کیمیابارانی ناوچەکانی کوردستان – 1988
یەکێک لە ڕەشترین تاوانەکانی مێژووی دەوڵەتی عێراق لە سەردەمی ڕژێمی بەعس و یەکێک لە کاریگەرترین چەکەکانی کە بۆ لەناوبردنی کورد بەکاری هێنا، چەکی کیمیاوی بوو، کە لە ساڵی ١٩٢٥ بەپێی ڕێککەوتننامەی جنێڤ قەدەغە کرا.
پرۆتۆکۆلی ژنێڤ (بە ئینگلیزی: Geneva Protocol) یان ڕێککەوتننامەی ژنێڤ یان یاسای ژنێڤ، یاسایەک نووسراوە بۆ قەدەغەکردنی بەکارهێنانی ئەو ماددانە لە شەڕدا کە دەبنە هۆی خنکاندن و ژەهراوی بوون و ئەو گازانەی تر کە لەم پۆلەدا جێگیرن و قەدەغەکردنی شەڕی بایۆلۆژی و بەکتریالۆژی . ئەم یاسایە لە ١٧ی حوزەیرانی ١٩٢٥ پەسەند کراوە و لە ٨ی شوباتی ١٩٢٨ جێبەجێ کراوە و تێیدا بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە. حکومەتی عێراق لە ساڵی 1931 بوو بە ئەندامی پرۆتۆکۆلی جنێڤی ساڵی 1925 و بێگومان ئەو مەرجەی لەخۆگرتبوو کە لە ئەگەری بەکارهێنانی سەرەتایی چەکی کیمیایی لەلایەن لایەنی بەرامبەرەوە، خۆی پابەند بەو پرۆتۆکۆڵە نەزانێت. بەڵام خۆی دەستپێشخەری بەکارهێنانی چەکی کیمیایی کرد.
دەوڵەتی عێراق هەمیشە و بەتایبەتی لە سەردەمی رژیمی بەعس پێشێلکاری بڕیارەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بووە و گوێی بە هیچ بنەمایەکی نێودەوڵەتی نەداوە و سڵی لە ئەنجامدانی تاوانی جینۆساید دژ بە مرۆڤایەتی نەکردوتەوە لەومەسەلەی (كیمیاباران) بەهەمان شێوە گوێی بەهیچ پرانسیپ و بنەمایەكی نێودەوڵەتی نەداوەو تەنانەت دەسەڵاتدارانو گەورە بەرپرسانی ئەم رژێمە لە گفتوگۆ و لێداوانەكانیشیان نكۆڵیان لەبەكارهێنانی ئەم چەكە نەكردۆتەوەو بەڵكو هەرەشەی بەكارهێنانی چەكی گەورەترو كاولكارتر کردوە، حکومەتی عێراق لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو لەسەر پەرەپێدانی چەکی کیمیایی دەستی بە چالاکی کردووە و لە ساڵی 1982 گەیشتە قۆناغی بەرهەم هێنانی جۆرە جیاوازەکانی ماددە کیمیاییەکان، لەوانە بەرهەمهێنانی ماددە تاڵە مووەکان (گازی خەردەل) و ماددە دەمارییەکان (گازی تۆبان، گازی سارین و گازی ڤی ئێکس). و لە ساڵانی 1988-1984لە دژی گەلی کوردستان هەروەها لە شەری لەگەڵ ئێران بەکاری هێنا.
زۆرن ئەو بەڵگەنامانەی لە سەردەمی رژیمی بەعسی روخاودا بیباكانە دەرچوون و باس لە جینۆسایدكردنی گەلی كوردستان دەكەن لەوانەش بەڵگەنامەكانی كیمیابارانكردنی کوردستان بووە.
لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا چەندین بەڵگەنامە دەرچوون کە باس لە جینۆسایدی گەلی کورد دەکەن، لەوانە بەڵگەنامەکانی کیمیابارانی کوردستان. بەپێی بەڵگەنامەکانی ڕژێمی بەعس و شایەتحاڵانی ئەم تاوانە، لێرەدا دەمانەوێت بە وردی ڕۆژ و مانگ و ساڵانی کیمیابارانکردنی ناوچە و شوێنەکانی کوردستان دیاری بکەین.
