پاکتاوی رەگەزی 2003-1968
پڕۆسەی سیاسەتی بەعەرەبکردن و پاکتاوکردنی نەتەوەیی و ڕاگواستنی خێزانە کوردکان و تورکمانەکان، لە چوارچێوەی سیاسەتی (تعریب و تبعیس و تهجیر) کە ڕژێمی بەعس لەو کاتەوەی دەسەڵاتی وەرگرت، ئەم سیاسەتەی پراکتیزە کرد. بە تایبەتی لەسەر کوردکان بۆ بڵاوکردنەوەی ڕۆحی جیاکاری لە نێوان سپێکترۆم و پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی عێراقیدا، کە خەڵک بە هۆکاری جۆراوجۆربە بیانووی نەتەوە یان ناسیۆنالیزم لە پێشەنگدا بوون، جگە لە هۆکاری سیاسی، تائیفی،مەزهەبی.
لەم پرۆسەی راگواستنی زۆرەملێی خێزانەکان لە پارێزگا جیاوازەکانیانەوە بۆ پارێزگارەکانی باشوور و ناوەند و ئەنبار ئەنجام درا، بێ ئاگادارکردنەوەی خێزانەکان لە دەرکردن و ترحیل کردنیان .
دەوڵەتی عێراق لەسەر بنەمای بریارەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆرشی لەناوچوو و بریارەکانی لێژنەی کاروباری باکوور وە هەروەها مەرسومی کۆماری و بە سەدان و نوسراو و فەرمان و ڕێنماییەکانی سەرکردە باڵاکانی ڕژێمی بەعس بە سەرکردایەتی سەدام حوسێنی گۆر بە گۆر دەسەڵاتی تەواویان بە پارێزگارەکان ویەکە ئیدارییەکان دابوو کە لە دوای دەستبەسەرداگرتنی بەڵگەنامە فەرمییەکان و گواستنەوەی ناسنامە و تۆمارەکانیان لە تۆماری باری شارستانی لە پارێزگاکانی کەرکوک و دیالە بۆ ئەو پارێزگایانەی لێی دوورن. هەموو ئەمانەش بەمەبەستی ئەنجامدانی پڕۆسەیەکی گۆڕانکاری دیمۆگرافی لە پارێزگاکانی کەرکوک و دیالە و موسڵ ئەو شوێنانەی دیکە کە کوردی تێیدا نیشتەجێن، ڕووی دەدا ئەو خێزانانەی کە ئەم سیاسەتەیان لەسەر پراکتیزە کرا. بەسەدان بڕیار لە دژیان دەرکرا بۆ توندکردنەوەی بەربەستەکان لەسەریان و گەمارۆدان و مەحاڵکردنی بژێوی ژیانیان لە شوێنی نیشتەجێبوونیان، لەوانەش:
١. ڕێگریکردن لە تۆمارکردنی هەر موڵک و خانووبەرەیەک لە پارێزگای کەرکوک بە ناوی کورد لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی تۆمارکردنی خانووبەرە، تەنها بە ڕەزامەندی پارێزگای کەرکوک نەبێت.
٢. ڕێگریکردن لە بەکرێدانی خانووبەرەی دەوڵەت یان بەشداریکردن لە زیادکردنی ئاشکرای گشتی.
٣. ڕێگریکردن لە ئەندامبوونیان لە ژوورە بازرگانییەکان و دروستکردنی بینا و بەشداری لە پرۆژەکان.
٤. دانەمەزراندنیان لە کار حکومی و ناحکومی و ڕەوانەکردنی ئەوانەی لە کاردان بۆ خانەنشینی یان دەرکردن بە ئەسبابی سیاسی و گواستنەوە و نفی کردن بۆ دەرەوەی پارێزگاکانیان، هەر وەک لە بڕیارنامەی 1390 لە 10/20/1984 دەرچووە کە تێیدا هاتووە گواستنەوەی فەرمانبەران و کرێکارانی کوردی دانیشتووی کەرکوکەوە بۆ پارێزگاکانی باشووری عێراق بە زۆرملێ.
