ڕاپەڕینی کوردستان 1991 و کۆڕەوی ملیۆنی کورد
تاوانەکان

ڕاپەڕینی کوردستان 1991 و کۆڕەوی ملیۆنی کورد

 

ڕاپەڕینی کوردستان 1991 و کۆڕەوی ملیۆنی کورد

ڕاپەڕینی کوردستان 1991 یەکێکە لە گرنگترین و کاریگەرترین ڕووداوەکانی مێژووی نوێی کوردستان. لە مانگی ئازاری ئەو ساڵەدا، دوای شکستی ڕژێمی بەعس لە جەنگی یەکەمی کەنداو، جەماوەری خەڵکی کوردستان بە هاوکاری هێزەکانی پێشمەرگە ڕاپەڕینێکی بەرفراوانیان دەست پێ کرد کە بە خێرایی بۆ زۆربەی شارەکانی کوردستان بڵاو بووەوە.

ئەم ڕاپەڕینە نەک تەنها بەرگرییەکی جەماوەری بوو لە دژی ڕژێمی دیکتاتۆریی بەعس، بەڵکو بۆ ماوەیەکی کورت زۆربەی شارەکانی کوردستان لە دەسەڵاتی حکومەتی عێراق دەرچوون. بەڵام دوای ماوەیەکی کەم و بە هۆی سەرکوتکردنی دڕندانەی ڕژێم، بارودۆخێکی کارەساتبار درووست بوو کە بە کۆڕەوی ملیۆنی کوردان 1991 ناسرا؛ کاتێک نزیکەی دوو ملیۆن کەس ناچار بوون بەرەو سنوورەکانی تورکیا و ئێران ڕابکەن.

هۆکارەکانی ڕاپەڕینی کوردستان لە ساڵی 1991 پەیوەندیان بە مێژووی درێژی خەباتی گەلی کورد هەبوو. بە درێژایی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان، خەڵکی کوردستان لەگەڵ دەوڵەتی عێراق ــ بە تایبەتی لە ماوەی حوکمی دیکتاتۆریی ڕژێمی بەعس (1968–2003) ــ بەردەوام بە دوای دەرفەتێکدا دەگەڕان بۆ ڕزگاربوون لە ستەم و تاوانەکانی ئەو ڕژێمە. لەو ماوەیەدا پارتە سیاسییە کوردییەکان و هێزەکانی پێشمەرگە، لەگەڵ جەماوەری خەڵکی کوردستان، بەردەوام بە چالاکییە سیاسییەکان، خەباتی چەکداری و ڕاپەڕینی جەماوەری لە دژی سیستەمی چەوسانەوەی دەوڵەتی عێراق بوون.

ئەو خەباتە بەردەوامەش زۆرجار بە کوشتار و سەرکوتکردنی دڕندانەی ڕژێم وەڵام دراوەتەوە، بەڵام گەلی کورد هەرگیز لە خەبات و بەرخودان سڵیان نەکردووە و نەوەستاون.

ئەزموونی تاڵی زۆڵم و زۆرداری، کۆمەڵکوژی و جینۆسایدەکان لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو، بەتایبەتی جینۆسایدی ئەنفال (1987–1988) و هێرشە کیمیاییەکان لە گوند و شارەکانی وەک هەڵەبجە و شێخ وەسان و بالیسان و برجینی، لە هۆکارە سەرەکییەکانی درووستبوونی بارودۆخی ڕاپەڕین لە ساڵی 1991 بوو.

کاتێک شەڕی یەکەمی کەنداو کە بە هۆی داگیرکردنی کوەیت لەلایەن عێراقەوە دەستی پێکرد، بارودۆخێکی نوێی سیاسی و سەربازی لە ناوچەکەدا درووست کرد. کاردانەوەی خێرای کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، بە سەرکردایەتی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، بە دەرکردنی بڕیارە نێودەوڵەتییەکان و ئەنجامدانی هێرشە سەربازییەکان دژی عێراق، بە شکستی هێزەکانی ڕژێمی بەعس کۆتایی هات.