بەڵام بەهۆی تۆمارنەکردنی ساتی کیمیابارانەکە، ژمارەی وردی قوربانییەکان نازانرێت، بەڵام هەموو هەوڵێکمان خستووەتەگەڕ بۆ بەردەوامبوون لە بەدواداچوونەکان. هەوڵ و کات دەوێت، تا داتابەیسێکی گشتگیرمان لەسەر ئەم بابەتە نەبێت، وازناهێنین. وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، ڕژێمی بەعس فەرمانی بە بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی لەلایەن باڵاترین بەرپرسی ئەو سەردەمە سەدام حوسێنەوە دەرکردبوو دژی گەلی کورد و گڵۆپی سەوزی بۆ هێزە چەکدارەکانی لە شەڕی ئێراندا هەڵکردبوو. کە گەلی کوردستان پشکی شێری لە کیمیاباران کردنی خەڵکی سیڤێل و گوندنشین بەرکەوتوە.
دوای جەنگی دووەمی کەنداوی فارس، لێکۆڵینەوەیەک لەلایەن پسپۆڕان و توێژەرانی عێراقەوە ئەنجامدراوە و ڕاپۆرتێک لەسەر عێراق پێشکەش بە نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە، کە تیایدا 207 کۆمپانیای نێودەوڵەتی لە… ئەمریکا و ڕووسیا و ئەرجەنتین باسیان لە پڕچەککردنی عێراق کرد. لەوانە (ئەڵمانیا، ئیسپانیا، ئیتاڵیا، بەریتانیا، بەرازیل، بەلجیکا، جێرسی، فەرەنسا، ژاپۆن، هیندستان، هۆڵەندا، مۆناکۆ، میسر، پۆڵەندا، سوید، سویسرا و یۆنان). هەموو ئەو زانیارییانە لە کتێبێکدا بەناونیشانی (ڕەخنە و لێکۆڵینەوە لە جەنگی ئێران و عێراق) دا هاتووە،
هەروەها ڕۆلف ئیکیۆس، سەرۆکی پێشووی پشکنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، ڕایگەیاندووە کە لە ساڵی 1993 ئەنجومەنی ئاسایش داوای لە پشکنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی کردووە، ناسنامەی ئەو کۆمپانیایانە ئاشکرا نەکەن. کە 90%یان ئەوروپی، ئەمریکی بوون، 10%ی دیکەیان خەڵکی وڵاتانی دیکە بوون. وەک یەکێک لە گرنگترین بەڵگەکانی پشتڕاستکردنەوەی هاوکاری کۆمپانیاکانی ڕۆژئاوا لەگەڵ بەرنامەی چەکی کیمیایی عێراق، دەتوانین ئاماژە بە دادگاییکردنی فرانس ڤان ئەنرات بکەین لە دادگاکانی هۆڵەندا لە ساڵی ٢٠٠٤. بەهۆی فرۆشتنی چەند هەزار تۆن کەرەستەی خاو بۆ بەرهەمهێنانی خەردەل و گازی دەماری لەلایەن ڤان ئەنراتەوە لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا بە عێراق، دادگا بۆی دەرکەوت ئەو تاوانانەی کە بۆی دەگەڕێنرێنەوە (لەوانەش هاوبەشیکردن لە تاوانەکانی جەنگ و هاوبەشیکردن لە جینۆساید).
بە ئاماژەدان بەم ڕاپۆرتانە و ڕاپۆرتەکانی دیکە، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بە دەرکردنی بڕیارنامەی ٦١٢ (بەرواری ٩ی ئایاری ١٩٨٨) و بڕیارنامەی ٦٢٠ (بەرواری ٢٦ی ئابی ١٩٨٨)، نیگەرانی قووڵی دەربڕی سەبارەت بە دەرئەنجامەکانی دۆزراوەکانی پسپۆڕان و شارەزایانی ئەم بوارە سەبارەت بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە لایەن عێراق نیگەرانی دەربریوە و بە توندی ئەم کارەی ئیدانە کردووە.
