جینۆساید

جینۆسایدی بارزانیەکان- 1983

جینۆسایدی بارزانیەکان-١٩٨٣

عەمەلیاتی گرتن و کوشتن و بێسەر‌و شوێن كردنی بارزانییەكان

دەوڵەتی عێراق بە درێژایی مێژووی خۆی تاوانی جۆراوجۆری دژ بە گەلی کورد ئەنجام داوە و لە ماوەی ٣٥ ساڵی حوکمڕانیدا هەرگیز درێغی نەکردووە لە ئەنجامدانی تاوانی جۆراوجۆر لە دژی پێکهاتەکانی عێراق وەک کورد، ئێزیدی، مەسیحی، جوولەکە، و شیعە.  یەکێک لە تاوانەکان جینۆسایدی بارزانیەکان بوو.

بە پێی بەڵگەنامە فەرمییەکانی رژێمی بەعس لە كۆتاییەكانی تەمووز‌و سەرەتای ئابی ساڵی 1983 دا ‌و لەسەر داوای بەڕێوەبەری ئەمنی گشتی دكتۆر فاضل البراك  هێزێكی گەورەو بەشێوەیەكی زۆر نهێنی پێكهێنراو كە پێك هاتبوون لە ئەفسەر‌و كارمەندەكانی سەر بە فەرمانگەی ئەمنی هەولێر‌و بنكەی فەرمانگەی ئەمنی حوكمی زاتی‌ و فەوجەكانی فریاکەوتن و بە فەرمانبەرایەتی لیواعبدالمحسن خلیل و لیوا خیری داود جل میران.

  بە پێی ئەو پیلانەی بۆیان  دانرابوو ئەم هێزانە لەو ناوچانە كە نزیك ئۆردگای بارزانییەكان بوو جێگیربن ‌و لە هەمان كاتیشدا بە شێوەیەكی زۆر نهێنی لە لایەن هێزەكانی حەرەس جمهورییەوە ئەو ئۆردگایانە گەمارۆ درا‌و، پاشان  هەستان  بە دەستبەسەر کردنی بارزانییەكان بە سێ قۆناغ:

قۆناغی یەكەم:31\7\1983 دەستبەسەر کردنی بارزانییەكانی دانیشتووی قۆشتەپە لە دوو ئۆردوگای زۆرملی  قودس و قادسیە كە لە دەوروبەری پارێزگای هەولێر.

قۆناغی دووەم:10\8\1983 دەستبەسەر کردنی بارزانییەكانی دانیشتووی كۆمەڵگای حەریر كە سەر بە قەزای شەقڵاوە و كۆمەڵگای دیانا سەر بە ناوچەی ڕەواندز و ئۆردوگای بەحركە سەر بە پارێزگای هەولێر و گوندەکانی مێرگەسوور سەر بە ناوچەی زێبار.

قۆناغی سێیەم: ١\١٠\١٩٨٣جارێکی تر بە شێوەیەک چروپڕ ماڵ بە ماڵی ئۆردووگاکانیان پشکنی و ئەوەی لە جارەکانی تر دەربازیان ببوو ئەوجارە دەستگیر کران.

بەڵگەنامەکانی جینۆساید کردنی بارزانیەکان

 بەڵگەنامەی زۆر لەسەر جینۆساید کردنی بارزانیەکان هەیە لێرەدا وەک نمونە باسی بەشێکیان دەکەین .

 ئەوەی زیاتر ئەم ڕاستییانە دەسەلمێنێت نووسراوێكی فەرمی لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش گشتی بە ژمارە  84  لە بەرواری 29/3/1989 كە ناردوویەتی بۆ سكرتێری سەرۆكایەتی كۆمار‌و  تیایدا هاتووە:   لەسەر داوای ئێوە، ئەمانەی خوارەوە ئەو زانیاریانەن کە لەبەردەستی ئێمەدایە سەبارەت بە ناحیەی هەریر لە پارێزگای هەولێر..

