بۆردومانی قەڵادزێ (١٩٧٤) کۆمەڵکوژی و ڕاگواستن
شاری قەڵادزێ (بە ئینگلزی: Qaladze، بە عەرەبی: قلعةدزة، بە فارسی: قلعە دیزە) یەکێکە لە شارەکانی هەرێمی کوردستان و ناوەندی قەزای پشدەرە، سەر بە پارێزگای سلێمانییە.
لە دوای ڕێکەوتنامەی ١١ی ئاداری ١٩٧٠ لەنێوان حکومەتی عێراق و سەرکردایەتی کورد لە کوردستان، کە پێویست بوو وەک چارەسەرێکی سیاسی بۆ پرسی کورد، بەڵام حکومەتی عێراق بە پێچەوانەی ناوەرۆکی ڕێکەوتنامەکە هەنگاوی هەڵگرت و بە تێپەڕبوونی کات، پاشگەزبوونەوەی خۆی لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکان نیشان دا. لە ئەنجامدا، گوشارە سیاسی و سەربازییەکان بۆسەر کوردستان، بە تایبەتی لە ناوچەی حوکمی زاتی و سەرکردایەتی کورد، ڕۆژ بە ڕۆژ زیاد بوو. ئەم سیاسەتە لە ساڵی ١٩٧٤دا گەیشتە قۆناغی هێرشە سەربازییە ڕاستەوخۆکان، کە تێیدا بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو و هەروەها دەستگیرکردنی بەسەدان کەس بە شێوەی رەشبگیری جێبەجێ کرا.
بۆردومانی قەڵادزێ
له رۆژی ١٩٧٤/٤/٢٤ فڕۆکه جهنگییهکانی ڕژێمی بهعس، شاری قهڵادزێ و زانکۆی لەو شارە به چهكی قهدهغه كراوی جۆری بۆمبی ناپاڵم و فڕۆکەی (سوخۆی ڕووسی و باجەری فەڕەنسی و میگی ڕووسی) بۆردومان کرد. لە ئەنجامی بۆمباران لەم رۆژەدا شاری قەڵادزێ و زانکۆ کە ئەو کاتە زانکۆی سلێمانی تازە گوازرا بۆوە بۆ قەڵادزێ خەڵتانی خوێن کرا. ئەو بۆردومانە بووە هۆكاری وێرانكردنی شارەكە و شەهیدبوونی ١٣٤ کەس لە قوتابی و هاوڵاتیان و برینداربوونی زیاتر لە ١٥٢ کەس، كە ژمارەیەكی زۆریان قوتابیانی زانکۆی سلێمانی بوون کە لە بەشە ناوخۆییەکان مابوونەوە. هەروەها سەرۆکایەتی زانکۆ و نەخۆشخانەی قەڵادزێ و فەرمانگەی شارەوانی و فەرمانگەی قایمقامیەت و قوتابخانەی قەڵادزێی کچان و قوتابخانەی ناوەندی قەڵادزێ، لەگەڵ ٢٧ ماڵ و ٤٠ شوێنی گشتی و تایبەت بەر بۆمبارانەکە کەوتن و لەگەڵ زەوی تەختکران.
چارەنوسی فروکەوانانی بۆردومانی قەڵادزێ
ئەو فڕۆکانەی لە ٢٤/٤/١٩٧٤ قەڵادزێ و ٢ رۆژ دواتری هەلەبجەیان بۆردومان کرد، لە بنکەی ئاسمانی کەرکوک هاتبوون، فەرماندەی ئەو بنکەیە تاوانبار (رائیدی فروکەوان سالم سوڵتان عەبدوڵڵا بەسۆ) بوو، خۆی راستەوخۆ سەرکردایەتی ئەو پۆلە فڕۆکەیەی دەکرد. ئەو دواجار پلەکەی بەرزکرایەوە بۆ لیوا روکنی فڕۆکەوان، لە ساڵی ١٩٩٣ لەگەڵ ژمارەیەک ئەفسەری بە تایبەتی کامل ساجت و بارق عەبدوڵڵا حنتە، بە تۆمەتی ئەنجامدانی کودەتا لە دژی سەدام حسین، گوللەباران کران.
ڕاگواستنی بە زۆرە ملێ نێوان 1977- 1981
لە ساڵی ١٩٧٧ دانیشتوانی گوندەکانی بناری چیای قەندیل بە زۆر راگوێزران و ١٩٧٨ و دواتر لە ساڵی ١٩٨١ خەڵکی گوندەکانی دەوروبەری قەزای قەڵادزێ بە زۆرەملێ راگوێزران بۆ کۆمەڵگا زۆرەمللیەکان بە شێوەی خوارەوە:
گواستنەوەی دانیشتوانی ١٣ گوند بۆ شارۆچکەی چوارقوڕنە.
گواستنەوەی دانیشتوانی ٩ گوند بۆ کەمپی زۆرەملێی کۆمتان.
گواستنەوەی دانیشتوانی ٤ گوند بۆ کەمپی زۆرەملێی عەنزا.
گواستنەوەی دانیشتوانی ٤٣ گوند بۆ کەمپی زۆرەملێی باسستێن.
گواستنەوەی دانیشتوانی ١٧ گوند بۆ کەمپی زۆرەملێی توە سوران.
گواستنەوەی دانیشتوانی ٢٧ گوند بۆ کەمپی زۆرەملێی پێمەلەک.
