ئەنفالی چوارەم
دۆڵی زێی بچوك لە3 تا 9ی مایسی1988(1)
شاڵاوی ئەنفالی چوارەم، لەدوای تەواوکردنی شاڵاوی ئەنفالی سێیەم کە زۆرترین ژمارەی قوربانی و بێسەروشوێن بوونی لێکەوتەوە دەستی پێکرد. جوگرافیای شاڵاوی ئەنفالی چوارەم دۆڵی زێی بچووک بوو، کە ھێڵی سنووری ھەردوو پارێزگای کەرکووک و ھەولێر پێک دەھێنێت. ئەو ئاوگەیە شارۆچکەکانی ڕێدار، ئاغجەلەر، تەق تەق و چەند گوندێکی گەورەی وەک عەسکەر و گۆپتەپە دەگرتەوە، کە دەکاتە دەشتی کۆیە وتەق تەق و شێخ بزێنی.
سەرەتای ئەنفالی چوار بە کیمیابارانی گوندی گۆپتەپە لە ڕۆژی (٣ی ئایاری ١٩٨٨) دەستی پێکرد بەھۆی فڕۆکەجەنگیەکان بۆمبی کیمیایی بەسەر خەڵکی ناوچەکە باراند کە قوربانیانی ئەم گوندە نزیکەیی (٣٠٠) کەس دەخەمڵێنرێن، ھاوکات گوندەکانی (عەسکەر، چەمی ڕیزان، شونکە، ماهیلە ،چنار، سەدی، شێخان، گڵەشیر، حاجی شیرەبەرە، کوچبڵاخ، زرزی ،کڵێسە ) کیمیاباران کران و هەر بە تەنها گوندی (عەسکەری) بە ھەشت بۆمبی کیمیاوی بۆردوومان کرا بە شێوەیەکی گشتی ژمارەی قوربانیان لە هەموو ئەو ناوچانە ٥٦٠ کەس مەزندە دەکرێت.
لە بەڵگەنامەکانی رژیمی بەعس لە برۆسكەیەكدا كە لە 5\7\1988 لە فەیلەقی یەك بۆ سەرۆكایەتی ئەركانی سوپا نێردراوەو تیدا هاتووە. “لەئەنفالی چوارەم بە سەركردایەتی لیوا روكن سۆلتان هاشم سەرۆكی فەیلەقی یەك و فەرماندەیی هیزەكانی نەسر بە فەرماندەیی عەمید روكن خالد ئەحمەد ابراهیم و فەرماندەیی هیزەكانی 6 و 4 بە فەرماندەیی عەمید روكن علی ئەحمەد محەمەد صالح وە عەمید روكن سعد شمس الدین فەرماندەی هیزەكانی جحفلی بەرگری نیشتمانی 1، فەرماندەیی هیزەكانی پاراستنی نەوت عەمید روكن بارق عبداللە الحاج حنطە، هەروەها ئامریە كەرتەكانی فەیلەقی یەكەم بە فەرماندەیی عەمید روكن عەلا محەمەد تەها و هیزكانی فریاكەوتنی ئەمنی سلیمانی هەستان بە جێبەجی كردنی عەمەلیاتی ئەنفالی چوراەم لەم عەمەلیاتەش لە ٢٠ قۆڵەوە بەو هاوکاری جاش و موستەشاران، هەموو خیانەتكاران لە ناوبردران لەم ناوچانە ” سەرقوشان ،گۆپتەپە و عەسكەر، چەمی رێزان، كلیسە، بوگد وداڵاواکوردان و بوگامیش ،شێخ بزێنی و قەڵاسێوكە، خەلخاڵان، گۆمەشینی زێی بچوك، گوندی ئیلنجاغ، فقی میرزا، دۆلاو، گرمە، ساتوقەڵا، سێ گردان، تپەكڕ، شیوەچان، شەوگیر، ئەمە جگە لەكوشتن و گرتنی خەڵكی ناوچەكە كۆمەڵێك ئافرەت و منداڵ دەستبەسەرکران، هەروەها ماڵ و مۆڵکیان لە خشل و زێر و پارە، بەشێكی زۆر لە چەك تەقەمەنی و خوراك ،كەرەستەی پزیشكی دەستی بەسەر داگیراوە”.
