شاڵاوی ئەنفالی یەکەم لە 23ی شوبات تا 19ی ئاداری 1988
شاڵاوی ئەنفالی یەکەم لە 23ی شوبات تا 19ی ئاداری 1988 ئەنجامدرا، هێرشەکانی سوپا رژێمی بەعس بۆ ناوچەكانی دۆڵی جافایەتی و شار باژێر، سەرگەڵوو بەرگەڵوو لەسێ لای سەرەکی و لە چەندین قۆلی جیاواز بە توندی دەستی پێكرد. بە پێی بەڵگەنامەکانی رژێمی بەعسی رووخاو لە نێوان ٢٣-٢٦ شوباتی ١٩٨٨ دەستی پێکردوە و بە پێی قسەی شایدحال و پێشمەرگە و لێدوانی خەڵکی ناوچەکە ئەنفالی یەکەم لە ٩ی شوبات دەستی پێکردە بوو. ئەم شاڵاوە بە سەركردایەتی لیوا روكن سۆلتان هاشم* فەرماندەیی فەیلەقی یەك و بەشداری لیوا رۆكن نوعمە فارس حوسین فەرماندەی فەیلەقی پێنج، بەسەرپەرشتی راستەوخۆی فەریقی یەكەمی روكن عەدنان خەیروڵلا وەزیری بەرگری و عەلی حەسەن مەجید بەرپرسی بیرۆی باكوری حیزبی بەعس، سەرۆكی ئەركانی سوپا بۆ كاروباری ئەركانی سوپا، فەریقی روكن نزار عەبدولكریم خەزرجی یاریدەری سەرۆكی ئەركانی سوپا بۆ كاروباری ئۆپراسیونەكان و فەریق حوسین رەشیدمحەمەد تكریتی جێبەجێ کرا.
سەرەتای دەستپێكردنی هێرشەكان واپێ دەچێت لەكاتژمێر یەكو نیو یان دووی شەوی 23ی شوبات بوو بێت كەوا خەڵكی یاخسەمەرو سەرگەلۆ وبەرگەڵوو لەتاریكی وباراندا بەدەنگی ناڵەو لرمەی تۆپ و ڕاجیمە بەئاگاهاتنەوە، سەرگەڵوو گوندێك بوو كەوا زیاتر لەشارۆچكەیەك دەچوو نزیكەی 500 ماڵ دەبوو، ژمارەی دانیشتوانیشی خۆی لە 3500 كەس دەدا، دیارە گرنگی ئەم شوێنە هەروەك باس دەكرا بۆ هێزی پێشمەرگە شوێنێکی لۆجێستی بوو چونكە ماوەی چەندمیلێكی كەم كەوتبووە رۆژ هەلاتی بەنداوی دوكان كەسەرچاوەیەكی گەورەی دابینكردنی كارەبایە بۆ شارەكانی سلێمانی وكەركوك، رێو شوێن و پێگەو بنكەو بارەگاكانی هێزی پێشمەرگەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان PUK لەو ناوچەیەدابوو، بەڵام ئامانجی سەرەكی رژێم لەم هێرشانەدا بەتەنیا پێكان وداگیركردنی بنكەو بارەگاكانی پێشمەرگە نەبوو، بەڵكو داگیركردنو وێرانكردنی سەرجەم گوندو دێهاتەكانی ئەو دۆڵەش بوو كەوا نزیكەی 25 تا 30 گوند دەبوون.
