جینۆسایدی ئێزیدییەکان
جینۆسایدی ئێزیدییەکان بناغەیەکی دور و قووڵی هەیە ئەوان بە درێژایی مێژوو 74 جار وەک زاراوەی خۆیان فەرمانیان بەسەردا جێبەجێ کراوە واتە جینۆساید کراون لە لایەن زۆر لە دەسەڵاتە فەرمانڕەواکان تا دەگاتە داعشی تیروریست. هەر بۆ نموونە لە ساڵی 1714 زایینی دا كاتێك سەربازانی خەلیفەی موسولمانان لە دەوڵەتی عوسمانیدا، بەناوی جیهاد پەلاماری شنگالیاندا و كۆمەڵكوژییان كردن و ژمارەیەكی زۆر ژن وکچ و منداڵەکانیان بەدیلگرت و ئەوەی لە دەستیان هات جێبەجێیان کرد، رێک وەک هەمان سناریۆی داعش وەک هێزێکی ئیسلامی سیاسی لەژێر ناوی خەلافەتێکی ئیسلامی لەساڵی 2014 ئەنجامیدا.
ئەم کردەوانە لە دژی کوردانی ئێزیدی بەبەردەوامی بەهۆی ئایین وزمانی دایکیان کە کوردییە، ڕووبەڕووی مەرگ وجینۆساید بوونەتەوە. ئێزیدییەکان: Êzîdiyekan یان ئێزیدی Êzîdy) کوردە ڕەسەنەکانی ئەم وڵاتەن و ئایینی ئێزیدیش یەکێکە لە ئایینە کۆنەکانی کوردستان ومیزۆپۆتامیایە. ئایینی ئێزیدییەت باوەڕێکی یەکتاپەرستییە کە لەسەر بنەمای باوەڕبوون بەیەک خودایە، کە جیھانی دروست کردووە و بە چاودێری ھێپتادێکی حەوت بوونەوەری پیرۆزی دروست کراوە، کە زۆرجار بە فریشتە یان حەفت سیر (حەوت نھێنییەکە) ناسراون. لە نێو ئەمانەدا، مەلەک تاووس، فریشتەی تاووس بوونی ھەیە ئەم ئایینە لە کوردستان لە عێراق و سوریا و تورکیا و جۆرجیا و ئەرمینیا و ئۆکرانیا و ڕوسیا پەیڕەو دەکرێت وبەشێکی زۆریان وەک پەنابەر لە ئەوروپا و ئەمریکا دەژین. هەزاران ساڵە خەڵک لە شنگال دەژین و وەک شوێنی نیشتەجێبوون هەڵیان بژاردووە، لەگەڵ دروستکردنی شنگال کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی ٣ی پێش زایین.
جینۆسایدی ئێزیدییەکان، تاوانێکی سیستماتیکی لە هێرشێکی کتوپڕ کە لەلایەن رێکخراوی تیروریستی بە ناوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و سوریا (داعش) جێبەجێکراوە کە نوێنەرایەتی هەموو پێشێلکارییە گەورەکانی مافی مرۆڤ و یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان دەکرد لەسەدەی بیست و یەکدا. رێکخراوی تیروریستی داعش تاوانەکانی بەکردەوەیی ڕێکخستبووە، ئێزیدییەکانی کردە ئامانج کە زۆرینەیان لە ناوچەی شنگال کە ناوچەیەکی ناکۆکی لەسەرەکانە لە نێوان حکومەتی ناوەند و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە باکووری عێراق، هێرشەکە لە سەرەتایی مانگی ئابی ٢٠١٤ دەستی پێکرد. مەبەستی پشت ئەم کارانە، وەک لە چەندین شیکاری و ڕاپۆرتی یاسایی نێودەوڵەتیدا سەلمێندرا ئەویش بنبڕکردنی تەواوەتی یان لەناوبردنی جەوهەری ئێزیدییەکان بوو و گرووپێکی نەتەوەیی ئێتنیکی، کە هەموو ئەو پێوەرانە بەدی دەکرێن کە بەپێی ڕێککەوتننامەی ڕێگریکردن و سزادانی تاوانی جینۆساید (١٩٤٨) هاتووە.
