بەردەوامی شالاوەکانی ئەنفال لە دوای بڕیارنامەی 598 و ئاگر بەستی نێوان ئێران و عێراق.
لە ٨ی ئابی ١٩٨٨ بڕیارنامەی 598 ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە لە 20ی تەمموزی 1987 بە کۆی دەنگ پەسەندکرابوو، بە رەزامەندی ئێران کەوتە بواری جێبەجێکردن کە تیایدا داوای ئاگربەستی دەستبەجێی نێوان ئێران و عێراق و گەڕانەوەی دیلەکان بۆ زێدی خۆیان، و کشانەوەی ئەو دوو لایەنە بۆ سنوورە نێودەوڵەتییەکان. لە بڕیارنامەکەدا داوا لە ئەمینداری گشتی کراوە تیمێک لە چاودێران بۆ چاودێریکردنی ئاگربەستەکە بنێرێت.
ئەو بریارنامەیە کۆتایی بە هەموو ئۆپەراسیۆنە شەڕکەرەکانی نێوان هەردوو وڵات و شەڕی ئێران و عێراق هێنا. هەردوولا کشانەوە بۆ سنووری دیاری کراوی خۆیان و شەڕەکە کۆتایی هات، بەڵام عێراق لە دوای ئاگر بەست لە ماوەی مانگی ئاب تا سەرەتای مانگی ئەیلولی لە شاڵاوەکانی ئەنفال بەردەاوم بوو رژێمی بەعس لە ١٥ مایس تا ٢٥ ئاب خەریکی ئەنفال ٥ و ٦ و ٧ لە دۆڵی نێو چیاكانی شەقڵاوەو ڕواندز بوو، و دواتر لە ٢٥ ئاب بە کەڵک وەرگرتن لە زیاتر لە ٦٠ هەزار سەرباز لەگەڵ هەلیکۆپتەری شەڕ و چەکی کیمیایی و لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ، ٤٠ گوندی لە ناوچەی بادینان کیمیاباران کرد.
لە شاڵاوی ئەنفالی ٨ یان ئەنفالی کۆتایی 13553 کەس لە خەڵکی سڤیلیان دەستگیر و بئ سەروشوێن و ئەنفالکرد و جگە لە سەدان برینداری چەکی کیمیایی دەیان هەزار کوردیشی ناچار کرد کۆچ بکەن بۆ وڵاتی تورکیا . لە ٦ی ئەیلولی ١٩٨٨، هەڵمەتی دژە کورد لە چوارچێوەی لێبوردنی گشتی بە ناوی ئەنفال کۆتایی هات.
رۆحی ئەنفالکراوان و شەهیدان شاد و ئاسودە
Leave feedback about this