عەدالەت عومەر
نوسەر و لێکۆڵەری بواری جینۆساید
٢٠٠٢/٢/٢٢
شاڵاوەکانی ئەنفال قۆناغی یەكەم و دووەم بە پێی بەڵگەنامەكانی رژیم – ١٩٨٨
شاڵاوی ئەنفالی یەکەم
شاڵاوی ئەنفالی یەکەم لە 23ی شوبات تا 19ی ئاداری 1988 ئەنجامدرا، هێرشەکانی سوپا رژێمی بەعس بۆ ناوچەكانی دۆڵی جافایەتی و شار باژێر، سەرگەڵوو بەرگەڵوو لەسێ لای سەرەکی و لە چەندین قۆلی جیاواز بە توندی دەستی پێكرد. بە پێی بەڵگەنامەکانی رژێمی بەعسی رووخاو لە نێوان ٢٣-٢٦ شوباتی ١٩٨٨ دەستی پێکردوە و بە پێی قسەی شایدحال و پێشمەرگە و لێدوانی خەڵکی ناوچەکە ئەنفالی یەکەم لە ٩ی شوبات دەستی پێکردە بوو. ئەم شاڵاوە بە سەركردایەتی لیوا روكن سۆلتان هاشم* فەرماندەیی فەیلەقی یەك و بەشداری لیوا رۆكن نوعمە فارس حوسین فەرماندەی فەیلەقی پێنج، بەسەرپەرشتی راستەوخۆی فەریقی یەكەمی روكن عەدنان خەیروڵلا وەزیری بەرگری و عەلی حەسەن مەجید بەرپرسی بیرۆی باكوری حیزبی بەعس، سەرۆكی ئەركانی سوپا بۆ كاروباری ئەركانی سوپا، فەریقی روكن نزار عەبدولكریم خەزرجی یاریدەری سەرۆكی ئەركانی سوپا بۆ كاروباری ئۆپراسیونەكان و فەریق حوسین رەشیدمحەمەد تكریتی جێبەجێ کرا.
سەرەتای دەستپێكردنی هێرشەكان واپێ دەچێت لەكاتژمێر یەكو نیو یان دووی شەوی 23ی شوبات بوو بێت كەوا خەڵكی یاخسەمەرو سەرگەلۆ وبەرگەڵوو لەتاریكی وباراندا بەدەنگی ناڵەو لرمەی تۆپ و ڕاجیمە بەئاگاهاتنەوە، سەرگەڵوو گوندێك بوو كەوا زیاتر لەشارۆچكەیەك دەچوو نزیكەی 500 ماڵ دەبوو، ژمارەی دانیشتوانیشی خۆی لە 3500 كەس دەدا، دیارە گرنگی ئەم شوێنە هەروەك باس دەكرا بۆ هێزی پێشمەرگە شوێنێکی لۆجێستی بوو چونكە ماوەی چەندمیلێكی كەم كەوتبووە رۆژ هەلاتی بەنداوی دوكان كەسەرچاوەیەكی گەورەی دابینكردنی كارەبایە بۆ شارەكانی سلێمانی وكەركوك، رێو شوێن و پێگەو بنكەو بارەگاكانی هێزی پێشمەرگەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان PUK لەو ناوچەیەدابوو، بەڵام ئامانجی سەرەكی رژێم لەم هێرشانەدا بەتەنیا پێكان وداگیركردنی بنكەو بارەگاكانی پێشمەرگە نەبوو، بەڵكو داگیركردنو وێرانكردنی سەرجەم گوندو دێهاتەكانی ئەو دۆڵەش بوو كەوا نزیكەی 25 تا 30 گوند دەبوون.