گواستنەوەی دانیشتوانی ١٢ گوند بۆ کەمپەکانیتری لە دەرەوەی ناوچەکە.
ئەم ڕاگواستنە بەزۆرەملێیانە لە ڕوانگەی زانستی و یاساییەوە دەتوانرێت وەک بەشێک لە سیاسەتی گۆڕینی دیمۆگرافی و کۆنترۆڵکردنی ناوچەکە لێک بدرێتەوە.
راپەڕینی قەڵادزێ – ١٩٨٢/٤/٢٤
لە رۆژی ١٩٨٢/٤/٢٤ بۆ یادەوەری شەهیدان و قوربانیانی بۆردومانەکەی قەڵادزێ، خەڵکی قەڵادزێ کاتێک بە سەرپەرشتی خوێندکاران لە گۆڕستانەوە دەگەڕێنەوە ناو شار، خۆپیشاندانێکی جەماوەرییان بۆ پرۆتۆستۆکردنی سیاسەتەکانی ڕژێمی بەعس ئەنجامدا، کە دواتر هەموو کوردستانی گرتەوە و بە راپەڕینی قەڵادزێ ناسراوە. لەو خۆپێشاندانە هێزە ئەمنیەکانی ڕژێم ڕێیان پێ دەگیرێت و تێک هەڵدەچن، پاشان زرێپۆش و بنكە سەربازییەکان بە چەکی دۆشکا تەقە لە خەڵک دەکەن. هەروەها دوو خوێندکار بە گوللە بریندار دەبن و ٤٩ خوێندکاری کوڕ و کچ و ٥٠ منداڵ دەستگیر دەکرێن و چەندین 34 کەسەیتر شەهید و بریندار دەبن. ئەو راپەڕینە کاریگەرییەکی سیاسیی بەهێزی هەبوو و وەک یەکێک لە ڕووداوە گرنگەکانی خەباتی دژ بە ڕژێمی بەعس دادەنرێت.
ڕاگواستنی زۆرە ملێ قەڵادزێ – ١٩٨٩
قەڵادزێ بەهۆی چالاکی و ناوچە جوگرافییەکەیەوە بەردەوام بۆردومان کراوە و بەسەدان کەس بوونە قوربانی. لە ساڵانی شەستەکانەوە ئەم شارە بەردەوام جێی ئامانجی بۆردومانی فڕۆکە و هێرشەکانی هێزی سەربازیی عێراق بووە، لە سەردەمی عبدولسەلام عارف (١٩٦٣) و عبدولرەحمان عارف (١٩٦٦)یش بۆردومان کراوە. دواین قۆناغی ڕاگواستنی بەزۆرەملێ لە ساڵی ١٩٨٩ بوو کە قەزای پشدەر بە تەواوی کرا بە ناوچەی قەدەغە، و قەڵادزێ و ناحیەکان و گوندەکان لەگەڵ زەویدا تەخت کران، رەزو باخەکان سووتان و کانیاوەکان ووشک کران. لە ١٩٨٩/٦/٢٠ و لە ماوەی ٦ ڕۆژدا دانیشتوانی پشدەر بە گشتی بە زۆر راگوێزران بۆ ئۆردوگا زۆرەملێیەکان لە حاجیاوا و پیرەمەگروون و بازیان و باینجان و تەیناڵ و دارەتوو و خەبات و کەورگۆسک و جەدیدەزاب و تۆپزاوە، خانوو و قوتابخانە و شوێنی گشتی و مزگەوتی شارەکەش هەموو تەقێنرانەوە و شارەکە بە ناوچەی قەدەغە دیاری کرا.
قەڵادزێ لە نێو جەنگی عێراق و ئێران
لە ماوەی جەنگی نێوان عێراق و ئێراندا، قەڵادزێ چونکە لەسەر سنوور بووە بەردەوام تووشی تۆپباران و بۆردومان هاتووە، بەو هۆیەشەوە نزیکەی ١٠٠ هاوڵاتی شارەکە بوونەتە قوربانی.
کەیسی قەڵادزێ لە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق
لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ و دامەزراندنی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق، کەیسی بۆردومانی قەڵادزێ و کۆمەڵکوژی و ڕاگواستنی بە زۆرەملێی دانیشتوانی ناوچەکە وەرگیرا و بە شێوەی فەرمی گەیشتە بەردەم دادگا. لە ساڵی ٢٠١٤، دادگا بە پشتبەستن بە بەڵگە و دۆسیەی تایبەت توانای ئەوەی هەبوو کە ئەم تاوانانە وەک کۆمەڵکوژی بناسێنێت. لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتی، ئەم کەیسە دەتوانرێت لە چوارچێوەی تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی و جەنگدا هەڵبژێردرێت، بە تایبەتی بەهۆی ئامانجگرتنی هاوڵاتیانی مەدەنی و بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو. هەروەها بە پێی پرەنسیپی بەرپرسیاریەتی فەرماندەیی، بەرپرسیاریەتی سەرەکی ئەم هێرشانە دەگەڕێتەوە بۆ فەرماندەیی باڵای دەوڵەتی عێراق لە سەردەمی ڕژێمی بەعس. سەرەڕای ئەمە، تاکو ئێستا بڕیارێکی کۆتایی لەسەر ئەم کەیسە نەدراوە، کە ئەمەش پیشان دەدات پرسی دادپەروەری و بەرپرسیاریەتی یاسایی ئەم تاوانانە هێشتا بە شێوەی تەواو چارەسەر نەکراوە.



Leave feedback about this