شکستی سوپای عێراق لە شەڕی کەنداو، لاوازبوونی ڕژێمی بەعس بە شێوەیەکی ئاشکرا پیشان دا و ئەم بارودۆخە وای کرد کورد و شیعەکانی عێراق وا بیر بکەنەوە کە دەرفەتێکی گونجاو هاتووەتە ئاراوە بۆ ڕووخاندنی سەدام حوسێن و ڕژێمی بەعس.

لە هەمان کاتدا، هەندێک لێدوانی بەرپرسانی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان هانی گەلی عێراقی دەدا بۆ ڕاپەڕین لە دژی ڕژێمی بەعس. بەتایبەتی جۆرج بۆش، سەرۆکی ئەمریکا، لە چەند وتارێکدا لە مانگی شوباتی 1991 هانی گەلی عێراقی دا بۆ ئەوەی لە دژی سەدام حوسێن ڕاپەڕن و حکومەتی خۆیان بگۆڕن. ئەم لێدوانانە لە 15ی شوبات و 1ی ئازاری 1991 لە دەنگی ئەمریکا (Voice of America) و هەروەها لە 24ی شوباتی 1991 لە ڕادیۆی عێراقی ئازاد بڵاوکرانەوە و کاریگەرییەکی دیاریکراویان لەسەر بڕیاری جەماوەری خەڵکی عێراق بۆ ڕاپەڕین هەبوو. لە هەمان کاتدا، لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکانی باشووری عێراق و پارتە کوردییەکان و هێزەکانی پێشمەرگە، هەروەها جەماوەری گەلی کوردستان، پێیان وا بوو کە ڕژێمی بەعس دوای شکستی هێزەکانی لە شەڕی کەنداو  زۆر لاواز بووە و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پشتیوانی لە هەوڵی گەلان بۆ ڕووخاندنی ڕژێم دەکات.

بە هۆی ئەم هۆکارانە ڕاپەڕینی جەماوەری لە مانگی ئازاری 1991 لە باشوور و باشووری کوردستان دەستی پێکرد و بە شێوەیەکی خێرا هەموو کوردستانی گرتەوە.  ڕاپەڕینە مەزنەکەی کوردستان بە یەکێک لە گرنگترین ڕووداوە مێژووییەکانی خەباتی گەلی کورد بۆ ئازادی و مافە نەتەوەییەکانیان ناسراوە.

هێرشی عێراق بۆ سەر کوەیت و یەکەمین جەنگی کەنداوی یەکەم (1990–1991)

ڕژێمی بەعس درێژەی بە سیاسەتی تاوان و دوژمنکارییەکانی ڕابردووی خۆی دا، ئەمەش بووە هۆی ئەنجامدانی تاوانێکی نوێ، کە بریتی بوو لە هێرشی سەربازی بۆ سەر وڵاتی کوەیت لە 2ی ئابی 1990. ئەم هێرشە بووە هۆی دەستپێکردنی شەڕی نێوان عێراق و کوەیت و داگیرکردنی ئەو وڵاتە.

ڕژێمی بەعس ئەم هێرشەی بە بیانووی قەرزە داراییەکانی عێراق بۆ کوەیت ڕاستکردەوە، بەڵام کوەیت ئامادە نەبوو ئەم داواکارییانە قبوڵ بکات. ئامانجی سەرەکی لەم هێرشەدا ئەوە بوو کوەیت بلکێنرێتەوە بە عێراق و بکرێتە پارێزگای نۆزدەهەمی عێراق.

داگیرکردنی کوەیت لەلایەن سوپای عێراقەوە لە ماوەی کەمتر لە 13 کاتژمێردا تەواو بوو. ئەم ڕووداوە بە خێرایی ڕووبەڕووی ئیدانەکردنی توندی نێودەوڵەتی بووەوە. لە دوای ئەوەش ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارنامەی 660 دەرکرد کە داوای کشانەوەی بێدەرنگی هێزەکانی عێراق لە کوەیت دەکرد.

دواتر بڕیارنامەی 661 بە کۆی دەنگ پەسەند کرا کە بە پێی ئەو بڕیارە سزای ئابووری بەسەر عێراقدا سەپێنرا. هەروەها لە 29ی تشرینی دووەمی 1990، بڕیارنامەی 678ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان پەسەند کرا، کە بە عێراق دەرفەتی کۆتایی دا تا 15ی کانوونی دووەمی 1991 بۆ جێبەجێکردنی بڕیارنامەی 660 و کشانەوە لە کوەیت.

