تاوانی کۆمەڵکوژی گوندی صوریا 1969
خوێندنەوەیەکی مێژوویی، یاسایی و دادپەروەریی ڕاگوزەری
پوختە
کۆمەڵکوژی گوندی صوریا، کە لە ١٦ی ئەیلولی ١٩٦٩ لەلایەن هێزێکی سوپای عێراقەوە ئەنجامدرا، یەکێکە لە تاوانە زووەکانی دەوڵەتی عێراق لە قۆناغی دووەمی دەسەڵاتی حیزبی بەعس، پاش گەڕانەوەی بەعس بۆ دەسەڵات لە ١٧ی تەممووزی ١٩٦٨. ئەم تاوانە لە گوندێکی بچووک و فرەپێکهاتەدا ڕووی دا؛ گوندێک کە دانیشتووانەکەی لە خێزانە کوردییە موسڵمان و مەسیحییەکان پێک هاتبوون و ژیانیان لەسەر کشتوکاڵ، ئاژەڵداری و پێکەوەژیانی ئاشتیخوازانە بنیات نرابوو.
بەپێی بەدواداچوونی مەیدانی و تۆمارەکانی ئەرشیفی نەتەوەیی جینۆسایدی کوردستان، لەم کۆمەڵکوژییەدا ٣٩ کەس گیانیان لەدەست دا؛ لەوانە ٢٥ مەسیحی و ١٤ موسڵمان، هەروەها ٢٧ کەس بریندار بوون. ئەم توێژینەوەیە کۆمەڵکوژی صوریا لە چوارچێوەی مێژوویی، یاسایی، فۆرێنزیکی و دادپەروەریی ڕاگوزەریدا دەخوێنێتەوە، بە تایبەتی لە ڕووی گرنگیی گۆڕە بەکۆمەڵەکان، دۆزینەوە، هەڵکەندن، ناسینەوە و ناشتنەوەی ڕوفاتی قوربانییان.
وشە سەرەکییەکان
صوریا، کۆمەڵکوژی، سوپای عێراق، کوردستان، مەسیحی، موسڵمان، گۆڕی بەکۆمەڵ، هەڵکەندن، ڕوفاتی قوربانییان، DNA، دادپەروەریی ڕاگوزەری، کۆ یادەوەری.
١. پێشەکی
گوندی صوریا گوندێکی بچووک بوو لە باشووری ڕۆژئاوای دەشتی سلێڤانی، لەسەر کەناری ڕووباری دیجلە. لە ڕووی کارگێڕییەوە، صوریا یەکێک بوو لە گوندەکانی سەر بە ناحیەی عاسی، کە ئێستا بە باتێل ناسراوە، لە قەزای زاخۆ، پارێزگای دهۆک، هەرێمی کوردستانی عێراق. شوێنی گوندەکە لە نزیکی فیشخابوور و لە ناوچەی سێگۆشەی سنووری نێوان عێراق، تورکیا و سوریا، گرنگییەکی جوگرافی و ستراتیژیی پێ دەدا.
دانیشتووانی صوریا کۆمەڵگەیەکی بچووک و فرەپێکهاتە بوون. خێزانە کوردییە موسڵمان و مەسیحییەکان بە شێوەیەکی ئاشتیخوازانە پێکەوە دەژیان. کاروباری ڕۆژانەیان بریتی بوو لە کشتوکاڵ، ئاژەڵداری و پشتیوانیی کۆمەڵایەتی لە یەکتر. ئەم گوندە، پێش ئەو تاوانە، نموونەیەک بوو لە پێکەوەژیانی کوردستانی، کە تێیدا جیاوازیی ئایینی و کۆمەڵایەتی نەبووە هۆی دابڕان، بەڵکو بەشێک بوو لە ژیانی هاوبەشی گوندنشینی.
کۆمەڵکوژی صوریا دەبێت وەک ڕووداوێکی جیاواز و بچووک نەخوێندرێتەوە، بەڵکو وەک یەکێک لە نیشانەکانی سیاسەتی توندی دەوڵەتی عێراق لە کوردستان بخوێندرێتەوە؛ سیاسەتێک کە دواتر لە وێرانکردنی گوندەکان، ڕاگواستنی زۆرەملێ، گۆڕە بەکۆمەڵەکان، کیمیاباران و ئەنفالدا بە شێوەیەکی فراوانتر دەردەکەوێت.
