كیمیابارانی دۆلی بالیسان و شیخ وەسان 1987
ئەم توێژینەوەیە لە چوارچێوەیەکی یاسایی–مێژوویی (legal-historical approach) کار دەکات و ئامانجی سەرەکیی ئەوەیە بە شێوەیەکی زانستی و بەڵگەدار، هێرشە کیمیاییەکان دژی گەلی کوردستان هەڵسەنگێنێت و کورتکراوی بەشێکی توێژینەوەکەیە.
توێژینەوەکە پشت بە سێ جۆر سەرچاوە دەبەستێت:
یەکەم، بەڵگەنامە ئەڕشیفییەکان، بە تایبەتی ئەو بەڵگەنامانەی لەلایەن ئەرشیفی نەتەوەیی جینۆسایدی کوردستان (KGNA) کۆکراونەتەوە؛
دووەم، سەرچاوە یاسایی و دادگایی، وەک بڕیارەکانی دادگاکان و کەیسە نێودەوڵەتییەکان؛
سێیەم، ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە بارودۆخی مافی مرۆڤ لە عێراق.
لە هەمان کاتدا، ئەم توێژینەوەیە لە چوارچێوەی دادپەروەری راگوزەری (transitional justice) ـدا کار دەکات، و هەوڵ دەدات تاوانەکان نە تەنها وەک ڕووداوێکی مێژوویی، بەڵکو وەک بەشێک لە پرۆسەی دادگاکردن، ناساندنی ڕاستی و قەرەبووکردنەوەی قوربانیان هەڵسەنگێنێت.
ئەم توێژینەوەیە لە هەمان کاتدا لە دوو ئاستی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی کار دەکات بۆ هەڵسەنگاندنی یاسایی تاوانەکان، و هەوڵ دەدات بە یەکگرتنی ئەم سەرچاوانە، چوارچێوەیەکی زانستی بۆ جینۆساید دژی گەلی کورد پێشکەش بکات. ئەم بەشە تایبەت بە کیمیابارانی شێخ وەسان و بالیسان لە ساڵی ١٩٨٧.
دەستپێک
کیمیابارانی ناوچەکانی کوردستان یەکێکە لە ڕەشترین تاوانەکانی مێژووی دەوڵەتی عێراق لە سەردەمی ڕژێمی بەعس، و یەکێک لە کاریگەرترین ئامرازەکانی کە بۆ لەناوبردنی گەلی کورد بەکاری هێنرا. چەکی کیمیاوی، وەک چەکێکی قەدەغەکراو لە یاسای نێودەوڵەتی، بە شێوەیەکی سیستەماتیک دژی دانیشتووانی مەدەنی بەکار هاتوو، کە ئەمە دەچێتە ناو چوارچێوەی تاوانە گەورەکان لە یاسای نێودەوڵەتی.
چوارچێوەی یاسایی نێودەوڵەتی
پرۆتۆکۆلی ژنێڤ (Geneva Protocol) ساڵی 1925، کە لە 17ی حوزەیرانی 1925 پەسەند کرا و لە 8ی شوباتی 1928 جێبەجێ کرا، یاسایەکی سەرەکییە بۆ قەدەغەکردنی بەکارهێنانی گازە ژەهراوی و ماددە خنکێنەرەکان، هەروەها چەکی بایۆلۆجی و بەکتریالۆجی لە شەڕدا. ئەم یاسایە بە شێوەیەکی ڕوون بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بە هەموو شێوەیەک قەدەغە دەکات.
کیمیابارانی ناوچەکانی کوردستان (١٩٨٧)
ئاشکرایە ڕژێمی بەعسی عێراق لە ماوەی شەڕی هەشت ساڵەی لەگەڵ ئێران، بە شێوەیەکی بەرفراوان چەکی کیمیایی بەکارهێناوە، و لە ئەنجامی ئەوەشدا دەیان هەزار کەس بوونە قوربانی و سوتەمەنی ئەو شەڕە. لە ساڵی 1987، لە گەرمەی شەڕی عێراق ـ ئێراندا، کوردستان دوچاری یەکێک لە دژوارترین بارودۆخە سیاسی و سەربازییەکانی بوو.
لە ماوەی (15/4/1987 تا 27/5/1987)، ڕژێمی بەعس زنجیرەیەک هێرشی کیمیایی بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی کوردستان دەست پێکرد، کە ناوچەکانی سەرگەڵو و بەرگەڵو، شاخی گوجار، ماوت، جافەران، سیرکو بلی، دۆڵی مەلەکان، هەڵەدن و یاخسەمەری گرتەوە. بەڵام لە نێوان ئەم ناوچانەدا، بالیسان و شیخ وەسان وەک یەکێک لە ترسناکترین و کاریگەرترین شوێنەکان دەردەکەون، کە زیان و قوربانییەکانی ئەو تاوانە بە شێوەیەکی فراوان تۆمار کراون.