دوای تێپەڕبوونی ئەو وادەیە، ئەنجومەنی ئاسایش ڕێگەی بە هێزەکانی ئیتلاف دا کە «هەموو ڕێگەیەکی پێویست» بەکاربهێنن بۆ ناچارکردنی عێراق بۆ کشانەوە لە کوەیت.

هەوڵە سەرەتاییەکان بۆ دەرکردنی هێزەکانی عێراق لە کوەیت بە بۆردوومانی ئاسمانی و دەریایی لە 17ی جەنیوەری 1991 دەستی پێ کرد. ئەم شەڕە کە بە یەکەمین جەنگی کەنداوی فارس ناسرا، بۆ ماوەی نزیکەی پێنج هەفتە بەردەوام بوو.

لە ئەنجامی ئەم شەڕەدا، هێزەکانی عێراق لەلایەن هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی پێک هاتوو لە 42 وڵات بە سەرۆکایەتی ئەمریکا شکست هێنران. لە ئۆپەراسیۆنی «گەردەلوولی بیابان» (Operation Desert Storm) نزیکەی 700 هەزار سەرباز بەشدار بوون.

عێراق لە کاتی ئەم شەڕەدا بە زیانێکی زۆر سەربازی و ئابووری تووش بوو، بەتایبەتی کاتێک بە شکستێکی گەورە لە کوەیتەوە گەڕایەوە. ئەم شکستیەش وای کرد ڕژێمی بەعس بە شێوەیەکی ئاشکرا لاواز بێت. ئەم بارودۆخە سیاسی و سەربازییە، دەرفەتێکی نوێی بۆ ڕاپەڕینی جەماوەری لە دژی ڕژێمی بەعس لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق، بەتایبەتی لە کوردستان و باشووری عێراق، درووست کرد.

ڕاپەڕینی باشووری عێراق و کوردستان 1991

باشووری عێراق لە 1ی ئازاری 1991، ڕۆژێک دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستی شەڕی کەنداوی فارس، ڕاپەڕینێکی جەماوەری لە شاری بەسرە دژی حکومەتی عێراق دەستی پێ کرد. لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا ئەم ڕاپەڕینە بۆ هەموو شارە سەرەکییەکانی باشووری عێراق بڵاو بووەوە، لەوانەش: نەجەف، عەممارە، دیوانیە، حلە، کەربەلا، کوت، ناسریە و سەماوە.

ڕاپەڕینی کوردستان لە 1991 لە شارەکانی کوردستان جەماوەری کوردستان بە هاوکاری هێزەکانی پێشمەرگەی بەرەی کوردستانی ــ کە پێک هاتبوو لە هەموو لایەنە سیاسییە کوردییەکان ــ ڕاپەڕین لە 5 ئازاری 1991  لە شاری ڕانیە و لە کاتژمێر نۆی بەیانیدا خەڵکی شارەکە کۆبوونەوە و هێرشیان کردە سەر یەکە سەربازی و حکوومییەکانی ڕژێمی بەعس و تاوەکوو کاتژمێر سێی عەسر شارەکەیان لە چەکدارانی ڕژێم پاککردەوە. دواتریش ناوچەکانی حاجیاوا و چوارقوڕنە و دەشتی بتوێن و سەربازگەی سەرکەپکان ئازاد کران. لەو ململانێدا زیاتر لە ٥٠ چەکداری بەعس کوژران و ١٠ هاوڵاتی شەهید بوون. لەدوای ئەم هەڵمەتە شاری ڕانیە بە دەروازەی ڕاپەڕین ناسێنرا.. لە ڕۆژانی دواتردا ئەم ڕاپەڕینە بە شێوەیەکی خێرا بڵاو بووەوە بۆ ناوچە و شارەکانی تر، لەوانەش: بازیان (یەک و دوو)، دەشتی بێتوێن، دەشتی پشدەر، سلێمانی، چەمچەماڵ، هەڵەبجە، عەربەت، زەڕاین، سەمود، نادر، باریکە، پیرەمگرون، کۆیە، شەقڵاوە، خورماتوو، مەسیف، تەقتەق، ڕواندز، قەرەهەنجیر، ئەغجەلەر، هەریر، باتاس، خەلیفان، سۆران، چۆمان، حاجی ئۆمەران، مێرگەسور، هەولێر، جەلەولا، مەخموور، ئاکرێ، خانەقین، شێخان، زاخۆ، پردێ، جەبارە، کۆڵەجۆ، دهۆک و هتد.  بەم شێوەیە ڕاپەڕین لە ٥ی ئازاری 1991 لە شاری رانیەوە دەستی پێ کرد و تا 21 ی ئازاری 1991 لەپاش ئازادکردنی کەرکوک کۆتایی ھات. بەو شێوەیە دامودەزگاکانی ڕژێمی بەعس لە باشووری کوردستان کرانە دەرەوە و سەرجەم ھێز و سەربازەکانیان کوژران و ڕاونران. لە ماوەی ئەو  16 ڕۆژەدا، بە پێچەوانەی ڕاپەڕینی باشووری عێراق کە دروشمەکانیان بە زۆری ئاڕاستەیەکی ئایینی و شیعەگەرایی هەبوو، ڕاپەڕینی کوردستان بە دروشمی نەتەوەیی و سیاسی بەڕێوە دەچوو. لەوانەش دروشمەکانی وەک:

