تاوانەکان

ڕاپەڕین و کۆرەوی ملیونی- 1991

ڕاپەڕین و کۆرەوی ملیونی- 1991

بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان و خەڵکی کوردستان بەردەوام بە دوای دەرفەتێکدا دەگەڕان بۆ ڕزگاربوون لە ستەم و تاوانەکانی ڕژێمی بەعس.، کورد و پارتە سیاسییە کوردییەکان و پێشمەرگە لە ماوەی حوکمی دیکتاتۆری بەعس بە بەردەوامی بە چالاکی سیاسی جۆراوجۆرەکان و خەبات و شۆڕش و شەڕی ڕووبەڕوو و ڕاپەڕینی جەماوەری لەدژی سیستەمی چەوسانەوەی ڕژێمی بەعس ڕووبەڕووی کوشتار و سەرکوتکردنی دڕندانە بوونەتەوە، بەڵام هەرگیز سڵیان لە خەبات و بەر خودان نەکردووە و نەوەستاون.بۆیە ڕاپەڕینی 1991 هۆکار گەلێکی زۆری هەبوو. لە وانەش ڕووبەڕووبوونەوەی چەندین جینۆساید لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردو، هەر بۆیە شەڕی یەکەمی کەنداو بە هۆی لەشکرکێشی و هێرشی عێراق بۆ سەر کوەیت بە بیانووی جۆراوجۆر و کاردانەوەی خێرای نێودەوڵەتی بە دەرکردنی چەند بڕیارێکی نێودەوڵەتی دژی عێراق و سەپاندنی سزای ئابووری و شکستی هێزەکانی ئەم وڵاتە لە شەڕەکەدا کاردانەوەی زۆری لە ناوچەکەدا هەبوو. ئەمەش وای کرد کورد و شیعەکانی عێراق وا بیر بکەنەوە کە دەرفەتی گونجاو بۆ ڕزگاربوون لە سەدام و ڕژێمی بەعس هاتووتە ئاراوە. تەنانەت لێدوانی بەرپرسانی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان بەتایبەتی جۆرج ئێچ دەبلیوو بۆش سەرۆکی ئەمریکا هانی گەلی عێراقی بە گشتی دەدا بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس و یەکێک بوو لە هۆکارەکانی ئەم ڕاپەڕینە. بووش لە چەند وتارێکدا لە 15ی شوباتی 1991 و 1ی ئازاری 1991 لە دەنگی ئەمریکا و لە 24ی شوباتی 1991 لە ڕادیۆی عێراقی ئازاد هانی گەلی عێراقی دا بۆ ڕاپەڕین و ڕووخاندنی سەدام. جگە لەوەش لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکانی باشوور و پارتە کوردییەکان و پێشمەرگە و گەلی کورد پێیان وا بوو کە ڕژێمی بەعس دوای شکستی هێزەکان لاواز بووە و ئەمجارە ئەمریکا پشتیوانیان دەکات.

