جینۆساید لە قەزای پشدەر – 1989
وێرانکردنی شار و راگواستنی بە زۆرەمللێ خەڵکی پشدەر
قەزای پشدەر یەکێکە لە قەزاکانی ئیدارەی ڕاپەڕین لە پارێزگای سلێمانی لە ھەرێمی کوردستان لە عێراق. ناوەندەکەی شارۆچکەی قەڵادزێیە ئەم قەزایە لە شەش ناحیە پێکھاتووە.
دەوڵەتی عێراق لە سەردەمی حکومەتی بەعس لە دوای جینۆسایدی ئەنفال و کیمیاباران لە وێران کردنی کوردستان و قاتوقڕکردنی گەلەکەی بەردەوام بوو. ئەگەر بەخێرایی سەیری مێژووی دوای وەستاندنی شەڕی ئێران و عێراق لە (٨-٨-١٩٨٨) و راگەیاندنی بەناو لێبوردنی گشتی لە سەر کاغەز نەک بەکردەوە لە ١٩٨٨/٩/٦ لە دوای ئەنفالی کۆتایی لە بادینان بکەین دەبینین دەوڵەتی عێراق بە سەرۆکایەتی سەدام حۆسین بە هیچ شێوەیەک پابەند نەبووە و سڵیان لە تاوانکاری نەکردوتەوە.
جینۆسایدی قەزای پشدەر کاولکاری و کوشتن و گواستنەوەی زۆرەملێی خەڵک، هاوشێوەی جینۆسایدی دەڤەری سەید سادق لە ١٩٨٩/٦/٢٠ وەک قۆناغی پێنجەمی پرۆسەی راگواستنی دەست پێکرد, بەراگواستنی هاوڵاتیانی قەزای پشدەر، پرۆسەكە لە شارۆچكەی سەنگەسەر دەستی پێكردوو تەواوی گوندو شارۆچكەكانی پشدەری بە زۆری راگواست و بەسەر ١٧ ئۆردوگای زۆرەملێ دابەشی کردن. سوپای عێراق لەدوای چۆڵکردن و راگواستنی زۆرەملێی شارەکە و ناوچەکە بەشێکی زۆری خانووبەرە و قوتابخانە ومزگەوتەکانی لە شارو ناوچەکەتان بە (TNT) تەقاندەوە و خاپور و وێرانی کرد و ناوچەکەشی بە ناوچەی موحەرەمە، قەدەغەکراو دانا، خەڵکی ناوچەکە ئەوەی رێگری کردەبا دەستگیر و بێسەروشوێن دەکرا.
ڕاگواستنی شاری قەڵادزێ و تەواوی قەزای پشدەر بۆ ئۆردوگاکانی خۆرئاوای ھەولێر(ئۆردوگای خەبات) و خۆرئاوای سلێمانی(ئۆردوگای بازیان). خەڵک بۆیان نەبوو بچنەوە ناوچەکە ئەگەرنا لەلایەن سوپای عێراقی دەستگیر بێسەروشوێن دەکران.
بەپێی بەڵگەنامەیەكی ئەوپەری نهێنیی و تایبەت، رۆژی ١٩٨٩/٣/١١ كۆبوونەوەیەك لە نووسینگەی رێکخستنی باكووری حزبی بەعس كراوە و پارێزگارەكان و بەرپرسانی سەربازی و ئەمنی و ئیستخبارات تیایدا بەشداربوون و لەرۆژی دواتردا كۆنووسی كۆبوونەوەكە ئاڕاستەی ئیستیخباراتی گشتیی سەربازی كراوە. لەخاڵی چوارەمی كۆنووسی کۆبونەوە باس لە راگواستنی تەواوی قەزای پشدەر بە ئۆردوگا و گوندەكانی دەوروبەر و ناحیەی سەنگەسەر و چەند ناوچەیەكی دیكەی پارێزگای سلێمانی كراوە.
بڵاوبوونەوەی هەواڵی راگواستنی بەزۆرملێی شاری قەڵادزێ دەنگدانەوەیەكی زۆری جیهانیی لێكەوتەوە، لە میدیای وڵاتاندا وەك: فەرەنسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و ئیسرائیل، هەروەها ناوەندی بەرەی کوردستانی لە دەرەوە كەوتنە جموجۆڵ، هەوڵی زۆریان خستەگەڕ بۆ گوشار خستنەسەر حكومەتی عێراق لە رێگەی كۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە، راگواستنی پشدەر لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی مەسەلەی كوردی بەرو پێش برد و نوێنەرانی حكومەتی عیراق لە وڵاتان شەرمەزار كران.
بەرەی كوردستانی چەندین جار هەوڵیاندا بوو بە راپۆرتەکانیان لەسەر ئەنفال و کیمیابارانی گەلی کورد جیهانیان لە مەترسیی رژێم ئاگاداركردەبووە.
سەرەرای هەموو هەوڵەکان حکومەتی بەعس لە رۆژانی ١٥و ١٩٨٩/٤/١٦ لە رێگەی دامودەزگاكانییەوە هەروەک لە خاڵی چوارەمی کۆنووسەکەدا هاتبوو ئۆردوگاكانی تووەسوران و پێماڵكی ئاگاداركردەوە بۆ ئۆردوگاكانی سەربە هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەولێر، رادەگوێزرێن.