  • دیموکراسی بۆ عێراق
  • ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان
  • سەربەخۆیی و ئازادی بۆ میللەت

خەڵکی ڕاپەڕیو لە هەموو شارەکانی کوردستان و باشووری عێراق هێرشیان کردە سەر دامودەزگا ئەمنییەکانی ڕژێمی بەعس، کە بۆ ماوەی چەندین ساڵ بوون بە ناوەندی ئەشکەنجە، کوشتن و زیندانکردنی خەڵک. یەکێک لەوانە بەڕێوەبەرایەتی ئەمنی سلێمانی بوو کە بە ناوی «ئەمنە سوورەکە» ناسراو بوو و یەکێک بوو لە ترسناکترین زیندانەکانی ڕژێم.

لە ئەنجامی داگیرکردنی ئەم دامودەزگایانە، هەموو زیندانییەکان ئازاد کران و دەیان هەزار بەڵگەنامەی حکومەتی دەستکەوت کە پەیوەندییان بە جینۆسایدی ئەنفال، هێرشە کیمیاییەکان، ڕەشبگیری خەڵک و پاکتاوی ڕەگەزی هەبوو. ئەم بەڵگانامانە دەرخەری ئەوە بوون کە ڕژێمی بەعس بە شێوەیەکی سیستەماتیک سەدان هەزار کورد و پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی تر کردووەتە قوربانی تاوانەکانی خۆی. کۆی گشتی ئەم بەڵگانامانە نزیکەی 14 تۆن بوون کە دواتر بۆ پاراستن گوازرانەوە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان.

سەرەتا ڕاپەڕینەکە سەرکەوتنی بەدەستهێنا، و سەدام حوسێن داوای لە سەرکردەی هێزە سیاسییەکان کرد گفتوگۆ بکەن، بەڵام ئەوان ئەم داواکارییەیان ڕەت کردەوە. سەرەڕای ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی سەرەتا هانی ڕاپەڕینیان لە دژی ڕژێمی بەعس دەدا، بەڵام دواتر بە هۆی گۆڕینی بارودۆخی سیاسی و ترسیان لە درووستبوونی حکومەتێکی شیعە وەک ئەوەی لە شۆڕشی ئێران 1979 ڕوویدا، وازیان لە پشتیوانی ڕاپەڕین هێنا.

بەم شێوەیە ڕژێمی بەعس دەرفەتی پێدرا بۆ سەرکوتکردنی ڕاپەڕین. هێزەکانی عێراق بە شێوەیەکی دڕندانە هێرشیان کردە سەر شارە ڕاپەڕیوەکان و دەیان هەزار کەس دەستگیر و بێسەروشوێن کران، کە هەتا ئێستاش چارەنووسی زۆرێکیان نادیارە.

لە ئەنجامی ئەم سەرکوتکردنەدا ملیۆنان کەس ناچار بوون کۆچ بکەن و بەرەو سنوورەکانی تورکیا و ئێران ڕابکەن. لە کاتی ئەم کۆچە مەزنەدا هەزاران کەس بەهۆی برسێتی، سەرما و دووری ڕێگاکان گیانیان لەدەستدا.