یەکەم جار دۆڵەکانی جافایەتی و شارباژێر ڕژێم بە بەکارهێنانی گولەتۆپ، لە (15ی نیسانی 1987)دا هێرشی کیمیاییان کردە سەر. ئەم ڕووداوە دەستپێکی قۆناغێکی نوێ بوو لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دژ بە دانیشتووانی مەدەنی. بەڵام سەرەڕای ئەم مەترسییە، بەهۆی ئاگادارکردنەوەی پێشمەرگەکان، خەڵکی ناوچەکە پێشتر ئاگادار کرابوون کە ناوچەکەیان دەبێتە ئامانجی هێرشی کیمیایی. یەکێک لە ئەو کەسانەی کە لە کاتی ڕووداوەکەدا لە شوێنی بۆردومانەکەدا ئامادە بوو، ئەم شایەتحاڵە دەگێڕێتەوە:
شایەتحاڵی کیمیابارانی دۆڵی جافایەتی
یەکێک لەوانەی لە کاتی بۆردومانەکەدا لەو شوێنەدا بووە، دەڵێت:
“ئامۆژگاری ئەوە کرابووین کە لە حاڵەتی پەلاماری کیمیاییدا پەرۆی تەڕ بدەین بە دەم و چاوماندا، یان ئاگر بکەینەوە، یان بچینە ئەو شوێنانەی کاریگەریان کەمترە. کە بۆردومانەکە کرا، ئێمە نەماندەزانی ئەوە کیمیاییە. دەنگەکەی وەک دەنگی تۆپبارانی ئاسایی زل نەبوو. بۆنی سێوی گەنیو و سیرمان دەکرد. بۆمبێکی لەژمارە نەهاتوو بەسەرماندا باری، بەڵام کاریگەر نەبوو.”
کیمیابارانی بالیسان و شێخ وەسان
ڕۆژێک دوای کیمیابارانکردنی دۆڵی جافایەتی، واتە لە 16ی نیسانی 1987، ناوچەی خۆشناوەتی و دوو گوندی بالیسان و شێخ وەسان بوونە ئامانجی هێزەکانی ڕژێم و کیمیاباران کران. دوای نیوەڕۆی ئەو ڕۆژە، پاش ئەوەی گوندنشینان لە زەوی و کێڵگەکانیان گەڕابوونەوە بۆ ماڵەوە، پێش خۆرئاوابوون بە نیو سەعات، دەنگی فڕۆکە پەیدا دەبێت و تادێ نزیكتر دەبێتەوە. هەندێک لە خەڵکی هەر لە ماڵەوە دەمێننەوە و هەندێکی تر بە پەلە خۆیان دەگەیەننە کونە تەیارەکان.
بەم شێوەیە، فڕۆکەکان هەردوو گوندەکە بە چەکی کیمیایی بۆمباران دەکەن. ئەو گرتە ڤیدیۆیە لە کیمیابارانی دۆڵی بالیسان كە لە لایەن جاشێك تۆمار كراوە كە لە بنەماڵەی ئەنور بەگی بێتواتەیە، ستونی پان و پۆڕی دووکەڵی سپی، بۆر و پەمەیی لە ئاسماندا دەبینرێت، کە ئەمە یەکێکە لە نیشانە دیارەکانی بەکارهێنانی ماددە کیمیایی.
لە شایەتحاڵەکاندا هاتووە کە لەو کاتەدا ”ئەو دەمە لەچیاكانیشەوە شنەبایەكی مەیلەو ساردی لای ئێوارە هەڵی كردبوو بۆنێكی نامۆی لەگەڵ خۆی دەهێنا، كەسەرەتا بۆنێكی خۆشی هەبوو وەك بۆنی گوڵ وابوو، بەڵام دوایی بۆنی سێو و سیری لێ دەهات، کە ئەمە بە شێوەیەکی زانستی نیشانەی گازە کیمیاییەکانە.
هەروەها شایەتییەکان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە بۆنەکە تا ڕادەیەک وەک بۆنی ماددەی مێروو کووژ (insecticide) بووە، کە ئەمەش پەیوەندی هەیە بە جۆری گازە بەکارهاتووەکان.
لە ڕووی کاریگەرییە مرۆییەکانەوە، شایەتحاڵەکان وەسفێکی زۆر خەمناک و دڵتەزین دەکەن:
ژنێكی بەساڵاچووی خەڵكی بالیسان دەڵێت: بەجارێك وا تاریك داهات نەماندەتوانی هیچ شتێك ببینین و كەس كەسی بەدی نەدەكرد و یەكپارچە دنیا بوو بەتەم ومژ، لەدواییدا هەموو كورە و نابینا بووین، هەندێك دەڕشانەوە، دەم و چاو هەموو ڕەش دادەگەڕاو خەڵكی بەدەست هاڵاوسانی بەئازاری بن باڵیانەوە دەیان ناڵاند و ژێر سینگی ئافرەتانیش، تووشی هەڵئاوسان بوو و ئێش و ئازارێکی سەختیان هەبوو، دواتریش زەرداوێك لەچاوو لوتیانەوە دەهاتەدەر، زۆر لەوانەی كە لە مردن دەرباز بوون، بەسەختی تووشی كێشەی بینین بوون، و هەندێكیان ماوەی مانگێك زیاتر بە تەواوەی كوێر بوون.
