تاوانەکان

تاوانی کانی عاشقان و راپەرینی هەڵەبجە -1987

لە پاییزی ساڵی 1975 و لە ئەنجامی پەیماننامەی جەزائیری نێوان سەدام و پاشای ئێران بۆ کۆتایی هێنان بە شۆڕشی ئەیلولی گەلی کوردستان، لە یەکێک لە بڕگەکانی پەیماننامەکەدا هاتووە دەبێ سنوری هەر دوو وڵات بە قووڵایی 20 کیلۆمەتر لە ناو خاکی هەر یەکیان وەک پشتێنەیەکی ئەمنی چۆڵ بکرێت و ئەویش بەدەر کردن و راگواستنی بە زۆری دانیشتوانی گوندەکان بۆ کەمپەکانی زۆرەملێ. بێگومان ئەم برگەیە تەنها لە عێراق جێبەجێکرا.
لە ساڵی ١٩٧٨دا هەورامان و هەموو گوندەکانی گواسترانەوە جگە لە بیارە و تەویلە، بەڵام دوای دەستپێکردنی شەڕی ئێران و عێراق لە ساڵی ١٩٨١، بەهۆی بۆردومانی یەک لە دوای یەک، ئەو ناوچانەش چۆڵکران بۆ ئۆردوگای زۆرەملێ و خاپوورکران، بە واتایەکی دیکە لەو کاتەدا هۆرامان یەکێک بوو لە ناوچە قەدەغەکراوەکان و هەموو دانیشتووانەکەی یان لە هەڵەبجە بوون یان لە کەمپی زۆرەملێدا بوون.
حکومەتی بەعس لەگەڵ دەستپێکی شەڕی عێراق- ئێران هەستا بە توند کردنی زیاتری پشتێنەی ئەمنی بە گوشار خستنە سەر خەڵکی گوندەکان لەم ناوچانە لە سنورەکانی لەگەڵ حکومەتی ئێران و ئەو پانتاییە بەر فراوانتر کرد ئەویش لەڕێگەی ڕاگواستنی دانیشتوانی گوندە سنوریەکان .
لەبەر ئەوەی ھەڵەبجە دەکەوتە سنوری عێراق-ئێران، حکومەتی بەعس دەستی بە ڕاگواستنی گوندەکانی سەربە ھەڵەبجە و نزیك لە سنوری ئێران کرد
لە کۆتایی مانگی 4/1987 ڕژێم لەڕێگەی موختارەکانەوە هەمو گوندەکانی ئاگادار کردبوەوە کە دەبێ لەماوەیەکی زۆر کورت چۆڵێ بکەن و بێن لە ناوشارەکاندا جێگیر ببن تاکو خانەو لانە و شوێنی پشوی پێشمەرگە نەمێنێت. ئەم بڕیارە زۆر قورس بوو لەلای خەڵکی ناوچەکە و بە تێپەر بوونی کات گەیشتە لوتکە بەجۆرێك نەك گوندە سنوریەکان بگرە گوندەکانی نزیك لە ھەڵەبجە و ڕێگا سەرەکیەکان ڕاگوێزران.
هەموو ئەوانەش لەدوای فەرمانی سەدام حسینی دیکتاتۆر بە دانانی عەلی حسن المجید بە بەرپرسی رێکخستنەکانی باکووری حیزبی بەعس بە پێدانی دەسەڵاتێکی رەها بە بریاری ژمارە ١٦٠ لە ساڵی ١٩٨٧ لە هەموو ناوچە ئۆتۆنۆمییەکان بە کوردستانیشەوە.
بە پێی بریارەکە لە ئەو ناوچانەی کە دیاریان دەکەن بوونی مرۆڤ وئاژەڵ تێیدا بەتەواوی قەدەغەیە، وە بە ناوچەیەکی قەدەغەکراو دادەنرێت، وتەقەکردن تێیدا ئازادە وبە هیچ ڕێنماییەک سنووردار نەکراوە، ھەر ھاوڵاتیەکی دانیشتوی ئەوگوندانە بگەڕایەتەوە گوندەکەی دەدرایە بەر گولە و شەھید دەکرا .