“ئەو شاڵاوە وەكو ئەوانی پێشووتر بەسەرپەرشتی راستەوخۆی فەریقی یەكەمی روكن عەدنان خەیروڵلا وەزیری بەرگری، عەلی حەسەن مەجید بەرپرسی بیرۆی باكوری حیزبی بەعس،سەرۆكی ئەركانی سوپا بۆ كاروباری ئەركانی سوپا،فەریقی روكن نزار عەبدولكریم خەزرجی یارمەتیدەری سەرۆكی ئەركانی سوپا بۆ كاروباری ئۆپراسیونەكان و فەریق حوسین رەشیدمحەمەد تكریتی،جێبەجێ كرا.
لە ئەنفالی چوارەم سوپای عێراق ورەی زۆر بەرزببۆوە ئەویش دوای ئەوەی لە 17و 18 نیساندا توانی لەهێرشێكی پێچەوانەی بەرفرواندا كەوا دەیان هەزار كەس بۆنە قوربانی، نیمچە دورگەی فاو لەژێر كۆنترۆڵێ ئێران وەرگرتەوە و بە هۆی ئەوە توانی ئێران ناچار بكات كە بێـتە سەرمێزی گفتوگۆو لەسەر ڕاگرتنی شەڕی هەشت ساڵە ڕەزامەندی دەرببڕێت.
لەرۆژی 3ی مایسدا كە رۆژێكی بەهاری جوانو دلگیربوو، گوندی گۆپتەپە، كەوتەبەر هێرشی ئاسمانی فرۆكەكانی رژێم، پێش گۆپتەپە، گوندی عەسكەر كەوتە بەر شاڵاوی پۆلێك لەفرۆكەی مێكو بۆمبابارانكرا، لەم هێرشەی فرۆكەكاندا هەشت تەقینەوە ڕوویداو دووكەڵی سپی چوە بەرزایی ئاسمانەوە، بۆنێكی خۆشی نەعناعی لێهات، لەم كاتەدا ئەو بایەی كەلە باشوری رۆژهەلاتەوە هەڵی كردبوو، بەرەو گوندی (حەیدەربەگ) ڕایماڵی کە بووە هۆی كوشتنی (9)كەس، هەر ئەو دەمەش ئەوپێشمەرگانەی كە لەوێ بوون دەستیان كرد بەلێدانی دەرزی ئەترۆپین لەوكەسانەی كەبەر کیمیایی كەوتوون، بەكار هێنانی ئەم چەكی كیمیاییە سەرەتای دەستپێكردنی ئەنفالی چوار بوو، كاتژمێر (5:45) دەقیقەی ئێوارەی هەمان رۆژ لەلایەن شەش فرۆكەی عێراقیەوە گوندی گۆپتەپەش كەوتەبەر هێرشی كیمیایی، ئەوانەی ئەو بۆردومانەیان دیتووە وێنەی بۆردومانەكە بەوە شێوەیە وێنا دەکەن، كە دوای تەقانەوەی بۆمبەكان دەنگەكانیان ئەوها زل نەبووەو بۆنی سیریش هاتووە، هێزەكانی پێشمەرگە ئامۆژگاری خەڵكەكەیان كردبوو كەلەكاتی كیمیاباراندا ڕوەو ڕوبارەكە هەڵێنو دەم وچاوی خۆیان بەپەرۆ تەڕبكەن كە ئەوەش خۆشبەختانە بووە هۆی دەرباز بوونی كۆمەڵێك خەڵك لەو تاوانەدا. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نزیكەی (300) کەس لە قوربانیانی چەكی كیمیایی نێژراوە، هەروەها لەبەر ئەوەی بۆمبێك كەوتبووە ناوروبارەكە. ببوە هۆی ئەوەی كەچەند تەرمێک لە روبارەكە بدۆزرێتەوە ئەوە وێرای پڕبوونی زێیەكە لەماسی مرداربوو. زۆربەی ئەو خەڵكەش كە هەڵاتبوون چارەنووسێكی نادیار و مەرگەسات ئامێز چاوەرێی دەکردن.