ئەو هێرشانەی رێکخراوی تیروریستی داعش هەر لە دروستبوونی و گەشەکردن و کۆنترۆڵ کردنی نزیکەی یەک لەسەر سێی خاکی عێراق و سوریا ئەنجامیاندا، کۆمەڵێک پێشێلکاری دژی بەهای مرۆڤایەتی بەرچاو و ئاشکرا دژی مافەکانی مرۆڤی لەخۆگرتبوو، لەوانەش کوشتنی بەکۆمەڵ، گۆڕینی زۆرەملێی ئاین، گەرانەوە بۆ سیستەمی عبودیە، بە کۆیلەکردنی سێکسی و ڕفاندنی سیستماتیکی ژنان و منداڵانی ئێزیدی کە تووشی توندوتیژی سێکسی قێزەوەن بوون، لە بازاڕەکاندا لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی داعشدا وەک کەسانی کۆیلە فرۆشران، کە لە بنەڕەتدا یەکێک لە ئامانجەکانیان هەڵوەشاندنەوەی کۆلگەی کۆمەڵایەتی و خێزان و ڕەچەڵەکی کۆمەڵگەی ئێزیدی بوو. جگە لەوەش بۆ سڕینەوەی شوناس و مێژووی ئێزیدی، وێرانکردنی شوێنە ئاینییەکان و میراتی کولتووری بە وردی ئەنجامدرا، کە هەموویان دەچنە خانەی جینۆساید.
ئەو تاوانانەی لە لایەن رێکخراوی تیرۆریستی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) دژی کورد، ئێزیدی، شەبەک، کاکەیی، مەسیحییەکان دەکرێت، تاڵانکردنی موڵک و ماڵ و ڕفاندنی ژنان و ئاوارەکردنی بەکۆمەڵ و تێکدانی ژینگەی کۆمەڵایەتی و کڵێسا و بەزۆر ئاین گۆڕین، جینۆسایدێکی تر بوو کە دژی گەلەکەمان ئەنجام درا و بە بەردەوامی ئەنجامدەدرێت، هاوشێوەی تاوانەکانی دەوڵەتی عێراق لە سەردەمی ڕژێمی بەعس کە بە گازی کیمیایی و کۆمەڵکوژی وێران و خاپور کردنی گوند و شارەکان وسیاسەتی خاک سوتاندن گەلی کوردستانی چەندین جار جینۆساید کرد.
تاوانەکانی داعش هێرش بۆ سەر شنگال
قەزای شنگال/شنگار یان شەنگار/ شەنگار بە عەرەبی سنجار لە پارێزگای نەینەوا لە باکووری عێراق بەشێکە لە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان شنگال دەکەوێتە ئەوپەڕی خۆراوای باشووری کوردستان، ١٢٠کم لە شاری مووسڵەوە دوورە و نزیکەی پێنج کیلۆمەتر لە باشووری چیای شنگالە.
داعش
پێناسەی داعش لە ئاستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کاتێک ئەو گرووپە چەکدارە جیهادیی و تیروریستی کە ناوی (الدولة الإسلامية في العراق والشام) لە خۆی ناوە “دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و الشام”، هاتە ناو کایەی سیاسی جیهانییەوە، لە لایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە کورتکراوەیەکی سادە ئاماژەی پێکرا (ISIS) یان(ISIL) هەمان (داعش). مەیلی ناونانی ئەو گرووپە بە داعش لە کاتێکدا سەریهەڵدا کە بوونە چەکداری تۆندئاژۆ لە شەڕی ناوخۆی سوریا لە ساڵی ٢٠١٢. بەڵام ناوی داعش لە فەرهەنگی نێودەوڵەتیدا چەسپاوە و تا ئێستاش لەلایەن زۆرێک لە سیاسەتمەداران و کۆمپانیاکانی هەواڵەوە بەکاردەهێنرێت.