٢ . پاشخانی مێژوویی و سیاسی
پێش کۆمەڵکوژی صوریا، قۆناغی یەکەمی دەسەڵاتی بەعس لە ساڵی ١٩٦٣دا بە دامەزراندن و چالاکیی میلیشیای حەرەسی قەومی ناسرا؛ هێزێکی حیزبی ـ چەکدار کە لە چوارچێوەی سزادانی سیاسی، گرتن، ئەشکەنجە، تاڵان و ڕاگواستنی هاووڵاتییاندا ڕۆڵی هەبوو. بەڵام کۆمەڵکوژی گوندی صوریا لە ١٦ی ئەیلولی ١٩٦٩دا، پەیوەستە بە قۆناغی دووەمی دەسەڵاتی بەعس، دوای گەڕانەوەی حیزب بۆ دەسەڵات لە ١٧ی تەممووزی ١٩٦٨. لەبەر ئەوە، صوریا دەتوانرێت وەک یەکێک لە یەکەم تاوانەکانی قۆناغی دووەمی دەسەڵاتی بەعس دژی دانیشتووانی سڤیلی کوردستان لێکۆلینەوەی لێ بکرێت..
حیزبی بەعس یەکەم جار لە عێراق لە ٨ی شوباتی ١٩٦٣ گەیشتە دەسەڵات،و تاوانی زۆر گەوریان لە ژێر ناوی تاوانەکانی حەرەس قەومی ئەنجامدا. بەڵام ئەو قۆناغە زۆر کورت بوو. بەعس بۆ جاری دووەم لە ١٧ی تەممووزی ١٩٦٨ گەڕایەوە بۆ دەسەڵات. کۆمەڵکوژی صوریا ساڵێک دواتر، واتە لە ١٩٦٩، ڕووی دا.
دوای ١٩٦٨، دەوڵەتی عێراق هەوڵی فراوانکردنی کۆنترۆڵی سەربازی و ئەمنی لە ناوچەکانی کوردستان دا. ناوچەکانی زاخۆ، دهۆک، فیشخابوور و گوندە سنوورییەکان بەهۆی شوێنیان، لەژێر چاودێری و گوشاری سەربازیدا بوون. لەم فەزایەدا، گوندەکان زۆرجار بە شێوەی هەڵکوتان بۆ سەر خەڵی سڤیل، ترساندن و سزادانی بە کۆمەڵ مامەڵەیان لەگەڵ دەکرا.
لە صوریا، ئەو جۆرە سیاسەتە خۆی لە کۆمەڵکوژییەکی ئاشکرا و بێ بەزییانە نیشان دا، کە تێیدا دانیشتووانی مەدەنی بەبێ دادگا، بەبێ لێکۆڵینەوە و بەبێ سەلماندنی هیچ بەرپرسیاریەتییەکی تاکەکەسی، کرانە ئامانج.
٣. لایەنی ئەنجامدەری تاوان
تاوانی کۆمەڵکوژی گوندی صوریا لە لایەن هێزی سەربازیی رژێمی بەعس بە فەرماندەیی ملازم عەبدولکەریم خەلیل جحێشی بوو، کە خەڵکی مووسڵ بوو ئەنجام درا، جحێشی بە ڕەفتاری توند و هەڵسوکەوتی دوژمنکارانەی دژی گوندنشینانی ناوچەکە ناسرابوو.
لە گوندەکانی سەر ڕێگای عاسی ـ فیشخابوور، جحێشی و هێزەکەی زۆرجار ماڵەکان دەپشکنین، خەڵکیان دەترساند، گەنجانی گوندەکانیان بە بیانووی دواکەوتن لە خزمەتی سەربازی دەگرت، و هەندێک جار گوندنشینان ناچار دەبوون خۆیان لە دارستان و دۆڵەکان بشارنەوە.
ئەم پاشخانە گرنگە، چونکە نیشان دەدات کۆمەڵکوژی صوریا لە فەزایەکی پێشتر ئامادەکراوی ترس، هەڕەشە و سزادانی گوندنشیناندا ڕووی دا، نەک وەک ڕووداوێکی تەواو لەناکاو و بێ پێشینە.