سەرەڕای ڕێککەوتنی سەفوان لەسەر سنووری عێراق و کوەیت، کە تێیدا هاتووە عێراق نابێت هێزی ئاسمانی بەکاربهێنێت و تەنیا هێلیکۆپتەر بۆ کارە مەدەنییەکان بەکاربهێنرێن، بەڵام دوای ماوەیەکی کەم ئەم هێلیکۆپتەرانە لەلایەن سوپای عێراقەوە بۆ هێرش و کوشتنی خەڵکی ڕاپەڕیو بەکار هاتن. پێویستە ئاماژە بەوەش بکرێت کە لەم ماوەیەدا گرووپی موجاهیدینی خەلقی ئێران ڕۆڵێکی گرنگیان لە یارمەتیدانی هێزەکانی ڕژێمی بەعس بۆ سەرکوتکردنی ڕاپەڕین هەبوو. لە ئەنجامدا وەڵامی راپەرینیان زۆر دڕندانە دایەوە و ملیۆنان کەس ناچار بوون بەرەو سنوورەکانی تورکیا، ئێران و سووریا ڕابکەن.


تۆڵەسەندنەوە لە ڕاپەڕینی کوردستان و دەستپێکردنی کۆرەوی ملیۆنی (1991)

لە کۆتاییەکانی مانگی ئادار و سەرەتای مانگی نیسانی 1991دا، نزیکەی دوو ملیۆن کەس لە کورد و شیعە ناچار بوون شار و گوندەکانیان بەجێبهێڵن و بەرەو سنوورەکان هەڵبێن. لەم ژمارەیەدا نزیکەی یەک ملیۆن و پێنج سەد هەزاریان کورد بوون کە بەرەو چیاکانی سنووری تورکیا و ئێران ڕوویان کرد، هەروەها زۆرێک لە شیعەکان بەرەو باشووری عێراق یان بەرەو سنووری سووریا و تاڵاوەکانی باشوور هەڵهاتن.

لە 6ی نیسانی 1991، کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR) ڕایگەیاند کە نزیکەی 750 هەزار کوردی عێراق بەرەو ئێران هەڵهاتون، 280 هەزار کەس بەرەو تورکیا و 300 هەزار کەسی دیکە لە سنووری تورکیا کۆبوونەتەوە. زۆرێک لەوانە ڕێگەیان پێ نادرابوو بچنە ناو تورکیا و لە بارودۆخێکی زۆر خراپی مرۆیی دا مابوونەوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتانە، کۆچکردنەکە لە ناكاو و بە پەلە بووە. هەزاران پەنابەر بە پێ، بە وڵاخ یان بە بارەهەڵگر و تراکتۆر هەڵدێن. بەشێکی زۆریان بەهۆی هێرشەکانی هێلیکۆپتەری پاسەوانی سەرۆکایەتی عێراق کوژراون، کە لە چەندین ڕووداودا تەقەیان لە هاووڵاتییانی مەدەنی هەڵاتووە کردووە. هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە پەنابەران بەهۆی مینە چێنراوەکان کوژران یان بریندار بوون کە لەلایەن هێزەکانی عێراقەوە لە کاتی شەڕی عێراق و ئێران لە نزیک سنوورەکانی ڕۆژهەڵات چێنرابوون.

بەپێی ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و ڕێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان، ڕۆژانە لە نێوان 500 تا 1000 کورد لە سنووری نێوان تورکیا و عێراق گیانیان لەدەستداوە، یان بەهۆی هێرش و بارودۆخی خراپی ژیان مردوون. هەروەها بەپێی هەندێک ڕاپۆرت، ڕۆژانە بە سەدان پەنابەر لە ڕێگەی ئێراندا گیانیان لەدەستداوە.

بە گشتی مەزەندە دەکرێت کە لە کاتی ڕاپەڕین و کۆڕەوی ملیۆنی دا لە نێوان 50 هەزار تا 100 هەزار کەس کوژراو و بێسەروشوێن بوون، یان بەهۆی سەرما، برسێتی و بارودۆخی خراپی کۆچکردن گیانیان لەدەستداوە. زۆرێک لە قوربانیان لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا بە خاک سپێردراون.