بەپێێ ووتەی شاید عەیان و سەرچاوەكان وەک رۆژنامە و گۆڤارەکان و بەڵگەنامەکانی رژێمی بەعس لەنێوان 200- 250 كەس لەو گەمارۆدانەدا شەهید بوون. لەسەرەتای مانگی ئاداردا ئەم گوندانە یەك لەدوای یەك داگیركرانو تانكو زریپۆشەکانی سوپا سەرەڕای بەرگری زۆری هێزی پێشمەرگە هێڵەكانی بەرگریان تیكشاندو دواتریش لەلایەن دەستەكانی ئەندازیاری سوپا بە بلدۆزەر گوندەكانیان تەختی زەوی كرد. لە دۆڵی جافایەتیو گوندی یاخسەمەر لەلایەن سوپای رژێمەوە لەسێ لاوە ئابلۆقەدرابوو تەنها رێگایەكی هەڵاتنی لەلای رۆژهەڵاتو سنووری ئێرانەوە هێشتبۆوە كەپانتاییەكەی (12) میل دەبوو. بەڵام حاڵەتێك لەم شاڵاوە بەدیاردەكەوێت ئەویش ئەوەیە كەهێزەكانی رژێم لەگەڵ جاشەکان ڕاو و روتی تەواوی گوند و دیهاتەکانیان دەکرد و مەبەستیان گرتنی ئەو خەڵكەی كە بەرەو سنووری ئێران هەڵدەهاتن نەبوو، دیارە ئەو حاڵەتەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لە دەستپێکی شاڵاوی ئەنفال مەبەستیان چۆڵکردنی گوندەکان و رووخاندنیان بوو و ئەوەی سەرپێچی کردەبا بە پێی بریاری ٤٠٠٨ و ناوچەی موحەرەمە دەستبەسەر و گولەباران دەکران. بەڵام پرۆسەی بێسەرو شوێنكردنی بەكۆمەڵی خەڵكی كوردستان نەببوو ڕێبازی سیاسەتی ڕاستەوخۆی ڕژێم.
لەبەرە بەیانی 23ی شوباتدا هێزە زەمینییەكانی رژێم لەهەموو لایەكەوە پەلاماریدا، ئەوسوپایەی گەمارۆی بنكەو بارەگاكانی دابوو هێزێکی زۆر گەورە بوو لەپەرژینێك دەچوو كەئەوناوچەیەی لەبەشەكانی تری كوردستان داببڕێت، هیڵی بەرە رێك بۆماوەی چل میل درێژ بو بۆوە، لەبنگردی رۆخی خۆرهەڵاتی دەریاچەی دووكانەوە تاسلێمانی وشارۆچكەی ماوەت وچوارتا، هێزەكانی پێشمەرگە زیاتر لەسێ هەفتە توانیان بەرگریی سەخت بكەن، بەڵام دواتر سوپای رژێمی بەعس تێكی شكاندن، هەروەها رژێم لەرێگای ئەو ڕاپۆرتە نهێنیانەی هەواڵگرییەوە (الاستخبارات)و دائیرەی ئەمنی سلێمانیو فەیلەقی یەكەوە دەردەچون ئاگاداری ئەوەیان هەبوو كەوا كارێكی هاوبەشو هەماهەنگییەكی سەربازی لەنێوان هێزی پێشمەرگە کە ئەوان (یاخیبوو بە كرێگیراو) ناویان دەهینان لەگەڵ سوپای ئێراندا هەیە، بەپێی ئەو هەواڵانەی هەواڵگری عێراقی لە سوپای پاسدارانی هەبوو كەوا لەبنكەو پێگەكانی كاری خۆیان ئەنجام دەدەن لەم هێرشانە فرۆكەی باڵ چەسپ (الاجنحە الثابتە) لەجۆری (سۆخۆی، مێراج، مێك) خرانە كار بۆ هێرش كردنە سەر بنكەو بارەگاكانی پێشمەرگە، هەروەها جۆرە فرۆكەیەكی تر بەكارهات كە (پیلاتۆز)ی پێدەوترا، لەدروستكراوی سوێسرا بوو، شایەنی باسە لەهەرپەلامارێكدا 15 تا20 فِرۆكە بەیەكەو هێرشیان دەكردو بنكەو بارەگاكانیان دەپێكادوای هێرشە چڕو پڕەكانی رژێم و داگیركردنی ئەوناوچانە زۆربەی هێزەكانی پێشمەرگە پاشە كشەیان كردو بەڵام كەبینیان هێزەكانی رژێم لەهەموولایەكەوە رێگایان لێگرتون ئەمجارە رێگای باكوریان گرتەبەرو بەرەو چیاكانی قەندیل لەسەر سنووری ئێران نزیك حاجی ئۆمەرانو هەندێكیشیان بۆ قەراخ دەریاچەی دۆكان رویشتن.
