کۆمەڵکوژی ، راگواستن، بۆردومانکردنی شاری قەڵادزێ -1974
شاری قەڵادزێ (بە ئینگلزی: Qaladze، بە عەرەبی: قلعةدزة ، بە فارسی قلعە دیزە) یەکێکە لە شارەکانی هەرێمی کوردستان و ناوەندی قەزای پشدەرە، سەر بە پارێزگای سلێمانییە.
له رۆژی ١٩٧٤/٤/٢٤ فڕۆکه جهنگییهکانی ڕژێمی بهعس، شاری قهڵادزێ و زانکۆی سلیمانی لەو شارە به چهكی قهدهغه كراوی جۆری بۆمبی ناپاڵم و فڕۆکەی (سوخۆی ڕووسی و باجەری فەڕەنسی و میگی ڕووسی) بۆردومان دەکەن، لە ئەنجامی بۆمباران لەم رۆژەدا شاری قەڵادزێ و زانکۆ کە ئەو کاتە زانکۆی سلێمانی تازە گوازرا بۆوە بۆ قەڵادزێ خەڵتانی خوێن کرا ئەو بۆردومانە بووە هۆكاری وێرانكردنی شارەكە و شەهیدبوونی ١٦٣ قوتابی و هاوڵاتی و برینداربوونی زیاتر لە ٣٠٠ کەس كە ژمارەیەكی زۆریان قوتابیانی زانکۆی سلێمانی بوون کە لە بەشە ناوخۆییەکان مابوونەوە. هەروەها هەریەک لە سەرۆکایەتی زانکۆ و نەخۆشخانەی قەڵادزێ و فەرمانگەی شارەوانی و فەرمانگەی قایمقامیەت و قوتابخانەی قەڵادزێی کچان و قوتابخانەی ناوەندی قەڵادزێ، لەگەڵ ٢٧ ماڵ و ٤٠ شوێنی گشتی و تایبەت بەر بۆمبارانەکە کەوتن. لەگەڵ زەوی تەخت کران.
چارەنوسی فروکەوانانی بۆردومانی قەڵادزێ
ئەو فڕۆکانەی لە ٢٤/٤/١٩٧٤ قەڵادزێ و ٢ رۆژ دواتری هەلەبجەیان بۆردومان کرد، لە بنکەی ئاسمانی کەرکوک هاتبوون ، فەرماندەی ئەو بنکەیە تاوانبار ( رائیدی فروکەوان سالم سوڵتان عەبدوڵڵا بەسۆ) بوو،خۆی راستەوخۆ سەرکردایەتی ئەو پۆلە فڕۆکەیەی دەکرد.
ئەو دواجار پلەکەی بەرزکرایەوە بۆ لیوا روکنی فڕۆکەوان، لە ساڵی ١٩٩٣ لەگەڵ ژمارەیەک ئەفسەری هەرە دڕندە بە تایبەتی کامل ساجت و بارق عەبدوڵڵا حنتە ، بە تۆمەتی کارکردن بۆ ئەنجامدانی کودەتا لە دژی سەدام حسین ، گوللە باران کران.
ڕاگواستنی بە زۆرە ملێ نێوان 1977- 1981
لە ساڵی ١٩٧٧ دانیشتوانی گوندەکانی بناری چیای قەندیل بە زۆر راگوێزران و ١٩٧٨ و دواتر لە ساڵی ١٩٨١ خەڵکی گوندەکانی دەوروبەری قەزای قەڵادزێ بە زۆرەملێ راگوێزران بۆ کۆمەڵگا زۆرەمللیەکان بە شێوەی خوارەوە:
گواستنەوەی دانیشتوانی ١٣ گوند بۆ شارۆچکەی چوارقوڕنە.
گواستنەوەی دانیشتوانی ٩ گوند بۆ کەمپی زۆرەملێی کۆمتان.
گواستنەوەی دانیشتوانی ٤ گوند بۆ کەمپی زۆرەملێی عەنزا.
گواستنەوەی دانیشتوانی ٤٣ گوند بۆ کەمپی زۆرەملێی باسستێن.
گواستنەوەی دانیشتوانی ١٧ گوند بۆ کەمپی زۆرەملێی توە سوران.
گواستنەوەی دانیشتوانی ٢٧ گوند بۆ کەمپی زۆرەملێی پێمەلەک.
گواستنەوەی دانیشتوانی ١٢ گوند بۆ کەمپەکانیتری لە دەرەوەی ناوچەکە.
راپەڕینی قەڵادزێ – ١٩٨٢/٤/٢٤.