لە 5ی نیسانی 1991، هەمان ڕۆژ کە حکومەتی عێراق ڕاگەیاند «فیتنە و ئاژاوەچییەکان لە سەرجەم شارەکانی عێراق سەرکوت کراون»، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارنامەی 688 دەرکرد. لەم بڕیارنامەیەدا ڕەخنەی توند لە سەرکوتکردنی کوردان لەلایەن حکومەتی عێراق کرا و داوای لە عێراق کرا ڕێز لە مافی مرۆڤی هاووڵاتییانی خۆی بگرێت.

لە مانگی ئازاری 1991دا، ئەمریکا و بەشێک لە هاوپەیمانەکانی جەنگی کەنداو **ناوچەی قەدەخەکردنی فڕین (No-Fly Zone)**یان لە باکووری عێراق بە درێژایی پارالێلی 36 دیاری کرد. ئەم بڕیارە ڕێگری لە هێزەکانی سەدام کرد بۆ ئەوەی هێرشە ئاسمانییەکان ئەنجام بدەن و هەروەها ڕێگەی بە پێشکەشکردنی یارمەتی مرۆیی بۆ کوردان دا.

لە 17ی نیساندا هێزەکانی ئەمریکا دەستیان کرد بە کۆنترۆڵکردنی هەندێک ناوچە لە باکووری عێراق بۆ دامەزراندنی کەمپەکانی پەنابەران. ئەم ناوچانە زیاتر لە 60 میل لە ناوخۆی عێراق دوور بوون. دوایین سەربازی ئەمریکی لە 15ی تەممووزی 1991 باکووری عێراقیان بەجێهێشت.

لە مانگی نیساندا، لە سنووری تورکیا، هێزەکانی بەریتانیا و تورکیا لەسەر شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ پەنابەرانی کورد تووشی ناکۆکی بوون. لە هەمان کاتدا زۆرێک لە پەنابەرە شیعەکان بەرەو سووریا هەڵهاتن و هەزارانیان لە شاری سەیدە زەینەب نیشتەجێ بوون.

لە کوردستان شەڕ و ئاڵۆزییەکان تا مانگی تشرینی یەکەم 1991 بەردەوام بوون، لە کاریگەری ڕاپەڕینی کوردستان 1991 ڕێککەوتنێک لەنێوان حکومەتی عێراق و لایەنە کوردییەکاندا درووست بوو بۆ کشانەوەی هێزەکانی عێراق لە بەشێک لە ناوچەکانی کوردستان. ئەم ڕێککەوتنە بناغەی درووستبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دامەزراندنی ئۆتۆنۆمی کورد لە سێ پارێزگای باکووری عێراق بوو.

لە هەمان کاتدا، حکومەتی عێراق گەمارۆی خۆراک، سووتەمەنی و کەلوپەلی سەرەکیی تر بەسەر هەرێمی کوردستاندا سەپاند.

تۆڵە سەندنەوە لە باشووری عێراق 1991

لە باشووری ڕۆژهەڵاتی عێراق، هەزاران هاووڵاتی مەدەنی، سەربازی هەڵاتوو و ئەندامانی ئۆپۆزیسیۆن لە ناوچە دوورەدەستەکانی تاڵاوەکانی حەوێزە لەسەر سنووری ئێران خۆیان حەشار دابوو، بە دوای شوێنێکی ئارام و پاراستن لە هێرشەکانی ڕژێمی بەعس.

دوای سەرکوتکردنی ڕاپەڕینی 1991، ئەم ناوچانە بوون بە ئامانجی تۆڵەسەندنەوەی بەکۆمەڵ لەلایەن حکومەتی عێراقەوە. ڕژێم دەستی کرد بە وشککردنی کارەساتبارانەی تاڵاوەکان، کە نەک تەنها کارەساتێکی مرۆیی درووست کرد، بەڵکو زەرەرێکی گەورەی ئیکۆلۆژیی بە تاڵاوەکانی باشووری عێراق گەیاند. هەروەها سیاسەتی گواستنەوەی زۆرەملێ و سیستەماتیکی دانیشتوانی ناوچەکە جێبەجێ کرا.

