ئەنفالی سێیەم هێرش بۆ سەر گەرمیان – 7 تا 20ی نیسانی 1988
سەختترین ویرانكاری و تاڵان، زۆرترین بێسەروشوینكردن
دوا بەدوای ئەنفالی دووەمو دەست بەسەر داگرتنو شونبزركردنی خەڵكی ناوچەی قەرەداغ، ئەمجارەیان رژێم هێرشێكی تری بۆ سەر ناوچەی گەرمیان ئەنجامدا، هێرش بۆ سەر گەرمیان كە بەگەورەترین كاولكاری شاڵاوی سەربازی دەژمێردرێت لەقۆناغەكانی شاڵاوەكانی ئەنفالدا ،ئەنفالی سێیەم بە پێی بەڵگەنامەکان رژێمی بەعس لە گەرمیان بە سەركردایەتی لیوا روكن سۆلتان هاشم، فەرماندەی فەیلەقی یەك، لیوا روكن كامل ساجت فەرماندەی فەیلەقی دوو، بەسەرپەرشتی راستەوخۆی فەریقی یەكەمی روكن عەدنان خەیروڵلا وەزیری بەرگری، عەلی حەسەن مەجید بەرپرسی بیرۆی باكوری حیزبی بەعس، سەرۆكی ئەركانی سوپا بۆ كاروباری ئەركانی سوپا، فەریقی روكن نزار عەبدولكریم خەزرجی یارمەتیدەری سەرۆكی ئەركانی سوپا بۆ كاروباری ئۆپراسیونەكان و فەریق حوسین رەشید محەمەد تكریتی جێبەجێ كرا، هێرش بۆ سەر ناوچەی گەرمیان لە 7 تا 20ی نیسانی 1988بووە، تیایدا هەموو ناوچەكانی دوزخورماتو، قادركەرەم، كفری، كەلار، چەمچەماڵ، تێلەكۆ، پێباز، سەنگاو، تەكیە، ئاغجلەر راماڵدراو وێران كرا، هەروەها زەرەرو زیانێكی یەكجار گەورەی گیانی و مادی بە دانیشتوانی نزیکەی (500) گوندی ئەم ناوچەیە گەیاند.زیاتر لە(٣٠) هەزار کەس لە خەڵکی ناوچەکە لە ژن و منداڵ و پیرو گەنجیان دەسبەسەر وبێسەروشوێن كرد.
بە ووتەی زۆربەی شایدحال و دەربازبووانی ئەنفالی گەرمیان هۆکاری دەستگیركردنی ئەو خەڵكە زۆرە ئەوەبوو كە (پارێزگای سلێمانی بە رێگای قایمقامییەتی چەچمەماڵ و جاش و موستەشارەكان پڕو پاگندەی زۆریان كرد كە حكومەت لە شوێنێکی باشتر بۆ هەرخێزانەی (300) مەتر زەوی دەداتێ لەگەڵ قەرزی خانوبەرە (العقار)،ئەمەش وایكرد كەخەڵك هێور بێتەوەو رانەكەن.
هێرشەکانی ئەنفال قۆناغ بەدوای قۆناغ بۆ سەر كوردستان گەورەترو درندانەتر دەبوون. بۆیە هێزی پێشمەرگەو هێزی پشتگیری كەدواتر لەگوندەكان پەیدا بوون بۆ هاریكاریكردنی پێشمەرگەو شەركردن لەگەڵ رژێمدا نەیانتوانی بەرەنگاری قەبارەی ئەو هێزو سوپایە زۆرە ببنەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی زیاد لەهەفتەیەك شەپۆل لەدوای شەپۆل هێرشو پەلاماردانی پیادەو زریپۆشو تۆبخانەو فرۆكەو جاش ناوچەكەی گرتبۆوە هێزی پێشمەرگە هیچ پاڵپشتیو ئازوقەیەكی نەبوو و نەیدەگەیشتێ، ئەوانەش كەلەشاڵاوەكانی ئەنفالی یەكەم و دوومەوە دەربازبوون وخۆیان گەیاندبووە ئەو ناوچەیە گشتیان ماندوو شەكەت بوونو بەڵام ورەیان نەروخابوو، سەرەڕای كاریگەری هێرشی گازبارانكردنی سەردۆڵی جافایەتیو قەرەداغو هەڵەبجەبوو كەباڵی بەسەریاندا كێشابوو، خەڵكی گەرمیان تەواو گەمارۆ درابوون، زۆریان گەیشتنە ئەو قەناعەتەی كە خۆ بەدەستەوەدان دوا رێگەیانە كە بیگرنەبەر، بۆیە سوپای بەعس ماندوو بوون و شەكەتی ئەوانی قۆزتەوەو ناوچەكەی بەجێ نەهێشت و بەشوێن هەموو گوندنشینێكی هەڵاتوو دەكەوتن بە كۆپتەرو بە پێادە بۆ ناو شاخو دۆڵ و دەشت هەموو ناوچەکەی تەخت و وێران و تاڵان كرد و هەرچی مرۆڤ و گیانلەبەریش هەبوو راپێچی کردن بۆ چارەنوسێکی نادیار.