بەپێێ ووتەی شاید عەیان و سەرچاوەكان وەک رۆژنامە و گۆڤارەکان و بەڵگەنامەکانی رژێمی بەعس لەنێوان 200- 250 كەس لەو گەمارۆدانەدا شەهید بوون. لەسەرەتای مانگی ئاداردا ئەم گوندانە یەك لەدوای یەك داگیركرانو تانكو زریپۆشەکانی سوپا سەرەڕای بەرگری زۆری هێزی پێشمەرگە هێڵەكانی بەرگریان تیكشاندو دواتریش لەلایەن دەستەكانی ئەندازیاری سوپا بە بلدۆزەر گوندەكانیان تەختی زەوی كرد. لە دۆڵی جافایەتیو گوندی یاخسەمەر لەلایەن سوپای رژێمەوە لەسێ لاوە ئابلۆقەدرابوو تەنها رێگایەكی هەڵاتنی لەلای رۆژهەڵاتو سنووری ئێرانەوە هێشتبۆوە كەپانتاییەكەی (12) میل دەبوو. بەڵام حاڵەتێك لەم شاڵاوە بەدیاردەكەوێت ئەویش ئەوەیە كەهێزەكانی رژێم لەگەڵ جاشەکان ڕاو و روتی تەواوی گوند و دیهاتەکانیان دەکرد و مەبەستیان گرتنی ئەو خەڵكەی كە بەرەو سنووری ئێران هەڵدەهاتن نەبوو، دیارە ئەو حاڵەتەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لە دەستپێکی شاڵاوی ئەنفال مەبەستیان چۆڵکردنی گوندەکان و رووخاندنیان بوو و ئەوەی سەرپێچی کردەبا بە پێی بریاری ٤٠٠٨ و ناوچەی موحەرەمە دەستبەسەر و گولەباران دەکران. بەڵام پرۆسەی بێسەرو شوێنكردنی بەكۆمەڵی خەڵكی كوردستان نەببوو ڕێبازی سیاسەتی ڕاستەوخۆی ڕژێم.
لەبەرە بەیانی 23ی شوباتدا هێزە زەمینییەكانی رژێم لەهەموو لایەكەوە پەلاماریدا، ئەوسوپایەی گەمارۆی بنكەو بارەگاكانی دابوو هێزێکی زۆر گەورە بوو لەپەرژینێك دەچوو كەئەوناوچەیەی لەبەشەكانی تری كوردستان داببڕێت، هیڵی بەرە رێك بۆماوەی چل میل درێژ بو بۆوە، لەبنگردی رۆخی خۆرهەڵاتی دەریاچەی دووكانەوە تاسلێمانی وشارۆچكەی ماوەت وچوارتا، هێزەكانی پێشمەرگە زیاتر لەسێ هەفتە توانیان بەرگریی سەخت بكەن، بەڵام دواتر سوپای رژێمی بەعس تێكی شكاندن، هەروەها رژێم لەرێگای ئەو ڕاپۆرتە نهێنیانەی هەواڵگرییەوە (الاستخبارات)و دائیرەی ئەمنی سلێمانیو فەیلەقی یەكەوە دەردەچون ئاگاداری ئەوەیان هەبوو كەوا كارێكی هاوبەشو هەماهەنگییەكی سەربازی لەنێوان هێزی پێشمەرگە کە ئەوان (یاخیبوو بە كرێگیراو) ناویان دەهینان لەگەڵ سوپای ئێراندا هەیە، بەپێی ئەو هەواڵانەی هەواڵگری عێراقی لە سوپای پاسدارانی هەبوو كەوا لەبنكەو پێگەكانی كاری خۆیان ئەنجام دەدەن لەم هێرشانە فرۆكەی باڵ چەسپ (الاجنحە الثابتە) لەجۆری (سۆخۆی، مێراج، مێك) خرانە كار بۆ هێرش كردنە سەر بنكەو بارەگاكانی پێشمەرگە، هەروەها جۆرە فرۆكەیەكی تر بەكارهات كە (پیلاتۆز)ی پێدەوترا، لەدروستكراوی سوێسرا بوو، شایەنی باسە لەهەرپەلامارێكدا 15 تا20 فِرۆكە بەیەكەو هێرشیان دەكردو بنكەو بارەگاكانیان دەپێكادوای هێرشە چڕو پڕەكانی رژێم و داگیركردنی ئەوناوچانە زۆربەی هێزەكانی پێشمەرگە پاشە كشەیان كردو بەڵام كەبینیان هێزەكانی رژێم لەهەموولایەكەوە رێگایان لێگرتون ئەمجارە رێگای باكوریان گرتەبەرو بەرەو چیاكانی قەندیل لەسەر سنووری ئێران نزیك حاجی ئۆمەرانو هەندێكیشیان بۆ قەراخ دەریاچەی دۆكان رویشتن.