لە 10ی تەممووزی 1991، نەتەوە یەکگرتووەکان پلانی دامەزراندنی ناوەندێکی مرۆیی لە تاڵاوەکانی هۆری حەمار ڕاگەیاند بۆ چاودێریکردن و یارمەتیدانی ئەو کەسانەی لە تاڵاوەکانی باشووردا خۆیان حەشار دابوو. بەڵام حکومەتی عێراق ڕێگەی نەدا کارمەندانی فریاگوزاری نەتەوە یەکگرتووەکان بچنە ناو تاڵاوەکانەوە یان خەڵک چۆڵ بکەن.

هێرشە سەربازییەکانی حکومەت بەردەوام بوون. بە پێی مەزەندەکان، نزیکەی 10 هەزار شەڕکەر و 200 هەزار ئاوارە لە ناوچەکانی تاڵاوەکاندا خۆیان حەشار دابوو. لە مانگەکانی ئازار و نیسانی 1992، هێرشێکی بەرفراوان لەلایەن سوپای عێراقەوە دەستی پێ کرد کە تێیدا فڕۆکەی باڵەجێگیرەکانیش بەکار هێنران.

بەپێی ڕاپۆرتێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، بانگەشەی ئەوە کرا کە حکومەتی عێراق مادەی کیمیایی ژەهراوی فڕێداوەتە ناو ئاوەکانەوە، لە هەوڵێکدا بۆ دەرکردنی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاپەڕیو لە تاڵاوەکان.

لە مانگی تەممووزی 1992دا، حکومەتی عێراق سیاسەتی چۆڵکردنی تاڵاوەکان بە شێوەیەکی فەرمی دەستی پێ کرد. فەرمان درا بە دانیشتوانی ناوچەکان کە شوێنەکانیان چۆڵ بکەن، و دوای ئەوە سەربازەکان ماڵەکانیان سووتاندن بۆ ئەوەی نەتوانن بگەڕێنەوە.

هەروەها قەدەخەی هاتووچۆ لە سەرانسەری باشووری عێراق جێبەجێ کرا و هێزەکانی ڕژێمی بەعس دەستیان کرد بە دەستگیرکردن، ئەشکەنجەدان، کوشتن و گواستنەوەی ژمارەیەکی زۆر لە عێراقییەکان بۆ ئۆردوگاکانی زۆرەملێ لە ناوچەکانی ناوەڕاستی عێراق.

هەڵوێستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی

لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە 11ی ئابی 1992، وڵاتانی بەریتانیا، فەرەنسا و ئەمریکا حکومەتی عێراقیان تۆمەتبار کرد بە ئەنجامدانی «ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی سیستەماتیک» دژی ناوچەکانی تاڵاوەکان. ئەم وڵاتانە هۆشدارییان دا کە بەغدا دەبێت ڕووبەڕووی دەرئەنجامە نێودەوڵەتییەکان بێتەوە ئەگەر ئەم سیاسەتانە بەردەوام بێت.

لە 22ی ئابی 1992، سەرۆکی ئەمریکا جۆرج بۆش ڕایگەیاند کە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دووەمین ناوچەی قەدەخەکردنی فڕین (No-Fly Zone) لە باشووری پارالێلی 32 دامەزراندووە. ئامانجی ئەم بڕیارە پاراستنی دانیشتوانی شیعە بوو لە هێرشەکانی حکومەتی عێراق، بە پێی ئەو بنەمایانەی کە لە بڕیارنامەی 688ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا باس کرا بوون.

لە مانگی ئازاری 1993دا، لێکۆڵینەوەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکان باس لە سێدارەدانی سەدان عێراقی کرد لە مانگەکانی دوایی. ڕاپۆرتەکە جەختی لەوە کردەوە کە هەڵسوکەوتی سوپای عێراق لە باشوور «نائارامکەرترین پێشهاتەکان بوو لە عێراق لە ساڵی ڕابردوودا». لە هەمان ڕاپۆرتدا ئاماژە درا کە دوای دامەزراندنی ناوچەی قەدەخەکردنی فڕین، هێزەکانی حکومەت پەنایان بردە بەر هێرشی تۆپخانەی دوورمەودا و هێرشە زەمینییەکان کە بووە هۆی زەرەرمەندی قورس بۆ دانیشتوان و وێرانکردنی بەرفراوانی موڵک و ماڵ.