سەرەتای مانگی حوزەیران هەردوو ئۆردوگای تووەسوران و پێماڵك راگوێزران، دواتر ناحیەی سەنگەسەر و گوندەكانی دەوروبەری راگوێزران بۆ ئۆردوگا زۆرەملێكانی خەبات و جەدیدە و بەحركە و دارەتوو لە هەولێر و ئۆردوگاكانی بازیان یەك و بازیان دوو و باینجان لە سلێمانی.
هەموو ناوچەکە راگوێزرا و دوا قۆناغیشدا شاری قەڵادزێ و گوندەكانی دەوروبەری لە رۆژی 26/6/1989 راگوێزران بۆ ئۆردوگاكانی سنووری هەولێر و سلێمانی. پرۆسەکەی راگوێزان و خاپورکردنی ناوچەکە بەردوامی هەبوو، ئەوەتە سلێمان شینە وەک شایەت حاڵێک بەم شێوەیە باسی دەکات “منیش بە چاوی خۆم دیتم لە ١٢-١٩٩٠/٦/١٣ ئەو کاتە وەک سەربازی موتەخەلیف تازە تەسلیم بووبووینەوە بە چاوی دوژمن تەماشایان دەکردین، ئەو ناوچەیە موحەڕەمە بوو کەسی مەدەنی بۆی نەبوو بچێتە ئەو شوێنە، ئێوارە بردیانین بۆ ئەوێ .ناوچەکە تێکڕای بەسەریەکدا ڕمابوو ئاگر لە پوشوو و پەڵاشی ناوچەکە بەربووبوو، دەیانەویست بیکوژێنەوە چونکە کێبڵی بەدالەکان ئاگریان گرتبوو”.
لە بەردەوامی قسەکانیدا دەڵێت “تەنها شەمعەی ئاوی بیری سەنگەسەر کە ئاویان بۆ فەوجەکان لێوە دەبرد بەپێوە مابوو ، فەریکە سێوم دەدیت کە بە دارێکی سووتاوە مابوو. بەڵام دەستم نەیگرت لێی بخۆم”.
راگواستنی پشدەر تایبەتمەندیی خۆی هەبوو، عیراق هیچ بیانوویەكی نەبوو، جەنگی عیراق -ئێران راوەستابوو، پێشتریش لە ساڵانی١٩٧٤- ١٩٧٧ و ١٩٨٧رژێم گوندەكانی ئەو سنوورەی بە چەند قۆناغێك راگواستبوو بەبیانوی پاراستنی سنوورەكان بە قووڵایی 30 كیلۆمەتر.
رژێم مەبەستی بوو خەڵك لە گیانی شۆڕشگێڕیی دابماڵیت و لە ئۆردوگاكاندا کە وەك زیندان وابوون، كۆیان بكاتەوە بۆ مردنێکی لەسەرەخۆ لەگەڵ ئەوەی ئەم سیاسەتە شۆڤینیستیانەی بۆ سوتماككردنی خاكی كورستان تا ساڵی ١٩٩١ پیادەكرد. كە بناغەی خاڵی پیلانەکەی تواندنەوەی نەتەوەی كوردبوو لە بەرامبەر نەتەوەی عەرەبدا، هەر لە سەردەمی پاشایەتییەوە تا هاتنی بەعسییەكان، ئەم سیاسەتە بەڕوونی و بە بەردەوامی پەیڕەو كراوە و تا ئێستاش لە ناوچەکوردستانیەکان بەردەوامی هەیە.
لەكاتێكدا قەزای پشذەر و شاری قەڵادزێ خاپووركرا بە بیانووی پاراستنی سنوورەكان، شارەكانی وەك بەسرە و فاوی لە باشووری عیراق ئاوەدان دەكردەوە.
بەڵام دوای ئەو هەموو تاوان و جینۆسایدەی دەرهەق بەگەلی كوردكرا لە كیمیاباران و ئەنفال و راگواستن و بە عەرەبكردن، نەیتوانی ئیرادەی میللەتی كورد تێكبشكێنێت و بنبڕی بكات.
راگواستنی قەڵادزێ كۆمەڵێك كاریگەریی لەسەر ئەو شارە بەتایبەتی و بەگشتی ناوچەی پشدەر بەجیهێشت كە بە ئێستاشەوە لە رووی كۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی و فەرهەنگی و كشتوكاڵی و …هتد، ئاسەواری نێگەتیڤی ماوە.
دۆسیەی تاوانی قەزای پشدەر لە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق
دۆسیەی تاوانەکانی پشدەر و قەڵادزێ لەگەڵ هەموو گوندەکانی دەوروبەری لەژێر ناونیشانی کاولکاری و کوشتن و گواستنەوەی زۆرەملێی خەڵک، هەروەک دۆسیەی دەڤەری سەید سادق پێشکەشی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق کرا.
دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق. دوای لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی لەناوبردن و ئاوارەکردنی زۆرەملێی دانیشتوانی پشدەر لە ٢٠١٣/١٢/٢٦، دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق بڕیاریدا و بڕیاری ئەم دۆسیەیەی بە جینۆساید دەرچواند. بەڵام دادپەروەری لەم دۆسیەیەدا وەک تاوانەکانی تر جێبەجێنەکراوە.
Leave feedback about this