جینۆساید

شاڵاوی ئەنفالی دووەم ناوچەی قەرەداغ لە 22ی ئادار تا 1ی نیسانی 1988

شاڵاوی ئەنفالی دووەم

شاڵاوی ئەنفالی دووەم هێرشەكان بۆ سەر ناوچەی قەرەداغ لە 22ی ئادار تا 1ی نیسانی 1988، لە بەڵگەنامەكانی رژیمی بەعس   ئەنفالی یەكەم و دووەم زوورترین باس و خواسی راگەیاندنەكانی ئەو سەردەمەی لەسەر بوو هەروەها بە پێی بڵاوكراوەكانی زمانحاڵی بەعس وەك سەركەوتنێكی مەزن تۆماركراوە بوونە سەردێڕی هەوالەكان،لە رۆژنامەکانی زمانحاڵی بەعس لەوانەش رۆژنامەی ئەلسەورە (الثورة) لە ژمارە 6522 لە3\4\1988 نووسراوە”لە عەمەلیاتی ئەنفالی دوو”ناوچەی قەرەداغ لە خیانەتكاران پاك كرایەوە”،لە هەوالێكی تریش كە برۆسكەی پیرۆزبای بۆ سەدام حوسین لەهەمان ژمارەدا نووسراوە”جەماوەری هەولێر و دهۆك و سلیمانی سڵاو بۆ ئەنفالی قارەمان دەنێرێن. ئەم ڕیکلامانە لە رۆژنامەکاندا لەلایەن جاشەکانی سەدام بڵاوكراونەوە.

رێك دوای سێ‌ رۆژ لەكۆتایی ئەنفالی یەكەم هێزەكانی رژێمی بەعس و سوپای دەوڵەتی عێراق لە22ی ئاداردا بە سەركردایەتی لیوا روكن ئەیاد خەلیل زەكی فرماندەیی فەیلەقی پێنج، لیوا رۆكن كامل ساجت فەرماندەی فەیلەقی دوو، بەسەرپەرشتی راستەوخۆی فەریقی یەكەمی روكن عەدنان خەیروڵلا وەزیری بەرگری، عەلی حەسەن مەجید بەرپرسی بیرۆی باكوری حیزبی بەعس، سەرۆكی ئەركانی سوپا بۆ كاروباری ئەركانی سوپا، فەریقی روكن نزار عەبدولكریم خەزرجی یارمەتیدەری سەرۆكی ئەركانی سوپا بۆ كاروباری ئۆپراسیونەكان و فەریق حوسین رەشیدمحەمەد تكریتی، عەمید روكن زهیر یونس علی فەرماندەی فرقەی پەنجا، عمید روكن سعد شمس الدین فرماندەی هیزەكانی جحفلی بەرگری نیشتمانی 1 هەروەها ئامریە هیزەكانی جحفلی بەرگری نیشتمانی 3 و هیزكانی فریاكەوتنی ئەمنی سلیمانی و ئامریەی كەرتی قرەداغ و فوجەكانی بەرگری نیشتمانی جێبەجێ‌ كرا، هێزێكی قەبارە گەورەو ژمارەی زۆرترلە ئەنفالی پێشوو گەمارۆی چیاكانی قۆپی قەرەداغیدا، لەسەرەتای  شەری نێوان عێراق و ئێران  تا دەستپێکی جینۆسایدی ئەنفال لە ساڵێ‌ 1988 دوو شاڵاوی گەورەی جینۆسایدی فەیلییەکان و بارزانییەکانی لە دژی گەلی کوردستان جێبەجێ کردەبوو, جگە لە سەدان تاوانی تری دژەمرۆڤایەتی لە چۆلکردنی زۆرەملێی گوندەکان و رەشبگیری وو بەرپاکردنی ناوچە محرمە و قەدەغەکراو و لە سیدارەدانی خەڵکی ناوچەکە و هەر ناو شاڵاوەکانی ئەنفال، کیمیابارانی هەڵەبجەی لە چاو قوچانێکدا جێبەجێ کرد.   دامودەزگاكانی هەواڵگری عێراقی زانیارییان جموجۆڵی بنكەو بارەگاكانی پێشمەرگە لەقەرەداغ کۆ کردەبووە کە وەک هێزێکی بەرهەلەستکاری یارمەتی سوپای ئێران دەدەن چونكە ئەو ناوچەیە دوای چۆڵكردنی و گواستنەوەی دانیشتوانی بۆ هەردوو كۆمەڵگای نەسر و زەڕایەن لەساڵی 1987دا تەنها سوپاو جاشی تیادا مابۆوە، بەڵام دواتر كەوتە ژێر دەستی هێزی پێشمەرگە. لەمانگی شوباتدا هەشت فرۆكەی عێراقی هێرشێكی كیمیاییان كردە سەرتەكێ‌‌و بەڵەگجار، ئەوانەی لەو كاتە وەك شایەت عەیانێک كە بەچاوی خۆیان بۆردومانەكەیان بینیوە بەم شێوەیە باسی دەكەن، فرۆكەكان بۆمبێكی زۆریان بەردایەوە نازانم چەند بوو، رەنگە هەشت یان نۆ بووبێت كاتێ‌ دەتەقینەوە ناڵەیەكی زڵیان دەهات بەڵام دوكەڵێكی كەمیان هەبوو ، ئەو كەسانەی دەستیان پێی كەتبوو دواجار پێستیان بلۆقی كردبوو، ئەو ئاژەڵا‌و مەڕو ماڵاتەش كەلەو گژوگیایەیان خوارد بوو كەبەر كیمیاییەكە كەتبوون یەكسەر مردار بووبونەوە، بەڵام هیچ زیانێكی گیانی لەخەڵكەكەنەكەوتبوو، چونكە خۆیان لەكونە تەیارەكان حەشار دابوو، هێزەكانی پێشمەرگەش لەترسی چەكی كیمیایی پەرت‌و بڵاوی ناوچەكەیان كردبوو ،هەر بەپێی ڕاپۆرتی دەزگا هەواڵگری‌و ئەمنیەكانی رژێم وا نوسراوە. “تاقمی خیانەتكارانی(حسك) نزیكەی 1500 دەمامكی گازیان لەرژێمی ئێرانی وەرگرتووە”. دیارە ئەم پێشبینی‌و وەخۆكەوتنە كەمێك كەڵكی هەبوو بۆ ئەنفالەكەی قەردەاغ.

