شاڵاوی ئەنفالی پێنجەمو شەشەمو حەوتەم
دۆڵی نێو چیاكانی شەقڵاوەو ڕواندز لە 15ی مایس تا 25 ئابی 1988(1)
دوای هەفتەیەك لەكۆتایی هاتنی شاڵاوی ئەنفالی چوارەم كەتیایدا رژێم زۆربەی زۆری خاكی كوردستانی داگیركردو گوندو دێهاتەكانیشی وێڕانكردو خەڵكەكەشی شونبزركرد، ئەم جارەیان هێرشی كردە سەر دۆڵە سەختو دژوارەكانی ناوچەی شەقڵاوەو رواندز.كە بە فەرماندەیی عەمیدی روكن بۆ هێزەكانی پاراستنی نەوت و هێزەكانی تایبەت بارق عبداللە الحاج حنتە و جیگرەكانی عەقیدی روكن فوئاد حوسین عەلی و موقەدەم هاشم كامل محمود بوون، كە بە سەركردایەتی لیوا روكن یونس محەمەد ئالزەرب فەرمانەی فەیلەقی پێنج و هەردوو جێگرەكەی ،بشداری فەیلەقی یەك بە سەركردایەتی سۆڵتان هاشم، “لە بەڵگەنامەیەك بە شێوەی نووسراوێك بە ژمارە30\1545 لە 22\5\1988 كە لە وەزراەتی بەرگری ،نووسینگەی سەرۆكی ئەركانی سوپا بە ئیمزای لیوا روكن نەبیل عەبدالقادر حسین بۆ دیوانی وەزراەت نێردراوە لە بەشێكی نووسراوەكەدا هاتووە “لیدان بە چەكی كیمیایی لە 15\5\1988 بۆ سەر بارەگاكانی تێكدەران لە كەرتی فەیلەقی پێنج جێبە جێ كرا”.
لەناوەڕاستی مایسی 1988 شاڵاوەكانی ئەنفال گەیشتە بالیسانو دۆڵەكانی دەوروپشتی كەبەتوندترین شێوە لەلایەن سوپاوەبە چەكی كیمیایی بۆردومانكرا، بەڵام خەڵكێكی زۆر وەكو شاڵاوەكانی ئەنفالی پێشوو دەسگیر نەبوون وشونبزریش نەكران، چونكە ناوچە سنوورییەكانی پارێزگای هەولێر چۆڵ بوون و دانیشتوانی لەدوو هەڵمەتی راگواستن یەكەمیان لەساڵانی 1977-1978و دووەمیش لەساڵانی 1983-1984دا رامالێبوو، هەروەها دۆڵەكانی باشورو باشوری رۆژهەلاتی رواندز خەڵكەكەیان بەزۆری چۆڵیان كرد پاش هێرشە كیمیاییەكانی نیسانی 1987، كاتژمێر 6ی ئێوارەی 15ی مایسی 1988 كە دوا رۆژی مانگی رەمەزان بوو. خەڵكی خۆیان بۆ جەژن ئامادەكردبوو، كە پەلامارەی سوپا دەستی پێكرد، فرۆكەكان زۆر بەتوندی گوندەكانی (وەرێ، نازەنین، كاموسەك، ئەسپیندار، عەلیاوا، سمقالولی، بۆنێ) یان كیمیاباران كرد، بەتەنیا لەگوندی وەرێ 36 كەس كوژران، گوند نشینێكی هەرتەل دەڵێـت، كاتێ بەهاواری خەڵكی وەرێ چوین، چوار پێنج كەس لە رەزێكی نزیكی گوند لەئاوزینگدا بوون و گیانیان دەدا، سێ كەسیش شەهید ببوون، كە گەیشتینە ناو گوندەكە دەبینین خواردن لەماڵەكاندا هێشتا لەسەرئاگرە، چەند ئاژەڵ لەو ناوە مردار ببونەوە. ئافرەتێكیش فرۆكەكانی بینییبوو كە بۆمبەكانیان هاوێشتبووە وەرێ، ئافرەتەكە دەنگی بۆمبەكانی لە لا وەكو دەنگی ئۆتۆمۆبێلێك بووە كە زۆر بەخێرایی بڕواو لەناكاو پێ بنێ بەبرێكەوە.