هەر لە گوندی شێخ وەسان لە لایەن دەرباز بووان باس لەوە دەکرێت کە ژنێک لە گوندی شیخ وەسان، دوای کوێربوونی هەردوو چاوی، منداڵەکەی بە توندی لە باوەش گرتبوو، بەبێ ئەوەی بزانێت کە منداڵەکەی مردووە. ئەم بەسەرهاتانە نیشان دەدەن کە هێرشەکە تەنها زیانێکی فیزیکی نەبوو، بەڵکو کاریگەرییەکی مرۆیی و دەروونیی قووڵی هەبوو.
هەروەها ژمارەیەك لە گوندنشینان بەرەو چیاكان هەڵاتن، ئەوانەی كە لەشوێنی تەقینەوەی بۆمبەكانەوە نزیك بوون هەر لە جێوە گیانیان سپارد وشەهید بوون”.
دوای هێرشی کیمیایی: تاوانی دووبارە، ئاوارەبوون و ڕەفتاری سیستەماتیک دژ بە قوربانیان
لە دوای کیمیابارانی ناوچەکە، بۆ بەیانی، هێزەکانی پیادەی ڕژێمی بەعس بە هاوکاری جاش، چوونە ناوچەی بالیسان و دەستیان کرد بە تاڵانکردن و دزینی سەروماڵی دانیشتووان. دواتر، بە شێوەیەکی سیستەماتیک خانووبەرەکان ویران و خاپور کران. لە هەمان کاتدا، بە مەبەستی ڕەوینەوەی گازە کیمیاییەکان، بەشی ئەندازیاری سوپا گوندی شیخ وەسانیان بە دینامیت تەقاندەوە، کە ئەمە نیشانەیەکی دیاری هەوڵی ڕژێم بۆ شارەزایی و پەنهانکردنی کاریگەرییەکانە.
لە شەوی هەمان ڕۆژدا، دانیشتووان و بریندارەکان هەڵاتن بەرەو شارەکانی نزیک، وەک سلێمانی، ڕانیە، هەولێر و شەقڵاوە. بەڵام زۆربەیان ڕێگەی ڕانیەیان گرت، چونکە نەخۆشخانەیەک لەوێ هەبوو. لە ڕێگادا، خەڵکی گوندەکان یارمەتییان دەدان، وەک خەڵکی گوندی بێراوە کە عەرەبانەی تراکتۆریان بۆ گواستنەوەی بریندارەکان نارد.
لە کاتی گەیشتن بە گوندی سەروچاوە، تراکتۆرەکان راوەستان بۆ ناشتنی 50 تەرم کە تازە گیانیان لەدەست دابوو. ئەو بریندارانەی گەیشتنە ڕانیە، تەنها شەوێک لەوێ مانەوە؛ پزیشکان برینەکانیان شۆردن و قەترەی چاویان پێدان، بەڵام ئەم چارەسەرییە سادانە نەیتوانی کاریگەرییە توندەکانی گازەکە کەم بکاتەوە.
یەکێک لە شایەتحاڵەکان دەڵێت:
”ئەو شەوە شەوێکی نائارام و بێحەوانەوە بوو؛ ئاگر لە زۆربەی گەرەکەکان هەڵکرابوو بۆ ئەوەی گازی کیمیایی کەم کاریگەری هەبێت، و نەخۆشخانەی ڕانیەش پڕبوو لە گریان و هاوار.”
لێرەدا پێویستە ئاماژە بە جوامێری و مرۆڤایەتی خەڵکی ڕانیە بدرێت، کە بە ئازایەتی و هاوکاری، بە تەنگ قوربانیانەوە چوون.
گواستنەوەی برینداران و بێسەروشوێنکردنیان
بەرەبەیانی، ئەمن و ئیستخبارات چوونە نەخۆشخانە و فەرمانیاندا بریندارەکان بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی هەولێر بگوازرێنەوە. پێشیان راگەیاندبوون کە بڵێن ئێران بە چەکی کیمیایی لێی داون. ژمارەی ئەو بریندارانە 346 کەس بوو، جگە لەو کەسانەی کە دەسبەجێ شەهید ببوون. و هەروەها ئەوانەی لە رێگا گیانیان سپاردە بوو.
لە نەخۆشخانەی هەولێر، پزیشکان دەستیان کرد بە چارەسەرکردن و دەرزی ئەترۆپینیان بۆ برینداران لێدا. بەڵام، دوای ماوەیەکی کەم ، ئەفسەرێکی ئەمنی بە ناوی نەقیب حسن الدوری، كە (نەقیبی ئەمنی هەولێر و ئەندامی فەرماندەیی هۆبەی حزبی بەعس لە تیمی گوللە بارانكردنی خویندكارانی برایەتی هەولێر بوو، لەگەڵ ابراهیم زەنگەنە (پارێزگاری هەولێر) و هێزێکی چەکدار، گەیشتنە نەخۆشخانەکە و فەرمانیاندا کە برینداران بۆ نەخۆشخانەی سەربازی بگوازنەوە.