رێکخراوی تیروریستی داعش، دوای کۆنترۆڵکردنەوەی پارێزگای نەینەوا لە 9ی حوزەیرانی 2014، لە 3ی ئابی 2014 دەڤەری قەزای شنگال و دەوروبەریان داگیرکرد، لە ئەنجامی ئەم داگیرکارییە زیاتر لە نیو ملیۆن کوردی ئێزیدی ئاوارە بوون، نزیکەی 150 هەزاریان لەسەر چیای گیریان خوارد شنگال بۆ ماوەی زیاتر لە دە ڕۆژ بێ ئاو و خواردن. نزیکەی ٣٥٠ هەزار کەس ئاوارە بوون بۆ هەرێمی کوردستان و تورکیا و سوریا. لەسەر بنەمای ئەم ئامارانە، لە ڕۆژانی سەرەتای هێرش بۆ سەر ناوچەی شنگال و دەوروبەری، ١٢٩٣ کەس کوژراون، لەنێویاندا ٤٠٠ پیاو کە لەدوای گولەباران کردنیان لە گۆڕێکی بەکۆمەڵدا لە گوندی کۆچۆ زیندەبەچاڵکران، ژنان و کچان منداڵانیش ڕفێندران. پاشان دەستیان کرد بە جیاکردنەوەی ژنان لە پیاوان و ئەنجامدانی پێشلکاری لەرووی سێکسی بۆ سەریان و بە زۆر ناردنیان بۆ شوێنە کۆنترۆڵکراوەکانیان و کڕین و فرۆشتنیان، وەک سەردەمی کۆیلایەتی. بەشێکیان ناچار کران ئاینیان بۆ ئیسلام بگۆڕن.
هاوکات زیاتر لە ٦٠٠ کەس بەهۆی برسێتی و تینوێتی و ماندوێتی لە ڕێگادا گیانیان لەدەستداوە کە بەساڵاچووان و منداڵ و ژنانیشیان تێدایە. داعش، بە وێرانکردنی پەرەستگا و شوێنە ئایینیەکانی کوردانی ئێزیدی کە مێژووەکەی بۆ هەزاران ساڵ دەگەڕێتەوە، هەوڵی لەناوبردنی کولتوور و مێژووی کوردانی ئێزیدی و پێکهاتەکانی دیکەی داوە. بەپێی دوایین ئاماری فەرمانگەی ڕزگارکردنی کوردانی ئێزیدی لە دەستی داعش، کە لە مانگی ئابی ٢٠٢٣ تۆمارکراوە، تا کو ئێستا ١١٩ گۆر کە ٨٢ گۆڕی بەکۆمەڵ و ٣٧ گۆڕی تاکەکەسی کوردانی ئێزیدی لە شنگال دۆزراونەتەوە.
ژمارەی ئەو کەسانەی لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ لەلایەن داعشەوە ڕفێندراون، شەش هەزارو ٤١٧ کەس بوون.
لەو ژمارەیەش سێ هەزارو ٥٤٨ کەسیان ژن و دوو هەزارو ٨٦٩ کەسیان پیاو بوون.
لە کۆی بێسەروشوێنکراوەکان تا ئێستا ٣٥٧٠ کەس ڕزگار کراون کە بریتین لە ١٢٠٨ ژن، ٣٣٩ پیاو، ١٠٦٦ کچ و ٩٥٧ کوڕ.
بەپێی ئاماری نووسینگەی ڕزگارکردنی کوردانی ئێزیدی لە دەستی داعش، ژمارەی ئەو کەسانەی کە لەلایەن داعشەوە کوژراون نزیکەی پێنج هەزار کەسە. هەروەها رایدەگەینێت داعش لە کاتی داگیرکردنی شەنگال و دەوروبەریدا 68 مەزارگە و پەرەستگای ئێزیدییەکانی وێران کرد.
هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم
دوابەدوای تاوانەکانی داعش، ئەنجومەنی وەزیرانی کوردستان چەند بڕیارێکی دا:
١. لێژنەیەکی باڵای جینۆساید پێکهێنرا بۆ بە فەرمی ناساندنی تاوانەکانی داعش لە دژی کوردانی ئێزیدی و گەلان و پێکهاتە ئایینیەکانی دەشتی نەینەوا، بە ئامانجی پێشکەشکردنی دۆسیەی جینۆسایدی ئێزیدییەکان بۆ دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، یان دادگای تایبەت(مختص)یان تێکەڵاو(مخطلط).
٢. سەنتەرێکی بۆ لێکۆڵینەوە وکۆکردنەوەی بەڵگەنامە لە سنووری پارێزگای دهۆک دامەزراند کە لە ئێستا بۆتە دەستەی لێکۆلینەوە و کۆکردنەوەی بەڵگەنامە و چارەسەرکردن.
٣. نووسینگەیەکی تایبەت بۆ کاروباری ئێزیدییەکان و ڕزگارکردنی ڕفێندراوەکان دامەزراند.
٤. وەزارەتی کاروباری شەھیدان وئەنفالکراوەکان هەوڵیداوە لە چوارچێوەی تیمی نیشتمانی بۆ گۆڕە بەکۆمەڵەکانی عێراقی فیدراڵ، هاوکاری ھەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵ بکەن.
٥. حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ڕێککەوتنێکی لەگەڵ ویلایەتی بادن ڤورتەمبێرگی ئەڵمانیا واژۆ کرد بۆ ناردنی ١٢٠٠ کچ و ژنی ئێزیدی ڕزگارکراو بۆ ئەڵمانیا بۆ چارەسەری دەروونی کە بە چەند قۆناغێک ڕەوانەی ئەڵمانیا کران.
جینۆسایدی ئێزیدییەکان کاردانەوەی بەرفراوانی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی
جینۆسایدی ئێزیدییەکان کاردانەوەی بەرفراوانی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا هەبوو، بووە هۆی پێکهێنانی هێزێکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش، لەنێویاندا عێراق و کوردستان. لەم نێوەندەدا، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و هەندێک وڵاتان تا ئامادە کردنیئەم بابەتە وەک ئەڵمانیا و بەریتانیا وئەنجومەنی سناتی ئەمریکا و فەرنسا ئەم تاوانەیان بە جینۆساید ناساندووە کە کاریگەری لەسەر داهاتوویان و پرسی قەرەبووکردنەوە هەیە.
جگە لەوەش ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠١٧ بڕیارنامەی (٢٣٧٩)ی دەرکرد بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش لە ڕێگەی تیمەکانی یەکگرتووەوە، کە زۆر بە هێواشی کارەکانیان بەڕێوەدەبەن. حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی لێژنەی باڵای جینۆسایدەوە هاوکاری تیمی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی کردووە بۆ لێکۆلینەوە لە تاوانەکانی داعش. تیمی یونیتاد سەردانی دەستەی لێکۆلینەوە وکۆکردنەوەی بەڵگەنامەکانی لە دهۆک کرد، هەروەها لەگەڵ لێژنەی باڵای جینۆسایدی ئێزیدییەکان کۆبوونەوەیان ئەنجامدا. لە ئێستادا ئەم تیمە لە عێراق و کوردستان کار لەسەر ئەم بابەتە دەکەن و ماوەی ساڵێکی دیکەشیان درێژکراوەتەوە تا ساڵی ٢٠٢٥.
لە دوای ئەوە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ڕێگەی میکانیزمی جۆراوجۆرەوە، لەوانە بڕیارنامەی ٢٣٧٩ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، تیمی لێکۆڵینەوەی وەک یونیتاد (تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەوپێشبردنی لێپرسینەوە لە تاوانەکانی داعش) دامەزراند بۆ بەڵگەنامەکردنی تاوانەکان و بەدەرخستنی دڕندەیی و ئاسانکاری بۆ پرۆسەی دادپەروەری و لێپرسینەوە. بەشداری حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە هاوکاری لەگەڵ دەزگا نێودەوڵەتییەکان، جەخت لەسەر پابەندبوون دەکات بۆ چارەسەرکردنی کاریگەرییەکانی ئەو تاوانانە و پاڵپشتیکردنی ڕزگاربووان لە ڕێگەی هەوڵەکانی چارەسەربۆ دوبارە هەستانەوە و چاکبوونەوە و ژیانەوە .
داعش سەرجەم قۆناغەکانى جینۆسایدى لە شنگال ئەنجام داوە کە بریتییە لە:
1. هێرشکردن بۆ سەر ئێزیدىیەکان لە شنگال و هەڵاتنیان بەرەو چیاى شنگال و گەمارودانیان بە مەبەستى قڕکردنیان و کوشتنیان، کە لە بەر ترس و هیلاکى و ماندووبوون و برسێتى ژمارەیەکى زۆر لە ژن و منداڵ و پیر و پەکەوتە ژیانیان لە دەستدا.
2. بڵاوکردنەوەی شەری دەروونى لە نێوان ئەو خەڵکانەى کە لەچیاى شنگال بۆ چەندین رۆژ بە بێ خواردن و دەرمان و پێداویستى رۆژانەى ژیانیان مانەوە.
3. گۆرینى ئاینى ئێزدىیەکان بە زۆر بۆ سەر ئاینى ئیسلام لە لایەن تیرۆرستانی داعشەوە.
4، کوشتنى بە کۆمەڵى خەڵکانى سڤیل و بێ تاوان وە شاردنەوەیان لە گۆرە بە کۆمەڵەکان.
5. جیاکردنەوەى ژنان و ئافرەتان و کچانى ئێزدى لە خێزانەکانیان دواى کوشتنى پیاوەکانیان بە کۆمەڵ.