لەبەرە بەیانی 4ی مایسدا 50 خێزانی خەڵكی گوندی عەسكەر لەلایەن هێزەكانی رژێمەوە لەسەرجادەی سەرەكی گیرانو بەرەو رۆژهەڵات گوێزرانەوە بۆ سەربازگەی سوسێ، دوای گازبارانكردنی گوندەكانو وێرانكردنیان، بەشێوەیەكی لەناكاوو كتوپڕدا ئاوی زێ خێرا زیادی كرد، دیارە ئەوەش یەكێك بوو لەفرتوفێڵە هەرەزۆرەكانی رژێم بۆ ئەوەی بەسەركورددا زاڵ بێت، رژێم لەم كاتەدا دەرگاكانی بەنداوی دوكانی كردبۆوە ئەویش بۆ رێگەگرتن لە هەر هەوڵدانێك بۆ پەڕینەوە لەڕووبارەكە بەنیازی هەڵاتنو دەرباز بوون، دوای هێرشی زەمینی سوپا بۆگوندەكانو كاولكردنیان، ئەو تەرمانەی كەبەهۆی کیمیابارانەكەدا مابونەوەو خەڵكەكە بەهۆی ڕاكردنیان نەیانتوانیبو بیانشارنەوە، لەگۆری بەكۆمەڵ بەشۆفەڵ لەلایەن سوپاوە بۆیان لێدرا نێژران، دوای ئەوەی خەڵكی ئەو ناوچانە گوندەكانیان وێرانكرا، روویان كردە ئەشكەوتو دەشتو لێوارەكان، ئەویش بەمەبەستی خۆحەشاردانو رزگار بوون لەتوونی مەرگو بەرداشی تاوانی بەڵام رژێم بەشوێنیان داچوو گەلێك تاواتی درندانەی دژیان ئەنجامدا كە لەمێژووی مرۆڤایەتیدا کەمتر تاوانی واڕووی داوە. لەوانەش سوتاندنی دوو پیرەمێردی تەمەن 70 ساڵەی گوندی موخەڕەس كە 10 میل لەرۆژهەلاتی تەقتەقدایە لەدوای كوشتنیان لەئەشكەوتی (بزن)ی شاخی گۆڕ رەحمان.
لەم ئەنفالەدا دەدوازدە هێزی یەكەی سوپای جیاجیا لەچەند لایەكەوە هێرشیان برۆدتە سەر ناوچەكان ولە یەك كاتیشدا، دوای ئەوەی رژێم هەردوو گوندی گۆپتەپەو عسكەری وێرانكرد، هەندێك لەهێزەكانی سوپا لەكۆیەوە بەرەو گوندەكانی لێواری باكوری زێی بچوك رۆیشتن، بەشێكی دیكە كەلەباشورەوە مۆڵی خواردبوو لەسوسێو چەمچەماڵەوە پێشڕەویان كردو دووهێزیش لەتەقتەوە دەرچوون، یەكێكیان بۆ باكوور ڕوەو كۆیە و ئەوی دیكەش لەزێ پەڕیەوە بۆ ناوچەی شێخ بزێنی ،بەگوێرەی راپۆرتەكانی فەرماندەی فەیلەقییەك تەنها لەچیای تەكەلتوو بەرگرییەكی توندی سوپا كراوە ئەگەر نا لەزۆربەی جێگاكانیتر بەرگری زۆر لاواز هەبووە، هەروەها لە سوسێ لەچەمی رێزان لەگوندەكان بەرهەڵستی سوپا كراوە وەك گوندەكانی سوورقاوشانو عەودالانو كەلەبەش كە پاشتر وێرانكران، گوندی تەلانیش سوتێنرا، دۆڵی چەمی رێزان لە ئێوارەی 4ی مایس بەتەواوی كپكراو لە6ی مانگ تەواوی ناوچەكە لەلایەن سوپاوە دەستی بەسەر داگیراو زۆربەی خەڵكەكەی شونبزركران، دوورۆژ دواتر واتە 8ی مانگ سوپا كۆتایی بەشاڵاوی چوارەم هێنا،بەدرێژایی زێی بچووك لەهەردوولادا بەتەواوی كاولو وێرانكرا، ئەوانی لای باكور كەمتر ڕێگای دەرباز بوونیان بۆ رەخساو زۆر بەخراپی بەرشاڵاوەكە كەوتن ونزیكەی 1680 هەزارو شەش سەدو هەشتا كەس ناونووسكراوە كە