٤.کۆمەڵکوژی گوندی صوریا ـ ١٩٦٩
صوریا گوندێکی بچووکە کە لە دەشتی سلێڤانی، لە قەزای زاخۆ، لە هەرێمی کوردستانی عێراق دەکەوێت و چەند کیلۆمەترێک لە فیشخابوورەوە دوورە. ئەم گوندە لەسەر کەناری چەپی ڕووباری دیجلە هەڵکەوتووە، لە نزیکی سێگۆشەی سنووری نێوان سوریا، تورکیا و عێراق. دانیشتووانی گوندەکە نزیکەی ٢٠ خێزان بوون، زۆربەیان مەسیحی بوون و ژیانیان لە ڕێگەی کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییەوە بەڕێوە دەبرد.
لە ١٦ی ئەیلولی ١٩٦٩، سوپای عێراق کۆمەڵکوژییەکی دژی موسڵمانان و مەسیحییانی گوندی صوریا ئەنجام دا.
لەم تاوانەدا، ٣٩ دانیشتووی گوند، لەوانە ژنان، منداڵان، پیران، گەنجان، قەشەی گوند و موختاری گوند، بە شێوەیەکی بێبەزەییانە کوژران.
لە نێو قوربانییاندا، ٢٥ کەس مەسیحی و ١٤ کەس موسڵمان بوون، هەروەها ٢٧ کەسی دیکە بریندار بوون. هەموو قوربانییان لە دوو گۆڕی بەکۆمەڵدا لە نزیکی گوند نێژران؛ یەکێکیان بۆ ژنان و ئەوی دیکەیان بۆ پیاوان بوو.
لە ١٦ی ئەیلولی ١٩٦٩، ئۆتۆمبێلەکانی سوپای عێراق هێرشیان کردە سەر گوندەکانی دەوروبەری پارێزگای دهۆک، ماڵەکانیان یەک بە یەک پشکنین و خەڵکی گوندەکانیان خستە ژێر ئەشکەنجە و ئازاردان. ئەو بەیانییە، گوندی صوریا خۆی بۆ مەراسیمێکی ئایینیی مەسیحی ئامادە دەکرد، و بۆ ئەو مەبەستە قەشەیەک لە دهۆکەوە هاتبوو بۆ بەشداری کردن لە مەراسیمەکە.
سوپا گەیشتە گوندەکە و سەربازەکان لەوێ نانی بەیانیان خوارد. پاشان هێزەکان بەردەوام بوون لە ڕێگای خۆیان. دوای ماوەیەک، مینێکی چێنراو لە نزیکی گوندی صوریا تەقییەوە، ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی وێران کرد و بووە هۆی کوژران و برینداربوونی سەرنشینەکانی. بەهۆی نزیکیی گوندەکە لە شوێنی تەقینەوەکە، ماوەیەکی کورت دوای ڕووداوەکە، چەند هێزێکی سەربازی ڕوویان کردە گوند بۆ تۆڵەسەندنەوە.
هەمان بەیانی، سەربازەکان لە گوندەکەدا نانیان خواردبوو، و دانیشتووانی گوند، بێ ئەوەی ئاگاداری مەترسییەکی نزیک بن، خەریکی کاروباری ڕۆژانە و ئامادەکاریی مەراسیمە ئایینییەکە بوون. کاتێک دانیشتووان بینییان کاروانی سەربازی جارێکی تر بەرەو گوندەکە دێتەوە، موختاری گوند، مام خەمۆ، لەگەڵ قەشەکە چوونە پێشوازی سەربازەکان، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە هەر زیانێک.
بەڵام کاتێک گەیشتنە لای سەربازەکان، ئەفسەرێک بە ناوی عەبدولکەریم جحێشی پێی گوتن: «دەزانن چی بەسەر ئەوانەدا دێت کە هێرش دەکەنە سەرمان؟» ئەوانیش وەڵامیان دایەوە کە هیچ زانیارییەکیان لەبارەی ئەو ڕووداوەوە نییە، بەڵام جحێشی بە وشەی توند و سوکایەتی وەڵامی دانەوە.
هەر کاتێک گەیشتنە لای سەربازەکان، بەبێ هیچ لێکۆڵینەوە یان پرسیارکردنێک دەستگیر کران. پاشان سوپا گوندەکەی گەمارۆ دا و ژنان، منداڵان و گەنجانیان بە زۆر لە ماڵەکانیان ڕاکێشا. ئەوانیان لە شوێنێکی کاتی داخراودا زیندانی کرد، و سەرەڕای هاوار و پاڕانەوەی ژنان و منداڵان، سەربازەکان تاوانێکی دڵتەزێنیان ئەنجام دا. قوربانییانیان بەستەوە و گولەبارانیان کردن، و کەسیان بە زیندوویی جێنەهێشت، تەنانەت پێنج منداڵیان دۆزییەوە کە لە کۆگای دانەوێڵە خۆیان شاردبووەوە و ئەوانیشیان کوشت. لەم تاوانە جگە لە چەند کەسێک کە پێش گەیشتنی سوپا لە گوند ئامادە نەبوون.