6. پێشێلکاری لە رووی سێکسی بەرامبەر کچان وژنانى ئێزیدى بەزۆر بەناوى جیهادی نیکاحەوە وگەرانەوە بۆ سیستەمی عبودیە وکرین و فروشتنیان بە ئاشکرا و دەستاو دەست پێکردنیان لە نێوان خۆیاندا وەک کنیزە و جاریە و سبایا.
٧-جیاکردنەوەى ژنان لە پیاوان بە مەبەستى لە ناوبردنی رەچەڵەکى ئێزدى و رێگریکردن لە زاوزێ و دەستبەجێ کوشتنی کور و پیاوانی گەنجی ئێزیدی و زیندەبەچاڵکردنیان بە بەر چاوی کەسوکاریان.
٨ -ڕووخاندنى شوێنەوارە ئایینى و پەرەستگاکانی کوردانى ئێزیدی بە مەبەستى سڕینەوەى کەلتورو داب ونەریت و ئایینى کوردانى ئێزیدى.
ئەم جۆرە تاوانانە چونکە بەپێى کردارەکانی داعش دەچنە خانەی تاوانی جینۆساید و کۆمەڵ کوژی کە لەساڵی 1948 رێکەوتننامەی قەدەغەکردنی جینۆساید پەسند کراوە لە نەتەوە یەکگرتووەکان.
ژمارەی کوردانی ئێزیدی لە عێراق پێش هێرشی رێکخراوی تیرویستی داعش لە ٣ی ئابی ٢٠١٤، پێنج سەد هەزار کەس بووە. ئێستا لە پارێزگای دهۆک 65 هەزار و 282 خێزانی ئاوارەی شنگال لە کەمپەکان دەژین، کە ژمارەیان 330 هەزار و 859 کەسن، ونزیکەی ١٢٠هەزار کەسیش بۆ دەرەوەی وڵات کۆچیان کردووە.
ئێزیدییەکان نۆ ساڵ لەمەوبەر لەسەر دەستی داعش زیانێکی زۆریان بەرکەوت و ئازاری زۆریان چێشت وە تا ئەمڕۆش هەست بە کاریگەرییە نەرێنییەکانی دەکەن. بۆیە دادپەروەری و لێپرسینەوە لە بەرامبەر ئەو هەموو ئەوانەی ژیانی ئاسایان لەناو چووە وپەرتەوازە بووە وکەسوکاریان لەدەست داوە پێویستە، هەوڵەکانیش بۆ دڵنیابوون لەم کارە بەردەوام دەبێت.
بەم پێیە جینۆسایدی ئێزیدییەکان بیرخستنەوەیەکی قوول دهێنێتە ئاراوە ئەویش لاوازیی پاراستنی گروپە کەمە نەتەوەیی و ئاینیەکانە لە ناوچە جێناکۆکەکان و پێویستی بە میکانیزمی یاسایی نێودەوڵەتی بەهێز بۆ ڕێگریکردن لەم جۆرە دڕندەیی و لێپرسینەوە لە تاوانباران وەستاوە. هەوڵە بەردەوامەکان بۆ بەڵگەنامەکردن و لێکۆڵینەوە و دادگاییکردنی ئەم تاوانانە گرینگە بۆ دەستەبەرکردنی دادپەروەری بۆ قوربانیان وڕزگاربووان وەک ڕێگرییەک لە دووبارەبوونەوەی جینۆساید کاردەکات.
بۆیە پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە کوردستان و لە عێراق و لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەنگاوەکانیان خێرا بکەن بۆ گەیشتن بە: – -هینانەکایەی دادپەرەوەری بۆ #ئێزیدیەکان.
-رزگارکردنی ئێزیدییەکان بەتایبەتی #ژنان_و_کچانی_ئێزیدی و گەرانەوەیان بۆ ژیانی ئاسایی.
– دەستەبەرکردنی ئاسایشی نەتەوەیی بۆ ئێزیدییەکان .
-هەڵدانەوەی #گۆرەبەکۆمەڵەکان
– دامەزراندنی دادگایەکی تایبەت بۆ دادگایی کردنی تاوانباران
-زامنکردنی ئایندەیەکی سازگار و ئاوەدانکردنەوە و گەرانەوەی خەڵک بۆ زێدی خۆیان لە #شنگال و دەوروبەری
-#قەرەبووکردنەوەی مادی و مەعنەوی.
Leave feedback about this