵی گرنگی هەبوو لە گەیاندنی کارەساتی هەڵەبجە بە جیهان، ڕیچارد بیستن بوو.
ڕیچارد بیستن لە ساڵی ١٩٦٣ لەدایکبوو و لە ساڵی ٢٠١٣ لە تەمەنی ٥٠ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجە کۆچی دوایی کرد.
تاوانی کیمیابارانی هەڵەبجە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ژیانی جێهێشت و لە زۆربەی کۆنفرانس و کۆڕە زانستییەکان باسی ئەم کارەساتەی دەکرد.
لە کۆنفرانسێک کە لە مارسی ٢٠١٣ لە لەندەن لەبارەی کیمیابارانی هەڵەبجە بەڕێوەچوو، ڕایگەیاند:
«تەنیا شتێک کە ئارامی بە من دەبەخشێت، ئامادەبوونم لە دادگای باڵای تاوانەکان بوو کە بە چاوی خۆم شاهدی هێنانی عەلی حسن مەجید، ناسراو بە عەلی کیمیایی، بۆ دادگا بووم».
ڕیچارد بیستن لە ١٧ی ئاداری ١٩٨٨ لە بەریتانیاوە بە ڕێگای ئێران گەیشتە هەڵەبجە و وێنەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجەی گرت.
لە ناو ئەو وێنانەدا، وێنەی عومەر خاوەری گرت، کە ئێستا بووەتە لۆگۆی هەڵەبجە و شەهیدانی کیمیاباران.
هەرچەندە پێش ئەو ڕەمەزان ئۆزبۆن و ئەحمەدی ناتقی وێنەیان گرتبوو، بەڵام وێنەی عومەر خاوەر کە لەلایەن ڕیچارد بیستنەوە تۆمار کرا، بوو بە هێمای کارەساتی هەڵەبجە.
وێنەکانی ڕیچارد بیستن و هەموو راگەیندکارەکانی تر یارمەتیدەرێکی گرنگی گەلی کورد بوون بۆ ئەوەی ناڵەی گەلێکی گازبارانکراو بگەیەنرێت بە هەموو جیهان.
ڕیچارد راپۆرتەکانی لە ڕۆژنامەی The Times بڵاوکردەوە، بەڵام ئەمە بوو بە هۆی هەڵەیەکی سیاسی و فشاری زۆر لەسەر ئەو.
بەتایبەتی لەلایەن سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتەی بەریتانیا مارگرێت تاچەر تۆمەتبار کرا کە زانیاری بێ بنەما بڵاو دەکاتەوە، چونکە ئەو راپۆرتانە دەتوانن زیانی ئابووری و بازرگانی لەنێوان لەندەن و بەغدا دروست بکەن.
ئەنجامی جینۆسایدی کیمیابارانی هەڵەبجە
مەبەستی سەرەکی ڕژێمی عێراق لە کیمیابارانکردنی کوردستان لە ماوەی ١٩٨٧–١٩٨٨ جێبەجێکردنی سیاسەتی خاک سووتاندن (الأرض المحروقة) بوو.
گرنگترین ئەنجامەکان:
١. کوژرانی ٥٠٠٠ هاوڵاتی مەدەنی و برینداربوونی زیاتر لە ١٠٠٠٠ کەس.
٢. پەرتەوازەبوونی خێزانەکان؛ ٧٢ خێزان چاوەڕوانی ١١٤ منداڵی ونبوویانن.
٣. ئاوارەبوونی ١٣٩٤٧٢ کەس لە دانیشتوانی ناوچەکە.
٤. وێرانکردنی قەزای هەڵەبجە و ناحیەکانی سیروان، خورماڵ، بیارە و سەیدسادق.
٥. وێرانکردنی ٢١٦ گوند بە تەواوی.
٦. گواستنەوەی زۆر لە خەڵکی هەڵەبجە بۆ زیندانی نوگرە سەلمان.