بەیانی فڕۆكە جەنگییەكانی رژێم بەسەر ئەوانەی دەربازببونو ڕایانكردبوو سوڕانەوەو پەڕە شوتیان خستە خوارەوە، لە كاتژمیردووی دوای نیوەڕۆی ئەو ڕۆژەش شەش فڕۆكەی تر دیسان گەرانەوە سەریانو بۆمباكانیان خستە خوارەوە، ئەم ناوچەیە خەڵكێكی زۆری لەخێزانی راكردوو وپێشمەرگە ڵی بوو كەزۆربەیان لەو خیوەتانە دا دەژیان كەهەڵیاندا بوو، لەم هێرشە ئاسمانیەدا وامەزندە دەكرێت كەنزیكەی (28) كەس كوژرابنو (300)كەسیش بریندار بووبن.
بێگومان هێزێكی ئێجگار زۆر بەهێز كەلەچەندین لیواو فەوجی سەربازی پێكهاتبوو لەژیر فرمانی سەركردەی ئەم فەیلەقە دابوو كەدەیان كەتیبەی تۆپو دەبابەو زریپۆشو هێزی ئاسمانی پاڵپشتی بوون ئەوە وێرای دەیان فەوجی سوكو مەفەرزەی تایبەت كەلە جاشە كوردەكان پێكهاتبوو بەشداری ئەم شاڵاوەیان كرد. دوای ئەوەی رژێم بەشێوەیەكی فەرمی لە سەردێڕی راپۆرت و دەنگو باسی ئەنفالی لە میدیاكانی خۆی بڵاوكردەوە و هێزەكانی عیراق لەگەڵ جاش و موستاشارەكان تێكشكاندنی بارەگای سەركردایەتی (ینك)یان راگەیاند. بۆ ئەم مەبەستەش سەدان برۆسكەی پیرۆزبایی و پیاهەڵدان لە لایەن جاش و موستشارەکان بۆ سەدام حسین نێردرا ، سەردێری رۆژنامە و گۆڤارەكانیان باسی سەركەوتنی شاڵاوەی ئەنفالی یەك لە سەر چیاكانی كوردستان بوو، شادی و خۆشحاڵی جەماوەری هەولێر و سلیمانی و دهۆكیان بڵاوكردەوە کە سڵاویان بۆ عەمەلیاتی ئەنفالی قارەمان دەنارد.
لە ئەنجامی راوەدوونانیان لە سەنگەرە مەحكەمەكانی چیاكانی جافایەتی لە لایەن هێزی زەمینی عێراقەوە پێشمەرگە و گوندنشینەكانی ژێر دەسەڵاتیان بەرەو ئێران هەڵاتن و لە بارودۆخی بفر و زستانی سەختدا لەو شاخە بەرزانە بە سەدان کەس بەتایبەتی ژن و منداڵ بەرگەی ئەو رێگا سەخت و دژوایان نەگرت و گیانیان لە دەستدا، تەنات بە سەدان مەر و ماڵات و وڵاخ و اسب و ماین لە ناو بفر چەقین و لە سەرما رەق بوونەوە، رۆلی پێشمەرگە لە یارمەتیدانی خەڵک بۆ دەرباز بوونیان لە بیرەوەرییەکانیاندا باس کراوە. هەر لە ناو ئەو هێرش و پەلامارە سەربازییانە دەنگۆی ئەو بڵاوبووە كە رژیم پلانی رووخاندنی سلیمانی دادەنێت و نیازی وایە بە چەكی كیمیایی پەلاماری بدات، هەروەها باس لەسەر ئەوهێرشانە لە یادداشتێكی پۆلیسی نهێنی دواتر بە شێوەی راپۆرت ئامادەی کردەبوو تیایدا ئاماژەی کردەوە كە (ینك) شەش سەد پێشمەرگەی لە هەڵەبجە و دۆڵی جافایەتی لە دەست داوە بڵاو بووە. لەم نێوەندەش بەردەوام لە ئیزگەی رادێوی دەنگی پێشمەرگە، ئەو مەترسیانە بۆ خۆ پاراستنی خەڵک لەو هێرشانە دەخرانەڕوو كە ڕوبەڕوی هاووڵاتیان دەبێتەوەو هەرەشەی لەناو بردینان دەكات، خەڵكێکی زۆر ناچار بوون ڕابكەنو خۆیان لەمردن رزگاربكەنو هەرچی ماڵو سامانیشە كەهەیتیان بەجێی بهێڵن، ئەوانەش كە كەوتنە دەست هێزەكانی رژێم ئەوادەسبەجێ شونبزركران، تەنانەت ئەوانەش كەلەسەر سنووربوونو دواتر هێزەكانی رژێم گرتنیانی هەمان چارەنووسیان هەبوو.