داتا و زانیاری لەسەر کیمیابارانی ناوچەکانی کوردستان -1988
1. لە ڕۆژی 25/2/1988 لە پارێزگای سلێمانی گوندەکانی ( سەرگەڵو، یاخسەمەر، هەڵەدن، گوێزیلە) کیمیاباران کران، چەندین کەس بەرکەوتن.
2. لە ڕۆژی 26/2/1988 لە پارێزگای سلێمانی، هەمان ناوچە و گوندی پێشوو (سەرگەڵو، یاخسەمەر، هەڵەدن، گوێزیلە) کیمیابارانکران 8 شەهید و 201 کەس بەر کیمیاباران کەوتن.
3. لە ڕۆژی 27/2/1988 لە پارێزگای سلێمانی گوندەکانی( تەکیە، بەلەکجاڕ، بەڵخە، گومەتە) لە ناوچەی قەرداغ، لەلایەن فڕۆکە جەنگیەکانی ڕژێمەوە کە ژمارەیان نزیکەی 6 فڕۆکە دەبوو، بە ژەهری خەردەل بۆمبارانکران و ٤٠ پێشمەرگە بەرکەوتن و 2 کەسیان شەهید بوون
4. لە ڕۆژی 16/3/1988 پارێزگای هەڵەبجە، ناوەندی قەزای هەڵەبجە و شارەدێ و گوندەکانی دەوروبەری بە چەکی کیمیایی بۆمباران کران ( 5000 هەزار شەهید) و دە هەزار کەس بریندارو ئاوارەی ئێران بوون.
5. لە ڕۆژی 22/3/1988 لە پاریزگای سلێمانی ناوچەی قەرەداغ، گوندی(سێوسینان)، ڕژێم لە نزیک دەربەندیخانەوە لە گوندی کانی ساردەوە بە ڕاجیمە و بەچەکی کیمیایی جۆری دەمار(سارین و تابون) بۆردومانی ناو دێی سێوسێنانی کرد، دەس بەجێ 68 کەسی سڤیل لە ژن و مناڵ و پیر گیانیان لەدەستدا ، دواتر ژمارەی شەهیدەکان بوە بە 71 بەهۆی گیان لەدەستدانی بەرکەوتووەکانەوە، بە سەدان کەسیش بریندار بوون.
7. لە 23/3/1988 لە پارێزگای سلێمانی گوندەکانی، ناوچەی قەرەداغ(دوکان، دوکەرۆ، ولیان جافەران) کیمیاباران کرا.
8. لە 23/3/1988 لە پارێزگای سلێمانی گوندی (شاناخسێ) لە ناوچەی شارباژێر بەچەکی کیمیایی بۆردومان کرا 22 پێشمەرگە شەهید بوون و زیاتر لە 720 کەسی مەدەنی و پێشمەرگە بەرکەوتن.
9. لە ڕۆژی 24/3/1988 لە پارێزگای سلێمانی گوندی( بەلەکجاڕ) ناوچەی قەرەداغ، بەچەکی کیمیایی جۆری گازی دەمار بۆردومان کرد.
10. لە ڕۆژی 3/5/1988 لە پارێزگای سلێمانی گوندەکانی( گۆپتەپە، عەسکەر، چەمی ڕیزان، شونکە، ماهیلە، سەدی، چنار، شێخان، گڵەشێر، حاجی ژیرە بەرە، کوچبڵاخ، زرزی، کڵێسە) کیمیاباران کران،لە ئەنجامدا 200 کەس گیانیان سپارد، سەدانی تریش بریندار بوون. رژیمی بەعس رۆژی دواتر گوندەکانی تەختی زەوی کرد.