شاڵاوەكانی ئەنفالی سێیەم (گەرمیان) لەناوەرۆكدا خۆی لە (3) سێ پەلاماری جیاجیا بۆ ناوچەكانی ئەم دەڤەرە بینییەوە. پەلاماری یەکەم بۆ دوز خورماتوو بوو، رۆژی 7ی نیسان كەیادی دامەزراندنی حزبی بەعسی عەرەبی ئیشتراكیە، هێزەكانی رژێم بەهەموو پێكهاتەكانی سوپاو یەكەكانی هێزی فریاکەوتن و هێزەكانی تایبەتو فەوجەكانی جاش لەبنكە تایبەتیەكانی خۆیان لەدوزخورماتوو دەرچوون. دوو رۆژ دوای ئەوە چەند هێزێكیتر لەكەركوكو لەیلانو چەمچەماڵ و سەنگاو بەهەمان شێوە دەرچوونو لەهەموو لایەكەوە بەرەو شارۆچكەی قادر كەرەم پێشرەویان كرد، هێزی دەرچووی دوز خورماتو بوو بە سێ هێزی هاوبەش، “یەكەمیان بۆ باشوری رۆژهەڵات لەشارۆچكەی نەوجوولەوە بەرەو چەمی ئاوە سپی، “دووەمیان كەوا هێزێكی هاوبەشی گەورەتر بوو بەرەو رۆژهەڵات پێشڕەوی كرد بەگوێ چەمدا كەپێكهاتبوو لەلیوای 65 ی هێزی تایبەتو لەلایەن هەردوو فەوجی بەرگری نیشتمانی(58 و 200 )ەوە پاڵپشتی دەكرا، ئەو هێزە هێرشی كردۆتە سەر (17) گوند دوای شەڕو پێكدادانێكی زۆر لەگەڵ هێزی پێشمەرگە كە لەوێ بوون، سوپا تەواوی گوندەكانیان راماڵیی و وێرانیان كرد لە ناوچەی داودە کە دەکەوێتە خۆر هەڵاتی شاری خورماتوو زەرەرمەندترین ناوچەن لەقۆناغی ئەنفالی سێیەمدا ناوچەی داوێ لەهەردوو گوندی زینانە و گوندی بەلەگەی گەورە، لە ٤/۷ سوپای عێراقی دڕندە و جاشە خۆفرۆشەکان پەلاماری گوند نشینانی داوێیان داو ۱۱ پێشمەرگەی قارەمانی ناوچەکەیان شەهید کرد لەشەڕی بەرگری ئەنفالدا و ۳۲٨۱ مرۆڤی بێتاوانی ناوچەکەیان جینۆساید کرد. “سێیەمیان ئەو هێزە هاوبەشە بووەكە پەلاماری گوندی تازە شار، كەگوندێكی ستراتیژی گرنگ بووە، بەهۆی هەڵكەوتەی شوێنی جوگرافیی لەنێوان دوزخورماتوو و قادر كەرەم، لە( 9)ی نیساندا هێزەكانی رژێم گوندەكانی (كانی قادری سەروو خواروو، ئاوایی شێخ حەمید، كەریم بەسام، عەزیز بەگ)یان وێرانكردو خەڵكەكەشی شونبزركرد.
