تاوانی کۆمەڵکوژی گوندی صوريا
صوریا گوندێکى بچکۆڵانەى دەشتى سلێڤاناى سەر بە قەزاى زاخۆیە کە چەند کیلۆمەترێک لە فیشخابوورەوە دوورە، هەروەها دەکەوێتە سەر کەنارى لاى چەپى ڕووبارى دیجلە لە سیگۆشەى سنوورى وڵاتانى سوریا- تورکیا- عێراق ژمارەى دانیشتوانى نزیکەى 20 خیزانی کوردی موسلمان و مەسیحی بوون. کاروبارى ڕۆژانەیاندا سەرقاڵى کشتوکاڵ و ئاژەڵدارى بوون.
لە 16ی ئەیلولی ساڵی 1969، سوپای عێراق موسلمان و مەسیحییەکانی گوندی صوریا، پیر و گەنج، ژن و پیاو، کە قەشە و پیاوی ئائینی و موختاری گوندەکەشیان لەگەڵدا بوو بە شێوەیەکی دڕندانە 39 کەسیان کۆمەڵکوژ کرد. 25 مەسیحی و 14 موسلمان و ٢٧ کەسیش بریندار بوون.
لە 16ی ئەیلولی ساڵی 1969 ئۆتۆمبێلەکانی سوپای عێراق لە گوندەکانی دەوروبەری پارێزگای دهۆکدا دەسوڕانەوە و یەک بە یەک ماڵەکانیان دەپشکنین و خەڵکی گوندەکانیان ئەشکەنجە دەدا. لەنزیک گوندی صوریا، مینێکی چێندراو تەقیەوە و بەهۆیەوە یەکێک لە ئۆتۆمبێلە سەربازییەکان تێکشکێندرا و سەرجەم سەرنشینەکانی کوژران و برینداربوون. بەهۆی نزیکیی گوندەکە لە شوێنی ڕووداوەکە، هەر لە دوای رووداوەکە چەند هێزێکی سەربازی بە مەبەستی تۆڵەسەندنەوە بەرەو گوندەکە ڕۆیشتن کە بەرە بەیانی ئەو رۆژە لە وێ نانی بەیانیان خورادەبوو. کاتێک دانیشتووان کاروانی سوپاکەیان بینی بەرەو ئەوان دێنەوە، مام خەمۆ موختاری گوندەکە و قەشەیەکی ئایینی کە لە دهۆکەوە بۆ مەراسیمێکی ئایینی هاتبوو گوندی صوریا، بە ئامانجی پێشوازیکردن لە سەربازەکان و ڕێگریکردن لە هەر زیانێک بەرو پیریان چوون. بەڵام لەگەڵ گەیشتنیان بۆ لای سەربازەکان ئەفسەرێک بە ناوی عەبدولکەریم جحێشی هەبووە گوتی دەزانن ئەوەی تەقەی لە ئێمە بکات چی بەسەر دێت ئەوان گوتیان ئێمە ئاگامان لە هیچ نیە، لە وەڵامدا جحێشی قسەی ناشیرینی پێگوتن، پاشان سوپا گوندەکەیان گەمارۆدا و بە زۆر ژن و منداڵ و گەنجەکانیان لە ماڵەکانیان دەرکرد. ژن و پیاویان لە یەکتر جیا کردوە لەناو سیاجێ ئاژەڵەکاندا زیندانی کران و سەرەڕای هاوار و بانگەوازی ژن و منداڵ، سەربازەکان تاوانی ترسناکیان ئەنجامدا لە وانەش کوشتنی ژنێک بە حەوت گوللە لە کاتێک هاواری کرد بۆ وامان لێدەکەن.
دواتر هەمووانیان دەستبەجێ گوللە باران کردن. ٣٩ کەس دەستەبەجێ گیانیان لە دەست دا و ٢٧ کەس بریندار بوون. جگە لە چەند کەسێک کە توانیان پێش هاتنی سوپا هەڵبێن یان بۆ کاری تر گوندەکەیان جێ هێشتبوو. تەنانەت پێنج منداڵیان دۆزیەوە کە لەناو مەخزنێکەدا خۆیان حەشاردابوو و کوشتیان. بە گشتی جگە لە دزینی هەموو سامانی گوندەکە، بە بڕینی دەست و پەنجەی ژنان بۆ بەدەستهێنانی ئەڵقە و ملوانکەی زێڕ،لە کۆتاییدا سوپا ئاگری لە ماڵەکان بەردا و تەواوی گوندەکەی وێران کرد. بەرنامە و سیاسەتی رژێمی بەعس لە وێرانکردنی گوندەکان و کوشتنی خەڵک گەیشتە لوتکە، کۆی گشتی قوربانییەکان گەیشتە 39 کەس کە 9 ژن و 11 منداڵیان تێدایە. هەموویان لە دوو گۆری بەکۆمەڵ لە نزیک گوندەکە بە خاک سپێردرابوون، یەکێکیان بۆ ژنان و یەکێکیان بۆ پیاوان.
دوای ڕزگارکردنی عێراق و ڕووخانی ڕژێمی بەعس، ئەم تاوانە ئاشکرا بوو، هەروەک تاوانەکانی دیکەش. دۆسیەکە ڕەوانەی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق کرا. بەداخەوە بەهۆی جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدانی سەدام حوسێن لە دۆسیەی کۆمەڵکوژی دوجەیل و بچوککردنەوەی قەبارەی دادگاکە، ئەم دۆسیەیە لەگەڵ باقی دۆسیەکانی دیکە وەک خۆی ماوەتەوە، ئەمەش گومانی زیاتری لەسەر بەدواداچوون بۆ دادپەروەری لە عێراق هێنا ئاراوە. لە ساڵی 2011 لە گوندی سۆریا گۆڕی بەکۆمەڵ لەلایەن وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و تیمی تایبەت گۆڕەکان هەڵدرانەوە و رەوانەی پزیشکی دادی هەولێر کران و پشکنینی DNA بۆ ناسینەوەی قوربانییەکان ئەنجامدرا، کە دواتر لە مەراسیمێکدا لە هەمان گوند بە خاک سپێردران و مۆنۆمێنتێک لەسەر مەزاریان دروست کراوە.
Leave feedback about this