خەڵکی ھەڵەبجە و دەوروبەری چەندین جار داوای ڕوونکردنەوەیان لە بەرپرسانی ئەوکاتی ڕژێمی بەعس لە ھەڵەبجە کرد لەسەر ھۆکاری ئەو ڕاگواستنانە بەڵام ھیچ وەڵامێك نەبوو ،چۆن دەکرێ ناوجەیەکی کشتوکاڵ و ئاژەڵ داری چۆڵ بکرێ و ئەو هەمو خەڵکە بێ کارو بەرهەم دابنیشی، بۆیە مل دان بۆ ئەم بڕیارە زۆر ئەستەم بوو، لەبەر ئەوە لەناو خەڵک و چین و توێژی ڕۆشنبیرو لاوی هەڵەبجە و شارەکانی تری ناوجەکە بیر لەرێگە چارەیەک کرایەوە ئەویش خۆپیشاندان و راپەڕین بوو دژی ئەم بڕیارە، بۆیە خەڵکی ھەڵەبجە و ھەورامان و شارەزوور پێکەوە خۆپیشاندانێکیان دژی ئەم ھەڵمەتی ڕاگواستنە لە ١٩٨٧/٥/١٣ لە ھەڵەبجە ڕێکخست. خۆپیشاندانەکە لە گەڕەکی کانی عاشقانەوە دەستی پێکرد و دواتر گەشتە گەڕەکی کانی قوڵکە ، ڕژێمی بەعس کاتێك زانی خۆپیشاندانەکە بەرفراوان بووە ، ھێزی سوپا و ئەمن و ئیستخباراتی ڕاسپارد ھێرش بکەنە سەر خۆپیشاندەران، ئەوانیش بەشێوەیەکی ھەڕەمەکی تەقەیان لە خۆپیشاندەران کرد .
لەکاتی پەڕێنەوەدا لە ناوەراستی بازاڕدا بەرەو گەرەکی کانی عاشقان و مزگەوتی گەورە مەخابن بەهۆی دەسترێژی دۆشکای سەر بانی سەرای هەڵەبجە خۆپیشاندەریک شەهید بوو بەناوی “مەریوان حەمەڕەشید” و دەیان کەسی دیکە برینداربوون و گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەی عەنەب.
دواتر ڕژێمی بەعس لەڕێی کۆپتەری جەنگیەوە کەوتە بۆردومانی کوێرانەی گەڕەکەکانی ھەڵەبجە بەتایبەت ئەو شوێنانەی کە گومان دەکرا خۆپیشاندەران خۆیان تیادا حەشاردابێت ، بەوھۆیەشەوە ژمارەیەك ماڵ وێران بوون و چەند کەسی دیکە شەھید بوو.
علی حسن مجید کە ئەوکات بەرپرسی ڕێکخستنەکانی باکوری حیزبی بەعس بوو ، فەرمانێکی دەرکرد کە ئەوکەسانەی برینداربوون و لەنەخۆشخانەی عەنەبن بکوژرێن، و ھەر شوێنێك تەقەی لێوەکراوە یان تەقەی لێوە دەکرێت بۆمباران بکرێت یان لەڕێی بلدۆزەرەوە وێران بکرێت .
هێزی سەربازی دوای عەسر گەمارۆی خەستەخانەی عەنەبی هەڵەبجەی دا بە پێی ئەم بڕیارە ئەو بریندارانەی لە نەخۆشخانەی عەنەب بوون لەگەڵ مرافقەکانیان کە ژمارەیان ٢٥ کەس بوو دەستگیرکران و ڕاپێچی سەربازگەی هەڵەبجەیان کردن. بە گوتەی شاید حاڵێک دواتر بە دەستو چاوبەستراوی گولەباران کران و هەر بە برینداری و نیوە زیندوویی لەناو گۆرێکی بەکۆمەڵ لەپشتی سەربازگەکە کە دەکەوێتە نیوان هەڵەبجە وگوندی بمۆک شاردرانەوە.
لەدوای راپەڕین و نەمانی سەربازگەکە خەڵکی هەڵەبجە خەریکی دروست کردنی خانوو وپرۆژەی شاروانی بوون کە گۆرە بەکۆمەلەکەیان دۆزییەوە و بەهۆی ناسنامەکانیانەوە زانرا هی راپەرینەکەی ١٣/٥/١٩٨٧بوون.