11. لە ڕۆژی 15/5/1988 لە پارێزگای هەولێر ئەم گوندانەی کیمیاباران کران ( کاموسەک، سپیندارە، عەلیاوە، بەرەکە، کەوەکیان، حەریر، سماقولی ،مەلوک)، لە ئەم هێرشە سەدان کەس بەرکەوتن.
12. لە ڕۆژانی 15-18/ 5 /1988 بە دواوە لە پارێزگای سلێمانی/ ڕانیە گوندەکانی( وەرێ، گوڵان، بۆتێ) کیمیاباران کران، لە گوندی وەرێ ٣٦ کەس گیانی لەدەستدا و زیاتر لە 35 برینداری جەکی کیمیایی بوون، رۆژێك پێش جەژنی رەمەزان کەهاوڵاتیان و گوندنشینانی گوندی “وەرێ”ـی دەڤەری خۆشناوەتی لە ئامادەکاریی و پێشوازی کردنی جەژنی ڕەمەزاندا بوون، فڕۆكە جەنگیەکانی رژێمی بەعسی، پەلاماری گوندەکەیان دا و بەچەکی قەدەغەکراوی کیمیایی بۆردومانیان کرد. لەئەنجامدا “36″هاوڵاتی دەمودەست شەهید بوون و 35 کەسی دیکەش برینداربوون دواتر ژمارە شەهیدەکان بۆ ٤٢ کەس بەرز بووە تا ئێستا کاریگەریی چەکی کیمیاییان بەسەریان ماوە و برینداران پێیەوە دەناڵێنن. جاشەکان نەیانهێشت شەهیدەکان لە ئاوایی بەخاک ئەسپاردە بکرێن. رۆڵی پێشمەرگە لە بە هاناوە چوونی برینداران لە بیر ناکرێت.
لە گوندی بۆتێ(23) پێشمەرگەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان/ڕۆژهەلاتی کوردستان گیانیان سپارد بەهۆی ئەو کیمیابارانە، زیاتر لە 60 پێشمەرگەش بریندار بوون.
13. لە ڕۆژی 20/7/1988 لە پارێزگای هەولێر کیمیابارانی گوندەکانی( سەرو چاوە، سماقولی، گەناو، شارستێنە، خەتێ، دەراش، بالیسان، نازەنین، گەرەوان) بەهۆی هێرشی بەردەوام و بۆمبارانی کیمیاییەوە لەم کاتەدا زۆربەی گوندەکانی ناوچەکە چۆڵ کرابوو.
14. لە ڕۆژی 31/7/1988 لە پارێزگای هەولێر گوندەکانی( سماقولی، بالیسان، هیران، گەرەوان) کیمیابارانکرا، لەئەنجامدا 5 کەس گیانی لەدەستداو چەندین کەس بریندار بوون.
15. لە ڕۆژی 2/8/1988 لە پارێزگای هەولێر گوندەکانی( ئاری،سێرو، زەڕوا، هەدن، کەکلە،خێرزوکا، خەروان، بلێ) کیمیاباران کراو و( 6 ) پێشمەرگە شەهید و 117 کەس بریندار بوون.
16. لە ڕۆژی 24/8/1988 لە پارێزگای دهۆک چیای گارە و گوندی (زێوەشکان) بۆمبارانی کیمیایی کرا و 10 پێشمەرگە شەهید بوون.
17. لە ڕۆژی 25/8/1988 لە پارێزگای دهۆک قۆناغی هەشتەم و کۆتایی ئەنفال دەستیپێکرد و بۆمبارانی کیمیایی بۆ سەر ناوچەی ئامێدی و بەرواری باڵا، گوندەکانی ( وەرمیلی ،باپیری، گەرەگوە، هیسی، ئیکمالا، ئاسهی، بازێ، میسکا، توشمبیک، مێرگا چیا، کانی بەلاڤ ،بریجینی، توێکا) دەستیپێکرد و لە ئەنجامدا 5 کەس گیانیان لە دەستدا و 75 کەس بریندار بوون.