لە کۆتاییدا، جگە لە تاڵانکردنی هەموو سامان و ماڵی گوند، بە دەستبردن بۆ زێڕ و خشڵی ژنان، ژمارەی قوربانییان گەیشتە ٣٩ کەس؛ لەوانە ٩ ژن و ١١ منداڵ. هەموو قوربانییان لە دوو گۆڕی بەکۆمەڵدا لە نزیکی گوند نێژران؛ یەکێکیان بۆ ژنان و ئەوی دیکەیان بۆ پیاوان بوو.
٥. شێوازی تاوان و وێرانکردنی گوند
ت
تاوانی گوندی صوریا تەنها لە کوشتنی دانیشتوواندا نەوەستا. دوای ئەوە، گوندەکە تاڵان کرا، بەروبووم و ماڵەکان سووتێنران، ئاگریان بەردایە ماڵەکان و تەواوی گوندەکەیان وێران کرد. بەرنامە سیاسییەکانی حیزبی بەعس لە گوندە کوردستانییەکاندا گەیشتبووە لوتکەی نادادپەروەری و هێرشکاری، بە ئامانجی وێرانکردنی ژێرخانی ئابووری لە ژێر ناوی سیاسەتی «خاک سوتاندن». ژیانی گوندنشینی بە شێوەیەکی ڕێکخراو تێکدرا. ئەم شێوازە دەرخەری ئەوەیە کە مەبەست تەنها سزادانی چەند تاکێک نەبوو، بەڵکو شکاندنی کۆمەڵگەیەکی مەدەنی و هەڵوەشاندنەوەی ئاسایشی گوندەکە بوو.
بە لایەنی کۆمەڵایەتی، تاوانەکە پێکەوەژیانی موسڵمان و مەسیحی لە گوندێکی بچووکدا کردە ئامانج. بە لایەنی مێژوویی، صوریا بوو بە یەکێک لە شوێنەکانی یادەوەریی تاوانەکانی دەوڵەت لە دژی خەڵکی کوردستان. بە لایەنی یاسایی، کردارەکانی ئەو ڕۆژە پێویستیان بە لێکۆڵینەوە، دادگایی کردن و ناساندنی فەرمی هەبوو.
٦. دۆزینەوە، هەڵکەندن و ناشتنەوەی ڕوفاتی قوربانییان
٦.١ دۆزینەوە و دەستپێکردنی بەدواداچوونی یاسایی
دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس و کردنەوەی چەندین دۆسیەی تاوانەکانی ڕابردوو، دۆسیەی صوریا جارێکی تر هاتە بەر باس. لە ١/٣/٢٠١٠، بەڕێز سەرکیس ئاغا جان لەگەڵ پارێزەر هەڤاڵ وەهاب ڕەشید کۆبووەوە و بابەتی بەدواداچوونی یاسایی بۆ کۆمەڵکوژی صوریا تاوتوێ کرا. پاش ئەوە، پارێزەر هەڤاڵ دەستی کرد بە گەڕان و کۆکردنەوەی زانیاری، بەڵگە، دۆکیومێنت و شایەتیی شایەتحاڵەکان.
ئەو بەڵگانە ڕەوانەی بەغدا کران و پێشکەشی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق کران. دوای ئاگاداربوونی دادگا لە دۆسیەکە، تیمێکی فەرمی لە دادوەر، لێکۆڵەر، بەرپرسانی ناوچەکە و هەندێک لە خەڵکی گوندی صوریا ڕاسپێردرا بۆ بەدواداچوون و دیاریکردنی شوێنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان.
٦.٢ گەڕان بۆ شوێنی گۆڕەکان
گەڕان بۆ گۆڕی شەهیدانی صوریا لە ١٤ی نیسانی ٢٠١٠ دەستی پێکرد. تیمەکە بە ئامێر و کەرەستەکانی هەڵکەندن گەیشتە ناوچەکە. جووتیارانی ناوچەکەش هاوکارییان کرد، تەنانەت بۆ دیاریکردنی شوێنەکە بەروبوومی گەنمەکانی خۆیان بەکار هینا، چونکە شوێنی گۆڕەکە لە زەویی کشتوکاڵیدا بوو.