دروست سێ هەفتە لە دەستپێكی ئەنفال تێ نەپەڕی بوو كە شاری هەڵەبجە و دەوروبەری بەخەستی کیمیاباران كرا. کە بووە هۆی خنکان و شهید بوونی ٥٠٠٠ کەس و بریندار بوونی ١٠ هەزار کە لە خەڵکی سێڤیلی ئەم شارە، لە هێرشەكانی ئەنفالی یەكەم زیاتر لە(100) هێرشو پەلاماری لە چەندین قوڵی جیاجیای لەخۆوەگرت لەئەنجامدا ناحیە وگوندو شاخ و تەواوی ئەو ناوچانەی وێرانكرد. کە ناوی بەشێک لە ناوچانە لێرەدا هاتووەلە وانەش( شاخی گوجار، گاپیڵۆن، قەمچۆغە، شاخەڕەش، دۆڵە رووت، قزلەر، قەرەنگوێ، مەولان ، قەرەسەرد، پیربایز، دۆڵی مازەلە، قەڵەم پاشا، ئاسۆس، قەرەچەتان، دۆڵەبی، شەدەلە، پیرەمەگرون، زێوێ، گەڕەدێ، گەورەدێ، شاخی دابان، شارستێن، سێدەر، هەنجیرە، کڵاو سپی، سەرمۆرد، مالومە ، چاڵاوا) بنكەوبارەگاكانی پێشمەرگە كەلەوێ بوون دەستیان بەسەر داگیرا، لەشەوی 18/19/ی ئاداری 1988 شاڵاوی ئەنفالی یەكەم كۆتایی پێهاتو لە 19ی ئاداری هەمان مانگدا بەیانێكی سەربازی رژێم ژمارەی (3087) لەلایەن سەركردایەتی گشتی هێزە چەكدارەكان (القیادە العامە للقوات المسلحە) راگەیاند وتیایدا باسی سەركەوتنێكی مەزن و بێوێنەی كردووە بەسەر (یاخی بوو بەكرێگیراوان). دوای سێرۆژ پاش ئەمەش شاڵاوی ئەنفالی دووەم دەستی پێكرد.
لە دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس دەستکرا بە گەران ودۆزینەوەو هەڵدانەوەی گۆڕەبە کۆمەڵەکان ڕوفاتی ۳٥٨ ئەنفالکراوی گوندەکانی دۆڵی جافایەتی و دەورەبەری لە نوگرەسەلمان ئەنفالکران، لە (2008/1/17) گەڕێنرانەوە زێدی خۆیان و لە قەزای دوکان بە خاک سپێردران و لە ساڵی 2010مۆنۆمێنتی ئەنفالی دۆڵی جافایەتی لە شوێنی بەخاک سپاردنەکەیان لە قەزای دوکان دروستکرا کە ناوی 482 ئەنفالکراو لەسەردیوار بەندی مۆنۆمێنتەکە تۆمار کراوە.