بێسەرو شوێنكراون لەگوندەكانی (كلێسە، بۆگد، كانی نبی، قزڵوو، كانی هەنجیر، گۆمە شین) هەروەها سەدانی تر لەگوندەكانی (گڵناغاج، گرخەبەر، جەلەمۆرد، قەسرۆك، قامیشە) هەمان چارە نوسیان هەبوو، بەپێی راپۆرتی دەسنووس ژمارە (8280)ی 6ی مایسی 1988 لەفەرەماندەی فەیلەفی یەكەوە بۆ عەمەلیاتی سوپا نێردراوە ،لە راپۆرتەكە تێبینی ئەوەی داوە” كە ئەوانەی ئەو رۆژە لەنزیك تەقتەق خۆیان بەدستەتەوە داوە (60 پیاو 129 ئافرەتو 396 منداڵ) بوون،بیجگە لە 37 تێكدەر”یان لە ناو دابوو، هەرچی شتی بەنرخیش هەبوایە لە خەڵكەكەیان دەسەند، ماڵ وسامانیشیان بەتاڵان بردن و خانوەكانیشیان دەسوتاند، لەیەكێك لەگوندەكان لەسەر دزیو تاڵانو لێسەندنی پارەو زێرو خشڵ جاشێك ناڕەزایی دەربڕیبوو، ئەفسەرێكی سوپاش بەتوڕەیی پێی وتبوو ئەو خەڵكانە بۆ كوشتن دەبردرێن. ناتوانن پارەو ئاڵتونەكانیان لەگەڵ خۆیان ببەن، چونكە یاسای دەوڵەت دەڵێت دەبێ ئەمانە لەناوببردێن. سەرەڕای ئەوە جاشەكەچەككراو موستەشارەكەش پێی گوت، ئەمە قانوونی دەوڵەتی ئێمەیەو تۆناتوانی هیچ شتێ بكەیت، پاش ئەوەی سوپا بەدرندانە ترین شێوە گوندەكانی ناوچەی رۆژهەڵاتی تەقتەقی وێرانكردو ژمارەیەكی زۆری خەڵكەكەی سەرنگوم كرد ئینجا رووەو دێهاتەكانی ناوشوانو ئەو (76) حەفتاو شەش گوندە بۆوە كەلەمانگی (10) ی ساڵی 1987 چەندینیان روخێنرابوو، خەڵكەكانیشیان بۆ كۆمەڵگە زۆرە ملێكانی دارەتوو بنەسڵاوەی نزیك شاری هەولێر راگوێزرابوون، زۆر لەگوندەكانی ناوچەی شوان نەبووبونە (ناوچە رزگاركراوەكان) ئەویش لەبەر باری جوگرافی زەویەكانیان كەتاڕادەیەك لەئاستی نزمی دابوو، ئەو ناوچەیە هەرجارەو لەژێر دەسەڵاتی یەكێك دابووەجارێك پێشمەرگە، جارێكی تر هێزەكانی رژێم، هەروەها ببووە موڵگەو جێگای سەدان ئەو كەسانەی كەلە سەربازی هەڵاتبوون، گوندی دەڵۆی ناوشوان كەخۆی هەشتا ماڵێك دەبوو نزیكەی پەنجا شەست سەربازی هەڵاتووی لێ بوو، ئەم گوندە پێشتر دووجار تێكدرابوو دوبارە دروستكرابۆوە، جاری یەكەم لەساڵی 1963و جاری دووەم ساڵی 1976، رۆژی 5ی مایس شاڵاوەكانی ئەنفال گەیشتە ئەو گوندە كەپێشتر بەشێوەیەكی چرو پڕ بەموشەكو تۆپو هەڵیكۆپتەر بۆمبابارانكران، دواتر هێزی تایبەتی 77 وهێزی زەمینی پێشڕەوییان كرد، هەندێك هەر لەماڵەڵەكانیاندا كوژران، لەم هێرشەدا بیستو هەشت كەس گیرانو بێسەرو شوێنكران، لەناوشوان ژمارەیەكی زۆر لەخەڵك خۆشبەختانە لەدەست شاڵاوەكان رزگاریان بوو، بۆنموونە لەگوندی پەلكانەو گوندی ئیلنجاغ كەژمارەیەك سەربازی هەڵاتووی تێدابوو، ئەم خەڵكە دەربازبووە ماوەی دوو مانگ لە ناوچەكەخۆیان شاردەوە تاكو لێبوردنەكەی 6ی ئەیلولی 1988.