ئەگەرچی پزیشکان ڕەخنەیان گرت، بەڵام لەژێر هەرەشەی چەک، گواستنەوەکە ئەنجامدرا. ئەم بریندارانە هەرگیز بەنەخۆشخانەی سەربازی نەگەیشتن یان گەیشتن و لێی دەرباز نەبوون. بە پێی زانیارییەکان، پیاوەکان لە ژن و منداڵەکان جیاکرانەوە، و بۆ شوێنە جیاوازەکان (ئەمنی هەولێر و بنکەی پۆلیسی مخمور) گواسترانەوە، و دواتر بۆ شوێنێکی نادیار بردران.
بەشێک لە ژن و منداڵەکان لە نزیک خەلیفان لە دۆڵی ئاڵانە فڕێدران. لە ئالانە لەگەڵ ئەو خەڵكەی بەرو سلیمانی رۆیشتەبوون یەكیان گرتەوە، هەندێكیشیان لەلایەن خەلكی خەلیفانەوە هاوكاری كرابوونو لەمالەكانی خۆیاندا دالدەیان دابوون شایەتحالێك بەناوی نەجیبە فەقێ خەڵكی گوندی شێخ وەسانان دەلێت: من ماڵی پیاوێك پەنایاندامو ماوەیەك لەوێ ماینەوە.
ژمارەی قوربانیان
ژمارەی قوربانیانی کیمیابارانی بالیسان و شیخ وەسان، بە پێی زانیارییەکان، وەک خوارەوەیە:
-
- ٦١ شەهید لە بالیسان لە ئەنجامی راستەوخۆی چەكی كیمیایی، كە ٢٢ کەسیان لە گۆرێكی بە كۆمەڵی گوندەكەدا نێژراوەن. و ٢٥ شەهیدی بالیسان لە گۆرستانی معمل قیری هەولێر لە ١٩٩١ دۆزرانەوە. ئەوانی تر تاکو ئێستا بێسەروشوێنن.
-
- ١٢٦ کەس لە شیخ وەسان لە ئەنجامی راستەوخۆی چەكی كیمیایی گیانیان لەدست داوە و شەهید بووینە، لەگەڵ زیاتر 50 كەس كە لە گۆرێكی بە كۆمەڵدا لە گوندی سەروچاوە نێژراوەن.
- لە نێوان ئەمانەدا:
- 3٣منداڵی خوار تەمەنی 4 ساڵ
- 28 منداڵی تەمەنی 5–14 ساڵ
- 9 كەسی تەمەنی 60–85 ساڵ
- لە نێوان ئەمانەدا:
- 9 یان 10 كەس لە نەخوشخانەی رانیە مردن.
- 4 حاڵەتی مردن لە كاتی گەیشتن بۆ نەخوشخانەی فریاكەوتنی هەولێر.
- لە نیوان 64–142 شەهید لە بەندیخانەی ئەمنی هەولێر، بەهۆی برسیكردن و پشتگوێخستن لە چارەسەر.
- لەوانەش:
- سلمی مستەفا حمید
- عادیلە شینكۆ
- حەوسەت عبداللە خدر (9 ساڵ)
- لەوانەش:
- ٧٠-٧٦ پیاوی گەنج لە دوای بردنیان لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی جمهوری هەولێر بێسەروشوێن كران. وانەش:
- 22 کەس لە بالیسان
- 50 کەس لە شیخ وەسان
- 4 کەس لە گوندەکانی دەوروبەر
- لەوانەش:
- محمد ئیبراهیم خدر (18 ساڵ)
- موحسین ئیبراهیم خدر (12 ساڵ) كە كۆری مەلای بالیسان بوون.
.
-
- ١٢٦ کەس لە شیخ وەسان لە ئەنجامی راستەوخۆی چەكی كیمیایی گیانیان لەدست داوە و شەهید بووینە، لەگەڵ زیاتر 50 كەس كە لە گۆرێكی بە كۆمەڵدا لە گوندی سەروچاوە نێژراوەن.
بە پێی بەدواداچوون و هەڵسەنگاندنەکان سەبارەت بە ژمارەی گشتی قوربانیان شێخ وەسان و بالیسان و گوندەکانی دەوروبەریان وەک مەلەکان، خەتێ، تۆتمێ، کانی بەرد، بیراوە، دەراش لە نێوان ٣٧٦ کەس تا 435 كەس، کە بە شێوەی راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ لە 16/4/1987 بەر چەكی كیمیایی كەوتوون، و ناوی شەهیدان و بریندارانی چەکی کیمیایی دیاری کراوە.
دۆزینەوەی گۆرە بەکۆمەڵەکان و بەردەوامی ئازار
لە دوای ڕاپەڕینی 1991، لە 18/9/1991، ژمارەی 25 کەس لە قوربانیانی کیمیابارانی دۆڵی بالیسان لە گۆرێکی بەکۆمەڵ لە ناو گۆرستانی کارگەی قیری هەولێر دۆزرانەوە. بەڵام زۆربەی قوربانیان هێشتا بێسەروشوێنن، و بریندارانیش تا ئێستا لە ژیانێکی پڕ لە ئازار و چەرمەسەریدا دەژین.