بەیانی فڕۆكە جەنگییەكانی رژێم بەسەر ئەوانەی دەربازببونو ڕایانكردبوو سوڕانەوەو پەڕە شوتیان خستە خوارەوە، لە كاتژمیردووی دوای نیوەڕۆی ئەو ڕۆژەش شەش فڕۆكەی تر دیسان گەرانەوە سەریانو بۆمباكانیان خستە خوارەوە، ئەم ناوچەیە خەڵكێكی زۆری لەخێزانی راكردوو وپێشمەرگە ڵی بوو كەزۆربەیان لەو خیوەتانە دا دەژیان كەهەڵیاندا بوو، لەم هێرشە ئاسمانیەدا وامەزندە دەكرێت كەنزیكەی (28) كەس كوژرابنو (300)كەسیش بریندار بووبن.
بێگومان هێزێكی ئێجگار زۆر بەهێز كەلەچەندین لیواو فەوجی سەربازی پێكهاتبوو لەژیر فرمانی سەركردەی ئەم فەیلەقە دابوو كەدەیان كەتیبەی تۆپو دەبابەو زریپۆشو هێزی ئاسمانی پاڵپشتی بوون ئەوە وێرای دەیان فەوجی سوكو مەفەرزەی تایبەت كەلە جاشە كوردەكان پێكهاتبوو بەشداری ئەم شاڵاوەیان كرد. دوای ئەوەی رژێم بەشێوەیەكی فەرمی لە سەردێڕی راپۆرت و دەنگو باسی ئەنفالی لە میدیاكانی خۆی بڵاوكردەوە و هێزەكانی عیراق لەگەڵ جاش و موستاشارەكان تێكشكاندنی بارەگای سەركردایەتی (ینك)یان راگەیاند. بۆ ئەم مەبەستەش سەدان برۆسكەی پیرۆزبایی و پیاهەڵدان لە لایەن جاش و موستشارەکان بۆ سەدام حسین نێردرا ، سەردێری رۆژنامە و گۆڤارەكانیان باسی سەركەوتنی شاڵاوەی ئەنفالی یەك لە سەر چیاكانی كوردستان بوو، شادی و خۆشحاڵی جەماوەری هەولێر و سلیمانی و دهۆكیان بڵاوكردەوە کە سڵاویان بۆ عەمەلیاتی ئەنفالی قارەمان دەنارد.
لە ئەنجامی راوەدوونانیان لە سەنگەرە مەحكەمەكانی چیاكانی جافایەتی لە لایەن هێزی زەمینی عێراقەوە پێشمەرگە و گوندنشینەكانی ژێر دەسەڵاتیان بەرەو ئێران هەڵاتن و لە بارودۆخی بفر و زستانی سەختدا لەو شاخە بەرزانە بە سەدان کەس بەتایبەتی ژن و منداڵ بەرگەی ئەو رێگا سەخت و دژوایان نەگرت و گیانیان لە دەستدا، تەنات بە سەدان مەر و ماڵات و وڵاخ و اسب و ماین لە ناو بفر چەقین و لە سەرما رەق بوونەوە، رۆلی پێشمەرگە لە یارمەتیدانی خەڵک بۆ دەرباز بوونیان لە بیرەوەرییەکانیاندا باس کراوە. هەر لە ناو ئەو هێرش و پەلامارە سەربازییانە دەنگۆی ئەو بڵاوبووە كە رژیم پلانی رووخاندنی سلیمانی دادەنێت و نیازی وایە بە چەكی كیمیایی پەلاماری بدات، هەروەها باس لەسەر ئەوهێرشانە لە یادداشتێكی پۆلیسی نهێنی دواتر بە شێوەی راپۆرت ئامادەی کردەبوو تیایدا ئاماژەی کردەوە كە (ینك) شەش سەد پێشمەرگەی لە هەڵەبجە و دۆڵی جافایەتی لە دەست داوە بڵاو بووە. لەم نێوەندەش بەردەوام لە ئیزگەی رادێوی دەنگی پێشمەرگە، ئەو مەترسیانە بۆ خۆ پاراستنی خەڵک لەو هێرشانە دەخرانەڕوو كە ڕوبەڕوی هاووڵاتیان دەبێتەوەو هەرەشەی لەناو بردینان دەكات، خەڵكێکی زۆر ناچار بوون ڕابكەنو خۆیان لەمردن رزگاربكەنو هەرچی ماڵو سامانیشە كەهەیتیان بەجێی بهێڵن، ئەوانەش كە كەوتنە دەست هێزەكانی رژێم ئەوادەسبەجێ شونبزركران، تەنانەت ئەوانەش كەلەسەر سنووربوونو دواتر هێزەكانی رژێم گرتنیانی هەمان چارەنووسیان هەبوو.