ئەگەرچی باسو خواسی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لەئەنفالی سێیەمدا نییە، وەلێ شایەت عەیان هەن كەوا گەواهی ئەوەدەدەنو بەچاوی خۆشیان بینیویەتیان كەچەكی كیمیایی بەكارهاتووە تەنانەت لەجفرەكانی فەرماندەی سوپای رژێمەوە لەرێگای رادیۆوە گفتوگۆی بێتەلی نێوان فەرماندەكانی سوپاوە بیستراوە كەبۆ لەناوبردنی تێكدەرانو یاخییبوان گاز تاكە رێگەیە بۆ تێكشكاندنی بەرگریان. هەروەها فرۆكەی هۆكەرهەنتەری بەریتانی بینراوە كە گوندی تازە شاری بۆردومان كردووە و گەواڵەو دوكەڵی سپی زۆری لێ پەیدا بووە، ئافرەتێكیش كەخەڵكی گوندی شێخ حەمیدە تەرمی 25 پێشمەرگەی بینیبوو كەبەگاز خنكابوون، ئافرەتەكە سەرەتا نەیزانیوە كەئەوانە بەگاز خنكابوون، كاتێك ژمارەیەك لەبزنو مانگاو پەلەوڕی بینیوە لەوێ مردوون ئەوسا گەیشتۆتە ئەو راستیەی كەگازی كیمیایی بەكارهێنراوە. هەروەها ئەگەری ئەوەش هەیە كەلە 10ی نیسان بۆ دووەم جار هێرشی كیمیایی ئەنجام درابێت، “جوتیارێكی مەڕدار لەگوندی ئاڵاوی باس لەوەدەكات كە ئەو پێشمەرگانەی لەوە دەرباز ببوون بەو لایەدا هەڵاتن لەدەوروبەری نیوە شەودا فرۆكە بۆردومانی كردن، لەئەنجامدا دەكەسی لێ كوشتون”.
پەلاماری دووەم بۆ قادر كەرەم و باكوری گەرمیان بوو، ئەوهێزانەی كە لە كەركوكو چەمچاڵەوە دەرچووبوونو بەرەو قادر كەرەم پێشڕەویان كردبوو لە 10 ی نیساندا بەسەرپەرشتی عەمیدی هێزی تایبەت (بارق عبد الله الحاج حنطة الزبيدي) گەیشتنە ناوچەكەو هیچ كۆسپ و تەگەرەیەكیان نەهاتەڕێو هیچ روبەڕوبونەوەیەكیان لەلایەن پێشمەرگەوە بەرامبەر ئەنجام نەدرا، لەم هێرشەدا هێزێكی جاش هەردوو گوندی چەپەك و ئیبراهیم غولامی تێكدا، ئیبراهیم غولام كە گوندێكی سەربە عەشرەتی زەنگەنەبوو لەگەڵ هۆزی جەباری دراوسێ بوون، بوونە قوربانی سەختترین وێرانكاری وتاڵان وبڕین ئەنفالی سێیەم. لەهەموو هێرشەكان جاشە كوردەكان پێش سوپای عێراقی دەكەوتنو دەچوونە گوندەكانەوە ئەگەر هەر شەڕێك بوایە لەپێشان تووشی ئەوان دەبوون، خۆ ئەگەر شەڕیش نەبوایە لەو گوندە ئەوەی تیایدا با تاڵانیان دەكردو دەیان سوتاندو دەیان ڕوخاند. خەڵكی ئەو گوندە زۆربەی هەرە زۆریان خۆیان حەشاردابوو، بەڵام هەندێكیان بەناچاری خۆیان بەدەست سوپاداو دواتر شونبزركران (ئەم ناوچەیە شوێنێكی ستراتیژی و پڕ بەبایەخ و بەهایە، چونكە هێزی پێشمەرگەی لێ بوو چالاكییەكانیان تیادا ئەنجام دەدا، هەروەها ناوچەكە نزیك شاری كەركوكی بایەخدار بوو، بۆیە رژێمی عێراق زۆر دڕندانە خەڵكی ئەوناوچەیەی دەستگیر كردو بێ بەزەییانەش لەگەڵیاندا رەفتارو مامەڵەی كردو شونبزری كردن، ئەویش بەبێ جیاوازی لەنێوان گەورەو بچوك پیرو منداڵا، نێرو مێ، بەپێی ئامارێك ناوچەی جەباری 539 كەسی لێ ئەنفالكراوە).