” لە مانگی تەمموزی ساڵی 1983 لە کاتی هێرشی دوژمنی ئێرانی- زایۆنی بۆ سەر قەزای حاجی عومران، و بەشداریکردنی تاقمی خیانەتکار زۆرینەی ئەندامەکانی لە بارزانییەکان، پشتڕاستکرایەوە، ڕێنمایییەک لەلایەن بەڕێوەبەری پێشووی ئاسایشی گشتیەوە.د.فازل البراک » دەرکرا بۆ بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی ناوچەی خۆسەر(منطقة الحکم الذاتي) بۆ پێکهێنانی هێزێکی گەورە لە بارەگا و بەڕێوەبەرایەتییەکانی… ئاسایشی ناوچەی خۆسەر و گەمارۆدانی بە شێوەی نهێنی گشتی بۆ ئەوەی لە بەیانی ڕۆژی دواتردا ئامادە بێت، کە لە 01/08/1983 بە هێزێکی سەربازی لە پاسەوانی کۆمارییەوە دەستیپێکرد بۆ گەمارۆدانی کۆمەڵگاکانی » قودس، قادسیە، قوشتەبە، کە بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی بنەماڵەی بارزانیەکان دیاری کراوە، و سەرجەم بارزانییە نێرەکان دەستگیرکراون، جگە لەوانەی تەمەنیان لە خوار (١٥) ساڵەوەیە، و بە ئۆتۆمبێلی گەورە گواستراونەتەوە کە لە بەغداوە ئامادەکرابوون، بە یاوەری هێزی سەربازی”.

 لە نووسراوەكەدا هاتووە” لە كۆمەڵگەی حەریر 403 كەس لە عەشیرەتی بارزانییەكان كە شیروانی‌و مزوریین لەبەر ئەوەی پەیوەندییان بە هێزەكانی پێشمەرگەوە هەبووە و تاوانییان بۆ ڕێكخراوە‌و حوكمی ئیعدامیان لەسەر جێبەجێ‌ كراوە،

 بە هەمان شیوەش لە كۆمەڵگاكانی دیانا و بحركە و لادێكانی مێرگەسۆر بارزانییەكان  دەستبەسەر كراون و ر‌وانەی بەندیخانەی ئەبوغریب كراوەن و تەسلیم بەهێزێك كراون كە لە كارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی ئەمنی گشتی‌و بەڕێوەبەرایەتی ئەمنی بەغداد پێكهێنرابوون‌.

و لەسەر فەرمانی بەڕێوەبەری ئەمنی گشتی 16 تاوانی جیاجیا بۆ 667 كەسیان ڕێكخراوە‌و ڕەوانەی دادگای شۆرش كراوەن لەوێ‌ حوكمی ئیعدامیان بەسەردا سەپێندراوە‌..

و  ئەوانەی تر كە 2225 كەس دەبن  نەتوانراوە تاوانیان بخرێتە پاڵ ، پاش دەستبەسەردا گرتنییان و گواستنەوەیان لە سەرەتای مانگی ئابدا ڕەوانەی ناوچەی (بوصەیە)ی سەر بە پارێزگای موسەنا كراون‌و لە نووسراوەكەدا هاتووە كە حوكمی گەلیان لەسەر جێبەجێ‌ كراوە واتە ئیعدام كراون،

 لە دیکۆمێنتەکەدا پشتڕاستی دەکاتەوە کە لە سێدارە دراون، و نابێت هیچ زانیارییەک لەسەریان بۆ بە خێزانەکانیان بدرێت.