شاڵاوی ئەنفالی دووەم
هێرشەكان بۆ سەر ناوچەی قەرەداغ لە 22ی ئادار تا 1ی نیسانی 1988- لە بەڵگەنامەكانی رژیمی بەعس
ئەنفالی یەكەم و دووەم زوورترین باس و خواسی راگەیاندنەكانی ئەو سەردەمەی لەسەر بوو هەروەها بە پێی بڵاوكراوەكانی زمانحاڵی بەعس وەك سەركەوتنێكی مەزن تۆماركراوە بوونە سەردێڕی هەوالەكان،لە رۆژنامەکانی زمانحاڵی بەعس لەوانەش رۆژنامەی ئەلسەورە (الثورة) لە ژمارە 6522 لە3\4\1988 نووسراوە”لە عەمەلیاتی ئەنفالی دوو”ناوچەی قەرەداغ لە خیانەتكاران پاك كرایەوە”،لە هەوالێكی تریش كە برۆسكەی پیرۆزبای بۆ سەدام حوسین لەهەمان ژمارەدا نووسراوە”جەماوەری هەولێر و دهۆك و سلیمانی سڵاو بۆ ئەنفالی قارەمان دەنێرێن.
رێك دوای سێ رۆژ لەكۆتایی ئەنفالی یەكەم هێزەكانی رژێمی بەعس و سوپای دەوڵەتی عێراق لە22ی ئاداردا بە سەركردایەتی لیوا روكن ئەیاد خەلیل زەكی فرماندەیی فەیلەقی پێنج، لیوا رۆكن كامل ساجت فەرماندەی فەیلەقی دوو، بەسەرپەرشتی راستەوخۆی فەریقی یەكەمی روكن عەدنان خەیروڵلا وەزیری بەرگری، عەلی حەسەن مەجید بەرپرسی بیرۆی باكوری حیزبی بەعس، سەرۆكی ئەركانی سوپا بۆ كاروباری ئەركانی سوپا، فەریقی روكن نزار عەبدولكریم خەزرجی یارمەتیدەری سەرۆكی ئەركانی سوپا بۆ كاروباری ئۆپراسیونەكان و فەریق حوسین رەشیدمحەمەد تكریتی، عەمید روكن زهیر یونس علی فەرماندەی فرقەی پەنجا، عمید روكن سعد شمس الدین فرماندەی هیزەكانی جحفلی بەرگری نیشتمانی 1 هەروەها ئامریە هیزەكانی جحفلی بەرگری نیشتمانی 3 و هیزكانی فریاكەوتنی ئەمنی سلیمانی و ئامریەی كەرتی قرەداغ و فوجەكانی بەرگری نیشتمانی جێبەجێ كرا، هێزێكی قەبارە گەورەو ژمارەی زۆرترلە ئەنفالی پێشوو گەمارۆی چیاكانی قۆپی قەرەداغیدا، لەسەرەتای شەری نێوان عێراق و ئێران تا دەستپێکی جینۆسایدی ئەنفال لە ساڵێ 1988 دوو شاڵاوی گەورەی جینۆسایدی فەیلییەکان و بارزانییەکانی لە دژی گەلی کوردستان جێبەجێ کردەبوو, جگە لە سەدان تاوانی تری دژەمرۆڤایەتی لە چۆلکردنی زۆرەملێی گوندەکان و رەشبگیری وو بەرپاکردنی ناوچە محرمە و قەدەغەکراو و لە سیدارەدانی خەڵکی ناوچەکە و هەر ناو شاڵاوەکانی ئەنفال، کیمیابارانی هەڵەبجەی لە چاو قوچانێکدا جێبەجێ کرد.