راپۆرتو بەڵگەنامە سەربازییەكان (138) سەدوسیو هەشت گوندیان باسكردووە كە لەئەنفالی چوار “سوتێنراونو روخێنراون وپاكتاوكراون” سەرەڕای ئەم وێرانكارییەی گوندەكان هەزاران ژنو منداڵ و پیرو گەنجیش شونبزركراون، بەپێی خەمڵاندنێك زیاتر لە 2500 دوو هەزاروپێنج سەد كەس لە دەشتی كۆیەو (3000) سێ هەزار یش لەناوچەكانی شێخ بزێنیو قەڵاسێوكەو ناوشوان شونبزركراون). لەم شاڵاوەدا وەكو شاڵاوەكانی پێشوو سیاسەتی كۆكردنەوەی خەڵك پەیڕەوكراوە، كەچەندین شوێنیان دەكردە مەڵبەندی مامەڵەو جیاكردنی خەڵكەكە بۆ لەیەكتر جیاكردنەوەو ڕاگوێزانیان بۆ شوێنی نادیار، پتر لەسێ مەڵبەند بۆ دەسگیركراوان ئامادەكرا بوو، گیراوەكانی گۆمەشینو گوندەكانی دیكە ماوەی سێ رۆژ لەهەرمۆتەی لای كۆیە هێشترانەوە، هەروەها خەڵكی دەربازبووی كیمیابارانەكەی 3ی مایسی گۆپتەپەو عەسكەریش، كۆمەڵگەی تەكیەی لای چەمچەماڵ یەكەم قۆناغی راوەستانیان بوو، كەبەئیڤا دەگوزرانەوە،هەروەها ناحیەی تەقتەقیش مەڵبەندێكی گرنگ بوو كەنزیكەی (10) هەزار كەسی لەگیراوانی باكوری زێی بچوكیان بۆ گواستەوە، پاشان بەپێی قسەی چەند شایەت عەیانێك كەخۆیان بینیویانە خەڵكەكەیان رەوانەی ئامریەی كۆیە كردبوو كەقەڵایەكی سەربازییە وەك چەندین قەڵای لەم چەشنە لەوێ خەڵكی گیراوی پتر لە (12) دوازدە گوندی هەردوو لای زێ بەندكراون، پاشان ژنو پیاو لێك جیاكراونەتەوەو رۆژی پاشتر بۆشوێنی نادیار گواستراونەتەوە، شوێنێكی تریش كەسەدان خەڵكی تێدا كۆكرابۆوە شوێنی بەخێوكردنی ئاژەڵ بوو، لەوێ هیچ لێكۆڵینەوە لەگەڵ خەڵكەگیراوەكە نەكراوە، لەبەركەمی ژمارەی سەربازەكانیش نەتوانراوە ژنو پیاو لەیەكتر جیابكرێـتەوە. لە شاڵاوی ئەنفالی چوارەم خەڵکێکی زۆر رەوانەی سەربازگەی تۆپزاوای کەرکوک کران کە تا کو ئێستا چارەنوسیان نادیارە و بەرەو دۆزەخی بیابانەکان و زیندە بەجاڵکردنیان، یان رەوانەی یەکەی کوشتنی مرۆڤ (مجازرە البشریة)یان دەکرد کە یەکەی تاقی کردنەوەی چەکی بایۆلۆجی و چەکی کیمیاوی ڕژێم دای مەزراندبوون.
شایانی وتنە لەم شالاوەدا چەندین خەڵکی مەدەنی و پێشمەرگە دەستگیرکران و بە کۆپتەر لەئاسمانەوە بەردرانە خوارەوە و گیانیان سپارد.