پاشان لە23ی مایسدا شەپۆل شەپۆل فرۆكە بۆمبی كیمیاییان باراندە سەربالیسانو هیرانو دۆڵەكانی دیكەی دەوروبەریاندا، پەلامارەكە زۆر سەخت بوو ئەوەش بوە هۆی كوژرانی هەندێك لەپێشمەرگە كەبنكەو بارەگاكاینان لەوێ بوو. لەدوای 20ی مایس سوپای عێراق لەچەند قۆڵێك هێرشی كردە سەر ناوچەكان، قوڵی یەكەم بۆ گوندی گەرەوان كە نیازی شاخەكانی دەوروبەریو هەندرێنو كارۆخ بوو داگیریان بكات. قۆلی دووەمیش لە23 ی مانگ لە هەلەموند بۆ وەرتێ وزینێ گەلی و سەری ئەحمەدە دەربی و جاوەلو دەرە لە وكەلیتە، كەئێوارەی 23ی مایس گوندی وەرتیێ كیمیابارانكرد، بەڵام قۆڵی سێیەم لەسەرو چاوەو بەنی هەریرو خەلیفان بەشێوەی بازنەیی بوو، ئەم هێرشە نزیكەی (720) حەوت سەدو بیست خێزانی دەربەدەر كردو ماڵیشیان تاڵان كرا، ئەوانەی لەئەنفالی پێنج دەسگیركران یاخود خۆیان دادەست هەندێكیان لەسەربازگەی سپیلكو هەندێكیش لەگرتووخانەی ئەمنی هەولێر شونبزر كران، بەڵام هێزەكانی رژێم نەیانتوانی وەكو لە ئەنفالەكانی پێشوو توانیان رێگا لە هاوڵاتیانی مەدەنی بگرن تاوەكو ڕانەكەن، بۆیە زۆربەیان رێگای ئێرانیان گرتە بەر، دیارە ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ سروشتی جوگرافی ناوچەكە كەهەموو بەرنامەو مەرامەكانی رژێمی پوچەڵ كردەوە، بەڵگەنامەكانی رژێم ئەوە دەردەخەن كەوا شاڵاوی ئەنفالی پێنجەم سەركەوتنی گەورەی وەدەست نەهێناوە ئەوەش لە بەڵگەنامەیەكی دورو درێژی سەربازی دەردەكەوێ بەناو نیشانی (شیكردنەوەی عەمەلیاتی ئەنفالی كۆتایی) كەراپۆرتێكە (لیوا روكن یونس محمد الزرب) فەرماندەی فەیلەقی پێنج لەچەشنی (ئەو پەڕێ نهێنی و شەخصی) (سری وشخصی للغایە). بۆ فەرماندەیی گشتیی سوپای ناردووە،راپۆرتەكە لەناوەرۆكدا پێداچووەنەویەكی بەكەفو كۆڵە بۆ ئەو پەلامارە كەمتەر خەمیەی كە لەناوچەكانی باكوری ژێر دەستەڵاتی KDP دا لەنێوان 28 ی ئابو 3ی ئەیلولی 1988 ئەنجامدرا، وەكاتێك دێتە سەرئەنفالی پێنجەم ئەوە باس لە دواخستنی پاكتاوكردنی كەرتی رواندز- شەقڵاوە دەكات، هەروەها وێنەی زنجیرە یەك لەدوای یەكەكانی قۆناغەكانی ئەنفال وەبیردێنێتەوەو دەڵێت ” تیكدەران سود لە ئەزموونی هێرشەكانی پێشووی ئیمە لە عەمەلیاتەكانی ئەنفالی (1و2و3و4) وەرگرتووە بۆیە روبەرو بوونەوەیان سخت و درژوارە”.
دوای ئەوەی لە 7ی حوزیران شاڵاوی ئەنفالی پێنجەم كۆتایی پێهات رژێم خۆی بۆ ئەنجامدانی شاڵاوی ئەنفالی شەشەم رێكخست، لیوا روكن ئەلزەرب بەم جۆرە پیلانی ئەنفالی شەشەم لەنامەیەكی نهێنی و تایبەت بە ژمارە 1475 لە 30ی مایسی 1988 بۆ سەرۆكایەتی دەستەی ئەركانی سوپا رون دەكاتەوەو دەنوسێت، پلان بۆ پرۆسێسێكی پاككردنەوە دانرا بەمەبەستی تێكشكاندنی تێكدەران لەدۆڵی بالیسانو ئاڵانەدا، بەڵام دواتر لە7ی حوزێران داوا دەكات كە ئەو شاڵاوە رابگیرێت و دوابخرێت تاكاتێكی گونجاوترو لەبارتر، بەڵام سەرۆكایەتی دەستەی ئەركان بەنامەی ئەوپەری نهێنی و تایبەت بە ژمارە 519 لە 7ی حوزیرانی 1988 فەرمانیدا نەخشەكە جێبەجێبكرێـت بۆ تێكشكانی