دامودەزگاكانی هەواڵگری عێراقی زانیارییان جموجۆڵی بنكەو بارەگاكانی پێشمەرگە لەقەرەداغ کۆ کردەبووە کە وەک هێزێکی بەرهەلەستکاری یارمەتی سوپای ئێران دەدەن چونكە ئەو ناوچەیە دوای چۆڵكردنی و گواستنەوەی دانیشتوانی بۆ هەردوو كۆمەڵگای نەسر و زەڕایەن لەساڵی 1987دا تەنها سوپاو جاشی تیادا مابۆوە، بەڵام دواتر كەوتە ژێر دەستی هێزی پێشمەرگە. لەمانگی شوباتدا هەشت فرۆكەی عێراقی هێرشێكی كیمیاییان كردە سەرتەكێو بەڵەگجار، ئەوانەی لەو كاتە وەك شایەت عەیانێک كە بەچاوی خۆیان بۆردومانەكەیان بینیوە بەم شێوەیە باسی دەكەن، فرۆكەكان بۆمبێكی زۆریان بەردایەوە نازانم چەند بوو، رەنگە هەشت یان نۆ بووبێت كاتێ دەتەقینەوە ناڵەیەكی زڵیان دەهات بەڵام دوكەڵێكی كەمیان هەبوو ، ئەو كەسانەی دەستیان پێی كەتبوو دواجار پێستیان بلۆقی كردبوو، ئەو ئاژەڵاو مەڕو ماڵاتەش كەلەو گژوگیایەیان خوارد بوو كەبەر كیمیاییەكە كەتبوون یەكسەر مردار بووبونەوە، بەڵام هیچ زیانێكی گیانی لەخەڵكەكەنەكەوتبوو، چونكە خۆیان لەكونە تەیارەكان حەشار دابوو، هێزەكانی پێشمەرگەش لەترسی چەكی كیمیایی پەرتو بڵاوی ناوچەكەیان كردبوو ،هەر بەپێی ڕاپۆرتی دەزگا هەواڵگریو ئەمنیەكانی رژێم وا نوسراوە. “تاقمی خیانەتكارانی(حسك) نزیكەی 1500 دەمامكی گازیان لەرژێمی ئێرانی وەرگرتووە”. دیارە ئەم پێشبینیو وەخۆكەوتنە كەمێك كەڵكی هەبوو بۆ ئەنفالەكەی قەردەاغ.
کیمیابارانی گوندی سێوسینان
گوندی سێوسێنانیش دەكەوێتە قۆڵی رۆژهەلاتی قەرەداغەوە، لە 22ی ئاداردا یەكێك لەكوشندەترین پەلاماری كیمیایی تێدائەنجام درا بۆ سەر گوندی سێوسێنان ،یەكێك لەو شایەت عەیانانەی كە رووداوەكەی بینیوە بەم شێوەیە وەسفی دەكات كە سەرلەئێوارەی 22-23ی ئادار دوای نوێژی ئێوارە لەماڵەوە بەرامبەر گوندی سێوسێنان وەستابووم لەكاتێكا گڵپەی ئاگری بۆمبارانی چڕو پڕی گوندەكەم دیت، ئەم بۆردومانە لەدەربەندیخانەوە بەڕاجیمەی چلی كرایە سەرسێوسێنان، لەئەنجامدا لەكۆی گشتی دانیشتوانی گوندەكە كە 350 ماڵ بوو 1500 كەسی تیادا دەژیا زیاتر لە (80) كەس گیانیان لەدەستدا، پاش كیمیابارانكردنی گوندی سێوسێنانو تەكیە، لە رۆژی دواتر 23 ئادار گوندی (دوكان) كیمیابارانكرا، دوای ئەوەی رژێم بەشێوەیەكی چڕوپڕ وبەردەوام ناوچەی قەرەداغی بۆردومان كرد، لەدوای نیوەڕۆی 23ی ئاداردا هێرشی زەمینی كردەسەریو داگیری كرد، ئەوانەی كە ڕایانكردو دەربازبوون بوونە دووبەش، بەشێكیان رێگای باكوریان گرتەبەر كەرێژەیەكی زۆربوون بەرەو كۆمەڵگەكانی سەر ڕێگاو شاری سلێمانی چوون كەخۆشبەختانە رزگاریان بوو نەكەوتنە دەستەوە، بەشەكەی تریش روەو گەرمیانی خوارو رێگایان گرتەبەر كە چارەنوسێكی شوم چاوەڕێی كردنو زۆربەی زۆریان دەسگیركرانو شوێنبزركران.