٧. تێکچوونی ٢٤٨٠٤ خانوو، کە ٢٢٠٠٠ بینایان شوێنی نیشتەجێبوون بوون.
٨. تێکچوونی ١١٢ خوێندنگە و ٣٢ نەخۆشخانە و بنکەی تەندروستی.
کەیسی هەڵەبجە لە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق
دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی 2003، وەک بەشێک لە هەوڵەکانی دادپەروەری راگوزەری بۆ چارەسەرکردنی تاوانەکانی ڕژێمی پێشوو، کەیسی کیمیابارانی هەڵەبجە نێردرا بۆ دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق. ئەم کەیسە بە شێوەی فەرمی لە ساڵی 2007 کراوەوە و دادگا لە دوای چەندین دانیشتن و گوێگرتن لە شایەدی قوربانیان و بەکارهێنانی بەڵگەنامەکانی دەوڵەتی پێشوو، لە ساڵی 2010 بریاری خۆی دەرکرد کە کیمیابارانی هەڵەبجە تاوانی جینۆساید بووە.
ئەم بریارە دواتر لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و حکومەتی فیدراڵی عێراق پەسەند کرا و بە فەرمی دانپێدانانێک بوو بەوەی کە ئەم تاوانە لە چوارچێوەی تاوانە نێودەوڵەتییەکاندا دەچێت. بەڵام سەرەڕای ئەم دانپێدانانە یاسایی و سیاسییە، زۆر لە هەنگاوە سەرەکییەکانی دادپەروەری راگوزەری تاکو ئێستا بە تەواوی جێبەجێ نەکراون.
لە چوارچێوەی دادپەروەری راگوزەریدا، دادگاییکردنی تاوانباران تەنها یەک بەشە لە پرۆسەی دادپەروەرییە، چونکە ئەم پرۆسەیە پێویستی بە هەنگاوەکانی تر هەیە وەک دانپێدانان بە مافەکانی قوربانیان، قەرەبووکردنەوەی مادی و مەعنەوی، چارەسەرکردنی برینداران، پاراستنی شوێنەکانی تاوان و پاراستنی بیرەوەریی قوربانیان. لە کەیسی هەڵەبجەدا، هەرچەندە دادگا بریاری جینۆسایدی دەرکردووە، بەڵام ئەم هەنگاوانە بە شێوەیەکی تەواو جێبەجێ نەکراون.
یەکێک لە گرنگترین کێشەکان بریتییە لە قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانیان. زۆر لە خێزانەکانی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە هێشتا لە ماوەی زیاتر لە سێ دەیە دوای ئەم تاوانەدا قەرەبووی مادی و مەعنەویان وەرنەگرتووە.
لە چوارچێوەی دادپەروەری راگوزەریدا قەرەبووکردنەوە یەکێکە لە مافە بنەڕەتییەکانی قوربانیان، کە دەبێت بە شێوەیەکی سیستەماتیک لەلایەن دەوڵەتەوە دابین بکرێت بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانە مادی و مرۆییەکان.
هەروەها زۆر لە بریندارانی چەکی کیمیایی بەدەست برینەکانیان وەک نەخۆشییەکانی سییەکان، نەخۆشییەکانی چاو، تووشبوونی پەستی جەستە و کێشەی تەندروستیی درێژخایەن دەناڵێنن. زۆرێک لەوانە پێویستیان بە چارەسەری تایبەت و چاودێری تەندروستیی بەردەوام هەیە، بەڵام هێشتا سیستەمێکی تەواوی تەندروستی و پشتیوانی بۆیان دابین نەکراوە. ئەمە لە ڕووی دادپەروەری راگوزەرییەوە بە کێشەیەکی گەورە دەژمێردرێت، چونکە چارەسەرکردنی قوربانیان و دابینکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بەشێکی گرنگە لە پرۆسەی دادپەروەری.