هێرشی عێراق بۆ سەر کوەیت و یەکەمین جەنگی کەنداوی فارس

ڕژێمی بەعس درێژەی بە تاوان و دوژمنکاری ڕابردووی دا، ئەمەش بووە هۆی تاوانکاری نوێ، کە لەشکرکێشی بۆ کوەیت بوو لە مانگی ئابی ١٩٩٠، دەستپێکردنی شەڕی نێوان عێراق و کوەیت و داگیرکردنی بە بیانووی قەرزەکانی عێراق بۆ کوێت. کە کوێت ئامادە نەبوو لێی خۆش بێت. ئامانج لەم هێرشە لکاندنی بوو بە عێراقەوە وەک پارێزگای نۆزدەیەم. داگیرکردنی کوێت لەلایەن عێراقەوە لە ماوەی ١٣ کاتژمێردا تەواو بوو و دەستبەجێ ڕووبەڕووی ئیدانەکردنی نێودەوڵەتی بووەوە. وە بڕیارنامەی ٦٦٠ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەرچوو و بڕیارنامەی ٦٦١ بە کۆی دەنگ پەسەند کرا، کە سزای ئابووری بەسەر عێراقدا سەپاند. هەڕوەها لەگەڵ پەسەند کردنی بڕیارنامە ی 678ی نەتەوەیەکگرتووەکان لە 29ی تشرینی دووەمی 1990، دەڕفەتی کۆتایی بە عێراق دا تا 15ی 1ی 1991 بۆ جێبەجێکردنی بڕیارنامە ی 660 و کشانە وە لە کوێت. دوای ئەو وادەیە ڕێگەی بە هێزەکانی ئیتلاف دا کە “هەموو ڕێگەیەکی پێویست” بەکار بهێنن بۆ ئەوەی عێراق ناچار بکەن لە کوێت بکشێنەوە. هەوڵە سەرەتایییەکان بۆ دەرکردنی عێراقییەکان لە کوێت بە بۆردوومانی ئاسمانی و دەریایی لە ١٧ی جەنیوەریی ١٩٩١ دەستی پێ کرد، یەکەم جەنگی کەنداوی فارس بۆ ماوەی پێنج هەفتەی خایاند و بووە هۆی شکستی هێزەکانی عێراق لەلایەن هاوپەیمانییەکی ٤٢ وڵاتەوە بە سەرۆکایەتی ئەمریکا، کە 700 هەزار سەربازی تێدا بوو، لە ئۆپەراسیۆنی گەردەلوولی بیاباندا. عێراق لە کاتی جەنگدا بە زیانێکی زۆرەوە دەرکرا، بەتایبەتی کاتێک لە کوێتەوە بە شکستێکی گەورە گەڕایەوە. و ئەمەش دەرفەتێکی نوێی بۆ ڕاپەڕین لە دژی گەلی عێراق بە گشتی لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق ڕەخساند.


ڕاپەڕینی ١٩٩١

باشووری عێراق لە 1ی ئازاری ساڵی 1991، ڕۆژێک دوای ئاگربەستی شەڕی کەنداوی فارس، ڕاپەڕینێک لە بەسرە دژی حکومەتی عێراق دەستی پێ کرد. لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا ئەم ڕاپەڕینە هەموو شارە گەورەکانی شیعە لە باشووری عێراقدا تەشەنەی کرد: نەجەف، عەممارە، دیوانیە، حلە، کەربەلا، کوت، ناسریە و سەماوە.
لە ٥ی ئازاری ١٩٩١ ڕاپەڕین بە هاوکاری هێزەکانی پێشمەرگەی هاوپەیمانی کوردستانی کە پێک هاتبوو لە هەموو لایەنە کوردییەکان، هەروەها هێزە جەماوەری کوردستان، ڕاپەڕین لە شاری ڕانیە دەستی پێ کرد و لە ڕۆژانی دواتردا، بۆ ناو چەکانی تر بڵاو بووەوە لە بازیانی یەک و دوو، دەشت بێتوێن، دەشتی پشدەر، سلێمانییە، چەمچەماڵ، هەڵەبجە، عەربەت، زەڕاین، سەمود، نادر، و باریکە، پیرەمگرون، کۆیە، شەقڵاوە، کافیری، خورماتوو، مەسیف، تەقتەق، ڕواندز، قەرە هەنجیر و ئەغجەلر، هەریر و باتاس، خەلیفان، سپیلک و سۆران، چۆمان و حاجی ئۆمەران و مێرگەسور، هەولێر، جەلەولا، مەخموور، ئاکرێ، خانەقین و شێخان، زاخۆ، پردێ، جەبارە، کۆڵە جۆ، دهۆک و لە ماوەی 16 ڕۆژدا توانیان پێشڕەوی بکەن بۆ کەرکووک و کۆنترۆڵی هەموو شارەکان بکەن. بە پێچەوانەی باشوورەوە کە دروشمەکان هەمووی ئایینی و شیعە گەرایی بوون، ڕاپەڕینی کوردان بە دروشمی نەتەوەیی و سیاسیی بەڕێوە دەچوو، لە وانەش دیموکراسی بۆ عێراق، ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان، سەربەخۆیی و ئازادی بۆ میللەت.
خەڵکی ڕاپەڕیو لە هەموو شارەکانی باشووری عێراق و لە کوردستان هێرشیان کردە سەر دامودەزگا ئەمنییەکانی بەعس کە بۆ چەندین ساڵ ناوەندی ئەشکەنجە و کوشتنیان بوو، لە وانەش بەڕێوەبەرایەتی ئەمنی سلێمانی کە بە (ئەمنە سوورەکە) ناسرابوو، یەکێکە لە زیندانە ترسناکەکان. لە ئەنجامدا هەموو زیندانییەکانیان لە زیندان ئازاد کرد و بە دەیان هەزار بەڵگەنامەی حکومەت پەیوەست بە جینۆسایدی ئەنفال و کیمیاباران و ڕەشبگیری خەڵک و پاکتاوی ڕەگەزی، دەستکەوت کە دەرخەری ئەوە بوو کە ڕژێمی بەعس بە سیستەماتیک سەدان هەزار کورد وە پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینەکانیش لەم تاوانانە نەپاراستووە، بە درێژایی مێژووی دەسەڵاتداریان بە شێوازی جیاواز ئەشکەنجەی داون بە پەتی سێدارە هەڵواسیون و کۆمەڵکوژی کردوون، کۆی گشتی بەڵگەنامەکان 14 تۆن بوون کە دواتر گوازرایەوە بۆ ئەمریکا.