لەبڵاو كراوەیەكی بەشی راگەیاندنی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ،ناوی 66 كەسی كوژاروی تەمەن 1 تا 59 ساڵ هاتووە كە خەڵكی گوندەكانی ناوچەی قەرەداغنو لەشەوی 28/ 29ی ئادار بەرهێرشی كیمیاباران كەوتوون ئەم ژمارەیە بەشێكە لەو ژنو منداڵو پیرو گەنجە بەركەوتووەی ناوچەكە پێک دێن.
قەرەداغ بەسوپا ئابلۆقەدرابوو، بۆیە خەڵكی ناوچەكە بوون بەدووبەشەوە، بەشێكیان رویانكردە شاخی گلەزەردەوەو خۆیان ومنداڵیان بەرەو سلێمانی رۆیشتنو ماڵ و سامانیشیان جێهێشتو تاڵانكرا، بەشێکیان لەرێگا گیرانو ئەنفالكران، ئەفسەرانی سوپا وایان لەخەڵكەكە گەیاندبوو كەبۆ ئۆردوگایان دەبەن بەڵام كاتێ خەڵكەكە سواری زیلی سەربازیو ئۆتۆمبێلە زەوتكراوەكانی خۆیان كرانو بەپیرو منداڵ و ژن و زەلامەوە بەرەو ئۆردوگای سەربازی تۆبزاوەی نزیك كەركوك راپێچكران، بەشی دووەمی خەڵكەكە بەناو قۆپی قەرەداغ دا بەرەو ناوچەكانی سەنگاوو گەرمیان پاش ناخۆشی وماندووبونێكی زۆر پەڕینەوەو دەرباز بوون.
سەركردایەتی گشتی هێزە چەكدارەكانی رژێم لە ١ی نیسان بەیاننامەی ژمارەی (3109)ی بڵاو كردەوە. كەتیایدا باسی پاككردنەوەی تەواوی ناوچەی قەرەداغ لە(خیانەتكاران)و تێكدانی بنكەكانیان لە(تەكی، بەلگجاڕ، میولی، بانی مورد، چرچە قەڵا، هۆمەرقەڵا، بەلەكان، دەبەندفەقیرە، قەرەداغ، ئۆقلا، جافەران، بوخشێن،،سێوسێنان، زەردە، كلۆش، بێركێ، كڵاو جومعە، بەخشێ، دەربەند باسەرە، سەرگرمە، قۆپی قەرەداغ، ئەچداخ) دەكات.
شاڵاوەکانی ئەنفال لە بەشێک لە بەڵگەنامەکان
لە بەڵگەنامەیەك كە لە سەركردایەتی تیپی پیادەی فرقەی مشاتی (2) ناسراو بە هێزەكانی خالید بن وەلید بە سەرۆكایەتی عەمیدی رۆكن عەدنان ناجی كە بارەگاكەی لە قەرە هەنجیر بوو بۆسەركردایەتی فەیەلقی یەك نێردراوە بە ژمارە( 169 )لە رێكەوتی ( 15/4/1988) نێردراوە تیدا نووسراوە” (.) تكایە (8) هەشت فرۆكەی هەلیكۆپتەرو (20) ئۆتۆمۆبێلی بارهەڵگر دابین بكەن بۆ گواستنەوەی لیوای (39) لەناوچەی پیرەمەگرون بۆ ناوچەی قەرەداغ لەگەڵ دابینكردنی هێزی پاراستنی ئاسمانی لەكاتی ئەنجامدانی كردارەكەكە كەرۆژی 20/4/1988 دانراوە بۆ ئەنجامدانی(.). كۆتایی هات.
بە مەبەستی گواستنەوەی چەك تەقەمەنیەكانیش لە لایەن وەزارەتی بەرگری بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی سەربازی بە نووسراوی ژمارە (48 لە 21\4\1988 )ئاگادار دەكاتەوە وینەیەكیش بۆ فەیلەقی یەك بە مەبەستی ئاگادار بوون روانە دەكات كەلە ماوەی 20 ساعەت كەلوپەلەكان لە فەیەلەقی یەك بگوازرێتەوە هەر بۆ ئەم مەبەستەش لێژنەیەك پێك بهێنرێت كە لە نووسراوەكەدا هاتووە” داوا دەكەین لیژنەیەكی ئاسایش لەبەرێوەبەرایەتیەكەتان بۆ سەركرایەتی فەیلەقی یەك بنێرن، بۆ ئەنجامدانی چەند ئەركێكی تایبەت كەلە ماوەی (20) كاتژمێر كۆتایی پێبێت(.). ئاگادارمان بكەنەوە.