فراوانبوونی هێرشە کیمیاییەکان و بەردەوامی سیاسەتی لەناوبردن (1987–1988)
دوابەدوای هێرشەکان سەر دۆڵی جافایەتی، شارباژێر، دۆڵی بالیسان و شیخ وەسان، ڕژێمی بەعس تەنها بەو قۆناغە نەوەستا، بەڵکو بازنەی پەلامارەکانی بە شێوەیەکی بەرچاو فراوانتر کرد و هێرشەکان قۆلتر و سیستەماتیکتر بوون. ئەم گەشەپێدانەی هێرشەکان نیشانەیەکی ڕوونی هەبوونی ستراتیژییەکی پێشوەخت و داڕێژراو بوو بۆ بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دژی دانیشتووانی مەدەنی.
لە 7/5/1987، بە هاوبەشی فڕۆکە، ڕاجیمە و گولە تۆپ، ناوچەکانی (جافەران، قەرەداخ، گوندەکانی بەرگەڵوو، هەڵەدن، یاخسەمەر و سێکان) کیمیاباران کران، کە زیان و زەرەرێکی ئێجگار زۆری لێکەوتەوە. هەروەها لە 19/6/1987، ڕژێم هێرشێکی دیکەی کردە سەر دۆڵی مەلەکان (سەروچاوەی باران)، کە لە ڕۆژهەڵاتی بالیسان و شیخ وەسان نزیکەی چەند میلێک دوورە. لەم هێرشەدا نزیکەی (30) سی کەس بەس بینایی چاویان لەدەستدا و دانیشتووانی ناوچەکە ئاوارە و دەربەدەر بوون.
هێرشەکان تەنها لە ساڵی 1987 نەوەستان، بەڵکو لە 15/5/1988 گوندی وەرتێ (سەر بە ناحیەی بێتواتە) کیمیاباران کرا و (36) کەسی ئەو گوندە بە چەکی کیمیایی گیانیان لەدەستدا.
لە کاتی شاڵاوەکانی ئەنفال رژێمی بەعس دیسان ئەو ناوچانەی کیمیاباران کردەوە.
لە 31/7/1988، ناوچەکانی قاسماوا، بالیسان و خەتێ جارێکی تر بەر هێرشی کیمیایی کەوتن. ئەم بەردەوامییە نیشان دەدات کە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی نە تەنها تاکتیکی کاتی نەبوو، بەڵکو بەشێک بوو لە سیاسەتی گشتی لەناوبردنی گەلی کورد.
جۆری ماددە کیمیاییەکان و هەڵسەنگاندنی پزیشکی
سەبارەت بە جۆری ماددە کیمیاییە بەکار هاتووەکان، ڕاپۆرتی پزیشکانی مافی مرۆڤ Physicians for Human Rights ئاماژە دەدات کە نیشانەکان و ئەوەی کە گوندنشینان باس دەکەن، بە شێوەیەکی گشتی لەگەڵ کاریگەرییەکانی گازی خەردەل (Mustard Gas) دەگونجێت.
بەڵام، هەندێک لە حاڵەتەکان—بەتایبەتی ئەوانەی کە قوربانیان دەسبەجێ گیانیان لەدەستدا—پێدەچێت پەیوەندییان بە بەکارهێنانی گازە دەمارییەکان هەبێت. چونکە گازی خەردەل، هەرچەندە زۆر خەست بێت، بە شێوەیەکی خێرا کوشندە نییە و زۆرجار پێویستی بە نیو کاتژمێر هەیە بۆ دەرکەوتنی کاریگەرییە کوشندەکانی.
بەڵگەنامە فەرمییەکان: ڕەزامەندی و پیلانێکی داڕێژراو
یەکێک لە گرنگترین بەڵگەنامەکان، نووسراوی ڕەزامەندی سەرۆکی کۆماری عێراق، سەدام حۆسین، کە بە شێوەی (ئەوپەری نهێنی، تایبەت و بەپەلە) بە ژمارە 953/965/ک لە 29/3/1987 دەرچووە. لەم بەڵگەنامەدا هاتووە:
“ڕەزامەندی درا لەسەر لێدان… چونکە مەبەست لەم لێدانە تەنها تێکدەران نین، پێویستە هەماهەنگی لەگەڵ فەیلەقی پەیوەندیداردا بکرێت و ئاگادارمان بکەنەوە پێش لێدانیان.”
لە نووسراوێکی تر کە وەڵامی ڕاپۆرتێکی بەریوەبەرایەتی ئیستخباراتی عەسکەرییە، بە ژمارە (ش3/ق2/6885 لە 25/3/1987)، کە خۆی پشت بە نووسراوێکی پێشوتر دەبەستێت (م1/ش3/ق2/6414 لە 18/3/1987).