ئەوەی شایانی باس بێت لە نووسراوەکەدا هاتووە” سكرتاریەتی سەرۆك كۆمار بە نووسراوی  ژمارە 2651/ك لە 24/8/1987 دا فەرمانی دەركردووە بۆ هەموو ئەو دام و دەزگا ‌و بەرپرسانەی تایبەتن بە كێشەی كورد لەوانەیە لە لایەنێكی سێیەمەوە پەیوەندییان پێوە بكرێت‌و سەبارەت بە چارەنووسی بارزانییەكان و پرسیارییان لێ‌ بكرێت،

 بۆیە وا پێویست ئەكات كە وەڵام دانەوەی هەر پرسیارێك سەبارەت بەم بابەتە ئەم وەڵامە بێت كە: “تەنها سەرۆكایەتی دەوڵەت لەم كێشەیە ئاگادارە چونكە كێشەكە كێشەیەكی سیاسیە‌و زۆر گەورەترە لە كێشەی ئەم خێزانانە”.

لە دوای گرتن و بێسەروشوێنکردنی بارزانیەکان سەدام حۆسین لە دیداری لەگەڵ جەماوەری هەولێر دەڵێت””ئەوەی خیانەت لە نیشتمان بكات ژیانی لەگەڵ ئیمە نیە و رەگی چەپەڵی لەبن دەردەهینین “مەبەستی تۆڵەسەندنەوە بوو لە بارزانیەکان .(رۆژنامەی هاوكاری ژمارە ٧٠٤ لە ١٥\٩\١٩٨٣).

هەر لە دیدارەکە کە لە کەناڵی تەلەڤزیونی بڵاو کرایەوە بە ئاشکرا گوتی ئەوانەی کە پێیان دەگوترێت بارزانیەکان هەموومان رەوانەی جەهەنەم کردن.

وا پێدەچێت  ڕژێمی بەعس مەبەستی تۆڵەی شکستی خۆی بکاتەوە لە شەڕی حاجی ئۆمەران و گەردمەند کە لە لایەن پێشمەرگەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە بە سەرۆکایەتی بارزانی شکستی هێنا. لە وەڵامی تۆڵەسەندنەوەدا، جینۆساید لە دژی هاوڵاتیانی مەدەنی دانیشتووی کۆمەڵگاکانی پەیوەست بە بارزانیەکان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیاندا بوون ئەنجامدا.

لە جینۆساید کردنی بارزانییەکان لە ساڵی ١٩٨٣ لەهەموو قۆناغەکان ٨٠٠٠ هەشت هەزار رەگەزی نێرینەی بارزانی کۆمەڵکوژکران کە ٣١٥ کەسیان مێر منداڵ بوون.

گۆری بەکۆمەڵی بارزانییەکان لە باشووری عێراق لە بیابانی بۆصیە دۆزراوەتەوە و تاکو ئیستا سێ وجبەیان هێنراوەتەوە کوردستان کە یەکەمیان ٥١٢ روفات لە ١٦\١٠\٢٠٠٥ و دووەمیان ٩٣ روفات لە ٦\٣\٢٠١٤ بوو و سێیەم جار ١٠٠ روفات لە ٣٠/٧/٢٠٢٢

.

دۆسیەی جینۆسایدی بارزانی

دۆسیەی جینۆسایدی بارزانی لە ساڵی 2010 ئاراستەی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق کراوە و لەساڵی 2011 بریاری جینۆسایدی وەرگرت، بەڵام تا ئێستا بە فەرمی لەلایەن پەرلەمانی عێراق و حکومەتی ناوەندییەوە پەسەند نەکراوە.

نەبوونی ڕەزامەندی و دانپێدانان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بووەتە هۆی قەرەبوو نەکردنەوەی کەسوکاری ئەو کەسانەی قوربانی جینۆسایدی بارزانی بوون. ئەمە پرسێکی نیگەرانکەرە کە حکومەتی عێراق بە خەمساردی و بێدەنگی لە کەیسەکانی تاوانی جینۆسایدی گەلی کوردستان دەروانێت. و پێویستە چارەسەر بکرێت، چونکە خێزانە زیانلێکەوتووەکان شایەنی دانپێدانان و دادپەروەری و پشتیوانین .

Leave feedback about this

  • Rating

PROS

+
Add Field

CONS

+
Add Field
Choose Image
Choose Video