تێكدەران لەناوچەكانی بالیسانو سماقوڵیدا. دیارە هۆی سەرەكی ڕاگیرانی شاڵاوەكە ئەو بەرەنگاریبوونەوەی هێزی پێشمەرگە بووە لە چیای كۆڕەك و دەوروبەریدا كە بەرزییەكەی نزیكەی 7000 مەتر دەبێت، لایەنی هەرە گرنگی ئەم شاڵاوەی ئەنفالە هاتنەناوەو دەست تێوەردانی راستەوخۆی سەرۆكی رژێمی عێراق سەدام حوسێن خۆیەتی، چونكە لەبروسكەو نامە نهێنیەكەی جەنەرال ئەلزەرب هاتبووكە شاڵاوەكە دوچاری گرفتو ئاستەنگ بووە، ئەوەتە ئەلزەرب لەنوسینەكەیدا بەردەوام دەبێتو دەڵێت لەراگەیاندنی نهێنیو تایبەت ژمارە 14671 لە 16ی تەموزی 1988. لە دیوانی سەرۆكایەتی كۆمارەوە كەدەستەی ئەركانی سوپا بە نامەی نهێنی و تایبەت بە ژمارە 861 لە 20ی تەمووز، ئاراستەی كردوە پێیان راگەیاندین كەوا عەمەلیاتی ئەنفالی لەدوای جەژنی قوربانەوە دەبێ بەگوڕو تینێكی زۆرترو قەبارە گەورەتر ئەنجام بدرێت، بەڵام جەژنی قوربانیش تێپەڕی كەچی هێرشەكان هەر ئەنجام نەدران، دواتر لەكۆبوونەوەیەكی یاریدەدەری سەرۆكی دەستەی ئەركان بۆ كاروباری عەمەلیاتو بەرێوەبەری جموجۆڵی سەربازی كەلە 29ی تەمووزی 1988 لەبارەگای فەیلەقی یەك لەكەركوك بەسترا تیایدا بەگوێرەی ڕاگەیاندنی نهێنی ژمارە 943 لە 29 تەمووزدا عەمەلیاتی ئەنفالی شەشەمو حەوتەم دواخرا بۆ ئەو كاتەی پێداویستییەكانی عەمەلیاتەكە دابین دەكرێن، مەترسیترین ودژوارترین كات كە خەڵكی كوردستان تیایدا ژیا ئەو دەمەبوو كەشەڕی ئێران- عێراق راوەستا كەئەوكاتە لەسەروبەندی دەستپێكردنی ئەنفالی شەشەمو حەوتەم بوو، دوای ئەوەی لە17ی تەمووزی 1988 ئێران بڕیاری 598ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكانی، پەسند كردو دواتریش لە 8ی ئابی 1988 بەشێوەیەكی فەرمی شەڕ ڕاوەستا، ئەو بارودۆخە كاریگەرێكی نێگەتیڤانەی كردەسەر ورەو هێزی پێشمەرگە، ئەوە بوو پلانێك داڕێژرا بۆ پاشە كشەكردن،چونكە هێزی پێشمەرگە باش دەیزانی كە سوپای عێراقی دەستی بەتاڵ بێت چ كارێك بەكورد دەكات. ئەوە بوو هێزی ئاسمانی عێراق كەوتە هێرشكردنێكی زۆر سەختو بەهێز، بەچەكی كیمیایی دیسان چیاو دۆڵەكانی بالیسان، مەلەكان، وەرتێ، هیران، سماقوڵی کیمیاباران کرد، ئەوانەی كەلەوناوچانە بوون ڕایانكرد، موستەشارێك بەخەڵكەكەی ڕاگەیاند كە ئەگەر هاتو خۆیان بەدەستەوە بدەنو چەكەكانیان تەسلیم بكەنەوە ئەوا بەبەر لێبوردنەكە دەكەونو حكومەت لێیان خۆش دەبێت، ئەوانەی بەو بانگەوازە بڕوایان كردو خۆیان داوە دەستو دواتر دانپیانێكیان (اعترف) پێ مۆركردن كەوا بەراستی پێشمەرگەن هەموویان بێسەرو شوێنكران.
(لەمیانەی شاڵاوی ئەنفالی پێنجەمو شەشەمو حەفتەم زیاتر لە (52) گوند لەناحیەكانی خەلیفانو رواندزو خۆشناوەتی وێرانكران كەسەرجەم خێزانەكانیان (2602) خێزان بوو هەروەها 24 قوتابخانەو 52 مزگەوتی ئەم گواندانە روخێنرا، ئەم جگە لە سوتاندنو فەوتاندنی سەدان دار گوێزو دار بەڕوو رەزو باخ كەسەرچاوەیەكی بنەڕەتی ژێر خانی ئابووری ئەوان بوون بەرەو نەمان چوو.
١. بەڵگەنامەکانی رژێمی بەعسی رووخاو
Leave feedback about this