لە هەمان کاتدا، دادپەروەری راگوزەری پێویستی بە هەنگاوەکانی تر هەیە بۆ پاراستنی یاد و بیرەوەریی قوربانیان. ئەمە دەگرێتەوە دروستکردنی مۆنۆمێنت و ناوەندەکانی یادەوەری، پاراستنی شوێنەکانی تاوان و تۆمارکردنی شایەدییەکان بە زمانە زیندووکانی جیهان بۆ ناساندنی ئەو جینۆسایدە گەورەیە هەروەها بۆ ئەوەی ئەم تاوانانە لە بیر نەچن و بەڵگەی مێژوویی بۆ داهاتوو بمێنن.
لە ڕووی یاسای نێودەوڵەتییەوە، قوربانیانی تاوانە نێودەوڵەتییەکان وەک جینۆساید و تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی مافیان هەیە قەرەبوو بکرێنەوە. ئەمەش دەگرێتەوە قەرەبووکردنەوەی مادی، یارمەتییە تەندروستییەکان، پشتیوانی کۆمەڵایەتی و دانپێدانان بەو زیانانەی کە بە قوربانیان گەیشتووە.
بە گشتی، بریاری جینۆساید لە کەیسی هەڵەبجە نیشانەیەکی گرنگە لە هەوڵەکانی دادپەروەری راگوزەری، بەڵام ئەم پرۆسەیە هێشتا تەواو نەبووە. بۆ ئەوەی دادپەروەری بە شێوەیەکی ڕاستەقینە جێبەجێ بکرێت، پێویستە سیاسەتەکانی قەرەبووکردنەوەی قوربانیان، چارەسەرکردنی برینداران، پاراستنی شوێنەکانی تاوان و بەهێزکردنی دامەزراندنەکانی دادپەروەری بە شێوەیەکی کاراتر جێبەجێ بکرێن.
لە کۆتاییدا، نموونە جیهانیەکانی جینۆساید نیشان دەدەن کە دادپەروەری راگوزەری تەنها بە دادگاییکردنی تاوانباران تەواو نابێت، بەڵکو پێویستی بە قەرەبووکردنەوەی قوربانیان، چارەسەرکردنی برینداران و پاراستنی بیرەوەریی قوربانیان هەیە. بۆیە پێویستە لە عێراق و کوردستانیش هەنگاوە کاراتر بگرێنەبەر بۆ دابینکردنی دادپەروەرییەکی تەواو بۆ قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە.
سەرچاوی زانیاری:
بەشێکی کورتە لە کتێبی «کیمیابارانی هەڵەبجە، سەرەتایەک بۆ ئەنفال» نووسی عەدالەت عومەر، کە ئێستا لەژێر چاپدایە.
سەرچاوەکان
Human Rights Watch.
Genocide in Iraq: The Anfal Campaign Against the Kurds. New York, 1993.Joost R. Hiltermann.
A Poisonous Affair: America, Iraq, and the Gassing of Halabja. Cambridge University Press, 2007.United Nations Security Council.
Resolution 612 (1988) concerning the use of chemical weapons in the Iran–Iraq War.BBC.
Reports on the Halabja chemical attack, March 1988.ڕاپۆرت و ئامارەکان سەبارەت بە قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە.
Kurdistan Genocide National Archive.
بەڵگەنامە و ئەرشیفی جینۆسایدی هەڵەبجە.The Guardian.
“Poison gas attack on Kurdish town of Halabja.” 22 March 1988.The New York Times.
“Gas Attack Kills Thousands in Iraqi Kurdish Town.” 5 April 1988.BBC.
“Evidence of chemical weapons used in Halabja.” 1988.The Daily Telegraph.
“Hundreds found dead after gas attack in Halabja.” 23 March 1988.International Herald Tribune.
Reports on the chemical attack in Halabja. March 1988.Agence France-Presse.
Reports on the Halabja chemical attack. April 1988.Reuters.
Reports on chemical weapons used in Halabja. 1988.Associated Press.
Coverage of the Halabja chemical attack. 1988.
.



Leave feedback about this