ڕاپەڕینەکە سەرکەوت، سەدام حوسێن داوای لە سەرکردەی لایەنەکان کرد گفتوگۆ بکەن و ئەوانیش قبووڵیان نەکرد، سەرەڕای ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی سەرەتا دەیانویست ڕاپەڕینێک لەدژی حکومەتی عێراق و ڕووخاندنی سەدام و ڕژێمی بەعس ڕوو بدات لە هەموو بەشەکانی عێراق، بەڵام بەهۆی گۆڕینی ئاراستەی ڕاپەڕین شیعەکان لە باشوور گۆڕا و ئەمریکا هاوپەیمانەکانی ئەزموونێکی ترسناکیان هەبوو لە دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات وەک مەلاکانی شیعە لە شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێراندا، بۆیە بە پێچەوانەی لێدوانەکانی پێشوویان، وازیان لە پشتیوانی ڕاپەڕین هێنا و گڵۆپی سەوزیان بۆ ڕژێمی بەعس هەڵکرد دەستی عێراقیان کردەوە بۆ سەرکوتکردن و کوشتنی شیعە لە باشوور و ڕاپەڕینی کوردان لە کوردستان، دەیان هەزار کەس لە شارەکاندا دەستگیر و بێسەروشوێن کران و تا ئێستاش چارەنووسی بەشێکی زۆریان نادیارە. وە ملیۆنان کەس ناچار بوون کۆچ بکەن و لە دەستی بەعسییەکان هەڵبێن، هەزاران کەسیان بەهۆی برسێتی و سەرما و دووری ڕێگاکان گیانیان لەدەستدا.
سەرەڕای ڕێککەوتنی سەفوان لەسەر سنووری عێراق و کوەیت، کە تێیدا هاتووە عێراق نابێت هێزی ئاسمانی بە کار بهێنێت و تەنیا هێلیکۆپتەربۆکاروباری زیانەکانی ژێرخانی مەدەنییەوە لە دیوی خۆی بەڵام دوای ماوەیەکی کەم ئەم هەلیکۆپتەرانە لەلایەن سوپای عێراقەوە بۆ کوشتنی خەڵکی ڕاپەڕیو بەکار هات. پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە لەم ماوەیەدا گرووپی ئێرانی (ڕێکخراوی موجاهیدینی خالقی ئێران) ڕۆڵی سەرەکییان لە یارمەتیدانی سەرکوتکردنی ڕژێمی بەعسدا هەبووە. وەڵامی دڕندانەیان دایەوە بۆ ڕاپەڕینی کورد و شیعە کە بەرەو سنوورەکان خۆیان لە دەست ڕژێمی دڕندەی بەعس دەرباز دەکرد بەرەو تورکیان و ئێران و سووریا.