یەکێک لەو گوندانە گوندی (قیرچە)بوو کە بەرەبەیانیەکی زوو دوای هێرش كردنە سەریو دەستبەرسەرداگرتنی پیاوەكانیان لەشوێنێكدا كۆكردۆتەوەو دەستیان لەپشتەوە كەلەپچە كردونو ڕەوانەی چەند شوێنێكی نادیاریان كردون. ئەو جاشانەی بەشداریان لە ئەنفالی سێیەمدا كردوە ئەمانن”موستشاری بەدناو موعتەسەم بەرزنجی، عەدنان و سەید جباری، رفعت گلی، قاسم ئاغا، تەحسین شاویس، كە بوونە هۆكاری بەدەستەوەدانی خەڵكی ناوچەكە دواتریش بێ سەروشوێنكردنیان، چونكە موستەشارەكان هانی ئەو خەڵكەیان دەدا كەوا خۆیان بەدەست هێزەكانی سوپاوە بدەن گوایە لێبوردنی گشتی دەرچووەو حكومەت هیچیان لێناكا، ئافرەتێك بەموستەشارێكی گوتبوو” دەربازم بكە لەدەست سوپا، لەوەڵامدا پێی وتبوو من هیچم بۆت پێناكرێ باشتروایە خۆت بدەی بەدەستەوە”. هەر چەند بەشێک لە موستەشار وجاشەكانیش كە بینیویانە وا ژن و پیاو لێكجیا دەكرینەوە، زانییان چ كارێك بە دەستەوەیە وزۆر بیزار و پەشیمان بوون ئەوتا لە” بروسكەی هەواڵگری دوزخورماتوو ژمارە (10340) لە 10\4\1988 سكاڵای ئەوە دەكات كەوا فەوجێكی تری جاش كە فەوجی (25)ە لە هێزەكە كشاوەتەوەو ئەو ئەركانەی كەپێی سپێردراوە ئەنجامی نەداوە”.
پەلاماری سێیەم بۆ سەنگاوو باشوری گەرمیان بوو دوای هەر دوو پەلامار بۆ سەر دوزخورماتو و قادر كەرم و باكوری گەرمیان، رژێم پەلامارێكی تری بەرفراوانی بۆ ناوچەی سەنگاوو باشووری گەرمیان دەستپێكرد سوپا لەهەموو ناوچەكان خەریكی هێرشو وێرانكردنی گوندو دەسگیركردنی گوندنشینەكان بوو، ئەم شاڵاوە زۆرترین گوندی لەم ناوچەیە وێران كردو ژمارەیەكی ئێجگار زۆریش لەخەڵكی شونبزركران (تەنها لەرۆژی 14ی نیساندا لەهەردوو گوندی ملە سوورەو كولەجۆی حاجی حەمەجان لەیەك كاتدا زۆرترین ژمارەی خەڵكی ناوچەكە دەسگیركرانو بەژنو منداڵ و پیرو گەنجەوە شونبزركران.
ناوچەی سەنگاو كە بەتەنها 93 گوندی لەخۆوە گرتبوو (85) یان لەپێش شاڵاوەكاندا نزیكەی (18) هەژدە هەزار كەسی تیادا دەژیان كەزۆربەیان لەشاڵاوەكان تیادا چونو شونبزركران، ئەو گوندانەی كەلەناوچەی سەنگاو بەرشاڵاوەكە كەوتن ئەمانە بوون (دەرەوار، بانەمورد، پێنج ئەنگوستی، حاجی محەمەد ئاغا، پێنج ئەنگوستی شێخ مستەفا، هەنجیرە، سێگومەتان، كێڵەبەرزە، دەرزیلە، قەلاگە، دار بەڕوو)، هەروەها هەندێك لە خەڵک و پێشمەرگەش كە لە پەلامارەكەی قادر كەرەمو باكوری گەرمیان بەرەو باشور هەڵاتبوون بۆ خۆ دەرباز كردن دەسگیرو شونبزركران.
