ئێزیدیەکان جینۆساید

جینۆسایدی ئێزیدیەکان

جینۆسایدی ئێزیدییەکان، تاوانێکی سیستماتیکی و هێرشێکی کتوپڕ کە لەلایەن رێکخراوی تیروریستی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و سوریا (داعش) جێبەجێکراوە کە نوێنەرایەتی هەموو پێشێلکارییە گەورەکانی مافی مرۆڤ و یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان دەکرد لە سەدەی بیست و یەکدا. رێکخراوی تیروریستی داعش تاوانەکانی بەکردەوەیی ڕێکخستووە، ئێزیدییەکانی کردە ئامانج کە زۆرینەیان لە ناوچەی شەنگال لە باکووری عێراق نیشتەجێ بوون، هێرشەکە لە سەرەتایی مانگی ئابی ٢٠١٤ دەستی پێکرد. مەبەستی پشت ئەم کارانە، وەک لە چەندین شیکاری و ڕاپۆرتی یاسایی نێودەوڵەتیدا سەلمێندرا ئەویش بنبڕکردنی تەواوەتی یان لەناوبردنی جەوهەری ئێزیدییەکان بوو و گرووپێکی  نەتەوەیی ئێتنیکی، کە هەموو ئەو پێوەرانە بەدی دەکرێن کە بەپێی ڕێککەوتننامەی ڕێگریکردن و سزادانی تاوانی جینۆساید (١٩٤٨) هاتووە. 

ئەو هێرشانەی داعش ئەنجامیاندا، کۆمەڵێک پێشێلکاری بەرچاو وقێزەوەنی دژی بەهای مرۆڤی لەخۆگرتبوو، لەوانە کوشتنی بەکۆمەڵ، گۆڕینی زۆرەملێی ئاین، گەرانەوە بۆ سیستەمی عبودیە، بە کۆیلەکردنی سێکسی و ڕفاندنی سیستماتیکی ژنان و منداڵانی ئێزیدی کە تووشی توندوتیژی سێکسی قێزەوەن بوون، لە بازاڕەکاندا وەک کەسانی کۆیلە فرۆشران و لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی داعشدا، کە لە بنەڕەتدا ئامانجیان هەڵوەشاندنەوەی پەیکەری کۆمەڵایەتی و خێزان و ڕەچەڵەکی کۆمەڵگەی ئێزیدی بوو. جگە لەوەش بۆ سڕینەوەی شوناس و مێژووی ئێزیدی، وێرانکردنی شوێنە ئاینییەکان و میراتی کولتووری بە وردی ئەنجامدرا.

لە دوای ئەوە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ڕێگەی میکانیزمی جۆراوجۆرەوە، لەوانە بڕیارنامەی ٢٣٧٩ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، تیمی لێکۆڵینەوەی وەک یونیتاد (تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەوپێشبردنی لێپرسینەوە لە تاوانەکانی داعش) دامەزراند بۆ بەڵگەنامەکردنی تاوانەکان و بەدەرخستنی دڕندەیی و ئاسانکاری بۆ پرۆسەی دادپەروەری و لێپرسینەوە. بەشداری حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە هاوکاری لەگەڵ دەزگا نێودەوڵەتییەکان، جەخت لەسەر پابەندبوون دەکات بۆ چارەسەرکردنی کاریگەرییەکانی ئەو تاوانانە و پاڵپشتیکردنی ڕزگاربووان لە ڕێگەی هەوڵەکانی چارەسەربۆ دوبارە هەستانەوە و چاکبوونەوە و ژیانەوە .

بەم پێیە جینۆسایدی ئێزیدییەکان وەک بیرخستنەوەیەکی قوول دهێنێتە ئاراوە ئەویش لاوازیی پاراستنی گروپە کەمە نەتەوەیی و ئاینیەکانە لە ناوچە جێناکۆکەکان و پێویستی بە میکانیزمی یاسایی نێودەوڵەتی بەهێز بۆ ڕێگریکردن لەم جۆرە دڕندەیی و لێپرسینەوە لە تاوانباران وەستاوە. هەوڵە بەردەوامەکان بۆ بەڵگەنامەکردن و لێکۆڵینەوە و دادگاییکردنی ئەم تاوانانە گرینگە بۆ دەستەبەرکردنی دادپەروەری بۆ قوربانیان وڕزگاربووان وەک ڕێگرییەک لە دووبارەبوونەوەی جینۆساید کاردەکات.

Leave feedback about this

  • Rating

PROS

+
Add Field

CONS

+
Add Field
Choose Image
Choose Video