لەو رۆژەدا گەرەکی کانی عاشقان کە یەکێک لەگەرەکە کۆنەکانی هەڵەبجەیە زیاتر لە 350 ماڵ بە داینەمیت (TNT) تەقینرایەوە، تەخت زەوی کراو خەڵکەکەی دەربەدەر کران. هەر لەھەمان ڕۆژدا ئەو ھاوڵاتیانەی ناوچەکانی ھەورامان و ھەڵەبجە لە سلێمانیەوە دەگەڕانەوە کە ژمارەیان ٢٦ کەس بوو لەنێوان ھەڵەبجە -سەید سادق دەستگیرکران و لە سەربازگەی گوندی شانەدەری زیندەبەچاڵ کران.

هاوکات لەگەڵ راپەرین و خۆپیشاندانی شاری هەڵەبجەدا، لە شارەدێی سیراون بەهەمان شێوە خەڵک دژی ستەمی ڕژێم راپەری. هەروەها خەڵکی سەید سادق لە ھەمان ڕۆژدا ئامادەکاریان کرد خۆپیشاندانێك بۆ پشتیوانی خەڵکی ھەڵەبجە ئەنجام بدەن، بەڵام ھەرزوو ھێزەکانی ڕژێم ڕووبەڕوویان بوونەوە و ٨ ھاوڵاتی شەھید کران و گەرەکی حەسار لە شاری سەی سادەق خاپور کرا.
لە راپەرینی هەڵەبجە ڕژێمی بەعس چەندین تاوانی دەرهەق بە خەڵکی سنوری هەڵەبجە و هەورامان و شارەزور ئەنجامدا. لەوانەش گەرەکی کانی عاشقان کە یەکێک لەگەرەکە کۆنەکانی هەڵەبجەیە زیاتر لە 350 ماڵ بە داینەمیت (TNT) تەقینرایەوە، تەخت زەوی کراو خەڵکەکەی دەربەدەر کران. گەرەکی حەساری لە سید سادق وێران کرد. جگە برینداربوونی سەدان کەس و ئاوارەبوونی زیاتر لە ٣ ھەزار ھاوڵاتی ھەڵەبجە، ٧٩ کەس شەھید بوون.

لەدوای هەفتەیەک و دامرکاندنەوەی خۆپیشاندان لە سنورەکەدا بەهەزاران کەس ڕویان لە ولاتی ئێران کردو شەوانە لە سنورەکان دەرباز دەبوون تاکو خۆیان ڕزگار بکەن لە دۆزەخی بەعس، ئەمە یەکەم وەجبەی ئاوارەیی خەلکی کوردستان بوو کە لەدژی ستەم کۆچیان کرد بۆ وڵاتی ئیران لە دوای کوچ و ئاوارەیی خەڵکی کوردستان لە سالێ 1974 لەکاتی شۆڕشی ئەیلولدا.

کەیسی تاوانی کانی عاشقان و راپەرینی ١٩٨٧/٥/١٣

تاوانی کانی عاشقان دوای ڕوخانی ڕژێم وەک کەیسێکی یاسایی لە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق وەرگیرا بە ژمارە (٢/ج٥/ ٢٠٠٩) لە دەستەی پێنجەم بەسەرۆکایەتی دادوەر (عبود مستەفا حەمامی) ، ھەردوو پارێزەر (بەکر حەمە صدیق و گۆران ئەدھەم) وەک پارێزەری بەرگری لە خەڵکی ھەڵەبجە ئەم کەیسەیان بەڕێوەبرد .
دوای سێ دانیشتن و گوێگرتن لە چەند شایەت حاڵێك لە دواین دانیشتن کە دانیشتنی چوارەم بوو لە ٢٠١٠/١/٢٧ دادوەر عەبود مستەفا حەمامی ڕایگەیاند کە تاوانباری سەرەکی ئەم کەیسە کە (علی حسن مجید ) لە سێدارە دراوە بە بەڵگەنامەی مردنی ژمارە(٢٥٠٩٠٧) کە لەبەرواری ٢٠١٠/١/٢٥ دەرچووە، بەوەش کەیسی ڕاپەڕینی ٥/١٣ و گەڕەکی کانی عاشقان داخرا بێ ھیچ دەرئەنجامێکی لێ بکەوێتەوە .

Leave feedback about this

  • Rating

PROS

+
Add Field

CONS

+
Add Field
Choose Image
Choose Video