کیمیابارانی گوندی سێوسینان

گوندی سێوسێنانیش دەكەوێتە قۆڵی رۆژهەلاتی قەرەداغەوە، لە 22ی ئاداردا  یەكێك لەكوشندەترین پەلاماری كیمیایی تێدائەنجام درا بۆ سەر گوندی سێوسێنان ،یەكێك لەو شایەت عەیانانەی كە رووداوەكەی بینیوە بەم شێوەیە وەسفی دەكات كە سەرلەئێوارەی 22-23ی ئادار دوای نوێژی ئێوارە لەماڵەوە بەرامبەر گوندی سێوسێنان وەستابووم لەكاتێكا گڵپەی ئاگری  بۆمبارانی چڕو پڕی گوندەكەم دیت، ئەم بۆردومانە لەدەربەندیخانەوە  بەڕاجیمەی چلی كرایە سەرسێوسێنان، لەئەنجامدا لەكۆی گشتی دانیشتوانی گوندەكە كە 350  ماڵ بوو 1500 كەسی تیادا دەژیا زیاتر  لە (80) كەس گیانیان لەدەستدا، پاش كیمیابارانكردنی گوندی سێوسێنان‌و  تەكیە، لە رۆژی دواتر 23 ئادار گوندی (دوكان) كیمیابارانكرا، دوای ئەوەی رژێم بەشێوەیەكی چڕوپڕ وبەردەوام ناوچەی قەرەداغی بۆردومان كرد، لەدوای نیوەڕۆی 23ی ئاداردا هێرشی زەمینی كردەسەری‌و داگیری كرد، ئەوانەی كە ڕایانكردو دەربازبوون بوونە دووبەش، بەشێكیان رێگای باكوریان گرتەبەر كەرێژەیەكی  زۆربوون بەرەو  كۆمەڵگەكانی سەر ڕێگاو شاری سلێمانی چوون كەخۆشبەختانە رزگاریان بوو نەكەوتنە دەستەوە، بەشەكەی تریش روەو گەرمیانی خوارو رێگایان گرتەبەر كە چارەنوسێكی شوم چاوەڕێی كردن‌و زۆربەی زۆریان دەسگیركران‌و شوێنبزركران.  لەبڵاو كراوەیەكی بەشی راگەیاندنی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ،ناوی 66 كەسی كوژاروی تەمەن 1 تا 59  ساڵ هاتووە كە خەڵكی گوندەكانی ناوچەی قەرەداغن‌و لەشەوی 28/ 29ی ئادار بەرهێرشی كیمیاباران كەوتوون ئەم ژمارەیە بەشێكە لەو ژن‌و منداڵ‌و پیرو گەنجە بەركەوتووەی ناوچەكە پێک دێن.  قەرەداغ بەسوپا ئابلۆقەدرابوو، بۆیە خەڵكی ناوچەكە بوون بەدووبەشەوە، بەشێكیان رویانكردە شاخی گلەزەردەوەو خۆیان ومنداڵیان بەرەو سلێمانی رۆیشتن‌و ماڵ و سامانیشیان جێهێشت‌و تاڵانكرا، بەشێکیان لەرێگا گیران‌و ئەنفالكران، ئەفسەرانی سوپا وایان لەخەڵكەكە گەیاندبوو كەبۆ ئۆردوگایان دەبەن بەڵام كاتێ‌ خەڵكەكە سواری زیلی سەربازی‌و ئۆتۆمبێلە زەوتكراوەكانی