گوندی جەلەمۆرد کە ( 485 ) کەسیان ئەنفال و بێ سەروشوێن کراوە کە زۆربەیان لە کەمپە سەربازییەکانی ناوچەکە و سەربازگەی تۆپزاو و قەڵای نوگرەسەلمان لە ژێر ئەشنکنجە و ئازاری قورس بوونە قوربانی و زیندە بە چاڵکران. بە گشتی ژمارەی ئەنفالکراوانی جەلەمۆرد و گوندەکانی دەوروبەری ١٦٢٥ کەسە کە لە مۆنۆمێنتی بابە ڕووشە ناوەکانیان لەسەر فلێکس نوسراوە هەڵواسراوە.
دوای بۆردومانکردنی گوندەکانی عەسکەر و گوپتەپە، خەڵکی گوندی جەلەمۆرد و گوندەکانی دەوروبەری پەنایان برد، ئەشکەوتی (بابە ڕووشە) لە چیای خاڵخەلان، کە دەکەوێتە باشووری ڕۆژئاوای گوندەکەیان کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون.
دوای ئەوەی شوێنەکەیان لەلایەن خیانەتکاران و جاشەکان ئاشکرا بوو، هەڕەشەیان لە خەڵکی ناوچەکە کە لە ئەشکەوتەکەدا بوون خۆیان تەسلیم بکەن تاکو سەلامەت بن. ئەگەرنا بە چەکی کیمیایی بۆردومان دەکرێن. خەڵک بەناچاری خۆیان بەدەستەوەدا و ئەنفالکران وتاکو ئەمرۆش چارەنوسیان نادیارە.
لەم شاڵاوە بەرفراوانەدا کە سنوری یەکە ئیداریەکانی کەرکوک، شوان، ئاغجەلەر. پردێ، تەقتەق. چەمچەماڵ، تەکیە. خەلەکان، دوکان، دێگەڵە، ڕێدار. سورداش، کۆیەی گرتەوە و زیاتر لە ( 150) گوند وێران کران و خەڵکەکەی دەسبەسەر و ئەنفال کران مال و موڵكیان، ئاژەڵیان بەتالان برا ڕەزو باخەکانیان بێ رەحمانە سوتێنرا .
لەم شاڵاوە بەرفراوانە وێرای زەرەری گیانی كەبەسەدان كەسی تیایدا شونبزركران، هاوكات زەرەروزیانێكی مادی زۆریش لێكەوتەوە چونكە هەموو ماڵ و موڵكی خەڵكەكە تاڵان كرانو عەقلیەتی شۆڤێنی رژێمیش بەحەڵاڵ و رەوای زانی.
ناوی جاش و موستەشار و فەوجە سوکەکان لەبەڵگەنامەو ڕۆژنامەکانی(٢)ئەو ڕۆژگارەدا تۆمار کراوە کە خۆیان چیرۆکی سەرکەوتنەکانیان گێڕاوەتەو و یان نێشانەی ئازایەتیان وەرگرتوە لە پاداشتی ئەم خیانەتەیان کە دژی گەل و نەتەوەکەی خۆیان ئەنجامیان ئەدا، ئەمانەی خوارەوە لیستی ناوی (فەوجی سوک ) بەشداربوانی شالاوی چوارەمی ئەنفال:
1. قەدری ئەحمەد محەمەد زێباری – فەوجی ژمارە (1)
2. ئیبراهیم عەلی حاجی مەلۆ مزوری – فەوجی ژمارە ( 20)
3. عاسف ئەحمەد ئاغای زێباری – فەوجی ژمارە (23)
4. تارق فایق ولد کاکەیی زەنقەری – فەوجی ژمارە(37)
5. مامەند حەمەد مەولود گەردی – فەوجی ژمارە (51)
6. کامیل هادی شی خنوری بەرزنجی(سۆڵەیی) – فەوجی ژمارە (55)
7. فواد کریم محەمەد کابایز هەمە وەندی – فەوجی ژمارە (72)
8. رەشید ئەحمەد ئەمین عەزیز شێروانی – فەوجی ژمارە (78)
9. جەلال رەزا ئەسعەد چەرمەگایی – فەوجی ژمارە (79)
10.محمەد عمەر ئەمین جەمیل باساکی – فەوجی ژمارە ( 81)
11.فارس تاهیر مستەفا ئاغا کۆیی – فەوجی ژمارە (85)