ئەم قۆناغە، لە ڕووی دادپەروەریی ڕاگوزەرییەوە، گرنگییەکی تایبەتی هەیە؛ چونکە شوێنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان تەنها شوێنی ناشتنی قوربانییان نییە، بەڵکو بەڵگەی ماددی، مێژوویی و فۆرێنزیکی تاوانەکەیە.
٦.٣ هەڵکەندنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان
لە ١٤/٧/٢٠١٠، گۆڕەکە بە ئامادەبوونی فەرمیی دادوەر، لێکۆڵەر و پزیشکی دادی کرایەوە. ئەم ڕۆژە لە یادەوەریی خەڵکی صوریا و کەسوکاری قوربانییاندا وەک ڕۆژێکی گرنگ دەمێنێتەوە، چونکە بەڵگەیەکی شاراوەی تاوان جارێکی تر هاتە ڕووی زەوی.
پاش کردنەوەی گۆڕەکە، ڕوفاتی قوربانییان بە شێوەیەکی زانستی لەلایەن تیمێکی پسپۆڕەوە هەڵگیران. ڕوفاتەکان ڕەوانەی هەولێر کران بۆ پشکنینی پزیشکی دادی و ئەنجامدانی پشکنینی DNA. ئامانجی ئەم پشکنینانە ناسینەوەی قوربانییان، دیاریکردنی هۆکاری مردن و پێشکەشکردنی ئەنجامەکان بۆ دۆسیەی دادگایی بوو.
هەڵکەندن و پشکنینی زانستی لەم جۆرە دۆسیانەدا گرنگە، چونکە گۆڕی بەکۆمەڵ زۆرجار تەنها بەڵگەی مادیی ماوەیە لە دوای ساڵانێک لە شاردنەوەی تاوان. بۆیە مامەڵەی زانستی لەگەڵ گۆڕەکە، پاراستنی بەڵگەکان و تۆمارکردنی هەموو هەنگاوەکان، بەشێکە لە پرۆسەی دادپەروەری.
٦.٤ مەراسیمی بەخاک سپاردنەوەی شەهیدان
لە ڕۆژی هەینی ١٦/٩/٢٠١١، مەراسیمێک بۆ شەهیدانی کۆمەڵکوژی صوریا لە یاریگای دهۆک بەڕێوەچوو. تابووتەکان، کە ڕوفاتی قوربانییانیان لەخۆگرتبوو، بە شێوەیەکی ڕێکخراو دانرابوون. لە پێشەوەی تابووتەکاندا وێنەی خاچ دانرابوو، وەک ئاماژە بۆ قوربانییانی سەر بە ئایینی مەسیحی. لە هەمان کاتدا، قوربانییانی کوردی موسڵمانیش بەشێکی بنەڕەتیی ئەو یادەوەرییە بوون.
ناشتنەوەی ڕوفاتی قوربانییان تەنها کردارێکی ئایینی یان کۆمەڵایەتی نەبوو، بەڵکو هەنگاوێکی گرنگ بۆ رێزلێنان بوو. ئەم هەنگاوە شکۆی قوربانییان دەگەڕێنێتەوە، مافی کەسوکاری قوربانییان بۆ ماتەمینی و ناسینەوەی شوێنی ناشتنی ئازیزانیان بەجێ دەهێنێت، و گۆڕەکە دەکاتە شوێنی یادەوەری و بەڵگە.
٧. خوێندنەوەی یاسایی
لە ڕووی یاسای نێودەوڵەتییەوە، کۆمەڵکوژی صوریا دەتوانرێت لە چوارچێوەی تاوانە نێودەوڵەتییەکان، بە تایبەتی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی، بخوێندرێتەوە. چونکە قوربانییان خەڵکی مەدەنی بوون و کردارەکان لە چوارچێوەی هێزی فەرمیی دەوڵەتیدا ئەنجامدرا
بۆیە پێویستە خوێندنەوەیەکی ورد و یاسایی ئەنجام بدرێت.لە کەیسی صوریا، ئامانجکردنی موسڵمانان و مەسیحییانی گوند لە چوارچێوەی کوردستاندا، بەڵگەی گرنگی تاوانەکەیە، بەڵام بۆ هەڵسەنگاندنی یاساییی کۆتایی پێویستە بەڵگەنامەی فەرمی، شایەتیی زیندووان، تۆماری پزیشکی دادی و دۆسیەی دادگایی بەراورد بکرێن.