لە رۆژى ١٩٨٢/٤/٢٤ بۆ یادەوەری شەهیدان و قوربانیانی بۆردومانەکەی قەڵادزێ، خەڵکی قەڵادزێ كاتێک كە خەڵكی شارەكە بە سەرپەرشتی خوێندكاران لە گۆڕستانەكەوە دەگەڕێنەوە نێو شار خۆپیشاندانێکی جەماوەرییان بۆ پرۆتۆستۆکردنی سیاسەتەکانی رژێمی بەعس ئەنجامدا، کە دواتر هەموو کوردستانی گرتەوە و بە راپەڕینی قەڵادزێ ناسراوە لەو خۆپێشاندانە لەلایەن هێزە ئەمنیەكانی ڕژێمەوە ڕێیان پێ دەگیرێت و تێک هەڵدەچن، پاشان زرێپۆش و بنكە سەربازییەكانی گردەكانی شارەكە بە چەكی دۆشكا تەقە لە خەڵكەكە دەكەن.هەروەها دوو خوێندكاریش بە گوللە بریندار دەبن و “٤٩” خوێندكاری كوڕ و كچ و “٥٠” منداڵیش دەستگیر دەكرێن. چەندین هاووڵاتی شەهید و کران. ئەو راپەرینە چۆکی بەڕژێمی بەعس دانا کەلەترۆپکی بەهێزیدابوو.
ڕاگواستنی زۆرە ملێ قەڵادزێ – ١٩٨٩
قەڵادزێ بەهۆی چالاکی و ناوچە جوگرافییەکەیەوە بەردەوام بۆردومان کراوە و بەسەدان کەس بوونە قوربانی، لە ساڵانی شەستەكانەوە، ئەم شارە بۆ هەمیشە جێی ئامانجی بۆردومانی فڕۆكە و هێرشە یەك لەدوایەكەكانی هێزی سەربازیی عێراق بووە،
لە سەردەمی عبدولسەلام عارف لە ساڵ١٩٦٣ و سەردەمی عبدولرەحمان عارف لە ساڵی ١٩٦٦ بوردومان کراوە .
زۆربەی كات هاووڵاتیانی ئەم شارە لە ئاوارەیی و دەربەدەریدا بوون .
دواین قۆناغی ڕاگواستنی بەزۆرەملێی سنوری قەزای پشدەر و شاری قەڵادزێ كە لە ١٩٨٩بوو كە قەزای پشدەر بەتەواوی كرا بەناوچەی قەدەغەكراو.
و قەڵادزێ و ناحیەكان و گوندەكان و ئۆردووگانیش لەگەڵ زەویدا تەخت كران و رەزو باخەکانیان سوتێندراو و کانیاوەکانی ووشک کران.
دواتریش ڕژێمی عێراق لە ١٩٨٩/٦/٢٠ و لە ماوەی ٦ ڕۆژ دانیشتوانی پشدەر بە گشتی لە قەڵادزێ و سەنگەسەر و هێرۆ و ژاراوە بە زۆر راگوێزران و دەر کران بۆ ئۆردوگا زۆرەملێیەکان لە حاجیا و پیرەمەگروون و بازیان و باینجانە و تەیناڵ و کۆمەڵگەی دارەتوو و خەبات و کەورگۆسک و جەدیدەزاب و تۆبزاوە، خانوو و قوتابخانە و شوێنی گشتی و مزگەوتی شارەکەش هەموو تەقێنرانەوە و شارەکە بە ناوچەی قەدەغە دیاری کرا.
قەڵادزێ لە نێو جەنگی عێراق و ئێران
لە ماوەی جەنگی نێوان عێراق و ئێراندا، قەڵادزێ چونکە لەسەر سنوور بووە بەردەوام تووشی تۆپباران و بۆردومان هاتووە، بەو هۆیەشەوە نزیکەی ١٠٠ هاوڵاتی شارەکە بوونەتە قوربانی.
کەیسی قەڵادزێ لە دادگای باڵای تاوانەکانی عیراق
لەدوای پرۆسە ئازادی عێراق و دامەزراندنی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق کەیسی بوردومانی قەڵادزێ و کۆمەڵکوژی و راگواستنی بە زۆرە ملی خەلکی ناوچەکە وەرگیراو و لە ساڵی ٢٠١٤ توانرا لە دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق بە بەڵگە و دۆسیەی تایبەت ئەم تاوانە بە کۆمەڵکوژی بسەلمێنن.بەڵام تاکو ئێستا بریاری لەسەر نەدراوە.
Leave feedback about this