ناوچەكانی باشوری گەرمیانیش كەهاوسنوورە لەگەڵ ناوچە بەعەرەبكراوەكانی دیالەدا لەبەرە بەیانی 9ی نیساندا چەند هێزێكی گەورە لەشارۆچكەی كفری و كەلار و پێباز و پونگەڵە كەوتنەڕێ، ستراتیژیەتی سەرەكی سوپا لەم هێرشانەدا هەمان ستراتیژییەتو تاكتیكی پەلاماری باكوری گەرمیان بوو كەبریتی بوو لەپرۆسەی ئابلۆقەدانێكی گەورەو فراوان لەچەندین لاوەو لەیەك كاتداو دەستكردن بە گرتنی خەڵكەكە بە کۆمەڵ و دواتر روخاندنو تەختكردنی گوندەكانو وتاڵان كردنیان، فەرماندەی هێزەكانی كفری بەسەرپەرشتی لیوایەك بوە كەناوی سامی بووە و نەناسراوەو سەربە فەیەلەقی یەك بووە، كەفەریق روكن سولتان هاشم سەركردایەتی دەكرد، لە 10ی مانگ نزیكەی (20) گوندی ناوچەكە بەتەواوی تەختكران لەوانەش گوندی (چوارشاخ، عەلیانی تازە، توكن، میل قاسم، دوڕأجی، بەڵگەی گەورە، بەڵگەی بچووك، ئۆمەڕبل،.. هتد..) هێزەكانی فەوجی پیادەی سەربازی (وحدة المشاة) 417 و 418 و فەوجەكانی بەرگری نیشتمانی 100، 131، 197 بەشداریان لەوهێرشانە كردوەو گوندەكانیان داگیر كردو خەڵكەكەشیان شونبزركرد.
هێزی هاوبەشی دووەم كەلە كەلارەوە دەرچووبوون بەسەرپەرشتی نەقیب (عبدعواد)ی فەرماندەی یەكەی پیادەی 417 لە 11ی نیساندا هێرشی كردە سەرگوندی دوڕاجی كە لەخۆرئاوای گوندی ئۆمەربلەوە بوو، لەوێ خەڵكەكە دەستبەجێ خۆیان دابووە دەست سوپاو راگوێزرانە ئەو ئۆردوگایە تایبەتە ئامادەكراوانەی كەلەنزیك فیرقەی پیادەی 21 بوو.
لە 13ی مانگ هێزەكە گەیشتە گوندی كۆڵەجۆ، بەرلەگەیشتنی هێزەكەخەڵكەكە كەهەندێك كەلوپەلیان لەگەڵ خۆ بردبوو بەرەو كۆمەڵگەی سمود ڕایانكرد بوو، بەڵام لەبەر ئەوەی تەنها ڕێگای نێوان كفری و كەلار مابۆوە بەناچاری ڕوەو گوندی ملەسورە چوون لەگەڵ گەیشتنی هێزەكە بەكۆمەڵێك بلدۆزەر گوندەكەیان روخاند.
لە17ی مانگ گوندی كونەكۆتری ویران وتاڵان كردو خانووەكانی خاپووركرد و ئەو خەڵكەش كەدەسگیركرابوون شونبزركران، لە18 یان 19 نیساندا هێزەكانی كفریو كەلار بۆماوەی 10 رۆژ لەئەنفالی سێیەمدا ئەركەكانی خۆیان تەواو كرد، زۆربەی گوندی ناوچەكانی سەنگاو و باشوری گەرمیان هەموو تەختكران، هێزی پێشمەرگە بەرگری سەختی دەكرد. بەڵام بەهۆی ئەوەی سوپا هێزەكانی خۆی زیاد كردە بوو و هێزی پشتیوانی چەكو تەقەمەنیەكی بێ ئەندازە لەبەردەستیان بوو، نەیاندەتوانی بەردەوام بن.