تۆڵە سەندنەوە لە ڕاپەڕین – کۆڕەوی ملیۆنی


لە کۆتایییەکانی مانگی ئادار و سەرەتای مانگی نیساندا، نزیکەی دوو ملیۆن کورد و شیعە، کە ملیۆنێک و 500 هەزاریان کورد بوون، لە شار و گوندەکانەوە بەرەو چیاکانی سەر سنوور بەرەو تورکیا و ئێران هەڵهاتن، شیعەکانیش بەرەو باشوور هەڵهاتن بەرەو سنووری سووریا یان تاڵاوەکانی باشوور خۆیان حەشاردا. لە ٦ی نیسان، کۆمیسارییای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNCHR) مەزەندەی کردووە کە نزیکەی ٧٥٠ هەزار کوردی عێراق بەرەو ئێران و ٢٨٠ هەزار بۆ تورکیا و ٣٠٠ هەزاری دیکە لە سنووری تورکیا کۆبوونەتەوە ڕێگەیان پێ نادرێت و ئەشکەنجە ئازار دەدرێن لە لایەن هێزەکانی تورکیا. هەروەها ڕای گەیاند کە کۆچکردنیان لەناکاو و بە پەلە بووە، هەزاران پەنابەری بێهیوا بە پێ، بە وڵاخ یان بە بارهەڵگر و تراکتۆر هەڵدێن. بەشێکی زۆریان بەهۆی هەلیکۆپتەرەکانی پاسەوانی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق کوژراون، کە لە چەند ڕووداوێکدا لە باکوور و باشوور تەقەیان لە هاووڵاتییانی مەدەنی هەڵاتووە کردووە. هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە پەنابەران بەهۆی ئەو مینە چێنراوانەی کە لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە لە نزیک سنوورەکانی ڕۆژهەڵات لە کاتی شەڕ لەگەڵ ئێراندا چێنراون، کوژراون یان پەککەوتە بوون. بەگوێرەی ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و ڕێکخراوە فریاگوزارییە نێودەوڵەتییەکان ڕۆژانە لە نێوان 500 بۆ 1000 کورد بە درێژایی سنووری نێوان تورکیا و عێراق یان کوژراون یان بە هۆی بارودۆخی خراپ گیانیان لەدەست داوە. بە پێی ڕاپۆرتەکان ڕۆژانە بە سەدان پەنابەر لە رێگەی ئێراندا گیانیان لە دە ستداوە. هەروەها مەزەندە دەکرێت لە کاتی ڕاپەڕیندا لە نێوان ٥٠ هەزار تا ١٠٠ هەزار کەس کوژراون، بێسەروشوێنبوون، یان بەهۆی سەرما و برسێتی گیانیان لەدەستداوە. زۆرێک لە کوژراوەکان لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا بە خاک سپێردراون.

لە ٥ی نیسان، هەمان ڕۆژ کە حکومەتی عێراق “سەرکوتکردنی تەواوەتی فیتنە و تێکدان و ئاژاوەگێڕیەکانی لە سەرجەم شارەکانی عێراق”ی ڕاگەیاند. ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان بڕیارنامەی ٦٨٨ی دەرکرد، کە تێیدا ئیدانەی دڕندەیی حکومەتی عێراقی بەرامبەر کورد کرد و گوتی پێویستە عێراق ڕێز لە مافی مرۆڤی هاووڵاتییانی خۆی بگرێت، لە سەرەتای مانگی ئازاری ١٩٩١ەوە ئەمریکا و بەشێک لە هاوپەیمانەکانی جەنگی کەنداو یاسای قەدەخەکردنی ناوچەی فڕین هێزی ئاسمانی (Fly Zone) لەسەر باکووری عێراق/کوردستان بە درێژایی پارالێلی 36 دەرکرد، ڕێگری لە هێزەکانی سەدام کرد کە هێرشی ئاسمانی ئەنجام بدەن و هاوکاری مرۆیی پێشکەش بە کوردەکان کرد. لە ١٧ی نیساندا هێزەکانی ئەمریکا دەستیان کرد بە کۆنترۆڵکردنی ناوچەکان کە زیاتر لە ٦٠ میل لە عێراقەوە دوورن بۆ دامەزراندنی کەمپ بۆ پەنابەرانی کورد. دوایین سەربازی ئەمریکی لە ١٥ی تەممووزدا باکووری عێراقیان بەجێ هێشت. لە ڕووداوی سنووری تورکیا لە مانگی نیساندا، هێزەکانی بەریتانیا و تورکیا لەسەر مامەڵەکردن لەگەڵ پەنابەرانی کورد لە تورکیا تێک هەڵچوون. زۆرێک لە پەنابەرە شیعەکان بەرەو سووریا هەڵهاتن و هەزارانیان لە شاری سەیدە زەینەب نیشتەجێ بوون. لە کوردستان شەڕەکە تا مانگی تشرینی یەکەم بەردەوام بوو، ئەو کات ڕێککەوتنێک کرا بۆ ئەوەی عێراق لە بەشێک لە ناوچەکانی کوردستانی عێراق بکشێتەوە. ئەمەش بووە هۆی دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دامەزراندنی ئۆتۆنۆمی کورد لە سێ پارێزگاکەی باکووری عێراق. لە کاتێکدا حکومەتی عێراق گەمارۆی خۆراک و سووتەمەنی و کەلوپەلی دیکەی بۆ هەرێم گرتبووبەر.