بەپێی بەڵگەنامەیەكی دیکە كە لە فەیلەقی یەك بە سەرۆكایەتی سوڵتان هاشم بۆ سەركردایەتی گشتی هێزی چەكدارەكان نێردراوە بە نووسراوی نهێنی و بەپەلە ژمارە( 142 لە 20\4\ 1988 ) و لە نووسراوەكەدا هاتووە” لەكاتی پاككردنەوەی ناوچەی قەرەداغ (2500) دوو هەزار و پێنج سەد تێكدەرو بەكرێگراو لەژن و پیاو گیراون لەگەڵ دەستبەسەر داگرتنی هەندێك چەكو تەقەمەنی لەناوچەی قۆپی قەرەداغ كەبەم شێوەیەی خوارەوەیە:
1-( 10) دە ئارپیچی/72-(200)
٢- دووسەد كلاشینكۆف
3- ( 1000) هەزار ڕۆمانە
دەستی بەسەردا گیراوە و چەكو تەقەمەنیەكان لە بارەگای فەیلەق دان. لەم بارەیەوە چاوەڕێی رێنمایەكانتانین. كۆتایی هات”.
لە وەڵامدا لەسەركردایەتی گشتی هێزە چەكدارەكان بە نووسراوی ژمارە( 2\م خ لە 23\4\1988) بۆسەركردایەتی فەیلەقی یەك بەم شێوەیە نووسراوە” نامەی نهێنیو بەپەلەتان 142 لە 20/4/1988 تێكدەرو بەكرێگیراوەكان كەژەمارەیان (2500) دوو هەزارو پێنج سەد كەسە بەم شێوەیەی خوارەوە دابەش دەكرێن. (.) پیاو ڕەوانەی سەركردایەتی فەیلەقی چوار دەكرێن (.) ئافرەت بۆ سەركردایەتی فەیلەقی سێ رەوانە دەكرێن (+) منداڵ ڕەوانەی سەربازگەی زرپیۆش لەتكریت دەكرێن (.) لەگەڵ نێردراوی ئێمە وبەئۆتۆمبێڵی تایبەت رەوان دەكرێن (.) كۆتایی هات”.
سەرچاوەکان :
١. بەڵگەنامەکانی رژێمی بەعسی رووخاو
٢. MEW ، کتێبی جینۆساید لە عێراق و پەلاماری ئەنفال بۆ سەر کوردستان
٣.بەڵگەنامەکانی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان
٤. بەدواداچوون و لێکۆلینەوە.
٥. گۆڤار و رۆژنامەکانی سەردەمی بەعس
* لیوا روكن (سلطان هاشم احمد محمد الطائي) لە فیرقەی چوارەمدا بە فەرماندەی لیوای پێنجی پیادە، پاشان فەرماندەی فیرقەی چوار، پاشان فەرماندەی فەیلەقی پێنج و پاشان فەیلەقی یەکەم لە کاتی شەڕی ئێران و عێراق ١٩٨٠-١٩٨٨و یەکێک لە سەرکردەکانی شاڵاوەکانی ئەنفال بوو.
تێبینی: ئەو دەستەواژانەی لە لایەن رژێمی بەعس لە دژی هەر کوردێک جگە لە جاشەکان، پێشمەرگە یان سێڤیل بە کاری هیناون وەک “بەکرێگیرا، تێکدەر ، تاوانبار” و زۆر ناو ناتۆرەی تر بەمەبەستی سوکایەتی کردن، کە لە بەر بەکارهێنانی لە بەڵگەنامەکان وەک خۆی دەگوازرێتەوە.
Leave feedback about this