لە ناوەرۆکی ئەم ڕاپۆرتەدا، بە شێوەیەکی ڕوون داوا دەکرێت کە:
-
- چەکی تایبەت (کیمیایی) بەکاربهێنرێت
-
- لە رێگای هێزە ئاسمانی و ئەرزییەکان
-
- و بە تایبەتی لە کاتی شەودا
هەروەها بە وردی باس لە ناوچە هەڵبژێردراوەکان دەکرێت، وەک:
-
- دۆڵی بالیسان (بالیسان، توتمە، خەتێ، شیخ وەسان)
-
- ناوچەکانی تکە، بلکجار و سیوسینان (سەر بە قەرەداخ)
ڕاپۆرتەکە هەروەها ئاماژە بە کێشەی کەمی ماددە کیمیاییەکە دەکات و دوو چارەسەری پێشنیار دەکات:
-
- تێکەڵکردنی ماددە کیمیاییەکان لەگەڵ ماددەی تر بۆ زیادکردنی بەرهەم
-
- دواخستنی پرۆسەکە تا دابینبوونی ماددەی زیاتر لە مانگی نیسان
بەڵام لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا، ڕایان وایە کە ڕێگای یەکەم باشترە، نەک دواخستن، کە ئەمە نیشانەیەکی دیارەی پەلە و ئامادەکارییەکی سیستەماتیک بۆ ئەنجامدانی هێرشەکانە.
هەروەها، لە ناوەرۆکی ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە جۆری ماددە کیمیاییەکان وەک سارین (Sarin) و گازی خەردەل کراوە.
گرنگیی بەڵگەنامەکان لە ڕووی یاسایی و مێژوویی
ئەم بەڵگەنامانە—کە لە 25 لاپەڕە پێکهاتوون—لە لایەن ئەرشیفی نەتەوەیی جینۆسایدی کوردستان (KGNA) پارێزراون و بە شێوەیەکی فەرمی لە دادگای ئەنفال و هەڵەبجە، و سوودی یاسایی لێوەرگیراوە. و هەروەها لە کتێبی لە زمانی بەڵگەنامەکان چاپی ٢٠١٥ بڵاوم کردوتەوە
ئەم بەڵگەنامانە نیشان دەدەن کە:
-
- بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بڕیارێکی سەرەوە و سیاسی بوو
-
- پلانێکی داڕێژراو و هەماهەنگ هەبوو
-
- ئامانج تەنها هێزە پێشمەرگە نەبوون، بەڵکو دانیشتووانی مەدەنی بوون.
دادپەروەری راگوزەری و کێشەی جێبەجێکردن لە عێراق
لە چوارچێوەی دادپەروەری راگوزەری، هەوڵ دەدرێت بە شێوەیەکی سیستەماتیک دەوڵەت و دامەزراندنە فەرمییەکان ڕووبەڕووی ڕووبەڕووی تاوانە گەورەکانی رابردوو ببنەوە، بە تایبەتی لەو کۆمەڵگایانەی کە لە قۆناغی دوای کۆتایی هەژمۆنیی سیاسەتە سەرکوتکارەکاندا دەچنە قۆناغێکی نوێ. ئەم پرۆسەیە بە شێوەیەکی گشتی چوار بنەمای سەرەکی لەخۆ دەگرێت:
(١) دۆزینەوەی ڕاستی، (٢) دادگاکردن و سزادان، (٣) قەرەبووکردنەوەی قوربانیان، و (٤) گەڕاندنەوەی متمانه و ڕێکخستنەوەی کۆمەڵگا.
لە عێراق، هەرچەندە هەندێک هەنگاو هەڵگیرا، بە تایبەتی بە ڕێگەی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق لە دوای ٢٠٠٣ کە تاوانەکانی وەک جینۆسایدی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجەی وەک جینۆساید ناساند، بەڵام ئەم هەنگاوانە تەنها بەشێکی سنوورداری دادپەروەری راگوزەرییان جێبەجێ کرد.
لە ئاستی، بنەماکانی دادپەروەری راگوزەری دەبێ:
-
- قەرەبووکردنەوەی مادی و مەعنەوەی
-
- چارەسەرکردنی بریندارانی چەکی کیمیایی
-
- دانانی مۆنۆمێنتی یادەروەری تاوانەکان
-
- ناساندنی فەرمی و نێودەوڵەتی تاوانەکان
-
- نەبوونی زەمانەت بۆ دوبارە نەبوونەوە و دڵنیایی
کەموکۆڕی گەورە دیارە. زۆرێک لە قوربانیان و خێزانەکانیان هێشتا لە چوارچێوەیەکی یاسایی و دارایی گونجاو بۆ قەرەبووکردنەوە بێبەشن، و هەروەها ناساندنی جینۆسایدی ئەنفال و کیمیاباران لە ئاستی نێودەوڵەتی هێشتا جێبەجێ نەکراوە.
بەم پێیە، دەتوانرێت بڵێین کە پرۆسەی دادپەروەری راگوزەری لە عێراق هێشتا بەرامبەر بە دۆسیەکانی جینۆسایدی کوردستان لە دوای دادگا سنووردار بووە و دەستی پێنەکردوە، و بە شێوەییەکی گشتی بە بێ ئەوەی هەموو بنەما سەرەکییەکانی دادپەروەری راگوزەری جێبەجێ بکرێن. ئەمەش کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی هەبووە لەسەر مافەکانی قوربانیان و پڕۆسەی دادپەروەری و ئاشتیی کۆمەڵایەتی.