لە تشرینی دووەمی 1993دا، ئێران ڕاپۆرتی دا کە بەهۆی وشککردنی تاڵاوەکان دانیشتوانی ناوچەکە چیتر ناتوانن ماسی بگرن یان برنج بچێنن. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە ساڵی 1991ەوە زیاتر لە 60 هەزار کەس بەرەو ئێران کۆچیان کردووە. کاربەدەستانی ئێرانی بانگەوازیان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بۆ پێشکەشکردنی یارمەتی مرۆیی بۆ ئاوارەکان.

لە هەمان کاتدا، نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە نزیکەی 40%ی تاڵاوەکانی باشووری عێراق وشک بوونەتەوە. هەروەها هەندێک ڕاپۆرتی پشتڕاستنەکراو ئاماژەیان دا کە سوپای عێراق گازی ژەهراوی لە دژی گوندەکانی نزیک سنووری ئێران بەکار هێناوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کانوونی دووەمی 1993دا عێراقی تۆمەتبار کرد بە ئەنجامدانی «ئۆپەراسیۆنە سەربازییە بێ جیاوازییەکان» لە باشوور، کە تێیدا سووتاندنی گوندەکان و ئاوارەکردنی زۆرەملێی دانیشتوانی مەدەنی ڕوویداوە.

لە 23ی شوباتی 1994دا، حکومەتی عێراق ئاوی ڕووباری دیجلە بۆ ناوچەکانی باشووری تاڵاوەکان لادا. ئەم کارە بووە هۆی درووستبوونی لافاو بە قووڵایی نزیکەی 10 پێ کە زەوییە کشتوکاڵییەکان بێکەڵک کرد و هەوڵێکی تر بوو بۆ دەرکردنی ئەو گرووپانەی کە لە ناوچەکەدا خۆیان حەشار دابوو.

لە مانگی ئازاری 1994دا، تیمێکی زانایانی بەریتانی مەزەندەیان کرد کە نزیکەی 57%ی تاڵاوەکان ئاویان لێ دەرچووە و ئەگەر ئەم بارودۆخە بەردەوام بێت، تەواوی ئیکۆسیستەمی تاڵاوەکانی باشووری عێراق لە ماوەی 10 تا 20 ساڵی داهاتوودا دەکەوێتە مەترسی لەناوچوون.

لە مانگی نیسانی 1994دا بەرپرسانی ئەمریکا ڕایانگەیاند کە حکومەتی عێراق بەردەوامە لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە ناوچە دوورەدەستەکانی تاڵاوەکان.


دۆسیەی ڕاپەڕین و کۆڕەوی ملیۆنی (1991)

دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق یەکەم دانیشتنی خۆی لەسەر دۆسیەی سەرکوتکردنی ڕاپەڕینی 1991 و کۆڕەوی ملیۆنی لە عێراق، کە بە ناوی الانتفاضة الشعبانية ناسراوە، لە 21ی ئابی 2007 دەست پێکرد. بریاری دادگا لەم دۆسیەیەدا ئەم تاوانانەی بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لە قەڵەمدا.

سەرچاوەکان

Human Rights Watch / Middle East Watch.
Endless Torment: The 1991 Uprising in Iraq and Its Aftermath.
New York: Human Rights Watch, 1992.
https://www.hrw.org/reports/1992/Iraq926.htm

United Nations Security Council.
Resolution 688 (1991), adopted on 5 April 1991, concerning the repression of the Kurdish population in Iraq.
https://undocs.org/S/RES/688(1991)

United Nations Commission on Human Rights.
Report on the Situation of Human Rights in Iraq.
Prepared by Max van der Stoel, Special Rapporteur.
UN Document E/CN.4/1992/31, Geneva, 1992.
https://digitallibrary.un.org/record/225895

McDowall, David.
A Modern History of the Kurds.
London: I.B. Tauris, 2004.

Tripp, Charles.
A History of Iraq.
Cambridge: Cambridge University Press, 2007.

کوردستان 1991 – ڕاپەڕینی گەلی کوردستان.
سلێمانی: ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژیی کوردستان.
https://ksc-kcf.org/wp-content/uploads/2018/03/raperin-1991.pdf



Leave feedback about this

  • Rating

PROS

+
Add Field

CONS

+
Add Field
Choose Image
Choose Video