دروست سێ هەفتە لە دەستپێكی ئەنفال تێ نەپەڕی بوو كە شاری هەڵەبجە و دەوروبەری بەخەستی کیمیاباران كرا. کە بووە هۆی خنکان و شهید بوونی ٥٠٠٠ کەس و بریندار بوونی ١٠ هەزار کە لە خەڵکی سێڤیلی ئەم شارە، لە هێرشەكانی ئەنفالی یەكەم زیاتر لە(100) هێرشو پەلاماری لە چەندین قوڵی جیاجیای لەخۆوەگرت لەئەنجامدا ناحیە وگوندو شاخ و تەواوی ئەو ناوچانەی وێرانكرد. کە ناوی بەشێک لە ناوچانە لێرەدا هاتووەلە وانەش( شاخی گوجار، گاپیڵۆن، قەمچۆغە، شاخەڕەش، دۆڵە رووت، قزلەر، قەرەنگوێ، مەولان ، قەرەسەرد، پیربایز، دۆڵی مازەلە، قەڵەم پاشا، ئاسۆس، قەرەچەتان، دۆڵەبی، شەدەلە، پیرەمەگرون، زێوێ، گەڕەدێ، گەورەدێ، شاخی دابان، شارستێن، سێدەر، هەنجیرە، کڵاو سپی، سەرمۆرد، مالومە ، چاڵاوا) بنكەوبارەگاكانی پێشمەرگە كەلەوێ بوون دەستیان بەسەر داگیرا، لەشەوی 18/19/ی ئاداری 1988 شاڵاوی ئەنفالی یەكەم كۆتایی پێهاتو لە 19ی ئاداری هەمان مانگدا بەیانێكی سەربازی رژێم ژمارەی (3087) لەلایەن سەركردایەتی گشتی هێزە چەكدارەكان (القیادە العامە للقوات المسلحە) راگەیاند وتیایدا باسی سەركەوتنێكی مەزن و بێوێنەی كردووە بەسەر (یاخی بوو بەكرێگیراوان). دوای سێرۆژ پاش ئەمەش شاڵاوی ئەنفالی دووەم دەستی پێكرد.
لە دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس دەستکرا بە گەران ودۆزینەوەو هەڵدانەوەی گۆڕەبە کۆمەڵەکان ڕوفاتی ۳٥٨ ئەنفالکراوی گوندەکانی دۆڵی جافایەتی و دەورەبەری لە نوگرەسەلمان ئەنفالکران، لە (2008/1/17) گەڕێنرانەوە زێدی خۆیان و لە قەزای دوکان بە خاک سپێردران و لە ساڵی 2010مۆنۆمێنتی ئەنفالی دۆڵی جافایەتی لە شوێنی بەخاک سپاردنەکەیان لە قەزای دوکان دروستکرا کە ناوی 482 ئەنفالکراو لەسەردیوار بەندی مۆنۆمێنتەکە تۆمار کراوە.
سەرچاوەکان :
١. بەڵگەنامەکانی رژێمی بەعسی رووخاو
٢. MEW ، کتێبی جینۆساید لە عێراق و پەلاماری ئەنفال بۆ سەر کوردستان
٣. لێکۆلینەوە و بەدواداچوون
٥. گۆڤار و رۆژنامەکانی سەردەمی بەعس
تێبینی: ئەو دەستەواژانەی لە لایەن رژێمی بەعس لە دژی هەر کوردێک جگە لە جاشەکان، بەرامبەر پێشمەرگە یان و زیندانی سیاسی و خەڵکی سڤیل بە کاری هیناون وەک “بەکرێگیرا، تێکدەر ، تاوانبار” هەروەها زۆر ناو ناتۆرەی تر بەمەبەستی سوکایەتی کردن، و شەری دەروونی لەگەڵ کورد بووە. هەر بۆیە لە بەر ئەوەی لە بەڵگەنامەکان رژێمی بەعس بەکار هاتووە وەک خۆی دەگوازرێتەوە بۆ ئەوەی بزانین ئەوان چۆن مامەڵەیان لەگەڵ کورد کردوە.



Leave feedback about this