بەهەر شێوەیەک، ئەم تاوانە وەک تاوانێکی دەوڵەتی دژی دانیشتووانی مەدەنی پێویستی بە ناساندنی فەرمی، دادگایی کردن، قەرەبوو و پاراستنی یادەوەری هەیە.
٨. دادپەروەریی ڕاگوزەری و بەرپرسیاریەتی دەوڵەت
دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، دۆسیەی صوریا ڕەوانەی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق کرا. بەڵام وەک زۆرێک لە دۆسیەکانی دیکەی تاوانەکانی ڕژێمی پێشووی عێراق، ئەم دۆسیەیەش بە شێوەیەکی تەواو نەگەیشتە ئەنجامی دادپەروەرانە. کەمکردنەوەی قەبارەی کارکردنی دادگاکە و سەرنجپێدانی زیاتر بە چەند دۆسیەی دیاریکراو، بووە هۆی ئەوەی کە زۆر دۆسیەی قوربانییانی کوردستان و پێکهاتەکانی دیکە بەبێ دادپەروەریی تەواو بمێننەوە.
بەرپرسیاریەتی لە کۆمەڵکوژی صوریا تەنها بە تاکێک یان ئەفسەرێکی سەربازی کورت ناکرێتەوە. کاتێک هێزێکی فەرمیی سوپا، لە ژێر فەرمان و پێکهاتەی دەوڵەتدا، دژی دانیشتووانی مەدەنی تاوان ئەنجام دەدات، دەوڵەت بەرپرسیاریەتی یاسایی، مۆڕاڵی و مێژوویی هەیە. ئەم بەرپرسیاریەتییە دەبێت لە ناساندنی تاوان، قەرەبووی کەسوکاری قوربانییان، پاراستنی گۆڕ و مۆنۆمێنت، کردنەوەی ئەرشیفەکان و داخلکردنی تاوانەکە لە پەروەردە و یادەوەریی گشتیدا خۆی نیشان بدات.
٩. صوریا لە کۆ یادەوەریی کوردستاندا
صوریا لە کۆ یادەوەریی کوردستاندا تەنها ناوی گوندێک نییە؛ بەڵکو ناوی شوێنێکە کە تێیدا پێکەوەژیانی موسڵمان و مەسیحی، ژیانی گوندنشینی، تاوانی دەوڵەت، ماتەمی کەسوکاری قوربانییان و داواکاریی دادپەروەری لە یەک خاڵدا کۆ دەبنەوە. ئەوەی صوریا گرنگ دەکات، تەنها ژمارەی قوربانییان نییە، بەڵکو ئەو مانایەیە کە گوندێکی ئاشتیخواز و بێچەک، لە دوای دووبارە گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن بەعسییەکانەوە، کرا بە ئامانجی یەکێک لە یەکەمین تاوانە کۆمەڵکوژییەکان دژی خەڵکی سڤیل لە قۆناغی دووەمی دەسەڵاتی بەعس.
لە مێژووی دەسەڵاتی بەعسدا، صوریا دەتوانرێت وەک خاڵێکی سەرەتایی بۆ تێگەیشتن لە ڕێڕەوی توندوتیژیی دەوڵەتی بخوێندرێتەوە؛ ڕێڕەوێک کە لە سزادانی گوندێکی بچووکەوە دەستی پێکرد، بەڵام دواتر ڕۆژ لە دوای ڕۆژ فراوانتر و دڕندەتر بوو و باڵی بەسەر زۆر ناوچەی کوردستاندا کێشا. بەو مانایە، صوریا تەنها ڕووداوێکی ناوخۆیی یان گوندی نییە، بەڵکو نیشانەی سەرەتای ئەو سیاسەتەیە کە دانیشتووانی مەدەنی، گوند، خێزان، ئایین و پێکەوەژیانی کۆمەڵگەی کوردستانی کردە ئامانج.