٥. لێسەندنەوەی زەوییە کشتوکاڵییەکانیان ودەرکردنیان لەسەر زەویوزار و مۆڵک و هەڵوەشاندنەوەی ئەوگرێبەستانەی پێشتر ئەنجامدرابوون.
٦. دەرکردنی بڕیاری پاکسازی نەتەوەیی (تصحیح القومیة) و گوشار دانان بە هەموو شێوەیەک بە مەبەستی جێبەجێکردنی سیاسەتی شوومی بەعسیەکان.
٧. بڕینی ئەو هاوکارییە داراییانەی کە بۆ هەژاران و کەمدەرامەتەکان دەنێردرا و بەپێی هەمان پێوەرو دانانی سنوری ڕەگەزپەرستانە.
ئەم کردەوانە کە لەلایەن ڕژێمی بەعس لە دژی کورد ئەنجام دەدرا، بە تاوانی نێودەوڵەتی هەژمار دەکرێ، بەو پێیەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەو جۆرە کردەوانەی لە زۆرێک لە میساق و ڕێکەوتننامەی نێودەوڵەتیدا تاوانبار کردووە و لەگەڵ سەرەتاییترین مافەکانی هاووڵاتیبووندا ناتەبایە، بەتایبەتی کە هەموو بریار و یاساکان ئازادیی نیشتەجێبوون و گەرەنتی ژیان دەبی مسۆگەر بێت لە هەر شوێنێک یان ناوچەیەکدا بەبێ جیاوازی نەتەوەیی و دین و ئایین.
کەیسی پاکتاوی رەگەزی لە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق
لە بەرواری 4/11/2008 کەیسی پاکتاوی رەگەزی بۆ دادگا رەوانە کراو بە هەزاران بەڵگەنامە لەسەر تاوانی بەعەرەبکردن و تەرحیل و کوچکردنی ناچاری و راگواستن و کۆچپێکردنی بەزۆرەملێ لە لایەن دەوڵەتی عیراق و رژێمی بەعس تاوتۆ کرا لە بەرواری 2/8/2009 بریاری تاوانی دژی مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ ی وەرگرت.
تاوانباران لە کەیسی پاکتاوی رەگەزی
علي حسن المجيد / اياد فتيح خليفة الراوي / قيس عبد الرزاق محمد جواد / محمد زمام عبد الرزاق /احمد حسين خضير / هاشم حسن المجيد/ محمود فيزي الهزاع / فرحان مطلك صالح / محمد مهدي صالح / مزبان خضر هادي / لطيف نصيف جاسم / سعدون شاكر محمود / طارق عزيز عيسى.
سرینەوەی ئاسەواری پاکتاوی رەگەزی و چارەسەرکردنی کێشەی گۆرانکاری دیموگرافی و سنور ئیدارییەکان تا وەکو ئێستا وەک خۆی بێ چارەسەر ماوەتەوەو دادپەروەری بەسەر خەڵکی زیانلێکەتوو جێبەجێ نەکراوە و ماف بۆ خاوەن ماف نەگەراوەتەوە زۆربەی تاوانباران سزای خۆیان وەرنەگرت.
تەنانەت حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی دوای رووخانی رژێمی بەعس تاوەکو ئێستا پێداگرییان لەسەرئەم سیاسەتە کردووە سەرەڕای هەبوونی مادەی ١٤٠ی دەستورو لێژنەی باڵای جێبەجێکردنی، تعریب بەردەوامە و بە بەڵگە و داتا و ئامار کە لەسەر بنەمای سەرژمێرییەکانی حکومەتی عێراق لە ماوەی ساڵانی جۆراوجۆدا نیشان دراوە کە چۆن کاریان لەسەر گۆرانکاری دیمۆگرافی کردوە.
Leave feedback about this