تۆڵەسەندنەوە لە باشوور

لە باشووری ڕۆژهەڵاتی عێراق، هەزاران هاووڵاتی مەدەنی و هەڵاتوانی هێزەکانی سوپا و یاخی بوو لە ناوچە دوورە دەستەکانی تاڵاوی حەوێزە لەسەر سنووری ئێران خۆیان حەشار دابوو بە دوای پەناگەیەکی ئارام. دوای ڕاپەڕین، زۆنگاوەکان کرانە ئامانجی تۆڵەسەندنەوەی بەکۆمەڵ، وشککردنی کارەساتبارانە کە زەرەرە و زیانی ئیکۆلۆژی لە تاڵاوەکانی عێراقی بەدوای خۆیدا هێنا هەروەها و گواستنەوەی زۆرەملێی بەربڵاو و سیستەماتیکی دانیشتوانی ناوچەکە. لە 10ی تەممووزی ساڵی 1991، نەتەوە یەکگرتووەکان پلانی کردنەوەی ناوەندێکی مرۆیی لە تاڵاوەکانی هۆری حەمار ڕاگەیاند بۆ چاودێریکردنی ئەو کەسانەی لە تاڵاوەکانی باشووردا خۆیان حەشار داوە، بەڵام هێزە عێراقییەکان ڕەتیان کردەوە کارمەندانی فریاگوزاری نەتەوە یەکگرتووەکان بچنە ناو تاڵاوەکانەوە یان خەڵک چۆڵ بکەن. هێرشێکی بەرفراوانی حکومەت بۆ سەریان، کە مەزەندە دەکرا ١٠ هەزار شەڕکەر و ٢٠٠ هەزار ئاوارە لە تاڵاوەکاندا خۆیان حەشار دابوو، لە مانگەکانی ئازار-نیسانی ١٩٩٢ بە بەکارهێنانی فڕۆکەی باڵە جێگیرەکان دەستی پێ کرد. ڕاپۆرتێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بانگەشەی ئەوە دەکات کە عێراق مادەی کیمیایی ژەهراوی فڕێداوەتە ناو ئاوەکانەوە لە هەوڵێکدا بۆ دەرکردنی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاپەڕیو. لە مانگی تەممووزی ساڵی ١٩٩٢ حکومەت هەوڵەکانی بۆ چۆڵکردنی تاڵاوەکان دەستی پێ کرد و فەرمانی بە دانیشتوانی نیشتەجێبوونەکان کرد کە چۆڵ بکەن، دوای ئەوە سەرباز ماڵەکانیان لەوێ سووتاند بۆ ئەوەی نەتوانن بگەڕێنەوە. هەروەها قەدەخەی هاتووچۆ لە سەرانسەری باشوور جێبەجێ کرا و هێزەکانی ڕژێمی بەعس دەستیان کرد بە دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدان و کوشتن و گواستنەوەی ژمارەیەکی زۆر لە عێراقییەکان بۆ ئۆردوگاکانی زۆرەملێ لە بەشی ناوەڕاستی وڵات.


هەڵوێستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی

لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ١١ی ئابی ١٩٩٢، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەمریکا عێراقیان تۆمەتبار کرد بە ئەنجامدانی “ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی سیستەماتیک” دژی تاڵاوەکان و هۆشدارییان دا لەوەی بەغدا ڕووبەڕووی دەرەنجامە ئەگەرییەکان دەبێتەوە لە ٢٢ی ئابی ١٩٩٢ سەرۆک بووش ڕای گەیاند کە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دووەمین ناوچەی دژە فڕینیان بۆ هەر فڕۆکەیەکی عێراقی لە باشووری پارالێلی ٣٢ دامەزراندووە بۆ پاراستنی شیعەکان لە هێرشەکانی حکومەت، وەک لە بڕیارنامەی ٦٨٨ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان پەسەند کرابوو. لە مانگی ئازاری ساڵی 1993، لێکۆڵینەوەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لە سێدارە دانی سەدان عێراقی لە مانگی مارس لە مانگەکانی دوایی کرد و جەختی لەوە کردەوە کە هەڵسوکەوتی سوپای عێراق لە باشوور «نائارامکەرترین پێشهاتە [لە عێراق] لە ساڵی ڕابردوودا، «ئاماژەی بەوەش کرد کە دوای پێکهاتنی لە ناوچەی دژە فڕین، سەربازەکان پەنایان بردە بەر هێرشی تۆپخانەی دوور مەودا، دواتر هێرشی زەمینی کە بووە هۆی “زەرەرمەندی قورس” و وێرانکردنی موڵک و ماڵی بەرفراوان، لەگەڵ ئیدیعای لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ. لە تشرینی دووەمی ساڵی 1993، ئێران ڕاپۆرتی دا کە لە ئەنجامی وشککردنی ئاوەڕۆی تاڵاوەکان، عێراقییەکانی ناو تاڵاوەکان چیتر ناتوانن ماسی بگرن و برنج بچێنن و لە ساڵی 1991ەوە زیاتر لە 60 هەزار کەس ڕوویان لە ئێران کردووە. کاربەدەستانی ئێرانی بانگەوازیان لە جیهان کرد کە هاوکاری بۆ یارمەتیدانی ئاوارەکان بنێرن. هەر لەو مانگەدا نەتەوە یەکگرتووەکان ڕای گەیاند کە لەسەددا ٤٠ی تاڵاوەکانی باشوور وشک بووەتەوە، لە کاتێکدا ڕاپۆرتە پشتڕاستنەکراوەکان دەرکەوتن کە سوپای عێراق گازی ژەهراوی لە دژی گوندەکانی نزیک سنووری ئێران بەکارهێناوە. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٩٣ عێراقی تۆمەتبار کرد بە “ئۆپەراسیۆنە سەربازییە بێ جیاوازییەکان لە باشوور، کە بریتی بوو لە سووتاندنی گوندەکان و ئاوارەکردنی زۆرەملێی خەڵکی سڤیل”. لە 23ی شوباتی 1994، عێراق ئاوی ڕووباری دیجلەی بۆ ناوچەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی تاڵاوە سەرەکییەکان لادا، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی لافاو بە قووڵایی 10 پێ بۆ ئەوەی زەوییە کشتوکاڵییەکان بێ کەڵک بکات و ئەو یاخیبووانەی کە خۆیان حەشار دابوو، دەربکەن. لە مانگی ئازاری ساڵی 1994 تیمێکی زانایانی بەریتانی مەزەندەیان کرد کە 57%ی تاڵاوەکان ئاویان لێ دەرچووە، هەروەها تەواوی ئێکۆسیستەمی تاڵاوەکان لە باشووری عێراق لە ماوەی 10 بۆ 20 ساڵی داهاتوودا نامێنێت. لە مانگی نیسانی ساڵی 1994 بەرپرسانی ئەمریکا ڕایان گەیاند کە عێراق لە تاڵاوە دوورە دەستەکانی باشوور بەردەوامە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان.

دۆسیەی راپەرینی و کۆرەوەی ملیونی کورد- (الانتفاضة الشعبانية) في جنوب -1991

دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق یەکەم دانیشتنی خۆی لەسەر مەلەفی سەرکوتکردنی راپەرینی و کۆرەوەی ملیونی کورد ڕاپەڕینی شەعبانیە لە عێراق لە ساڵی 1991 لە 2007/8/21 ئەنجامدا و تاوانەکەی بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لە قەڵەمدا.

Leave feedback about this

  • Rating

PROS

+
Add Field

CONS

+
Add Field
Choose Image
Choose Video