ئەنجام (Conclusion)
لێکۆڵینەوەی ئەم بەڵگەنامانە و شایەتحاڵانە بە شێوەیەکی ڕوون دەردەخات کە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن ڕژێمی بەعس تەنها کردارێکی سەربازی کاتی نەبوو، بەڵکو بەشێکی سەرەکی و سیستماتیک لە سیاسەتی گشتی دەوڵەت بۆ لەناوبردنی گەلی کورد لە چوارچێوەی جینۆسایددا.
بەڵگەنامە فەرمییەکان، بە تایبەتی نووسراوەکانی سەرۆکایەتی کۆمار و ڕاپۆرتەکانی ئیستخباراتی عەسکەری، نیشان دەدەن کە:
-
- بڕیاری بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە ئاستی باڵاترین دەسەڵاتدا دراوە؛
-
- هێرشەکان بە شێوەیەکی سیستەماتیک و پێشتر داڕێژراو ئەنجامدراون؛
-
- دانیشتووانی مەدەنی لە شار و گوندەکان بە شێوەیەکی ئاشکرا بوونە ئامانج.
هەروەها، شایەتحاڵەکان و داتاکانی پزیشکی پشتڕاستی ئەوە دەکەن کە بەکارهێنانی گازەکانی وەک خەردەل و گازە دەمارییەکان بووەتە هۆی کوشتنی دەسبەجێ و یان برینێکی درێژخایەن، کە کاریگەرییەکانیان تا ئێستاش لە ژیانی قوربانیاندا بەردەوامە.
لە ڕووی یاساییەوە، ئەم کردارە دەگونجێت لەگەڵ پێناسەی جینۆساید لە چوارچێوەی پەیماننامەی ڕێگرتن و سزا دان بە تاوانی جینۆساید ١٩٤٨، بە تایبەتی لەو حاڵەتانەی کە:
-
- مەبەست (intent) نیەت بۆ لەناوبردنی نەتەوەیی کورد هەیە؛
-
- کردارەکان کوشتن، و ئانجامدانی زیانی جەستەیی یان دەروونیی گەورە بە ئەندامانی گرووپ، بە شێوەیەکی ڕوون جێبەجێ کراون.
بۆیە، هەموو ئەم بەڵگە و ڕاپۆرتانە بە یەکەوە نیشان دەدەن کە هێرشە کیمیاییەکان دژی کوردستان لە ساڵانی 1987–1988 دەبێت وەک بەشێکی سەرەکی لە جینۆسایدی ئەنفال بریاری لەسەر دراوە.
ڕاسپاردەکان لە چوارچێوەی دادپەروەری راگوزەری
بە پشتبەستن بە ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوەیە و بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە بەشێکی گرنگ لە هەنگاوە سەرەتاییەکان پێشتر ئەنجامدراون، ئەم ڕاسپاردانە پێشنیار دەکرێن:
-
- پاراستن و بەهێزکردنی وەرگێرانی ئەرشیفی دیجیتاڵ
بەڵگەنامەکان و سەرچاوەکان پێشتر بە شێوەیەکی دیجیتاڵ لە چوارچێوەی ئەرشیفی نەتەوەیی جینۆسایدی کوردستان (KGNA) دا پارێزراون، کە ئەمە هەنگاوێکی بنەڕەتییە بۆ پاراستنی یادەوەریی نیشتمانی و بەڵگەسازی. بەڵام پێوستە دەزگایەکی ئەرشیفی نەتەوەیی دابمەزرێت.
٢. قەرەبووکردنەوەی مادی و مەعنەوی
قەرەبووکردنەوەی قوربانیان و بنەماڵەکانیان هێشتا جێبەجێنەکراوە لەگەڵ ئەوەی برینداران ساڵانە بە هۆی برینەکانیان گیان دەسپێرێن.
لەبەر ئەوە پێویستە:
-
- پێویستە هەموو هەوڵەکان لەگەڵ حکومەتی عێراقی فیدراڵ بخرێتە گەر تاچیتر قەرەبووکردنەوە دوا نەخرێت
-
- سیستەمێکی یاسایی و دارایی ڕوون بۆ قەرەبووکردنەوە دابنرێت؛
-
- پشتبەستن بکرێت بە نموونە نێودەوڵەتییەکان (وەک هۆلۆکاست، رواندا، بۆسنیا)؛
-
- و مافی قوربانیان بە شێوەیەکی کرداریی دابین بکرێت، وەک مووچە و هاوکاری بریندارانی چەکی کیمیایی و چارەسەر کردنی برینداران و لێژنەکانی هەڵسەنگاندن جیدیتر هەنگاو بنێن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و دابین کردنی خزمەتگوزاری.
٣. ناساندنی نێودەوڵەتی تاوانەکە
لەگەڵ ئەوەی هەندێک دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق لە چوارچێوەی کەیسی ئەنفال تاوانەکەیان وەک جینۆساید ناساندووە، بەڵام هێشتا:
-
- ناساندنی نێودەوڵەتی بۆ نەکراوە
بۆیە پێویستە کار بکرێت لە ئاستی:
-
- نەتەوەیەکگرتووەکان
-
- دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان
-
- ناوەندە ئەکادیمییەکان
بۆ ئەوەی جینۆسایدی کورد وەک بەشێک لە مێژووی جیهانی جینۆساید بە فەرمی ناسرێت.