12.عوسمان عمر مام یەحیا کۆیی – فەوجی ژمارە (86)
13.سەلیم مەمەند رەسوڵ ئاغای میراودەلی – فەوجی ژمارە (98)
14.تاهیر عەلی عبدالرحمن جەباری – فەوجی ژمارە (99)
15.محمد تاهیر یونس محمد زیناوە شکاک – فەوجی ژمارە (107)
16.ئاکۆ عەباس بایز مامەند ئاغای سەرکەپکان – فەوجی ژمارە (132)
17.عومەر ئەحمەد عەلی جاف(عومەرە بچکۆل) – فەوجی ژمارە (171)
18.تەحسین شاوەیس سەعید ڕۆژبەیانی – فەوجی ژمارە (172)
19.حسێن محـد عسمان پشدەری – فەوجی ژمارە (175)
20.لەتیف محمدئەمین قادر جاف زڕگوێزی – فەوجی ژمارە ( 195)
21.محمەد هەمزە محمد ژاژڵەیی – فەوجی ژمارە (204)
22.میرزا ئیسماعیل شریف رەزا( میرزا کۆیی) -فەوجی ژمارە (207)
23.رەزا تەها محیەدین بەرزنجی ( سەی مانگا) – فەوجی ژمارە (211)
24.عدنان عبداللە نجم جاف( عدنان دیسکۆ) – فەوجی ژمارە (212)
25.قاسم کریم ئەحمەد مەحمود شینکی – فەوجی ژمارە (237)
26.سابیرئەحمەد ئەمین – فەوجی ژمارە (248)
27.محمد عبدالکریم قادر بەرزنجی – فەوجی ژمارە (257)
28.ئەحمەد سۆفی ئیسماعیل ساڵح – فەوجی ژمارە (356)
29.سابیر رەقیب سورچی – فەوجی ژمارە (2)
30.محمد قادر عەزیز ئاغای سورچی – فەوجی ژمارە (19)
31.شیخ معتسم عبدالکریم بەرزنجی – فەوجی ژمارە (64)
32.سەعید مەحمود باریکەیی – فەوجی ژمارە (73)
33.برهان محمد مستەفا شوانی- فەوجی ژمارە (92)
34.عمر حمە عەلی رۆستەم چەرمەگایی – فەوجی ژمارە (104)
35.عزیز حمەد مەولود (مەلا عوزێر) – فەوجی ژمارە (130)
36.شێخ جلال شیخ نەجمەدین شیخ کەریم ساڵەیی – فەوجی ژمارە(135)
37.شیخ محمود سەی گوڵ کارێزەیی – فەوجی ژمارە(137)
38.هۆمەر ئەحمەد ئاغای پشدەری – فەوجی ژمارە (140)
39.زاهیر تاهیر تۆفیق کۆیی – فەوجی ژمارە (150)
40.سلاحە دین خدر رەسوڵ نەقشبەندی – فەوجی ژمارە ( 241)
41.عدنان عبداللە جەباری( سەید عەدنان جەباری)- فەوجی ژمارە (321)
42.مەدحەت توفیق مەنسور داودی – فەجی ژمارە( 47)
43.روناک ئیبراهیم مەدحەت داودی (شیخ روناک) – فەوجی ژمارە(138)
44.تحسین محمد ڕەشید زەنگەنە – فەوجی ژمارە (179)
45.حەسیب محمد نەجم – ژمارەی نەزانراوە
46.محمەد حمە ڕەحیم- ژمارەی نەزانراوە
هەروەها ئەم سەرەک مەفرەزەی تایبەتی ئیستخباراتی جاشەکان بەشداریان کردوە
1. یوسف فەتحوللە گۆرانی(قەرهەنجیری)- مەفرەزەی تایبەتی ژمارە(77)
2. جیهاد موسا قەرهەنجیری
3. خەیروللا کەریم مەولود( خەیرواللە دوزی)
4. عبداللە کاکە مین ساڵح( عەبە کەرکوکی)
5. حاجی عەلی نەبیاوە
6. محمد حسێن نوری
7. محمد کاوانی.
سەرچاوە:
١. بەڵگەنامەکانی رژیمی بەعس
٢. گۆڤار و رۆژنامەکانی سەردەمی بەعس
Leave feedback about this