18. لە ڕۆژی 25/8/1988 لە پارێزگای دهۆک، ناوچەکانی ئامێدی، سەری گارە و گوندەکانی ( ئیکمالا، کیری، بەلیتی، باوەکا، بەرکەڤری، گرکا، کۆڤلینک، ڕدینیا، سارکی، زێوکا، شێرانە، بلێجانی، بانێ) کیمیابارانکرا و 2 کەس گیانیان لەدەستدا و 40کەس بریندار بوون. هەر لەم شاڵاوەدا زیایر لە 46 گوندی دەڤەری ئامێدی تەختی زەوی کران.
19. لە ڕۆژی 25/8/1988 پارێزگای دهۆک ناوچەی ئامێدی، بەرواری خوارو و گوندەکانی (سپینداری، سواری) کیمیاباران کران.
20. لەڕۆژی 25/8/1988 لە پارێزگای دهۆک، گوندەکانی ( کانیا، باسکا، ئاڤۆکێ، بیمنانش) کیمیاباران کرا و چەندین کەس بەرکەوتن.
21. لە ڕۆژی 25/8/1988 لە پارێزگای دهۆک، گوندەکانی( پریسە، جزگیرا، چەمچاڵی، چەمشرتی، چەم ڕەبەتکی، میروکی، بلمباس) کیمیاباران کران و چەندین کەس بریندار بوون.
22. لە ڕۆژی 25/8/1988 لە پارێزگای دهۆک، گوندەکانی( تویکا، بلیجان، زرهەوا) کیمیاباران کران، لە ئەنجامدا 14 کەس گیانیان لەدەستدا و 15 کەس بریندار بوون.
23. لە ڕۆژی 25/8/1988 لە پارێزگای دهۆک، گوندەکانی (بریجینی، درگەلا شێخا، زیناڤا، دبانکێ) کیمیاباران کران و لەئەنجامدا ، چەندین کەس بریندار بوون.
24. لە ڕۆژی 25/8/1988 لە پارێزگای هەولێر، ناوچەی( بەڕۆژ، بارزان، مزوری بالا) کیمیاباران کران.
25. لە ڕۆژی 25/8/1988 لە پارێزگای هەولێر، گوندەکانی(هیران و نازەنین) کیمیاباران کران، بەڵام زیان نەزانراوە.
26. لە ڕۆژی 25/8/1988 لە پارێزگای هەولێر، گوندەکانی(خەتێ ، وەرتێ ) بۆ دواجار کیمیاباران کران، قوربانیەکان نەزانراوان.
27. لە ڕۆژی 26/8/1988 لە پارێزگای دهۆک، ( سەری ئامێدی، سپێر، سینیا، نێروە، خەرەگول کوجرزکا، خراپ، زێوە، بەرچی، کانی، دیری، دەرگەنی، سیری، سکیری، سەرکەلی، فیرستەک، چیاڕەشک) بۆردومانی کیمیاباران کران، قوربانیەکان نەزانراوە.
28. لە ڕۆژی 27/8/1988 لە پارێزگای هەولێر، مزوری بالا ناوچەی( زێی ڕوشین) بۆردومانی کیمیایی کراوە، ژمارەیەک قوربانی و بریندار هەبوو.
29. لە ڕۆژی28/8/1988 لە بادینان، لە نێرەوە و ڕێکان گوندەکانی (شیڤی، هیتوت، کانیا پینک، باشی، سەرنی، گارە، گەرو، باوانکێ، زێوە، گەلی کوتکێ) کیمیاباران کران، ژمارەی قوربانیان نەزانراوە.
30. لە ڕۆژی 29/8/1988 لە پارێزگای دهۆک ناوچەی بەرواری باڵا گوندی ( بازێ و گەلی بازێ) کیمیاباران کران و 2980 کەس گیانیان لە دەستداو سەدان کەسیتر بریندار بوون.
31. لەڕۆژی 29/8/1988 پارێزگای دهۆک، گوندی (بانکێ) کیمیاباران کرا، زیاتر لە 1000 کەس گیانی لەدەستدا و سەدان کەس بریندار بوون.