خۆیان كران‌و بەپیرو منداڵ و ژن‌ و زەلامەوە بەرەو ئۆردوگای سەربازی تۆبزاوەی نزیك كەركوك راپێچكران، بەشی دووەمی خەڵكەكە بەناو قۆپی قەرەداغ دا بەرەو ناوچەكانی سەنگاوو گەرمیان پاش ناخۆشی وماندووبونێكی زۆر پەڕینەوەو دەرباز بوون. سەركردایەتی گشتی هێزە چەكدارەكانی رژێم لە ١ی نیسان بەیاننامەی ژمارەی (3109)ی بڵاو كردەوە. كەتیایدا باسی پاككردنەوەی تەواوی ناوچەی قەرەداغ لە(خیانەتكاران)و تێكدانی بنكەكانیان لە(تەكی، بەلگجاڕ، میولی، بانی مورد، چرچە قەڵا، هۆمەرقەڵا، بەلەكان، دەبەندفەقیرە، قەرەداغ، ئۆقلا، جافەران، بوخشێن،،سێوسێنان، زەردە، كلۆش، بێركێ‌، كڵاو جومعە، بەخشێ‌، دەربەند باسەرە، سەرگرمە، قۆپی قەرەداغ، ئەچداخ) دەكات.  شاڵاوەکانی ئەنفال لە  بەشێک لە بەڵگەنامەکان    لە بەڵگەنامەیەك كە لە سەركردایەتی تیپی پیادەی  فرقەی مشاتی (2) ناسراو بە هێزەكانی خالید بن وەلید بە سەرۆكایەتی عەمیدی رۆكن عەدنان ناجی كە بارەگاكەی لە قەرە هەنجیر بوو  بۆسەركردایەتی فەیەلقی یەك نێردراوە بە ژمارە( 169 )لە رێكەوتی  ( 15/4/1988) نێردراوە تیدا نووسراوە” (.) تكایە (8) هەشت فرۆكەی هەلیكۆپتەرو (20) ئۆتۆمۆبێلی بارهەڵگر دابین بكەن بۆ گواستنەوەی لیوای (39) لەناوچەی پیرەمەگرون بۆ ناوچەی قەرەداغ لەگەڵ دابینكردنی هێزی پاراستنی  ئاسمانی لەكاتی ئەنجامدانی كردارەكەكە كەرۆژی 20/4/1988 دانراوە بۆ ئەنجامدانی(.). كۆتایی هات.    بە مەبەستی گواستنەوەی چەك تەقەمەنیەكانیش لە لایەن وەزارەتی بەرگری بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی سەربازی بە نووسراوی ژمارە (48 لە 21\4\1988 )ئاگادار دەكاتەوە وینەیەكیش بۆ فەیلەقی یەك بە مەبەستی ئاگادار بوون روانە دەكات  كەلە ماوەی 20 ساعەت كەلوپەلەكان لە فەیەلەقی یەك بگوازرێتەوە هەر بۆ ئەم مەبەستەش لێژنەیەك پێك بهێنرێت كە لە نووسراوەكەدا هاتووە”  داوا دەكەین لیژنەیەكی ئاسایش لەبەرێوەبەرایەتیەكەتان بۆ سەركرایەتی فەیلەقی یەك بنێرن، بۆ ئەنجامدانی چەند ئەركێكی تایبەت كەلە ماوەی (20) كاتژمێر كۆتایی پێبێت(.). ئاگادارمان بكەنەوە.