5. داتای یەکگرتوو و ستاندارد
زانیارییەکانی پەیوەندیدار بە:
-
- ناوی قوربانیان
-
- شوێنی ڕووداوەکان
-
- جۆری زیانەکان
لە ڕاستیدا تا ڕادەیەک کۆکراونەتەوە و دیاریکراون، کە ئەمە هەنگاوێکی زۆر گرنگە.
بەڵام پێویستە:
-
- ئەم داتایە بە شێوەیەکی یەکگرتوو و ستانداردی نێودەوڵەتی دابنرێت؛
-
- و بکرێتە بنەمایەک بۆ پڕۆسەکانی دادپەروەری، قەرەبووکردنەوە و یادەوەری.
کورتەی ڕاسپاردەکان (Academic Insight)
ئەم توێژینەوەیە نیشان دەدات کە لە بوارەکانی بەڵگەسازی و دادگاییکردندا پێشکەوتنی گرنگ بەدەست هاتووە، بەڵام هێشتا دوو بوار سەرەکی پێویستیان بە کارکردنی زیاتر هەیە:
-
- قەرەبووکردنەوەی مادی و مەعنەوەی کەسوکاری شەهیدان
-
- چارەسەر کردنی برینداران
-
- چارەسەرکردنی کێشەی هاوکاری بریندارانی
-
- ناساندنی نێودەوڵەتیی جینۆسایدی کورد
کۆتایی
کیمیابارانی دۆڵی بالیسان و شێخ وەسان یەکێکە لە تاریکترین لاپەڕەکانی مێژووی کوردستانە. ئەم تاوانە، کە لەلایەن ڕژێمی بەعس بە دێکۆمێنت کراوە و دواتر لە دادگای ئەنفالدا سوودی لێ وەرگیرا، ئێستا تەنها بابەتێکی مێژوویی نییە، بەڵکو بەشێکە لە مافخوازییەکی بەردەوام بۆ دادپەروەری، قەرەبووکردنەوە و پاراستنی یادەوەری. ناساندنی یاسایی ئەم تاوانە وەک جینۆساید و تاوانی دژی مرۆڤایەتی هەنگاوێکی گرنگ بوو، بەڵام دادپەروەری تەنها بە ناساندن تەواو نابێت؛ دادپەروەری کاتێک تەواو دەبێت کە قوربانیان مافەکانیان وەربگرن، بێسەروشوێنکراوان بناسرێن، و یادەوەریی ئەم کارەساتە بە شێوەیەکی فەرمی و نیشتمانی بپارێزرێت.
پەراوێز
-
- پرۆتۆکۆلی ژنێڤ بۆ قەدەغەکردنی بەکارهێنانی گازە ژەهراوی و ماددە خنکێنەرەکان، 1925، نەتەوە یەکگرتووەکان.
-
- دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق، کەیسی ئەنفال (1987–1988)، بەغدا، 2007.
-
- Physicians for Human Rights, Winds of Death: Iraq’s Use of Poison Gas Against Its Kurdish Population, 1993.
-
- Human Rights Watch, Genocide in Iraq: The Anfal Campaign Against the Kurds, 1993.
-
- ڕاپۆرتی پشکنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە چەکی کیمیایی عێراق، ١٩٩٨.
-
- بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایش ژمارە 612 (1988) و 620 (1988)، نەتەوە یەکگرتووەکان.
-
- نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆمسیۆنی مافی مرۆڤ، ڕاپۆرتی بارودۆخی مافی مرۆڤ لە عێراق، ساڵی 1993.
-
- بریاری دادگای ناوچەی لاهای، هۆڵەندا، کەیسی فرانس ڤان ئەنرات، ٢٠٠٥.
-
- KGNA، بەڵگەنامەکانی ئیستخباراتی عەسکەری عێراق، ژمارە (ش3/ق2/6885) ، 25/3/1987.
-
- KGNA، بەڵگەنامەی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، ژمارە 953/965/ک، 29/3/1987.
-
- KGNA، تۆمارەکانی دادگای ئەنفال، بەڵگەنامەکانی کیمیابارانی بالیسان و شێخ وەسان، 2006.
-
- گۆڤاری ئەنفالستان ژمارە ٥ چاوپێکەوتن لەگەڵ نەجیبە فەقێ رەسول
-
- KGNA، شایەتحاڵی دەربازبووانی کیمیابارانی دۆڵی بالیسان و شێخ وەسان.
سەرچاوەکان
سەرچاوە سەرەکییەکان
-
- ئەرشیفی KGNA، بەڵگەنامەکانی کیمیابارانی دۆڵی بالیسان و شێخ وەسان، 1987
-
- بەڵگەنامەکانی ڕژێمی بەعس، پێشکەشکراو بۆ دادگای ئەنفال
-
- شایەتحاڵی دەربازبووان، کۆکراوەی KGNA
-
- ئەنفالستان ژمارە ٥
سەرچاوە نێودەوڵەتییەکان
United Nations Security Council Resolutions 612 & 620 (1988)
Human Rights Watch. Genocide in Iraq: The Anfal Campaign Against the Kurds. 1993
Physicians for Human Rights. Winds of Death. 1993



Leave feedback about this