رژێمی بەعسی عێراق دوای دەسگیركردن و ڕاگوێزانی خەڵكی ئەو ناوچانە هەستا بەئەنجامدانی هەڵمەتێكی راگەیاندنو پڕوپاگندەی فراوان و بەربڵاو كە وا ئەوانەی دەسگیركراون (تێكدەرە، تاوانبار، بەکرێگیراو و ئێرانییەگیراوەكان)ن و بۆ ئەم مەبەستەش دەستیان کرد بەوێنەگرتن و تۆمارکردنی ڤیدیۆی خەڵكە گیراوەكەو نیشاندانیان لەسەرشاشەكانی تەلەفزیۆن بۆ ماوەی چەند هەفتەیەك و دوبارە لێدانەوەی فیلمەكە. تا ئەو كاتەی ئەنجوومەنی ئاسایش نەتەوەیی (المجلس الامن القومي) عێراقی بەنوسراوی (نهێنیو تایبەت) ژمارە (397 لە 2 مایسی 1988) بۆ وەزارەتی ناوخۆ کە وێنەی بۆ لیژنەی كاروباری باكوری سەربە ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕشو بەرێوبەرایەتی ئاسایشی گشتی (مدیریە الامن العامە) نارد و گلەییو گازاندە لەوە دەكات كەنیشاندانی ئەو وێنە و فیلمانە لە ئەو خەڵکە کە ژن و منداڵ و پیر و گەنجی تێدایە زیانبەخشەو رەنگە ببێتە هۆی ئەوەی كەخەڵكی هەڵوێست وەربگرنو خۆپیشاندان دژی حكومەت ساز بدەن”.
لە لایەكی تریش هەوڵەكان بەمەبەستی گەیاندنی گازبارانكردن و جێنۆساید كردنی گەلی كوردستان وپێشێلكارییەكانی دەوڵەتی عێراق بەرامبەر پەیماننامە نێودەوڵەتیەکان بە دونیای دەروە لە لایەن هێزی بەرەی کوردستانی و كەسایەتی هێزە سیاسیەكانی كوردستان لە ئارادا بوو کە بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەكگرتووەكان نێردراوە كە بەشێوەی یادداشتنامە و دیدار “جگە لە داواكارییەكان، لیستی شاڵاوە سەربازییەكانی هێزەكانی سوپای عێراق لە دژی خەڵکی کوردستان لە نیوان 15\4\1987 وتاكو مانگی نیسانی 1988 هەمان ساڵدا كە تییدا باس لە بەکار هێنانی چەكی كیمیایی کراوە، هەروەها بەڵگەنامەی دەقی بریاری ئەنجومەنی سەرکرایەتی شۆرشی دەوڵەتی عێراق سەبارەت بە ناوچە قەدەغەكراوەكانی كوردستان هاوپێچ بە یادداشتەكە كرابوو”.
هەروەها جارێكی تر بەرەی كوردستانی لە 24\2\1989 لە یادداشتێكی تر لیستێك لە قوربانییانی ئەنفالی گوندەكانی هەردوو پارێزگای كەركوك و سلێمانی بۆ لێژنەی مافی مرۆڤی نەتەوەیەكگرتووەكان ناردوە. كە باسی هەر دوو مانگی ئادارو نیسانی 1988 دەکات. ژمارە قوربانیان و بێسەروشوێنکراوەکان و زیانەكان بەم شێوەیە هاتووە: (نزیكەی 728 گوندو شارۆچكە وێرن كراونو 40 هەزار خێزان راگوێزراون، كە 16هەزاریان لەزیندانەكانی رژێمدان، 7407 ئافرەتی ناوچەكانی زەنگەنەو جەباریو سەنگاو لە گرتوخانەی دوبز بەند كراون، 5600 ئافرەتی ناوچە جیاجیاكان لەناحیەی یایچی بەندكراون، 4560 منداڵ لەگەڵ ئافرەتاندا گیراون كەبەدەیانیان لێ مردوون، هەروەها چەندین منداڵی تەمەن شەش مانگ تا یەك ساڵی هەریەكەی بە 50 دینار فرۆشراوەو 7640 پیاو شونبزركراوەو سوكایەتی بەرەوشتو كەرامەتی ئافرەتان كراوە كەدوور لەهەموو دابو نەریتێكی مرۆڤایەتییە.
Leave feedback about this