گۆڕی بەکۆمەڵی صوریا، هەڵکەندنەوەی گۆڕەکە، پشکنینی DNA، ناشتنەوەی ڕوفاتی قوربانییان و مۆنۆمێنتی گوند، هەموویان لە چوارچێوەی کۆ یادەوەریدا مانایەکی تایبەتییان هەیە. ئەمانە تەنها بەڵگەی تاوان نین، بەڵکو شوێنی گەڕانەوەی ناو، شکۆ و مافی قوربانییانن. لە ڕێگەی ئەم شوێنانەوە، کەسوکاری قوربانییان دەتوانن ماتەمینی خۆیان بە ناو، شوێن و بەڵگە ببەستنەوە، و نەوەی نوێش دەتوانێت تاوانەکە وەک ڕاستییەکی مێژوویی، نەک تەنها وەک چیرۆکێکی ڕابردوو، بناسێت.
بۆیە پاراستنی یادەوەریی صوریا تەنها ئەرکی خێزانەکانی قوربانییان نییە؛ بەڵکو ئەرکێکی نەتەوەیی، مێژوویی و دادپەروەرییە. چونکە هەر کاتێک شوێنی تاوان، ناوی شەهیدان و بەڵگەکانی ڕاستی پارێزراوبن، هەوڵی سڕینەوەی تاوان و کەمکردنەوەی بەرپرسیاریەتی دەوڵەتیش کەمتر دەبێتەوە.
١٠. دەرئەنجام
کۆمەڵکوژی گوندی صوریا لە ١٦ی ئەیلولی ١٩٦٩ یەکێکە لەو تاوانانەی پێویستە لە مێژووی هاوچەرخی کوردستاندا بە گرنگییەوە بخوێندرێتەوە، چونکە ئەم تاوانە پەیوەندیی نێوان دەسەڵاتی سەربازی، سزادانی کۆمەڵی و ئامانجکردنی دانیشتووانی مەدەنی بە ڕوونی نیشان دەدات. لە صوریا، دەوڵەت جگە لە کوشتنی خەڵک، بەڵکو گوندێکی تەواو، پێکەوەژیانێکی کۆمەڵایەتی و ژیانێکی ئاسایی گوندنشینی کردە ئامانج.
بەپێی بەدواداچوونی مەیدانی و تۆمارەکان، لەم تاوانەدا ٣٩ کەس گیانیان لەدەست دا؛ ٢٥ مەسیحی و ١٤ موسڵمان، هەروەها ٢٧ کەس بریندار بوون. ئەم ژمارانە تەنها ئامار نین؛ هەر ژمارەیەک ناوێک، خێزانێک، ئازارێک و مافێکی زەوتکراوی لەپشتە. بۆیە گرنگیی توێژینەوە لەسەر صوریا لەوەدایە کە قوربانییان لە ناو ژمارەدا ون نەبن، بەڵکو وەک بەشێک لە مێژوو، دادپەروەری و کۆ یادەوەری بناسرێن.
دۆزینەوەی گۆڕی بەکۆمەڵ، هەڵکەندنەوە، پشکنینی DNA و ناشتنەوەی ڕوفاتی قوربانییان لە ساڵانی ٢٠١٠ و ٢٠١١دا هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ دەرخستنی ڕاستی و گەڕاندنەوەی بەشێک لە شکۆی قوربانییان. بەڵام ئەم هەنگاوانە، هەرچەندە گرنگن، جێی دادپەروەریی تەواو ناگرنەوە. دۆسیەی صوریا هێشتا پێویستی بە ناساندنی فەرمی، بەدواداچوونی یاسایی، قەرەبووی کەسوکاری قوربانییان، کردنەوەی ئەرشیفەکان، و تۆمارکردنی ئەم تاوانە لە مێژووی فەرمی و پەروەردەی گشتیدا هەیە.
لە کۆتاییدا، صوریا نابێت تەنها وەک ڕووداوێکی ڕابردوو بمێنێتەوە. صوریا دۆسیەیەکی کراوەی ڕاستی و دادپەروەرییە؛ بەڵگەیەکە لەسەر ئەوەی چۆن تاوانی دەوڵەت دەتوانێت لە گوندێکی بچووک دەست پێبکات و دواتر ببێتە سیاسەتێکی فراوانتر. لەبەر ئەوە، تۆمارکردن و پاراستنی یادەوەریی صوریا هەنگاوێکە بۆ ڕێزگرتن لە قوربانییان، بەرگری لە ڕاستی و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی تاوان.