بەپێی بەڵگەنامەیەكی دیکە كە لە فەیلەقی یەك بە سەرۆكایەتی سوڵتان هاشم بۆ سەركردایەتی گشتی هێزی چەكدارەكان نێردراوە بە نووسراوی نهێنی و بەپەلە ژمارە( 142 لە 20\4\ 1988 ) و لە نووسراوەكەدا هاتووە” لەكاتی پاككردنەوەی ناوچەی قەرەداغ (2500) دوو هەزار و پێنج سەد تێكدەرو بەكرێگراو لەژن و پیاو گیراون لەگەڵ دەستبەسەر داگرتنی هەندێك چەك‌و تەقەمەنی لەناوچەی قۆپی قەرەداغ كەبەم شێوەیەی خوارەوەیە: 1-( 10) دە ئارپیچی/72-(200) ٢- دووسەد كلاشینكۆف 3- ( 1000) هەزار ڕۆمانە دەستی بەسەردا گیراوە و چەك‌و تەقەمەنیەكان لە بارەگای فەیلەق دان. لەم بارەیەوە چاوەڕێی رێنمایەكانتانین. كۆتایی هات”. لە وەڵامدا لەسەركردایەتی گشتی هێزە چەكدارەكان بە نووسراوی ژمارە( 2\م خ لە 23\4\1988) بۆسەركردایەتی فەیلەقی یەك بەم شێوەیە نووسراوە” نامەی نهێنی‌و بەپەلەتان 142 لە 20/4/1988 تێكدەرو بەكرێگیراوەكان كەژەمارەیان (2500) دوو هەزارو پێنج سەد كەسە بەم شێوەیەی خوارەوە دابەش دەكرێن. (.) پیاو ڕەوانەی سەركردایەتی فەیلەقی چوار دەكرێن (.) ئافرەت بۆ سەركردایەتی فەیلەقی سێ‌ رەوانە دەكرێن (+) منداڵ ڕەوانەی سەربازگەی زرپیۆش لەتكریت دەكرێن (.) لەگەڵ نێردراوی ئێمە وبەئۆتۆمبێڵی تایبەت رەوان دەكرێن (.) كۆتایی هات”.

سەرچاوەکان

١. بەڵگەنامەکانی رژێمی بەعسی رووخاو
٢. کتێبی – جینۆساید لە عێراق و پەلاماری ئەنفال بۆ سەر کوردستان
٣. بەڵگەنامەکانی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان
٤. بەدواداچوون و لێکۆلینەوە
٥. گۆڤار و رۆژنامەکانی سەردەمی بەعس

* لیوا روكن (سلطان هاشم احمد محمد الطائي) لە فیرقەی چوارەمدا بە فەرماندەی لیوای پێنجی پیادە، پاشان فەرماندەی فیرقەی چوار، پاشان فەرماندەی فەیلەقی پێنج و پاشان فەیلەقی یەکەم لە کاتی شەڕی ئێران و عێراق ١٩٨٠-١٩٨٨و یەکێک لە سەرکردەکانی شاڵاوەکانی ئەنفال بوو.

تێبینی: ئەو دەستەواژانەی لە لایەن رژێمی بەعس لە دژی هەر کوردێک جگە لە جاشەکان، پێشمەرگە یان سێڤیل بە کاری هیناون وەک “بەکرێگیرا، تێکدەر ، تاوانبار” و زۆر ناو ناتۆرەی تر بەمەبەستی سوکایەتی کردن، کە لە بەر بەکارهێنانی لە بەڵگەنامەکان وەک خۆی دەگوازرێتەوە.

Leave feedback about this

  • Rating

PROS

+
Add Field

CONS

+
Add Field
Choose Image
Choose Video