داتا و زانیاری لەسەر کیمیابارانی ناوچەکانی کوردستانی رۆژهەڵات- 1988
1. لە ڕۆژی 9/3/1988 لە پارێزگای سنە گوندی قەڵاجێ بە گازی خەردەل کیمیاباران کرا، 3 شەهید و زیاتر لە 30 بەرکەوتوو.
2. لە ڕۆژی 17/3/1988 لە ناوچەی هەورامان شارەدێی( نۆدشە) سەر بە پارێزگای کرماشان، کەوتە بەرهێرشی کیمیایی،(104) کەس گیانیان لە دەستدا وزیاتر لە 700 کەس بریندار بوون، هەروەها لە رۆژی 24/3/1988 بۆ جاری دووەم و لە 2/4/1988 بۆ جاری سێیەم کیمیابارانکرا. شاندێکی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆمەبەستی لێکۆڵێنەوە سەردانی ئەم شارەیان کرد و سەلماندیان کە چەکی کیمیایی لەجۆری خەردەل لەو شارە دراوە.
3. لە ڕۆژی 17/3/1988 ڕۆژانی دواتریش لە پارێزگای سنە گوندەکانی ( دەرەناخێ ،زەکەریا، ڕێگای نیوان مەرزی دزلی و بیەکەڕە) کە ڕێگای هاتوچۆی خەڵکی ئاوارەی هەڵەبجە و هەورامان و ناوچەکانی تر بوو، ڕژێم جارێکیتر بە کیمیایی هێشی کردە سەریان کە چەندین کەس بەرکەوتن و کەسێک شەهید بوو.
4. لە 22/3/1988 گوندەکانی (نژمارو بالک، نێ ،دەگاشێخان) لە نزیک مەریوان بۆردومانی کیمیایی کران، 300 کەس گیانیان لە دەستداوە و سەدان کەس بریندار بوون. و لە گۆڕستانی گوندی چۆڕ بەخاک سپێردراون.
5. فروکە جنگیەکانی دەوڵەتی عێراق لە سەردەمی رژێمی بەعس لە کاتی شەری نێوان عێراق و ئێران 1988/7/22 گوندی زردەی سەربە شاری داڵاهۆ لە پارێزگای کرماشان بۆمبارانی کیمیایی کرد، کە هەر لەیەکەم ساتی کیمیاباران دەستبەجێ 275 کەس شەهید و نزیکەی سەدان کەسیش بریندار و ژهراوی بوون و تاکو ئێستا ژمارە قوربانیان گەیشتوتە 320 کەس.
بەپێی زانیارییەکان یەکێک لە بۆمبە کیمیاییەکان کەتووتە ناو کانی گوندی زردە کە سەرچاوی ئاوی گوندەکە بووە و لە کاتی کیمیاباران ئەوەی لەو ئاوەیان خواردەبوو توشی خراپترین حاڵەت هاتببون و زۆربەیان گیانیان لەدەستدا یان زۆر بەسەختی بریندار و ژهراوی بوون.
لە سەردەمی شەڕی ٨ ساڵەی نێوان ئێران و عێراقدا، زۆربەی شار و گوندەکانی کوردستان لە لایەن ڕژێمی بەعسەوە کیمیاباران کران و گوندەکانی داڵاهۆش لەو تاوانە دەرنەچوون. و جگە لە گوندی زرده، گوندەکانی «نساردیره» لە گەیلانی غەرب و بەشێک لە شارەکانی سلاسی باباجانی و سرپولی زەهاو لە هەمان رۆژ کیمیاباران کران.
6. دوای ئەوەی دانیشتوانی دۆڵی جافایەتی لە تاوانی ئەنفالدا ئاوارەی ئۆردوگای هەوارە خۆڵی شاری بانە ببوون، لە رۆژی 10/7/1988دا بە پێنج فڕۆکەی جەنگی کیمیاباران کران.
Leave feedback about this